ساڵی غەمباری پێغەمبەر (بۆ منداڵان)

له‌لایه‌ن: نھاد جلال - به‌روار: 2019-09-05-13:09:00 - کۆدی بابەت: 51
ساڵی غەمباری پێغەمبەر (بۆ منداڵان)

ناوه‌ڕۆك

غەمباری پێغەمبەر (د.خ)

لەو ماوەیەدا كە موسوڵمانان تازە ڕزگاریان بوو بوو لە ئابلوقەدان و هەندێكیان چوو بوون بۆ حەبەشە و خۆشییان بوو، پێغەمبەر(د.خ) توشی دەردەسەری یەك هات كە دڵی پیرۆزی غەمبار كرد و جارێكی تر پێغەمبەر گیانمان بێ ناز كەوت لەو ماوەیەدا دوو كەسی نزیك و خۆشەویستی پێغەمبەر(د.خ) مردن كە هەردووكیان زۆر پاڵپشتی پێغەمبەر(د.خ) یان دەكرد و یارمەتییان دەدا لە كارەكەیدا. ئەو دوو كەسەش ئەبو تالیبی مامی پێغەمبەر(د.خ) و خەدیجەی ژنی پێغەمبەر(د.خ) بوون كاتێ ئەو دووانە مردن پێغەمبەر(د.خ) تەواو بێ تاقەت بوو و خەفەتی پێ دەخوارد چونكە ئەو دووانە هەمیشە لە دەوری پێغەمبەر بوون و دڵنەواییان دەدایەوە.


ئەبو تالیب چۆن مرد؟ ئایا ئەبو تالیب باوەڕی هێنا؟

ئەبو تالیب تەمەنی زۆر بوو بوو پیر بوو. جا كاتێ كەوتە سەرە مەرگەوە خەریك بوو بمرێ. خزم و كەس و هاوڕێكانی لە دەوری كۆبوونەوە. پێغەمبەر(د.خ) زۆر دەیوت:- مامە گیان تەنها بڵێ (لا إلە إلا الله) با لە ڕۆژی دواییدا شایەتیت بۆ بدەم بەڵام ئەبو تالیب دەبوت:- ڕۆڵە گیان ئەگەر لەبەر قسە و بۆڵە بۆڵی قوڕەیش نەبوایە هەر دەموت لەو كاتەدا بێ باوەڕان لە دەوروپشتیدا بوون و زوو زوو پێیان دەوت هەڵنەخەڵتێ ی بە قسەكانی محمەد و واز نەهێنی لە ئایینی باو و باپیرانت. بۆیە ئەبو تالیب تا مرد باوەڕی نەهێنا و بە بێ باوەڕی مرد و پێغەمبەر(د.خ) زۆر خەفەتی بۆ خوارد.  پێغەمبەر(د.خ) داوای كرد لە خوا تا لە ئەبو تالیب خۆش بێت بەڵام خوای گەورە بە پێغەمبەر(د.خ) ی فەرموو: كە لێی خۆش نابێت بەڵام سوكترین سزای دەدات لە ڕۆژی دواییدا. 


سوكترین سزا چیە لە ڕۆژی دواییدا؟

پێغەمبەر(د.خ) دەفەرمووێت سوكترین سزای ڕۆژی دوایی ئەوەیە كە جووتێ نەعل دەكەیتە پێت و سەرت لە گەرمیدا دەكوڵێت واتە ئەبو تالیب هەرچەندە چاك بوو لەبەر ئەوەی كە باوەڕی نەهێنا بە ئایینی ئیسلام و نوێژی نەدەكرد و ڕۆژووی نەدەگرت، دەبێ بەو جۆرە سزا بدرێت. 


ئەی خەدیجەی خێزانی پێغەمبەر(د.خ) چۆن كۆچی دوایی كرد؟

خەدیجە خوای لێ‌ ڕازی بێت لە دوای مردنی ئەبو تالیبی مامی پێغەمبەر(د.خ) ئەویش مرد و پێغەمبەر(د.خ) بە تەنها مایەوە، تەنها خوای هەبوو كە پاڵپشت و داڵدەی بێت و لە تەنگانە و سەختیدا دڵنەوایی بدات. 


پەند و ئامۆژگاری

1- ئێمەی موسڵمان دەبێت چاوەڕێ‌ بین دوچاری ناڕەحەتی و سەختی ژیان ببین و كەس و كار و خزم و نزیكەكانیشمان بمرن، دەبێت ئێمە لەو كاتەدا سوپاسی خوای گەورە بكەین، چونكە هەموومان دەگەڕێینەوە بۆ لای خوای گەورە و دەبێت بمرین، پێغەمبەر(د.خ)یش دایك و باوك و باپیرە و مام و ژن و كوڕەكانی مردن، كەچی خۆڕاگر بوو و سوپاسی خوای گەورەی دەكرد و وازی نەدەهێنا لە ئاینی ئیسلام.
2- هاوڕێی خراپ دەبێتە مایەی زیان و بەدبەختی دنیا و دواڕۆژ، هاوڕێی خراپ مرۆڤ فێری تاوان و هەڵە و خراپە دەكات، ئەو لە سەرەتاوە وەك كەسێكی چاك خۆی نیشان دەدات كەچی دوایی هاوڕێكەشی فێری خراپە دەكات، ئەبو تالیب چاكەی زۆری دەكرد، بەڵام هاوڕێ‌ خراپەكانی هەموو جارێك پەشیمانیان دەكردەوە و نەیان دەهێشت موسڵمان ببێت، تەنانەت لەكاتی سەرەمەرگیشدا وازیان لێ‌ نەدەهێنا و تەنانەت نەیان دەهێشت بڵێت (لا إلە إلا الله).
3- هەر كەس چاكەمان لەگەڵدا بكات دەبێت لەبیرمان نەچێت، هەر كەسیش ئێمەی خۆش ویست و لەگەڵمان باش بوو، ئێمەش دەبێت خۆشمان بووێت و لەگەڵیدا چاك بین، وەك چۆن ئەبو تالیب لەگەڵ پێغەمبەر(د.خ)دا چاك بوو، پێغەمبەریش ئەوی خۆش دەویست و حەزی دەكرد موسڵمان بێت تا بچێتە بەهەشت.
4- دەبێت ئێمە خۆمان بپارێزین لە سزای سەختی دۆزەخ، چونكە سزای دۆزەخ زۆر سەختە و ئەگەر بچینە دۆزەخەوە خۆشی و كامەرانی نابینین و هەمیشە ئازار و ناڕەحەتی دەچێژین وەك دەبینین سووكترین سزای دۆزەخ ئەگەر ئەوەندە سەخت و ناڕەحەت بێت، دەبێت سزای سەختی دۆزەخ چۆن بێت، بۆیە با هەموو جارێك نزای خێر بكەین و لە خوای گەورە بپاڕێینەوە بمانپارێزێت لە دۆزەخ و بمانخاتە بەهەشتی بەرینەوە.


سەرچاوەکان

573 بینین