ڕۆشتنی پێغەمبەر بۆ طائیف (بۆ منداڵان)

له‌لایه‌ن: - نھاد جلال - به‌روار: 2019-09-05-13:15:00 - کۆدی بابەت: 52
ڕۆشتنی پێغەمبەر بۆ طائیف (بۆ منداڵان)

ناوه‌ڕۆك

پێغەمبەر(د.خ) دەچێت بۆ تائیف (طائیف)

پێغەمبەر(د.خ) بڕیاریدا ئاینی ئیسلام بڵاو بکاتەوە و بە هەموو شوێنێکدا، هەروەها دەیویست ئاینەکەی تەنها لە مەککەدا نەبێت چونکە ئەو ئاینە بۆ هەموو جیهان و مرۆڤایەتیە، پێغەمبەر(د.خ) بڕیاریدا بژێت بۆ تائیف کە شارێکە لە دەوروبەری مەککەدا، کاتێک پێغەمبەر(د.خ) چوو بۆ ئەوێ‌ تا باسی ئاینی ئیسلامیان بۆ بکات، خەڵکەکە گوێیان بۆ گرت، بەڵام دوای ئەوە کەوتنە گاڵتەکردن بە پێغەمبەر(د.خ) و منداڵەکانیان کۆکردەوە پێیان وتن بەردبارانی پێغەمبەر بکەن. 
منداڵەکانیش نەیان دەزانی ئەوە گوناهە، بۆیە دەکەوتنە بەرد وەشاندن بۆ پێغەمبەر(د.خ)، ئازاری پێغەمبەر (د.خ)یان دەدا، هەر چۆن بێت نەزانە ئەگەر ئاینی ئیسلام فێری شتی نەکات، ئەو منداڵانەش فێری نوێژ و قورئان و دوعا و چاکەکردن نەبووبوون، بۆیە بەردیان دەوەشاند بۆ پێغەمبەر(د.خ) و دەست و قاچی پێغەمبەر(د.خ) خوێناوی بوو و ئازارێکی زۆری پێ‌ دەگەیشت. 

ئایا ئەو منداڵانە تاوانبارن، کە پێغەمبەر(د.خ)یان بەردباران کرد؟

ئەو گەورانە تاوانبارن کە منداڵەکانیان هاندا کە پێغەمبەر(د.خ) بەرد باران بکەن. پاشان پێغەمبەر(د.خ) دەیویست بگەڕێتەوە بۆ مەککە، لە ڕێگەدا لە لای باخێکدا لایدا، یەکێک لە هاوەڵە بەرزەکانیشی لەگەڵدا بوو کە ئەویش دەم و چاو و دەستی خوێناوی بووبوو، چونکە ئەو خۆی دەدایە بەر بەردەکان تا بەردەکان بەر پێغەمبەر(د.خ) نەکەون، کاتێک لای باخەکەدا دانیشت خاوەنی باخەکە سەیری کردن و دڵی پڕ بوو بۆیە کەمێک میوەی بۆ هێنان، بەڵام خۆی موسڵمان نەبوو. 
لەو کاتەدا فریشتەکانی خوای گەورە دابەزین بۆ لای پێغەمبەر(د.خ) و پێیان فەرموو ئەگەر تۆ ڕازیت با ئەو دوو شاخە بدەین بە یەکدا تا هەموو تائیف لەناو بەرین، بەڵام پێغەمبەر(د.خ) ڕازی نەبوو، فەرمووی ئەوانە هەژار و نەزانن ئەگەر بیانزانیبایە وایان نەدەکرد، خوایە گیان بەڵکو منداڵەکانی ئەمانە باش بن و دوابی باوەڕ بهێنن.  ئەگەر بهاتایە پێغەمبەر(د.خ) فەرمانی بکردایە بە لەناوبردنی شاری تائیف ئەوا هەموو خەڵکەکەی لەناو دەچوون، بەڵام پێغەمبەر(د.خ) مرۆڤەکانی خۆش دەوێت حەز ناکات کەس بچێتە دۆزەخەوە و هەموویان بچنە بەهەشتەوە، بەڵام هەندێ‌ مرۆڤ هەن خۆیان حەز ناکەن بچنە بەهەشتەوە و تاوان دەکەن و دەچنە دۆزەخ، دواتر پێغەمبەر(د.خ)و هاوەڵە بەڕێزەکەی گەڕانەوە بۆ مەککە، لەوێ‌ بێباوەڕەکان زۆر خۆشیان بوو کە پێغەمبەر(د.خ) نەیتوانیوە موسڵمانیان بکات و کەوتنە گاڵتەکردن بە پێغەمبەر(د.خ)و پێی پێ‌ دەکەنین و ئازاری پێغەمبەر(د.خ)یان دەدا. 

تێبینی: کاتێک پێغەمبەر(د.خ) لە ڕێگەی گەڕانەوەدا بوو بۆ مەککە، ئەو کاتە کۆمەڵێک جنۆکە هاتن بۆ لای پێغەمبەر(د.خ) و باوەڕیان پێ‌ هێنا و موسڵمان بوون بڕیاریاندا بچن بۆ لای جنۆکەکانی تر و باسی ئاینی پیرۆزی ئیسلامیان بۆ بکەن. 

جنۆکە کێن؟

جنۆکە دروستکراوی خوای گەورەن کە لە ئاگر دروست کراون ئێمەی مرۆڤ ئەوان نابینین بەڵام ئەوان ئێمە دەبینن، ئەوانیش موسڵمان و کافریان هەیە. 

پەند و ئامۆژگاری

1- پێویستە ئێمەی موسڵمان بچینە هەر شوێنێک باسی ئاینی ئیسلام بکەین، ئەگەر چووین بۆ شارێکی تر بۆ لای خزمێکمان یان بۆ لای کەسێک دەبێت قسەی چاکیان بۆ بکەین و نەترسین لەوەی خەڵک گاڵتەمان پێ‌ بکەن، چونکە خوای گەورە لەگەڵمانە.
2- زۆر جار کەسە گەورەکان ئەگەر خراپ و ستەمکار بن منداڵەکان فێری گوناهو خراپە دەکەن، بۆیە دەبێت مناڵی ژیر و عاقڵ گوێ‌ نەگرێت لەهەموو کەسێکی گەورە، بەڵکو دەبێت بزانێت کامیان باوەڕدار و چاکەکارە، گوێ‌ لەوەیان بگرێت، چونکە گەورەی چاک منداڵ فێری کاری چاکە و پیاوەتی دەکات.
3- دەبێت ئێمە زۆر خۆڕاگر و بەسۆز بین و ئەگەر کەسێک خراپەیەکی لەگەڵدا کردین نابێت یەکسەر لێی بدەین و دوعای خراپی لێ‌ بکەین، بەڵکو دەبێت خۆڕاگر بین و دوعا بکەین و بڵێین خوایە ڕێگای ڕاستی نیشان بدەیت، چونکە پێغەمبەر(د.خ) دوعای خێری بۆ بێباوەڕەکانی تائیف کرد تا خوای گەورە ڕێگای ڕاستیان نیشان بدات.
4- دەبێت ئێمە ڕێزی زانا و موسڵمانە چاکەکان بگرین هەروەک ئەو پیاوەی ڕێزی پێغەمبەر(د.خ)ی گرت و میوەی بۆ برد.


سەرچاوەکان



1902 بینین