بڕینەوەی پێیەکان لە تووشبووانی نەخۆشانی شەکرە و کاریگەرییەکانی

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-05-21-21:36:00 - کۆدی بابەت: 1177
بڕینەوەی پێیەکان لە تووشبووانی نەخۆشانی شەکرە و کاریگەرییەکانی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بڕینەوەی پێیەکان لە تووشبووانی نەخۆشانی شەکرە و کاریگەرییەکانی (بە ئینگلیزی: Feet amputation in the patient of diabetes and its effects، بە عەرەبی: بتر القدمين في المريض السكري وآثاره) نەخۆشی شەکرەی بەڕێوەنەبردوو دەتوانێت ببێتە هۆی بڕینەوە، بەزۆری لە پەنجەکانی پێ، پێیەکان یان قاچەکان. هۆکارەکان بریتین لە کەمبوونەوەی لێشاوی خوێن یان نەخۆشی دەماری پەیوەست بە نەخۆشی شەکرەوە. بەڕێوەبردنی شەکری خوێن یەکێکە لە ڕێگاکان بۆ ڕێگریکردن لە بڕانەوەی قاچەکان بە گشتی.

نەخۆشی شەکرە و بڕینەوە

بڕینەوە ئاڵۆزییەکی گەورەی نەخۆشی شەکرەیە. ئەگەر نەخۆشی شەکرەت هەبێت، پزیشکەکەت پێشنیاری ئەوەت بۆ دەکات کە هەموو ڕۆژێک پشکنینی قاچەکانت بکەیت، بەڵام لەوانەیە نەتزانیبێت کە بۆچی پێویستە ئەمە بکەیت. زانیاری زیاتر وەربگرە دەربارەوەی ئاڵۆزییەکانی نەخۆشی شەکرە و کاریگەرییەکانی نەخۆشی شەکرە لەسەر جەستە هەروەها ئەوەی چۆن دەبێتە هۆی بڕینەوەی قاچەکان لەگەڵ چۆنیەتی ڕێگریکردن لێی.

بۆچی پێویست بە بڕینەوە دەکات؟

لە هەندێک حاڵەتدا، نەخۆشی شەکرە دەتوانێت ببێتە هۆی نەخۆشی خوێنبەری چێوەیی (PAD). کە لوولەکانی خوێن تەسک دەکاتەوە و ڕۆیشتنی خوێن بۆ پێ و قاچەکان کەم دەکاتەوە. هەروەها نەخۆشی شەکرە دەکرێت ببێتە هۆی زیان گەیاندن بە دەمارەکان کە ناسراوە بە نەخۆشی دەماری چێوەیی. ئەمە دەکرێت ڕێگری بکات لە هەستکردن بە ئازار.

ئەگەر نەتوانیت هەست بە ئازار بکەیت، لەوانەیە هەست بەوە نەکەیت کە برینێکت هەیە یان بریندارییەک لەسەر پێ و قاچەکانت هەیە. بەمەش لەوانەیە بەردەوام بیت لە فشار خستنە سەر ناوچەی تووشبوو، کە لەوانەیە ببێتە هۆی گەشەکردن و تووشبوونی زیاتر هەروەها دەکرێت ببێتە هۆی تووشبوون بە هەوکردنە جیاوازەکان.

کەمبوونەوەی لێشاوی خوێن دەتوانێت چاکبوونەوەی برینەکان هێواش بکات. هەروەها دەتوانێت جەستەت کەمتر کاریگەر بکات لە بەرەنگاربوونەوەی هەوکردن. لە ئەنجامدا دەکرێت برینەکەت ساڕێژ نەبێتەوە. هەروەها دەکرێت لەگەڵیدا تێکچوونی شانەکان یان مردنی شانەکان (گانگرین) ڕووبدات و هەر هەوکردنێکی هەبوو لەوانەیە بڵاوببێتەوە بۆ ئێسکەکەت.

ئەگەر هەوکردنەکە نەتوانرێت بوەستێنرێت یان زیانەکە پێچەوانە نەکرێتەوە و نەگەڕێنرێتەوە، ئەو کات دەکرێت بڕینەوە پێویست بێت. باوترین بڕینەوە لەو کەسانەی کە نەخۆشی شەکرەیان هەیە بریتین لە بڕینەوەی بەشەکانی خوارەوەی قاچ (قاچەکان، پێیەکان و پەنجەکانی پێیەکان).

ئایا هەموو ئەوانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە پێویستییان بە بڕینەوە دەبێت؟

بەپێی زانیارییەکانی پەیمانگای نیشتمانی بۆ نەخۆشییەکانی شەکرە و هەرسکردن و گورچیلە (NIDDK) ساڵانە نزیکەی ١٣٠ هەزار کەس لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕینەوەیان بۆ دەکرێت کە تووشبووی نەخۆشی شەکرەن. لەوانەیە ئەمە زۆر دەربکەوێت، بەڵام بڕینەکان تەنها ڕێژەیەکی کەم پێکدەهێنن لە زیاتر لە ٣٧ ملیۆن کەس لە ئەمریکا کە ئەمە ڕێژەی گشتی نەخۆشانی شەکرە.

بەڕێوەبردنی باشتری نەخۆشی شەکرە و چاودێری پێیەکان بوونەتە هۆی کەمتر بڕینی پەلەکان لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، بەڵام توێژینەوەکانی ساڵی ٢٠١٨ ئاماژە بەوە دەکەن کە گەنجان و گەورەکانی تەمەن مامناوەند لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کەمێک زیاتر ئەزموونی بڕینەوەی پەیوەندیدار بە شەکرەوە دەکەن.

لەگەڵ بەڕێوەبردنی نەخۆشی شەکرە و چاودێری پێ و چاودێری برینەکان، زۆربەی ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە دەتوانن مەترسی بڕینەوەی پەلەکانیان سنووردار بکەن یان بە تەواوی ڕێگری لێ بکەن.

چەند ڕێگایەک بۆ ڕێگریکردن لە بڕینەوە ئەگەر نەخۆشی شەکرەت هەبوو

باشترین ڕێگا بۆ ڕێگریکردن لە بڕینەوە و ئاڵۆزییەکانی دیکەی نەخۆشی شەکرە  وەکوو (نەخۆشییەکانی دڵی پەیوەست بە نەخۆشی شەکرەوە یان نەخۆشییەکانی گورچیلەی پەیوەست بە نەخۆشی شەکرەوە) بریتییە لە کۆنترۆڵکردنی شەکری خوێن. چەند ڕێگایەک هەیە کە دەتوانیت بیکەیت، لەوانە:

  • خواردنی ژەمە خۆراکی چڕ لە گۆشتی لاواز، میوە، سەوزە، ڕیشاڵ و دانەوێڵەی تەواو.
  • کەمکردنەوەی شەکر بە گشتی وەک شەربەتی لە شەکر دروستکراو یان شیرینی بە شەکر دروستکراو هەروەها سۆدای پێکهاتوو لە شەکر.
  • کەمکردنەوەی فشاری دەروونی.
  • وەرزش کردن بە لایەنی کەمەوە بۆ ماوەی ٣٠ خولەک لە ڕۆژێکدا.
  • دابەزاندنی کێش و پەستانی خوێن.
  • پشکنینی ئاستی شەکری خوێن بە بەردەوامی.
  • بەکارهێنانی ئەنسۆلین و دەرمانەکانی تری شەکرە وەک ئەوەی لەلایەن پزیشکەکەتەوە دیاریکراوە.

چاودێری پێی باش دەتوانێت یارمەتیت بدات بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی برین یان ئەوەی برینەکان بووبن بە هۆکاری دروستبوونی کێشە. هەندێک لە ئامۆژگاریەکانی چاودێری پێ بریتین لە:

  • ڕۆژانە پشکنینی تەواوی قاچەکانت بکە. بگەڕێ بۆ سووربوونەوە، بریندارییەکان، برین، بڵێسە، و گۆڕینی ڕەنگی پێست.
  • ئاوێنەیەکی گەورە بەکاربهێنە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە سەیری قاچەکانت بکەیت.
  • ئەگەر ناتوانیت پێیەکانت بپشکنیت، داوا لە کەسێکی تر بکە کە پشکنینت بۆ بکات.
  • بە بەردەوامی پێیەکانت بپشکنە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی بە باشی هەستکردنت ماوە بۆ پێیەکانت، بە بەکارهێنانی پەڕ یان تەنێکی تەنکتر.
  • بە بەردەوامی پشکنین بکە بۆ ئەوەی بزانیت قاچەکانت هەست بە گەرمی و ساردی دەکەن.
  • لەبەرکردنی گۆرەوییە پاک و وشکە تەنکەکان کە باندی ئیلاستیکیان نییە.
  • بە درێژایی ڕۆژ پەنجەکانت بجوڵێنە و زۆر جار قاچەکانت بجوڵێنە بۆ ئەوەی خوێن لە پێیەکانتدا بێت و بڕوات.

هەر کێشەیەکی پێ و نیشانەکانی تێکچوونی دەماریت تێبینیکرد، وەک ئیفلیجی، سڕبوون، سوتانەوە، و مێروولەکردن، یەکسەر سەردانی پزیشک بکە.

کێشەکانی تری پێ کە پێویستە ئاگاداریان بیت

کێشەی باوی پێیەکان کە بۆ زۆربەی خەڵک بێزارکەرە هەروەها لەوانەیە ببنە هۆی کێشەی گەورە ئەگەر نەخۆشی شەکرەت هەبێت. ئەگەر نازانیت کە ئەو برینانەت هەیە، ئەو کات دەکرێت برینە سادەکان بە خێرایی هەوبکەن و ببنە هۆی برینی مەترسیدارتر. ئەگەر هەر یەکێک لەم حاڵەتانەت هەیە، پەیوەندی بکە بە پزیشکەکەوە بۆ هەڵسەنگاندن:

  • هەوکردنی کەڕوویی وەک هەوکردنی پێی وەرزشەوان
  • قڵیشانی پێیەکان
  • چوونەناوەوەی نینۆکی پەنجەکانی پێ بۆ ناو گۆشتەکەی
  • بڵۆقی بن پەنجە گەورەی پێ
  • دروستبوونی مێخەکەی پێ
  • ڕەقبوونی پێست
  • بالووکەی ڕووەکی
  • سووربوونەوە و تەزینی پێست
  • توندبوونی پەنجەکانی پێ
  • وشکبوونی پێست
  • نەخۆشی دەردە پاشا
  • ئازاری پاژنەی پێ یان گۆڕانی شێوەکەی

ئایا دەتوانیت چی بکەیت؟

لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، نەخۆشی شەکرە نیشانەی نائاسایی دروست ناکات. ئەگەر نیشانەکانت نەبوو، لەوانەیە وا بیر بکەیتەوە کە نەخۆشییەکە چارەسەر دەکرێت و بە جددی وەریناگریت. ئەگەر نەخۆشی شەکرەت هەیە و شەکری خوێنت بە باشی بەڕێوە نەبرێت، دەستبەجێ هەنگاو بنێ بۆ چارەسەرکردنی، تەنانەت ئەگەر نیشانەکانیشت نەبێت.

دەرمانەکانی شەکرە وەربگرە و لەگەڵ پزیشک قسە بکە دەربارەی باشترین پلانی خۆراک و وەرزش بۆ بەڕێوەبردنی بارودۆخەکەت. ئەگەر بە بەردەوامی پێیەکانت پشکنین ناکەیت، درەنگ نییە و دەست پێبکە. ڕۆژانە تەنها چەند خولەکێک دەخایەنێت. پشکنینی پێیەکانت بکە بەشێک لە کرداری ڕۆژانەی بەیانیان یان ئێواران.

بۆ ئەوەی قاچەکانت تەندروست بن:

  • هەموو ڕۆژێک بیانشۆ و بە تەواوی وشکیان بکەرەوە. بەکارهێنانی جێلی ڕۆن بۆ ڕێگریکردن لە شکانی پێست.
  • لە خۆتەوە بڵقی ژێر پەنجە گەورەی پێ، بالووکە، ڕەقبوونی پێست یان مێخەکەی پێست لا مەبە. لە تەندروستکار یان پزیشکەکەتەوە یارمەتی وەرگرە.
  • نینۆکەکانت ڕاستەوخۆ ببڕە و هەوڵبدە زۆر کورتیان نەکەیتەوە.
  • لە ناوەوە و لە دەرەوە بە پێی پەتی مەڕۆ و هاتووچۆ مەکە.
  • ئەگەر کێشەت هەیە لە دۆزینەوەی پێڵاوی ئاسوودە کە بە شێوەیەکی گونجاو باش بێت، لەگەڵ پزیشکەکەت قسە بکە دەربارەی پێڵاوەکانی شەکرە.
  • پێڵاوی پەنجە داخراو لە پێ بکە.
  • خۆت بەدوور بگرە لە پێڵاو کە پەنجەکانت لێیەوە دیاربن.
  • قاچەکانت تەڕ مەکە.
  • شێی نێوان پێڵاوەکان لەوانەیە ببێتە هۆی هەوکردن، بۆیە هەوڵبدە لە نێوان پێڵاوەکانتدا گەنمەشامی بەکاربهێنیت بۆ ئەوەی پێست وشک بمێنێتەوە.

دەکرێت بڕینەوە بەشێک نەبێت لە گەشتی نەخۆشی شەکرەکەت، کە هەموو شتێک بکەیت بۆ بەڕێوەبردنی ئاستی شەکری خوێن و ئاگاداربوون لە قاچەکانت دەتوانی مەترسی ئاڵۆزییە جدی و سەختەکان کەمبکەیتەوە.

جێگرەوەکان بۆ بڕینەوە

لەگەڵ هەوکردنێکی خراپ یان برینێک کە ساڕێژ نابێت، پزیشکەکەت دەکرێت ڕاستەوخۆ پێشنیاری بڕینەوەی پێیەکان نەکات. بەپێی مەرجەکانت، لەوانەیە لەجیاتی ئەوە پێشنیاری ئەمانە بکات:

  • نەشتەرکاری بۆ پاککردنەوەی برین و لابردنی شانە مردووەکان.
  • دژە بەکتریاکان کە لە نەخۆشخانە وەریانبگریت لە ڕێگەی لوولەیەکە (IV) بۆ ناو خوێنبەر.
  • بڕینی یەک یان زیاتر لە پەنجەیەک بەر لە بڕینەوەی پێیەکان.
  • نەشتەرکارییەک کە لوولە خوێنی نوێ بهێنێت بۆ پێیەکانت پێی دەوترێت revascularization.

کاتێک پێشنیاری بڕینەوە دەکرێت

پزیشک هەوڵ دەدات یەکەم جار بە دەرمان چارەسەری هەوکردن یان برینەکان بکات. واتا پێشنیاری بڕینەوە ناکەن مەگەر شانەی ناو قاچت یان پێیەکانت لە مردنەوە نزیک بن یان ئەسڵەن مردبێتن. ئەگەر پێویستت بە نەشتەرکارییەکە هەبێت، نەشتەرکارییەکەت شانە زیانبەخشەکەی پێ یان قاچت لادەبات و هەوڵ دەدات زۆرترین شانەی تەندروست بپارێزێت.

لەگەڵ بڕینەوە وا بیرمەکەرەوە کە شکستت لە چارەسەری نەخۆشی شەکرە هێنابێت. بیر لەوە بکەرەوە وەک ڕێگایەک بۆ ئەوەی یارمەتیت بدات خێراتر چاکببیتەوە، بۆ ئەوەی بتوانیت بگەڕێیتەوە بۆ ئەو چالاکییانەی کە چێژی لێوەردەگریت. هەروەها لەبیرت بێت کە لەوانەیە لە نەخۆشییەکی گەورە ڕزگارت بێت کە لەوانەیە ببێتە هۆی بڕینەوەی تەواوی قاچەکانت. زۆرێک لەو کەسانە دوای نەشتەرکارییەکە تەندروستییان باشتر دەبێت.

کاریگەری بڕینەوە لەسەر جەستە و دەروون

بووژانەوە بەشێکی گرنگی چاکبوونەوەکەت دەبێت دوای بڕینەوەی پێ، تەنانەت ئەگەر ڕاستەوخۆ لە نەخۆشخانەوە دەرنەچیت. دەکرێت نەخۆش یان دەوروبەرەکەشی پێویستیان بە بوژانەوەی دەروون هەبێت دوای پرۆسەی بڕینەوە.

لەوانەیە دوو مانگ بخایەنێت تا برینەکەت ساڕێژ دەبێتەوە. لەگەڵ چەند کەسێک کار دەکەیت کە یارمەتیت دەدەن لەگەڵ ژیان بگونجێنیت. بۆ نموونە، پزیشکێکی هەناوی کە دەتوانێت یارمەتیت بدات لە بەڕێوەبردنی ئاستی شەکری خوێنت. پزیشکێکی چارەسەری جەستەیی دەتوانێت یارمەتیت بدات بەهێزتر بیت و فێری جووڵەی زیاتر ببیت. هەروەها پزیشکێکی پسپۆڕی ڕاهێنان یارمەتیت دەدات بۆ ئەوەی بزانیت چۆن ئەرکەکانی ڕۆژانە لە ماڵەوە و لە شوێنی کار ئەنجام بدەیت.

ئەگەر پلانت هەیە بۆ بەکارهێنانی پێ یان قاچی دەستکرد، کردارەکە بریتی دەبێت لە ڕێکخستنی بە شێوەیەکی گونجاو، فێربوونی پیاسەکردن لەسەری، و فێربوونی چۆنیەتی گرنگیدان بە پەل یان ئەندامە دەستکردەکە.

بەشێکی دیکەی گرنگی کرداری بوژانەوە بریتییە لەوەی گرنگی بە تەندروستی دەروونی بدەیت. لەدەستدانی پەلێک دەتوانێت کاریگەری هەستیاری لەسەر هەر کەسێک هەبێت. لە دوای بڕینەوە، ئەوە باوە کە خەڵکی هەست بکەن بە:

  • خەمۆکی
  • دڵەڕاوکێ
  • خەم و پەژارە
  • نکۆڵیکردن لێی و قبوڵنەکردنی
  • دروستبوونی هەستی خۆکوشتن

لەگەڵ تیمی چاودێری قسە بکە دەربارەی ئەوەی هەستەکانت چۆنن دوای نەشتەرکارییەکەت. ئەوان دەتوانن یارمەتیت بدەن لە دۆزینەوەی سەرچاوەکانی ڕاوێژکاری، وەک گروپەکانی پشتگیری، یان تەنانەت دەرمان کە دەتوانێت وات لێبکات هەست بە باشتربوون بکەیت.


سەرچاوەکان



2698 بینین