مەینەتی سیاسی كورد

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-12-00:07:00 - کۆدی بابەت: 1265
مەینەتی سیاسی كورد

ناوه‌ڕۆك

مەینەتی سیاسی کورد

تەمەنی کێشەی سیاسی نەتەوەیتی کورد لە سەدەیەک تێناپەڕێ، بە کورت و پوختەیی لەو سەردەمە دەست پێ دەکا کە گەلانی ناوچەکە هەریەکە بوونە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ لەسەر نیشتیمانی نەتەوەییان، بەپێی پلانی ئیمپریالیزمی و بڕیارەکانی: بنسن ١٩١٥، سایکس-بیکۆ ١٩١٦، سان ڕیمۆ١٩٢٠، قاهرە ١٩٢١، لۆزان ١٩٢٣، ... کوردیان بێ بەش کرد، واتە نەخشەیەک هاتە دی لە دژی ئیسلام لەولایەش دژی کورد، سەرکردە کوردەکانی عەلمانیش هەڵخەڵەتێنران، ئیتر لە کاروانبەجێ ما... چۆن بوو؟ وە بۆچی؟ وە لە ئەستۆی کێ دایە؟

بۆ تیگەیشتن و وەڵامی ئەو پرسیارە نەمرانە، وا چاکە ڕووخساری سیاسی ئەو سەردەمەی کە کوردی تیا بێبەش و هێتیم کرا بە کورتی بەو شێوەیە بوو:

١- لە کۆتایی جەنگی جیهانی ١٩١٤-١٩١٨ و بە سەرکەوتنی هاوپەیمانان (ئینگلیز، فەڕەنسا، ئەمریکا) بە سەرەکی و لەولایەش ڕووسیا لەگەڵیان، تەوەری دۆڕاویش لەو جەنگە ئەڵمانیا و عوسمانلی بوو کە بە (دول المرکز) ناوبرابوون.
٢- لاوازبوون و داڕمانی خەلافەت کە لە ناوەڕاستی سەدەی ١٩ دەست پی دەکات، لە ساڵی ١٩٢٤ بە یەکجاری هەڵوەشێنرایەوە.
٣- سەرهەڵدانی فیکرەی نەتەوەگەری و عەلمانی و بزوتنەوەی دەستوور و (مەشرووتیەت) کۆمەڵگەی مەدەنی و سیستەمی کۆماری و ئەدەبیاتی شۆڕشی فەرەنسی و بیری لیبراڵ دیموکراسی.
٤- وەرچەرخانی سەردەمی ئیمپراتۆریەتی و دروست بوونی دەوڵەتی نەتەوەیی و دەڤەری، وەک تورکیا، عێراق، سوریا ...
٥- پەیدا بوون و جموجۆڵی سێ نەتەوەی ئایدیۆلۆجیای ناشیۆنالیزمی (١- زایۆنی، ٢- تۆرانی ٣-عروبی) لە ناوچەکە.
٦- سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر ١٩١٧ و سەرهەڵدانی شیوعیەت.

ئیتر دەتوانرێ بەرپرسیاریەتی مێژووی کێشە و مەینەتی کورد بە ئاسانی دیاری بکرێ، لە نیوانە مێژوویەکەی، لە مەدرەسە و ئادیۆلۆجیاکە، لە تەوەرەکانی جیهانی، ئیقلیمی، ناوەکی... بە بیخەینە ژێر میکرۆسکۆب، بۆ زیاتر (تشخیص) لەگەڵمان بن بۆ لایەک لەو سەربردەیە:

سەربردەکەی: کورد هەروەکو عەرەب و تورک و چەرکەس  و ئەلبان و میللەتانی تر لە ژێر سایەی (سیستەمی (لامرکزی) و (ولایاتی) عوسمانلی بووە ئەگەر باشتریش نەبووبێ، بە گشتی خەلافەت وەک سیستەمی ئیمپراتۆری نەبووە، دەسەڵات هەر لە دەست بنەماڵەیەک و نەتەوە وە ڕەچەڵەکێک نەبووە، کەواتەر جگە لە ئەمەوی و عەباسی و عوسمانی و ئەیوبی و سەفەوی، ئەوا لە ژێر سایەی نامەرکەزی خەلافەت، هەر میللەتە و کیانی خۆی هەبووە بەپێێ (سیستەمی ویلایات) وا بەشێکی لێ هەڵدەبژێرین.
عبادلە لە ئیشبیلیا، عامریە لە ڤالێنسیا، مرابطون  لە سەرووی ئەفریقا، فاتمیە لە قەیرەوان، مەمالیەکەکان، بنەماڵەی محمد عەلی لە میسر، تایەریە لە خۆراسان، سەفاریە لە فارس، سامانیە لە تورکستان و فارس، سەلجوقیەکان لە خوارووی ئاسیای رۆژئاوا، زەنکیەکان لە شام و میزۆپۆتامیا، ئەرتەکی لە دیاربەکر، خانەکانی مەغۆل، هەروەها جەلایەکان، شآهەکان، تەیموریەکان، غەزنەویەکان، غوریەکانم، سوڵتانەکانی هند و ئەندەنوسیا و فلیپین.. لەگەڵ دەیان دەوڵەتی تری کورد کە زانراون پێویست بە تۆمارکردن ناکات.

لەو سەردەمی کە سەردەمی نەتەوەگەری بووە، مەرج نەبووە دەسەڵاتداران لە نەتەوەی خۆیان بووبێ، سەرنج بدە مەمالیکەکان خەڵکی قەوقاز بووینە یان ئەوروپا حوکمی عەرەبیان کردووە، تەنانەت (داود باشا کە خەڵکیت تەفلیسە) کڕین و فرۆشتنی پێ دەکرا لە بەغدا دوای بووە بە  گەورەی عەرەب لە بە‌غدام، کورد حوکمی عەرەب و تورک و فارس و خەڵکی تری کردووە، تا ئەو دواییەش محم علی پاشآ حوکمی میسر و وڵاتانی عەرەبی کردووە، کەچی عەرەب نەبووە (کورد بووە یان چەرکەسی)، پیاوێک بە ناوی عبدالرحمن کوڕی ڕۆستەم (فارس بووە یان کورد*) لەدەست زۆرداری میرەکانی فارس جێێلە هیچ شوێنێک نەبوویتەوە، هەڵاتووە بۆ مەغریبی عەرەب، کەچی لەوێ دەوڵەتێکی بە ناوی (ڕۆستەمی) دروست کردووە نزیکەی سەدەیەکی خایاندووە. لەو هەموو جۆرە حوکمی یەکتر کردنەدا کەمتر خەڵکی تر حوکمی کوردیان کردووە، هەر خۆی حوکمی خۆی و خەڵکی تری کردووە، واتە باری سیاسی سەردەمی خەلافەت زیاتر لە قازانجی بووە.  (ئەگەر پێوانەی نەتەوەییش بەکاربهێنین) ئینجا کوردستان نەک ویلایەت، ئیالەتیشی هەبووە، یەکیان بە ناوی کوردستان، بەڵام (د.عوسمان عەلی) لە کتێبە بەنرخەکەی (دراسات في الحرکة الکردیة المعاصرة) دەڵی: لە ناوەڕاستی سەدەی ١٩ لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی عوسمانی بە هەموو ئەو ناوچانەی کوردی وتراوە کوردستان، هەروەک (مام جەلال) لە مرافعاتەکەی بەغدا بەکاری هێنا بۆ سەروەری ئەو ناوەی کوردستان کە نەتەوەگەرییە عەلمانییە عەرەب و تورکەکان پێی بێزار دەبن و بەکاری ناهێنن، لە ڕێکەوتنامە نێودەوڵەتیەکان ناوو سنوری کوردستان بەشێک بوو لە مادەکانی، لە بەشی یەکەمی ڕێکەوتنی ئەرزەرۆم، ئینجا ڕێکەوتنی بەرلینی ١٨٨٠ و تا دەگاتە بەشی سێیەمی سیڤەر، ڕێکەوت نییە لە مێژوودا هەر باری ئیسلامی ڕاستەقینە لەق بووبێ باری سیاسی کوردیش لەق بووە پێچەوانەش بە پێچەوانەوە، لە ناوەڕاستی سەدەی (١٩) بەرەبەرە کاریگەری شۆڕشی فەڕەنسی و بیری عەلمانیەت کەوتە ناو بەرپرسانی عوسمانلی، گۆڕانکاری پەیدابوو لە پەیکەری ئیداریش، بزوتنەوەی داواکاری دەستووری بە ناوی (مەشروتیەت) پەیدابوو لە ١٨٧٥، ئینجا بە (مرکزی) کردنی ویلایەتەکان.

دروست کردنی ئەنجوومەنی نیشتیمانی بە ناوی (مەبعووسان) لە ١٨٧٦... شان بە شآنی  ئەو گۆڕانانە عوسمانی لاو لە ١٨٦٥ دروست بوو دوای بووە تورکیای لاو، تا لە ١٤/٧/١٨٨٩ ئیتحاد و تەرەقی لە یادی ١٠٠ ساڵەی شۆڕسی فەڕەنسا لێی جاڕ درا، بەرەبەرە لەگەڵ ئەو هەنگاوانەی لاوازبوونی خەلافەت و جێگیربوونی بنەماکانی عەلمانی باری کوردیش تێکچوو، ئەو دۆخەی هەر دژی کورد نەبوو زۆربەی میرنشین و حکومەتی ویلایەتەکانی تری عەرەبی و چەرەکەسی و ئەلبانی و ئۆرۆپی و هەتا ئیماراتە تورکەکانیشی گرتەوە (ئیمارات ئەرزەڕۆم بە نمونە)، کاردانەوەی یەکەم ڕاپەڕینی (شێخ عبیداللە نهری) لەو گۆڕانکاریە نوێیە هات، بووە هۆی چەکەرەبوون وگەشەی بیری نەتەوەیی لە نێو ڕەوشەنبیرانی کوردیش، لەگەڵ زیادبوونی دەسەڵات و چالاکی عەلمانیە ئیتیحادیەکان و باری سیاسی کورد زیاتر دژوار بوو، تا لە ئینقیلابەکەی ١٩٠٨ ئیتیحادیەکان لە دژی خەلافەت و هێشتنەوەی سوڵتان عبدالحمید بە شێوازی (مەلەکی دەستوری) ئەوا بە تەواوی بەرنامەی نەتەوەگەری عەلمانی ئیتیحادیەکان ئاشکرا و پەیڕەو کرا، هەرچەندە عەلمانییە کوردەکان زۆر پێی دڵخۆش بوون بە دروشمەکانی (یەکێتی، ئازادی، چاکسازی)، لەسەر ئاستی جیهانیش کۆنگرە و ڕێکەوتنەکان بەردەوام بوون بۆ پشتگیری کردنی بیری عەلمانی نەتەوەگەری لە ناوچەکە و دابەش کردنی خەلافەتی عوسمانی، زەقترینیان (سایکس-بیکۆ- سازانۆڤ ١٩١٦) کە ئەو دابەش و نەخشەیەی ئێستای ناوچەکەی لەسەر داڕژرا و کوردستان پارچەپارچەکرا.

لەنێو جەرگەی خەلافەتیش کێشەی نێوان باڵی عەلمانی بە سەرکردایەتی (تەلعەت پاشا، ئەنوەر پاشا، جمال پاشآ) لەگەڵ تێکڕای ئیسلامییەکان کە خۆی لە زانکۆی ئیسلامی دەدۆزیەوە، لە دوایی کەوتە  دەستی مستەفا کەمال و مەڵبەند و پایتەختیشی کەوتە  ئەنقەرە لە ساڵانی دوای ١٩١٨، لەگەڵ باڵی خەلافەت کە پایتەختی هەر لە ئەستەمبوول بوو، بەو شێوەیە بووە دوو حکومەت و دوو بڕیار و دوو هەڵوێست و ڕێنمایی و دابەش.

ئالێرەدا بە ڕوونی دەردەکەوێ کە چۆن (مەینەتی کورد) دروست بوو و کێ لێی بەرپرسیارە:

ئەنقەرەی عەلمانی یان ئەستەمبوڵی ئیسلامی؟ وە چەندە عەلمانیەکانی کورد لێی بەهەڵەدا چوون.

لەگەڵ سەرهەڵدانی بیری دەوڵەتی نەتەوەییی لە پێش جاڕنامە (١٤) خاڵەکەی ویڵسون لە ١٩١٨، دوای بەڵینەکانی٧ لوید جۆرج، بەڵێنەکانی ماکماهۆن بۆ عەرەب لە ١٩١٦، بنەماکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر ١٩١٧، دواییەکەش مادە (٢٢) ی (عصبة الأمم) لە ١٩٢٠، لە پێش هەموو ئەوانە ئەستەمبۆڵ (بەپێچەوانەی ئەنقەرە) دانەی بە مافی گەلان نا، هەروەک پێشتریش لەگەڵ کورد لەو بارەیە ڕێککەوتبون، ڕەگ و ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕێکەوتنەکەی (بدلیسی-سوڵتان) لە ١٥١٤، سوڵتان عبدالحمیدیش لەگەڵ ئەمیر عوسمان و بنەماڵەی بەدرخان بۆ سەربەخۆیی ڕێکەوتنیان هەبوو وەک باسمان کرد، سەرلەنوێ لە سەرەتای سەدەی بیستەم سوڵتان محمد واحدالدین و فرید پاشآی سەرۆک وەزیر (هادی پاشآ) یان بە نوێنەر ناردە لای (سید عبدالقادر شەمزینی) و (شریف پاشآ) سپاردەی سوڵتانی بۆ هێنان کە بریتی بوو لە دانهێنان بە کوردستانێکی سەربەخۆ و مۆریشیان کرد، ئینجا هەمان نوێنەری سوڵتان چوو لە (سیڤەر)یش بۆ کورد بەندەکانی(٦٢،٦٤،٦٣) مۆرکرد، بەیتار دەرسیمی لەسەر زاری (سید عبدالقادر) دەگێڕتەوە کە لە بنەڕەتا سوڵتان ڕازی بووە کوردستانی سەربەخۆ و ئازاد دابمەزرێ. سەرکردەکانی کورد بوونە دوو ڕای جیاواز، عەلمانییەکان کە بریتی بوون لە  (حسن خەیری، برنجی زادە، زولفی بەگزادە، ئیسحاق سکوتلی، د.عبداللە جودت، بەشێک لە بنەماڵەی بەدرخانیەکان ....هتد) هەریەکە لە فەترەیەک و بە جۆرێک لایەنگری و یارمەتیدەری ئەنقەرە بوون، لەگەڵ ئەوەی ئەنقەرە ئەو مۆرکردنەی (هادی پاشا) ی لە پاش و پێش سیڤەر بە مەرگی تورکیای نوێ لەقەڵەم دابوو. بەشی دووەمیش لایەنی ئیسلامی خوازەکان بوون، کە بریتی بوون لە (سید عبدالقادر شمزینی، شێخ سعید پیران، ملا سلیم،  شێخ سعیدی نوڕسی، سێخ عبدالسلام بارزانی...هتد) ئەوانە بە جیاجیا پێیان وابووە مافی کوردیان لە ئەستەمبۆل بە دی دەکرد.


ئەو کێشەیە پەڕیەوە نێو کوردستانی خوارووش، هەروەک (رفیق حلمی) لە (یاداشتەکانی) دەڵی: لە لایەن شیخ محمود فەروەیەک بە دیاری بۆ سوڵتان دیاری کرابوو لە یاداشی چاکەکانی بە سەربەخۆیی کوردستان، ئێمەش دڵمان بە مستەفا کەمال لە ئەنقەرە خۆش بوو، سەردانی ئەستەمبۆڵمان گۆڕی، فەروەکەشمان بە دیاری بۆ ئەتاتۆرک برد و پشتمان لە ئەستەمبۆڵ کرد، هەرچەند یەکەم دان پیاهێنان بە حکومەتی شێخ محمود لە لایەن عوسمانی و ئەستەمبوڵ بوو لە ڕێی ئەو بروسکەیەی علی ئیحسان پاشا لە ٣٠/١٠/١٩١٨، ئەودوو ڕاییە پەڕیەوە ناو عەشایرەکانیش، بۆیە لە پەیماننامەی هۆزانی دەرسیم لە ١٥.١١.١٩١٧ پێنج پرسیاریان ئاڕاستەی مسەفا کەمال کرد لە ئەنقەرە ئاخۆ ڕژێمی عەلمانی کەمالیش وەک ئەستەمبۆڵ ئامادەیە سەربەخۆیی بدا، لەو دەمە مستەفا کەمال دەڵێ: بەڵێ، سەدجار بەڵێ! ئیتر ڕێز و چالاکی عەلمانیە کوردەکان زیاتر بوونە پاڵپشتی ئەنقەرە، لە ئەنجومەنی نیشتیمانی ئەنقەرە (بەدیلی شورای عوسمانی ئەستەمبوڵ) ٧٢ نوێنەری کوردی تیابوو، بەرەبەرە ئەنقەرە بە یارمەتی ڕاستەوخۆی کورد و وڵاتانی سەرکەوتوو خۆی دروست و پتەو کرد و ئەستەمبۆڵیشی لاواز کرد.


نوێنەری ئەستەمبۆڵ (هادی پاشآ) دەرکران، لە جیاتیان (عصمت ئینینۆ)ی نوێنەری ئەنقەرە بەشداری پێ کرا، عصمت ئینینۆ دوو کوردیشی لەگەڵ خۆی بۆ کۆنگرە هێنابوو بە ناوی (برنجی زادە، زوڵفی بەگزادە) و لەوێ بە ناوی کورد داوایان لە کۆنگرە کرد کە (گوایە) کورد سیڤەری ناوێ و نایەوێ لە تورکیای نوێ جیاببێتەوە لەو مۆرکردنەی لەگەڵ ئەستەمبۆڵ پەشیمانن، لە ئەنقەرەش (حسن خیری) نوێنەری دەرسیم و سەرۆکی فراکسیۆنی کورد ( کە لە ٧٢ ئەندام پێکهاتبوو) بەبێ تەل بە ناوی هەموو کورد بروسکەی پشتگیری بۆ لۆزان لێدەدا لە دژی سیڤەر و ئەستەمبۆڵ، بەو شێوەیە لۆزان جێی سیڤەری گرتەوەو مافی کوردیشی تیانەما و لە ئاستی جیهانی سووتا.


لە ئیقلیمیش ئەنقەرە زیاتر زاڵ بوو بەسەر ئەستەمبوڵ و لە ساڵی ١٩٢٢ بڕیاری کۆماری عەلمانی تورکیا درا، لە دەستوری تورکیای نوێ (ANA YASA) لە مادەکانی ٦٤ تا ٦٨ تەنها نەتەوەی تورکی تیا تۆمار کرا.


لە ٣/٣/١٩٢٤ بە یەکجاری خەلافەت هەڵوەشایەوە و ئەستەمبۆڵیش کەوتە دەست عەلمانی نەتەوەگەری تورکیا بە سەرۆکایەتی مستەفا کەمال، ئیتر بڕیاری توند و سەخت بۆ ئیسلام و کورد دەرچوو، هەموو جۆرە چالاکی و دیاردەیەکی ئیسلامی قەدەغەکرد وەک پۆشاکی ئیسلامی و خوێندنگاکانی مزگەوت و گۆڕینی پیری قورئانی پە پیتی لاتینی، لابردنی شەریعەتی ئیسلامی و هێنانی بنەماکانی عەلمانیەت... هاوسانی ئە دەستکرا بە داخستنی هەموو دام و دەزگا سیاسی و ڕۆشنبیرییەکانی  کوردی و ڕۆژنامەکانی کە زۆربەی لە ئەستەمبوڵ بوون، هەروەک محمد امین زکی بەگ دەڵێ: (( هەموو ئەو حزب و جەمعیەتانەی لە سەردەمی ئازادی خەلافەت دروستکرابوو وەک کورد تعالی و ترقي جمعیتی، کورد نشرم معارفي جمعیتی، جمعیتی هیڤی، هەروەها بڵاوکراوە و ڕۆژنامەکانی: کوردستان- مدحت بدرخان، ڕۆژی کوردستان، ژین، کوردستان پیرەمێردم، پێشکەوتن، بانگی کوردستان، ڕۆژی کوردستان.. هەمو دادەخران لەگەڵ گەیشتن و زیادکردنی دەسەلاتی کەمالیەکان))، ئیتر دەست بە پاکتاوی ڕەگەزی کوردی کرا، پڕۆسەی سەربازی و جینۆسایدی کورد کرا.. جل و بەرگ و زمانی کوریش قەدەغە کرا، هەتا کار گەیشتە ئەو کردە عەلمانیانەی کە پشتگیری کەمالیەکانیشیان کردبوو، زۆربەی لە سێدارەدران، بەڕاستی ڕۆژی ڕەشی هات بۆ یەکەمجار هەڕەشە بۆ سەر کیانی سیاسی کورد دەستی پێکرد، بۆ یەکەم جار لە مێژووی کورد ڕووبەڕووی پاکتاوی ڕەگەزی و جینۆساید بووینەوە، هەردووکیان لەسەر دەستی عەلمانی، یەکەمیا لە لایەن ئەنوەر پاشا، دووەمیان لە لایەن کەمال ئەتاتورک، ئینجا عەلمانیە کوردەکان گەڕانەوە لای سەرکردە ئیسلامیەکان و دانیان بە شکستی بەرنامە و پڕۆژەکەی خۆیان هێنا و شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران دەستی پێکرد، دروشمی (یان گەڕانەوەی خەلافەت یان کوردستانێکی سەربەخۆ) هەڵگیرا، لەو ساتەوە شۆڕشەکانی کورد داوای ئەو مافە دەکەنەوە کە لە سەردەمی خەلافەت هەیان بووە و کەمالیە عەلمانیەکان لێیانیان زەوت کردبوو، هەر لە شێخ سەعید و مەلا سلیم، شێخ عبدالسلام، سمکۆی شکاک و قازی محمد... تا مەلا مستەفا، کوتلەی پەرلەمانی کوردی لە سەردەمی مەلەکی دیسان هەر داوای لە عێراق دەکرد کە سیستەمی ویلایەتی عوسمانلی بکاتە چارەسەری کێشەی کورد، هەتا سەرکردە عەلمانییە نوێیەکانی کوردیش دان بەوە دەنێن، (مام جەلال) لە کاتی کردنەوەی مزگەوتی قازی لە سلێمانی وتی (( هەموو  ئەو داوایەی ئێستا بۆ کوردی دەکەین، ناگاتە نیوەی ئەو دۆخەی کوردی تیابوو لەسەردەمی خەلافەتی عوسمانی)).


دوای ئەوەی  شۆڕشەکانی کوردستانی سەروو شکستی هێنا، لە خوارووش کاتێ ئینگلیز لە ساڵی ١٩٢١ عێڕاقی دروست کرد، ئەوا کوردستانی خوارووی بە زۆرەملێ پێوەنووساند بەپێی (سایکس- بیکۆ- سانانوف) سنوری نێوان تورکیا و عێراق داڕژرا بە ناوی هێڵی (برۆکسل- ئیڤیک) تیرێک لە جەرگی کورد درا و مەینەتی کورد دروست بوو لە ئەستۆی سی تەوەری عەلمانی:
١- عەلمانی جیهانی (سایکس- پیکۆ ١٩١٦).
٢- عەلمانی ئیقلیمی (اتحاد والترقي+ کەمالیست).
٣- عەلمانی ناوەکی (پاڵپشتی کردنی ئەنقەرە لە لایەن عەلمانیە کوردەکان).

بەو شێوەیە کورد و کوردستان پارچەپارچە کرا و کەوتە مەینەتی، تا ئێستاش بەردەوامە مادام سەرخانی (سایکس- بیکۆ) بەردەوام بێ، بە کورتیەکەی لە ئەستۆی خەلافەتی ئیسلامی نییە ئەگەر چی بێ سەروبەریش بووە، بۆیە لە بەڵگەنامەکانی هۆنراوەی ناوی خەلافەت نەهاتووە بە ناوی (عصبة الأمم) هاتووە هەروەک قانیع دەڵێ:


عصبە الأمم ئەگەر هەقدارە
لە حاڵی عالەم چاک خەبەردارە
بۆچی لە ئەحواڵی کورد ناپرسی؟
مەگەر لە لەعنەتی تەئریخ ناترسی؟


ئەوە زۆر بە کورتی سەربردەی دروست بوونی مەینەتی کورد  بوو لە بوارێکی تایبەتیدا بە درێژی ئەو سەربردەیە دەکەین بە پاڵپشتی دۆكیۆمێنت، هەروەها لە ساڵی ١٩٩٣وە لە دوو قۆڵێ بەردەوام زانیاری مەیدانی لە پیرە وشیارەکانی کوردستانی تورکیا وەردەگرین بۆ ڕاستی و دوروستی ئەو باسانەی سەروو.. هەمووی لەوێ بڵاودەکەینەوە.


سەرچاوەکان

106 بینین