وشکبوونەوەی پێست

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-10-14-23:02:00 - کۆدی بابەت: 1444
وشکبوونەوەی پێست

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

وشکیی پێست حاڵەتێکی نەخوازراوی پێستە کە نیشانەکانی بریتین لە هەڵدانی پێست و خوران و زبربوونی پێست، 
وشکیی پێست بە شێوەیەکی ئاسایی مەترسیدار نییە، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کەشوهەوای سارد یان گەرم یان کەمی ڕێژەی شێ لە هەوادا یان زۆر بەرکەوتنی پێست بە ئاوی گەرم یان بەرکەوتنی پێست بە هەندێک جۆری ماددەی کیمیایی، هەندێک کەس هەن پێستی ڕووخساریان بە شێوەیەکی سروشتی لە جۆری پێستی وشکە، بەڵام تەنانەت ئەو کەسانەشی کە پێستیان چەورە ئەگەری تووشبوونیان بە وشکبوونەوەی پێست هەیە لە چەند کاتێکی جیاوازدا، وشکیی پێست دەتوانێت کار لە چەندین بەشی جیاوازی لەش بکات وەک، دەستەکان و قۆڵ و قاچەکان.

نیشانەکانی وشکیی پێست

لە زۆربەی حاڵەتەکاندا وشکیی پێست کاتییە، بۆ نموونە لە زستاندا زۆربەی کەس پێستییان وشک دەبێتەوە، بەڵام هەندێک جۆری پێستیش هەیە بە شێوەیەکی ئاسایی وشکن، نیشانە و لێکەوتەکانی پێستی وشک پشت دەبەستێت بە تەمەن و تەندروستی و شوێنی نیشتەجێبوون و درێژی کاتی مانەوە لە دەرەوە و چەند هۆکارێکی دیکە، بەڵام لە زۆربەی بارودۆخەکاندا نیشانەکانی پێستی وشک بریتین لە:

  • هەستکردن بە تووندی پێست بە تایبەت دوای شۆردن یان خۆشۆردن یان مەلەکردن.
  • هەستکردن بە زبربوونی پێست.
  • خووران.
  • پێست هەڵدانێکی کەم یان زۆر.
  • دروستبوونی هێڵ و قڵیشانی پێست.
  • سووربوونەوە.
  • قڵیشانێکی قوڵ کە ببێتە هۆی خوێن لێهاتن.

هۆکارە جیاوازەکانی وشکیی پێست

جگە لە گۆڕانی کەشوهەوا هۆکارێکی تری وشکبوونەوەی پێست بەرکەوتنە بە ماددەی کیمیایی، یان چەند هۆکارێکی دیکەی پزیشکی وەک:

وشکبوونەوەی پێست بەهۆی بەرکەوتن

ئەم حاڵەتە کاتێک ڕوودەدات کە پێست کارلێک لەگەڵ شتێکدا دەکات کە مرۆڤ دەستی لێداوە، دەبێتەهۆی توشبوون بە هەوکردنی ناوچەیی، ئەم بەرکەوتنە دوو جۆری هەیە کە بریتین لە:

  1. وشکبوونەوەی سووتێنەری پێست، ئەم جۆرەی وشکبوونەوەی پێست کاتێک ڕوودەدات کە پێستی مرۆڤ لەگەڵ ماددەیەکی کیمیایی سووتێنەری وەک سپیکەرەوە بەرکەوتنی هەبێت.
  2. وشکبوونەوەی هەستیاریی پێست، ئەم جۆرەی وشکبوونەوەی پێست کاتێک ڕوودەدات پێستی مرۆڤ بەرکەوتنی هەبێت لەگەڵ ماددەیەک کە هەستیاریی پێی هەبێت، وەک نیکڵ.

وشکبوونەوەی پێست بەهۆی چەوری پێست

ئەم حاڵەتە کاتێک ڕوودەدات کە پێست ڕێژەیەکی زۆری چەوری بەرهەم بهێنێت، کە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی زیپکەی سوور و وشک، ئەم جۆرەی وشکبوونەوەی پێست لە منداڵانی تازە لەدایکبوودا باوە.

ئەگزیما

حاڵەتێکی دڕێژخایەنی پێستە، کە دەبێتە ھۆی سووربوونەوە و خووران و قڵیشانی پێست.

ئەو هۆکارانەی وشکیی پێست زیاد دەکەن

تەمەن

کەسانی بە تەمەن ئەگەری توشبوونیان بە وشکیی پێست زیاترە، تاکوو تەمەنی مرۆڤ زیاد بکات، کونیلەکانی پێستی بە شێوەیەکی سروشتی چەوری کەمتر دەردەدەن، کە ئەمەش مەترسی وشکبوونەوەی پێست زیاد دەکات.

پێشینەی نەخۆشی

ئەو کەسانەی کە پێشینەی نەخۆشی ئەگزیما یان هەستیارییان هەیە یان لە خێزانەکەیاندا کەسی توشبوو بەم نەخۆشییانە هەیە، ئەگەر تووشی وشکبوونەوەی پێست ببن، دەبێت سەردانی پزیشک بکەن.

وەرز

وشکبوونەوەی پێست لە وەرزەکانی بارینی باران و مانگەکانی زستاندا زیاتر باوە، چونکە لەم وەرزانەدا ڕێژەی شێ لە هەوادا کەمە.

خۆشۆردنی زۆر

خۆشۆردنی زۆر یان خۆشۆرد بە ئاوی زۆر گەرم مەترسی وشکبوونەوەی پێست زیاتر دەکات.

چارەسەر بە شێوازی ژیان

بە چەند گۆڕانکارییەکی سادە لە شێوازی ژیاندا، دەتوانرێت وشکبوونەوەی پێست کەم بکرێتەوە، کە ئەمانەن:

  • دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی ئاوی گەرم بۆ خۆشۆردن، ئەگەر هەر پێویستە هەموو ڕۆژ گەرماو بکرێت، دەتوانرێت کاتی گەرماوکردن کەم بکرێتەوە بۆ ١٠ خولەک و سابوونی شێدارکەرەوە بەکاربێت بۆ شۆردنی لەش.
  • ڕاستەوخۆ بەکارھێنانی شێدارکەرەوە دوای خۆشۆردن.
  • بە نەرمی ڕووخسار بە خاولییەکی خاوێن وشک بکرێتەوە نەک بسڕدرێت.
  • دوورکەوتنەوە لە خوراندن و لێکردنەوەی بەشە وشکبووەکانی پێست.
  • بەکارهێنانی دروستکەری شێ لە ماڵەوە.
  • زۆر خواردنەوەی ئاو.
  • هەروەها گرنگە کە شێدارکەرەوەی گونجاو بەکاربێت بۆ پێست، ئەگەر پێستی کەسەکە لە جۆری زۆر وشک بوو، دەبێت ئەو بەرهەمانە بەکاربێنێت کە لە ڤازلینەوە دروست دەکرێن.
  • بۆ ئەو کەسانەشی کە بە درێژایی هاوین شێدارکەرەوەیەکی سووک کە بنچینەی دروستکردنەکەی ئاوە بەکاردەهێنن، پاشان لە زستاندا هەست بە وشکی پێستیان دەکەن، دەتوانن شێدارکەرەوەکەیان بگۆڕن بۆ ئەو کرێمە نەرمکەرانەی (لەوشن) کە لە ڕۆنی ناوکەترێ و ئەو دژەئۆکسانانە دروست دەکرێن کە پێست بە شێداری دەهێڵنەوە.


سەرچاوەکان

1647 بینین