کۆمەڵەی خۆر

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-22-21:24:00 - کۆدی بابەت: 1496
کۆمەڵەی خۆر

ناوه‌ڕۆك

کۆمەڵەی خۆر چییە؟

کۆمەڵەی خۆر بریتیییە لە خۆر، کە ئەستێرەیەکی ئاساییە لەگەڵ هەموو ئەو تەن و بارستاییانەی کە بە دەوری دەسوڕێنەوە و بریتین لە هەسارەکان و مانگەکانیان، هەسارۆکەکان کە لە پشتێنەی هەسارۆکەکانی نێوان هەسارەی مەریخ و هەسارەی موشتەری هەن، لەگەڵ پشتێنەی کەیپەر کە دەکەوێتە چوار دەوری کۆمەڵەی خۆر و سنوورەکەی لە دوای هەسارەی نیپتۆن دەستپێدەکات و قەزەمە هەسارەی پلۆتۆ و سێ قەزەمە هەسارەی تریش دەکەونە ناو ئەم پشتێنەیە، پشتێنەی کەیپەر ژمارەیەکی زۆر لە هەسارۆکە  و کلکداری تێدایە، تاوەکو بەر لە ٣٠ ساڵیش وا دەزانرا تیرەی کۆمەڵەی خۆر تاوەکو دوای خولگەی قەزەمە هەسارەی پلۆتۆیە کە ٣٩.٥ یەکەی گەردوونی دوورە، بەڵام دوای دۆزینەوەی پشتێنەی کەیپەر لە ساڵی ١٩٩٢ دەرکەوت تیرەکەی زۆر گەورەتر و گەیشتە پتر لە ٥٠ یەکەی گەردوونی، بەڵام بەم دواییە دەرکەوتووە کە تەمە هەورێکی تریش هەیە لە دەرەوەی پشتێنەی کەیپەر کە پێی دەوترێت تەمی ئۆرت Oort. Cloud و لە دوای دووری ٥٠ هەزار یەکەی گەردوونی دەست پیدەکات تاوەکو نزیکەی ٢٠٠ هەزار یەکەی گەردوونی (واتە لە دووری ٠.٨ تاوەکو ٣،٢ ساڵی تیشکی لە خۆر)، ئەم تەمە کە تا ئێستا بە ووردی چاودێری نەکراوە بە شێوەیەکی سەرەکی لە گەردیلەکانی گازی میثان و ئەمۆنیا و ئاو بە شێوەی بەستوو پێک دێت، لەگەڵ بوونی ژمارەیەکی نەزانراو لە کلکدارە دوورەکان کە لە ماوەیەکی درێژدا بە دەوری خۆر دەسوڕێنەوە، هەروەها لە لێکۆڵیەوە بیردۆزییەکان دەرکەوتووە کە هێزی کێشکردنی خۆت کاریگەری لەسەر تەمی ئۆرت هەیە و ئەو کاریگەرییە وای کردووە ئەو تەمە بە دەوری خۆردا بسوڕێتەوە وەکو هەموو تەن و بارستەکانی تر لە کۆمەڵەی خۆر، ئێستا گەردوون ناسان لێواری سنووری دەرەوەی تەمی ئۆرت بە سنووری ڕاستەقینەی کۆمەڵەی خۆر دادەنێن.

بەپێی نوێترین زانیاری و لێکۆڵینەوەکانی ناسا، خۆر و کۆمەڵەی خۆر بەر لە نزیكەی ٤٦٠٠ ملیۆن ساڵ لە چڕبوونەوەی بەشێکی بچووک لە تەمە گازێکی هایدرۆجینی دروستبووە لە ناو باڵێکی گەلە ئەستێرەی ڕێی کاکێشان و ئەو تەمە گازیانەش بەردەوام ئەستێرەی نوێ تیایاندا دروست دەبێت، بڕوا وایە کە ئەو تەمە گازیەیە خۆری لێ دروست بووە لە هەمان کاتدا کۆمەڵێک ئەستێرەی تریشی لێ دروست بووە، دوای چڕبوونەوەی ئەو بەشە لە تەمەکە کە خۆری لێ دروست بووە و پلەی گەرمی لە چەقی خۆر ووردە ووردە بەرز بۆوە، کاتێک گەیشتە نزیەکی ١٠ ملیۆن پلەی کلڤن کرداری لێکدانی ناووکی دەستی پێ کرد  کە بریتییە لە لێکدانی چوار گەردیلەی هایدرۆجین بۆ پێکهێنانی یەک گەردیلەی هیلیۆن و جیاوازی بارستەکەس دەبێتە ووزە لە شێوەی گەرمی و تیشکی درەوشاوە، تا ئێستا ٧٣٪ی هایدرۆجینی خۆر ماوە  و٢٧٪ی بووە بە هیلیۆم.
ئەو بەسە لە تەمە گازە هایدرۆجینیەکی خۆر و کۆمەڵەی خۆری لێ دروست بووە تیرەکەی نزیکەی ٤ ساڵی تیشکی بووە، زۆربەی گازە هایدرۆجینیەکە لە چەقەکە چڕبۆوە و خۆر لێی دروست بوو کە بە ئەستێرەیەکی قەزەمی زەرد پۆلێن دەکرێت و تێکڕای تەمەنی لە کۆتاییدا دەگاتە کەمێک پتر لە ١٠ هەزار ملیۆن ساڵ (واتە پتر لە ٥ هەزار ملیۆن ساڵی تر دەدرەوشێتەوە) و دوای ئەوە ئەو کاتەی هەموو گازە هایدرۆجینەکەی تەواو دەبێت و دەبێتە هیلیۆن و چیتر وزە نابەخشێت و دەتەقێتەوە، پێش ئەوەی بتەقێتەوە بە دەیەها ملیۆن ساڵ توێکڵی دەرەوەی خۆر دەکشێت و ئەوەندە گەورە دەبێت تا گۆی زەوی و هەسارەی زوهرە و عەتارد دەکەونە ناوی و دەسوتێن، ئەو کاتە تەمەن و درەوشانەوەی خۆر تەواو دەبێت و دەتەقێتەوە و ئەو جۆرە تەقینەوەیەی ئەستێرەکان پێیان دەوترێت سۆپەر نۆڤا و لە کۆتایی تەمەنی ئەستێرەکان ڕوودەدەن و تەقینەوەی خۆریش لە دووری سەدەها ساڵی تیشکی ئەگەر بوونەوەری تری زیرەک هەبێت دەیبینێت و هەستی پێ دەکات.

دوای تەقینەوەکەش ناوکی خۆر زۆر بچووک دەبێتەوە تا ڕادەیەک لە گۆی زەوی ئێستا بچوکتر دەبێت و دەبێتە قەزەمێکی سپی، دوای ئەو کاتە بۆ سەدەها ملیۆن ساڵ بڕێکی زۆر کەم درەوشانەوە دەبێت بەڵام ووزەیەکی ئەوتۆی لێ دەرناچێت، ئەو کاتەش هەموو هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر بە پاشماوەی گۆی زەویش دوای تەقینەوەی خۆر لە تاریکیەکی تەواو و بێدەنگی نوقم دەبن و هەموو جۆرە ژیانێک ئەگەر تا ئەو کاتە مابێت لە کۆمەڵەی خۆر کۆتایی پێ دێت.

دووری نێوان ھە‌سارە‌كان - Measuring interplanetary distances 

زاناكان دووری لە‌ بۆشاییدا دە‌پێون بە‌ دوو ڕێگا یە‌كە‌میان بە‌ بە‌كارھێنانی یە‌كە‌ی گە‌ردوونی.
یە‌ك یە‌كە‌ی گە‌ردوونی Astronomical uint (Au) بریتییە‌ لە‌ تێكڕای «ناوە‌ندە‌» دووری نێوان خۆر و زە‌وی واتە‌ نزیكە‌ی (150000000km)، بە‌ڵام ڕێگە‌ی دووم بۆ پێوانی دووریە‌كان لە‌ بۆشاییدا بە‌ بە‌كارھێنانی خێرایی ڕووناكییە‌.
ڕووناكی لە‌ بۆشاییدا بە‌ خێرایی (30000km/s) تێپە‌ڕ دە‌بێت بە‌ نزیكە‌ی كراوە‌یی، وە‌ ئە‌مە‌ مانای ئە‌وە‌ دە‌دات كە‌ ڕووناكی (30000km/s) دە‌بڕێت.


سەرچاوەکان



10759 بینین