بنەماکانی زانستی ئامار

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-09-14-14:22:00 - کۆدی بابەت: 14625
بنەماکانی زانستی ئامار

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بنەماکانی زانستی ئامار (بە عەرەبی: مبادئ العلوم الإحصائية، بە ئینگلیزی: Principles of statistical science). زانستی ئامار بریتییە لە زانستی لێکۆڵینەوە و پلانداڕشتن، کە ھەڵدەستێت بە کۆکردنەوەی داتا و زانیاری و ڕێکخستنی، دواتر شیکردنەوە و کورتکردنەوە و پیشاندانی ئاماریانە و لێکدانەوەی داتا و زانیارییەکان و بڕیاردانێکی گونجاو بە پشت بەستن بە دەرئەنجامە ئامارییەکان.

پێکھاتە سەرەکییەکانی زانستی ئامار

زانستی ئامار بە شێوەیەکی سەرەکی لە چەند پێکھاتەیەکی جیاواز سەرچاوەی گرتووە لە گرنگترین ئەو پێکھاتانەش بریتین لە: 
١- کۆمەڵگا (Population): بریتییە لە کۆی گشتی ھەموو ئەو یەکانەی کە لێکۆڵینەوەیان یان تاقیکردنەوەیان لە بارەوە ئەنجامدەدرێت.
٢- کۆمەڵگای چوونیەک (Homogeneous Population): بریتییە لەو کۆمەڵگایەی کە یەکەکانی تایبەتمەندی ھاوبەشیان ھەیە.
٣- کۆمەڵگای ناچوونیەک (Heterogeneous Population): بریتییە لەو کۆمەڵگایەی کە یەکەکانی تایبەتمەندی ھاوبەشیان نییە.
٤- کۆمەڵگای سنووردار (Finite Population): بریتییە لەو کۆمەڵگایەی کە دەتوانرێت یەکەکانی بژمێردرێن و سەرەتا و کۆتایی ھەبێت.
٥- کۆمەڵگای بێ سنوور (Infinite Population): بریتییە لەو کۆمەڵگایەی کە ناتوانرێت یەکەکانی بژمێردرێت، واتە سەرەتا و کۆتایی نییە.
٦- بژاردە (Sample): بریتییە لە چەند یەکەیەک کە لە کۆمەڵگا وەردەگیردرێت.
٧- داتا (Data) : بریتییە لەو بەھایانەی کە گۆڕاوەکان پێکدێنن.
٨- سەرژمێری گشتی (Census): بریتییە لە وەرگرتنی داتا و زانیاری لە ھەر یەکەیەک لە یەکەکانی کۆمەڵگا.

کەواتە، زانستی ئامار بریتییە لە لێکۆڵینەوە لە خاسیەت و تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگا و پێکهێنانی دەرئەنجامەکان لە بارەی کۆمەڵێکی گەورە لە داتا و زانیارییەکان ئەویش کاتێک بەشێکی بچووک لە داتاکان بە دەست دەهێنرێت. یان کۆی ڕێگاکانە بۆ تاقیکردنەوەی پلانێکی زانستی و ڕێگاکانیشی بریتین لە دەستکەوتنی داتا و زانیارییەکان و ڕێکخستنیان و پوختەکردنەوەیان و پیشاندان و وەسفکردنیان و لێکدانەوەیان پاشان پوختەی کارەکان دەدرێت بە کەسی بەرامبەر. دەتوانرێت زانستی ئامار بەوە پێناسە بکرێت کە بریتیە لە زانستی (مەزەندە و ئەگەرەکان). وشەی ئامار لە (STATISTICS) داتاشراوە لە وشەی لاتینی (STATUS) یان لە وشەیەکی ئیتاڵییەوە (STATISTA) یان لە وشەیەکی ئەڵمانییەوە (STATISTIK) هەمووشیان مانای (زانیاری لەسەر دەوڵەت) دەدەن بەدەستەوە

مێژووی زانستی ئامار

زانستی ئامار یەکێکە لە زانستە گرنگەکان کە هەر لەکۆنەوە بە هۆی پێویستی ژیان و گرنگییەکەی سەریهەڵداوە، زانستی ئامار لە سەرەتادا بە زانستی ژماردن ناسربوو لەساڵانی (٤٨٠ پێش زایین) لە لایەن مێژوو نوسی یۆنانی (هیرۆدۆتس) کاتێک یەکێک لە سەرکردەکانی سوپا ڕێگایەکی سەرەتایی و سادەی بۆ زانینی ژمارەی سوپاکەی پەیڕەو کردوە.

بێگومان بەهۆی گرنگی ئامار لە قورئانی پیرۆزیشدا لە زۆر شوێندا ئاماژە بەلایەنی ئامار دراوە بەتایبەت لە پرۆسەی ژماردن، وەکوو خودای گەورە دەفەرمووێت (لقد احصاهم و عدهم عدا)، بەهەمان شێوە لە ژیانامەی پێغەمبەرمان (ﷴ ﷺ) نموونەیەکی جوانی لە بارەی پڕۆسەی سەرژمێری و ژماردن هەیە کاتێک مەزەندەیەکی وردی بۆ ژمارەی سوپای قوڕەیشییەکان کرد لە جەنگی بەدردا ئەو کات زانی ڕۆژانە (٩) حوشتر لە دەستدەدات. لە سەردەمی پێغەمبەر نوح (سەلامی خودای لەسەربێت) سەرژمێری کراوە بۆ لە ڕێگای ژماردن بۆ ئەوەی بزانێت کەشتییەکەی توانای ھەڵگرتنی چەند کەسی ھەیە.

بێگومان زانستی ئامار لە سەرەتادا بە شێوەیەکی سادە و ساکار بووە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە گەشەکردابووە تاکوو گەیشتووە بە ڕۆژگاری ئەمڕۆ، لە ئێستتادا ھیچ زانستێک نییە دوور و نزیک پەیوەندی نەبێت بە زانستی ئامار، بەڵام گرنگترین ئەو بوار و دامەزراوانە و  زانستیانەی زۆر پشت دەبەستن بە زانستی ئامار بۆ بەڕێکردنی کار و باری ڕۆژانەیان بریتین لە (زانستە ئەندازیارییەکان و زانستە کۆمپیوتەرییەکان و وەزاڕەتی پلاندانان و بەڕێوبەرایەتییەکانی ئامار و بازرگانی و شارەوانی و بانکەکان).

جۆرەکانی ئامار (Type of Statistics)

زانستی ئامار پێکدێت لە دوو بەشی سەرەکی کە بریتین لە: 
١- ئاماری جۆری (Descriptive Statistics): بریتییە لە کۆکردنەوەی داتاکان و پاشان ڕێکخستنیان و کورتکردنەوەیان و پیشاندانیان.
٢- ئاماری دەرئەنجامی (Inferential Statistics): بریتییە لە ڕێگایەکی شیکردنەوەی ئاماریانە و لێکدانەوەی داتا و بڕیاردانێکی گونجاو بە پشت بەستن بە دەرئەنجامە ئامارییەکان، کە لە دوو بەشی جیاواز پێکدێت: 

  • خەمڵاندنی خاڵی و خەمڵاندنی ماوەیی
  • تاقیکردنەوەی گریمانە

گۆڕاو (Variable)

بریتییە لە جیاوازی لە تایبەتمەندی یەکەکان کە ھەر یەکەیەک تایبەتمەندی تایبەت بەخۆی ھەیە، لەم چوارچێوەیەدا گۆڕاو پۆلێندەکرێت بۆ چوار جۆر: 
١- گۆڕاوی جۆری (Qualitative Variable): بریتییە لەو گۆڕاوانەی کە دەتوانرێت بکرێن بە چەند پۆلێکی جیاواز بەپێی تایبەتمەندی ڕەگەزی (نێر و مێ) یان (بەڵێ و نەخێر).
٢- گۆڕاوی چەندی (Quantitative Variable): بریتییە لەو گۆڕاوانەی کە ژمارەن و دەتوانرێت ڕێکخستنیان بۆ بکرێت بەپێی جۆری (تەمەن و کێش).
٣- گۆڕاوی پچڕاو (Discrete Variable): بریتییە لەو گۆڕاوەی کە مەودای نێوانیان تەنھا ژمارەیەک و لە بەھاکەی ژمێردراوە.
٤- گۆڕاوی بەردەوام (Continuous Variable): بریتییە لەو گۆڕاوەی کە مەودای نێوانیان نەژمێردراوە.

ئاستەکانی پێوانەکردنی گۆڕاوەکان (Typs of Measurement)

١- ئاستی پێوانەی ناو (Nominal)
ئەو گۆڕاوانە دەگرێتەوە کە لە چەند ناوێک یان چەند پۆلێک پێکدێن و دەتوانرێت ڕیز بکرێن لە بچووکەوە بۆ گەورە یان لە گەورەوە بۆ بچووک، بۆ نموونە پرسیاری (بەڵێ و نەخێر)، لایەنگران، پسپۆڕی، نەتەوە، ئاڕاستە.
٢- ئاستی پێوانەکردنی ڕیزەکی (Ordinal
ئەو گۆڕاوانە دەگرێتەوە کە لە چەند ناوێک یان چەند پۆلێک پێکدێن و دەتوانرێت ڕیز بکرێن لە بچووکەوە بۆ گەورە یان لە گەورەوە بۆ بچووک، بۆ نموونە پرسیاری (لاواز، زۆر لاواز، باش، زۆر باش، خراپ، زۆر خراپ، نمرە و کاتەکانی ڕۆژ).
٣- ئاستی پێوانەی ماوەیی (Interaval)
ئەو گۆڕاوانە دەگرێتەوە کە دەتوانرێت ڕیز بکرێن و کردارەکانی کۆکردنەوە و کەمکردنەوەیان بۆ ئەنجام بدرێت، بەڵام ناتوانرێت کردارەکانی دابەشکردن و جارانکردنیان بۆ بکرێت، چونکە نرخی سفر ھیچ ناگەیەنێت، نموونە وەکوو پلەی گەرمی سفر یان ساڵ.
٤- ئاستی پێوانەی ڕێژەیی (Ratio)
ئەم ئاستە وەکوو ئاستی پێوانەی ماوەییە، بەڵام لەم ئاستەدا نرخی سفر بوونی ھەیە، نموونە وەکوو (مووچە و کێش و تەمەن).

سەرچاوەکانی کۆکردنەوەی داتا (Sources of Data Collection)

سەرچاوەکانی کۆکردنەوەی داتا پۆلێندەکرێن بۆ دوو بەش کە بریتین لە: 
١- سەرچاوەی مێژووی (Historical or Secondary Sources
ئەم سەرچاوەیە بریتییە لەوە کە پێشتر کۆمەڵە کەسانێک داتایان لە بارەی دیاردەیەک کۆکردۆتەوە و بۆ مەبەستێک بەکاریانھێناوە و ئەم جۆرە داتایە لە شوێنە حکوومییەکان پارێزراوە، نموونە وەکوو دەستەی ئامار یان نەخۆشخانە.
٢- سەرچاوەی مەیدانی (Field or Primary Sources
ئەم جۆرە سەرچاوەیە خودی توێژەر خۆی ھەڵدەستێت بە کۆکردنەوەی داتا لە ڕێگای دابەشکردنی فۆڕمی ڕاپرسی.

ڕێگاکانی کۆکردنەوە داتا (Methods of Data Collection)

داتاکان دەتوانرێن بە دوو ڕێگای جیاواز بە دەست بھێنرێن کە بریتین لە: 

  • سەرژمێری گشتی
  • بژاردە (وەرگرتنی نموونە یان سامپڵ)

ڕێگاکانی بژاردەگیری (Types of Sampling)

بژاردەگیری بە شێوەیەکی گشتی پۆلێندەکرێت بۆ دوو جۆر کە بریتین لە بژاردەگیری ئەگەری (Probability Sampling) کە ئەم ڕێگایە دابەشدەکرێت بۆ چوار جۆر: 

١- بژاردەگیری ھەڕەمەکی ئاسان (Sample Random Sampling): لەم ڕێگایەدا ھەموو تاکەکان دەرفەتیان دەبێت لە ھەڵبژاردن بۆ ئەوەی ببن بە تاکێک لە تاکەکانی بژاردە، بۆ نموونە ھەڵبژاردنی ١٠ فێرخواز لە قۆناغی سێیەمی بەشی ئەندازیاری.
٢- بژاردەگیری ڕێکخراو (Systematic Sampling): بۆ بژاردەگیری ڕێکخراو پێویستە ھەموو تاکەکانی کۆمەڵگا ڕیز بکرێن لە بچووکەوە بۆ گەورە، دواتر بەپێی ئەم ھاوکێشەیە تاکەکان ھەڵدەبژێردرێن: K = N/n

  • زنجیرەی ھەڵبژاردنی تاکی بژاردە = K
  • ژمارەی تاکەکانی کۆمەڵگا = N
  • ژمارەی تاکەکانی بژاردە = n

٣- بژاردەگیری فرەچینی (Stratified Sampling): لەم جۆرە بژاردەگیرییە کۆمەڵگا پۆلێندەکرێت بۆ دوو چین کە ھاوبەشن لە ھەمان تایبەتمەندیدا، نموونە وەکوو ڕەگەزی (نێر و مێ) دواتر ڕاکێشانی بژاردەیەک لە ھەرچینێک بۆ دۆزینەوەی ڕێژەی ھەرچینێک ئەم ھاوکێشەیە بەکاردێت: Pi = Mi/N

  • ڕێژەی ھەرچینێک = Pi
  • ژمارەی تاکەکانی کۆمەڵگا = N
  • قەبارەی چین = Mi

٤- بژاردەگیری هێشویی (Cluster Sampling): لەم جۆرە بژاردەگیرییەدا کۆمەڵگا پۆلێندەکرێت بۆ چەند بەشێک، دواتر دەستدەکرێت بە ھەڵبژاردنی چەند بەشێک بە شێوەی ھەڕەمەکی، پێویستە ھەڵبژاردنی تاکەکانی پێویست لەناو بەشە ھەڵبژێردراوەکان بێت، بۆ نموونە کۆلێژێکی ئەندازیاری پۆلێندەکرێت بۆ حەوت بەش و بە شێوەیەکی ھەڕەمەکی لە ھەربەشێک دوو قۆناغ ھەڵدەبژێردرێن، لەو قۆناغە ھەڵبژێردراوانەش فێرخوازەکان وەردەگیردرێن.
٥- بژاردەگیری فرەقۆناغ (Multistage Sampling): ئەم جۆرە بژاردەیە بریتییە لە تێکەڵکردنی بژاردەگیری ھەڕەمەکی ئاسان و بژاردەگیری فرەچینی، بژاردەگیری فرە قۆناغ دەستدەکەوێت لە ڕێگای ئەنجامدانی زنجیرەیەک لە بژاردەگیری ھەڕەمەکی ئاسان بۆ ھەرچینێک، لە قۆناغەکانی ئەم بژاردەگیرییە، بۆ نموونە شاری ھەولێر دابەشدەکرێت بۆ چەند گەڕەکێک، لەم گەڕەکانە بە شێوەیەکی ھەڕەمەکی چەند گەڕەکێک ھەڵدەبژێردرێن و ڕاپرسی لەگەڵ ھەموو خەڵکی ئەو گەڕەکانە دەکرێت.

ڕێگاکانی بژاردەگیری نائەگەری (Non - Probability Sampling

ڕێگاکانی بژاردەگیری نا ئەگەر پۆلێندەکرێن بۆ چوار جۆر کە بریتین لە: 

١- بژاردەگیری گونجاو (Convenience Sampling
لەم جۆرە بژاردەیە توێژەر ھەوڵدەدات بە شێوازێک بژاردەکان ھەڵببژێرێت کە گونجاوبن لەگەڵ توێژینەوەکەی بە کاتێکی کەم و تێچوویەکی کەم، بۆ نموونە توێژەر دەچێت لە کۆلێژی ئەندازیاری چاوپێکەوتن دەکات لەگەڵ فێرخوازانی بەشی ئەندازیاری.
٢- بژاردەگیری ئامانج (Purposive Sampling
ڕێگایەکی بەناوبانگە لە بژاردەگیری نائەگەری کە توێژەر بە ئەنقەست بژاردە ھەڵدەبژێرێت کە ڕاستەوخۆ نوێنەرایەتی کۆمەڵگا دەکات، لەم جۆرە بژاردەیە دەبێت توێژەر زۆر بە وردی و زیرەکی بژاردەکانی ھەڵبژێرێت، بۆ نموونە ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ کارمەندانی چێشتخانە یان یاریزانانی تۆپی پێ.
٣- بژاردەگیری فرەبەشی (Quota Sampling)
ئەم بژاردەگیرییە زۆر بە بژاردەگیری (فرەچینی ئەگەری دەچێت)، بەڵام ئەوەی جیای دەکاتەوە بریتییە لە نەبوونی ھەڕەمەکی لە ھەڵبژاردن، توێژەر لەم جۆرە بژاردەگیرییە سەرەتا کۆمەڵگای دیاریکراو دەستنیشان دەکات لەگەڵ ڕێژەکانیان، دواتر بژاردەی گونجاو بۆ ھەڵبژاردنی بژاردەکان ھەڵدەبژێرێت، بۆ نموونە ھەڵبژاردنی کەسانی تووشبوو بە نەخۆشی شێرپەنجە کە تەمەنیان لە نێوان (١٢ بۆ ٢٠) ساڵیدایە، چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو کەسانە دەکات کە تەمەنیان لە نێوان ئەو دوو ساڵە دایە، پاشان بژاردەی گونجاو بەکاردێنێت.
٤- بژاردەگیری تۆڕی یان تۆپەڵە بەفری (Snowball Sampling)
ئەم بژاردەیە زۆر دەگمەنە و لە کاتێکدا بەکاردێت کە تاکەکانی بژاردە زۆر ئەستەم دەستبکەون و ئەم بژاردەیە پشت دەبەستێت بە ناسینی تاکە کەسێک کە دەگونجێت بۆ چاوپێکەوتنی لەگەڵ توێژەر کە دەیەوێت لە ڕێگای ئەوەوە چەند کەسێکی تر بناسێت، نموونە وەکوو ئەو کەسانەی کە پسپۆڕی بوارێکی پزیشکین یان ئەندازیارین یان پسپۆڕی بواری جوگرافین.

مەرجەکانی ئامادەکردنی فۆڕمی ڕاپرسی

١- دەبێت پرسیارەکانی فۆڕمی ڕاپرسی کورت و پوخت بن بە زمانێکی سادە و ئاسان بنووسرێن.
٢- دەبێت توێژەر بە زمانێکی سادە و ڕەنووسێکی تەواو پرسیارەکان لە فۆڕمی ڕاپرسی جێگیر بکات بە لەبەر چاوگرتنی مەرجەکانی خاڵبەندی.
٣- نابێت پرسیاری تایبەت لە فۆڕمی ڕاپرسی بوونی ھەبێت وەکوو (ژمارەی مۆبایل، ناوی سیانی، ناونیشانی ماڵ، ژمارەی ئەندامانی خێزان، داھاتی مانگانە).
٤- نابێت ئەو پرسیارانەی ئاڕاستە دەکرێن لە ڕێگای فۆڕمی ڕاپرسی بۆ کەسی بەرامبەر کراوە بن، بەڵکوو دەبێت پرسیارەکان وەڵامەکانیان دیاریکراوبێت وەکوو (بەڵێ، نەخێر، ڕازیم، ڕازینیم، باشە یان زۆر باشە).
٥- نابێت لەکاتی نووسینی پرسیار لە فۆڕمی ڕاپرسی زاراوە یان کورتکراوەیەک بەکاربێت کە خوێنەر نەزانێت مەبەست لێی چییە.
٦- دەبێت پرسیارەکان پەیوەندیان بە ناوەڕۆکی بابەتەکەوە ھەبێت و نابێت پرسیاری لابەلا بکرێت، بە گوێرەی ئەو توێژینەوەیەی کە ڕاپرسییەکەی تیادا ئەنجامدەدرێت.
٧- دەبێت پرسیارەکان لە چوارچێوەی ناونیشانی توێژینەوەکە بن.
٨- واباشترە سەرەتا بە پرسیاری سەرەنج ڕاکێش دەست پێبکرێت بۆ ئەوەی بە تەواوەتی سەرەنجی خوێنەر بەلای بابەتەکە ڕابکێشرێت.
٩- نابێت پرسیاری دووبارە لە ناو فۆڕمی ڕاپرسی بوونیان ھەبێت.
١٠- دەبێت پرسیارەکان بە شێوەیەکی پلە بەندی ڕێکبخرێن.
١١- نابێت پرسیارەکان زۆر دوور و درێژبن و خوێنەر بخاتە حاڵەتی بیرکردنەوە.
١٢- زۆر گرنگە توێژەر بزانێت کە فۆڕمی ڕاپرسی بەسەر کێ دابەش دەکات و کێ فۆڕمەکە پڕدەکاتەوە، واباشترە ئەوانەی بەژداریان پێدەکرێت تەمەنیان لە (١٨) ساڵ کەمتر نەبێت و کەسانی ڕۆشنبیر و خوێندەواربن و باری دەروونیان جێگیربێت.

ڕێگاکانی دابەشکردنی فۆڕمی ڕاپرسی

دوای ئەوەی توێژەر کۆمەڵێک پرسیاری ئامادەکرد لە چوارچێوەی ئەو ناونیشانەی دەیەوێت ڕاپرسی لە بارەوە ئەنجام بدات، دەتوانێت فۆڕمی ڕاپرسی بە دوو ڕێگا بڵاو بکاتەوە و بەم جۆڕەش بژاردە وەربگرێت: 

١- لە ڕێگای دابەشکردن: توێژەر لەم ڕێگایە دەتوانێت فۆڕمی ڕاپرسی بە شێوەیەکی پراکتیکی دابەش بکات لە ناوەندە زانستییەکان، وەکوو (قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگا و کتێبخانەکان)، دواتر فۆڕمەکان کۆ دەکاتەوە بە مەبەستی دەرھێنانی داتا و زانیاری لەو فۆڕمانەی کە دابەشیکردبوون و وڵامدرابوونەوە.
٢- لە ڕێگای ئۆنڵاین: توێژەر جگە لە کاری مەیدانی بۆ دابەشکردنی فۆڕمی ڕاپرسی دەتوانێت پێگەی ئۆنڵاین بەکاربێنێت بۆ بڵاوکردنەوەی فۆڕمی ڕاپرسی لە ڕێگای دروستکردنی (بەستەرەیەکی) تایبەت بە فۆڕمی ڕاپرسی، دواتر ئەم بەسەتەرەیە یان ئەم لینکە بۆ کەسانی ڕۆشنبیر و خوێندەوەر یاخود گروپە زانستییەکان بنێرێت بە مەبەستی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە بە گوێرەی ئەو پرسیارانەی لە فۆڕمە ئۆنڵاینەکە بوونیان ھەیە.


سەرچاوەکان



22 بینین