هەسارەی مەریخ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-23-16:00:00 - کۆدی بابەت: 1502
هەسارەی مەریخ

ناوه‌ڕۆك

هەسارەی مەریخ

هەسارەی مەریخ چوارەم هەسارەیە لە دووری لە خۆر و دووەمە لە بچووکی لە دوای هەسارەی عەتارد، مەریخ بە هەسارەی  سوور دەناسرێت بە هۆی بوونی ئۆکسیدی ئاسن لە گڵی هەسارەکە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی لە کاتی تەماشا کردنی بە چاو و بە تەلەسکۆپ لەسەر زەویەوە ڕەنگەکەی سورباو دەردەکەوێت.

مەریخ تیرکەی لە هێڵی ناوەڕاستی ٦٧٧٩ کیلۆمەترە، بارستەکەی نزیکەی ١٠٪ی بارستەی زەویە، تێکڕای دووری خولگەکەی لە خۆر ٢٢٨ ملیۆن کیلۆمەترە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکان هەسارەی ماریخ بەر لە چوار ملیار ساڵ بواری مونگاتیسی لە دەست دا و ئەمە بووە هۆی ئەوەی زۆربەی بەرگە هەوا و ئاوی سەر ڕووەکەی لەدەست بدات بە هۆی ڕەشەباکان خۆر کە دەکەوێتە سەر ڕووەکەی، ئێستە بەرگە هەوایەکی تەنکی هەیە کە بڕی پەستانەکەی ١٪ ی پەستانی بەرگە هەوای گۆی زەوی دەبێت، پێکهاتەکەی نزیکەی ٩٦٪ی لە گازی دووەی ئۆکسیدی کاربۆن پێک دێت، گازی نایترۆجینیش نزیکەی ٣٪ی پێک دەهێنێت، بڕەکەی تر لە هەندێ گازی تر پێک دێت وەک ئەرگۆن.

سەر ڕووی هەسارەی مەریخ هەندێک لە ڕووی مانگ دەچێت بەوەی گەلێک شوێنەواری کەوتنەوەی هەسارۆکەکانی لێ بەدی دەکرێت، لە لایەکی ترەوە لە هەندێک ڕواڵەت بە هۆی زەوی دەچێت و دۆڵ و ڕێڕەوی ئاوی تێدا بەدی دەکرێت، بە بڕوای شارەزایان ئەمە بەڵگە و نیشانەیە بۆ بوون و ڕۆیشتنی ئاو لەسەر ڕووەکەی بەر لە چەند ملیار ساڵێک.

مەریخ دوو پاشکۆی هەیە کە بچووکن، ئەوانیش فۆبۆس کە تیرەکەی ٢٢ کیلۆمەتر و دیمۆس کە تیرەکەی ١٢ کیلۆمەترە، بەپێی بۆچوونی شارەزایان ئەم دوو پاشکۆیە هەسارۆکە بوون و مەریخ بە هۆی ڕاکێشانی لە ڕێگەی هێزی کێش کردنی بۆ خۆی ڕاوی کردوون.
هەسارەی مەریخ بە ٦٨٧ ڕۆژ جارێک لەسەر خولگەکەی بە دەوری خۆر دەسوڕێتەوە کە ئەمەش دەکاتە ساڵێکی ئەو هەسارەیە، هەروەها بە ٢٤ کاتژمێر و ٣٧ خولەک جارێک بە دەوری خۆی دەسوڕێتەوە.

ئاژانسی ناسا لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٧٦ توانی کەشتی ڤایکینگ لەسەر هەسارەی مەریخ بنیشێنێتەوە، ئەمە یەکەم دروستکراوی مرۆڤ بوو بە سەرکەوتوویی بنیشێتەوە لەسەر هەسارەی سوور و یەکەم وێنەی سەر ڕووەکەی لە نزیکەوە تۆمار کرد، پێشتر یەکێتی سۆڤیەت هەردوو کەشتی مارس ١ س ٢ ی نارد بۆ مەریخ، بەڵام بە سەرکەوتوویی نەنیشتنەوە و لە ئاسمانی هەسارەی مەریخ تێکشکان.

لە مانگی ئاداری ساڵی ١٩٩٧ ئاژانسی ناسا کەشتیەکی تری گەیاندە سەر هەسارەی مەریخ کە ناوی Pathfinderبوو بە سەرکەوتویی نیشتەوە و کۆمەڵێک وێنە و ڤیدیۆی سەر ڕووی هەسارەی مەریخی تۆمار کرد و لەگەڵ ئەنجامدانی هەندێ لێکۆڵینەوە.
ناسا لە ساڵی ٢٠٠٤ دوو کەشتی تری نارد و نیشتنەوە بە سەرکەوتوویی لەسەر هەسارەی مەریخ بە ناوی Spirit and Opportunity هەریەکەی لە دیوێکی ئەو هەسارەیە و کۆمەڵێک زانیاری گرنگیان کۆکردەوە لەسەر هەسارەکە، گرنگترینیان دۆزینەوەی شوێنەواری رۆیشتنی ئاوی شل بوو لەسەر مەریخ پێش ملیارەها ملیۆن ساڵ.
لە ساڵی ٢٠١١ ناسا کەشتی Curiosity هەڵدا بۆ مەریخ و لەسەر ئەو هەسارەیە نیشتەوە و تاوەکو ئێستا پشکنینی ورد دەکات.


سەرچاوەکان



11300 بینین