نیشانە سەرەتاییەکانی دووگیانی

له‌لایه‌ن: مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-06-12-19:54:00 - کۆدی بابەت: 2033
نیشانە سەرەتاییەکانی دووگیانی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەندێک کات تەنانەت پێش ئەوەی کە سوڕێکی سوڕی مانگانەکەت لەدەست بدەیت و دوابکەوێت، لەوانەیە گوومان بکەیت کە دووگیانیت، هەندێک لە خانمان نیشانەکانی دووگیانیان چەند هەفتەیەک دوای پیتاندن و بەڵام هەندێکی دیکەیان بە شێوەیەکی ترە، نیشانەکانی دووگیانی لەوانەیە لە توندی و کاتەکانیاندا و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازبن، نیشانە سەرەتاییەکانی دووگیانی تەنها ڕێنیشاندەرن و مەرج نییە کە ئەم نیشانانەت هەبوو دووگیان بیت چونکە زۆرینەی نیشانەکان هاوشێوەی نیشانەکانی پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانەیە.
ئەگەر چی تەنها ڕێگای یەکلاکەرەوەی دووگیانی بریتییە لە پشکنین بە خوێن یاخود میز بەڵام دەکرێت ئەم نیشانانەش دەرخەری دووگیانی بن.

نیشانەکان

هەستیاری و ڕەقبوونی مەمک

هەستیاری و ڕەقبوونی مەمک یەکێکە لە نیشانە سەرەتاییەکان، دوو هەفتە دوای پیتاندن هۆڕمۆنەکانت دەگۆڕدرێت و هەست بە ڕەقبوون و قورسبوون و کزانەوەی مەمکت دەکەیت.

ماندوویەتیەکی زۆر

سەرەتایی دووگیانی ڕێژەی هۆڕمۆنی (پڕۆجیسترۆن) زیاد دەکات و کە بە زیادبوونیشی دەبێتە هۆی ئەوەی کە زۆر بخەویت و شەکری ناو خوێنت دادەبەزێنێت و هەروەها فشاری خوێنیشت دادەبەزێنێت کە ئەمانە دەبنە هۆی ماندوویەتی و هەروەها بەرهەمهێنانی خوێنیش زیاتر دەکات تاکوو وزەی زۆرت پێبێت لەماوەی دووگیانیدا.

خوێنبەربوونی کەم و گرژبوونی منداڵدان

هەندێک کات دوای ئەوەی کە لە منداڵداندا پیتاندن ڕوودەدات کەمێک خوێن دەبینێرت کە ئەمەش یەکێکە لە نیشانەکانی دووگیانی، نزیکەی ١٠ بۆ ١٤ ڕۆژ دوای هێلکەدانان پیتاندن ڕوودەدات، ئەم جۆرە خوێنبەربوونە بەگشتی کەمتر و ڕەنگێکی کاڵتر و کاتێکی کەمتریش دەخایەنێت و هەندێک خانم لەگەڵیشدا ئازاری سکیان هەیە وەک ئازاری کاتی سوڕی مانگانە.

حاڵەتی دڵتێکچوون و ڕشانەوە

حاڵەتی دڵتێکچوون یەکێکە لە نیشانە باوەکانی کاتی دووگیانی، لە هەندێک لە خانماندا دوای دوو هەفتە دەست پێدەکات و ئەم دڵتێکچوونە بەهۆی بەرزبوونەوەی هۆڕمۆنی (ئیسترۆجینەوەیە) کە دەبێتە هۆی ئەوەی زوو گەدە خاڵیببێتەوە و حاڵەتی دڵتێکچوون ڕووبدات.
هەروەها ژنانی دووگیان هەستی بۆنکردنیان زیاترە و هەر بۆیە بۆنی وەک بۆنی خواردن و عەتر و جگەرە دەبێتە هۆی دڵتێکچوونیان.

بێزاربوون لە خواردن یاخود بێزووکردن

کاتێک کە دووگیانیت لەخۆتەوە لە هەندێک خواردن بێزار دەبیت زیاتر وەک قاوە و خواردنە سورەوەکراوەکان و بێزاربوون لە خواردن و بێزوو کردن بە خواردنەوە لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا زۆر باوە بەهۆی گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکانەوە. 

سەرئێشە

بەهەمان شێوە بەهۆی گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکان و زیادبوونی سوڕی خوێنەوە سەرئێشە دروست دەبێت.

قەبزی

قەبزی نیشانەیەکی تری سەرەتای دووگیانییە و زیادبوونی (پڕۆجیسترۆن) وادەکات کە خواردن زۆر بەهێواشی لە ڕیخۆڵەکانەوە بجوڵێت و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی قەبزی

گۆڕانکاری لە دەرووندا

بەهۆی گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکانەوە گۆڕانکاریش لە ڕەفتاردا ڕوودەدات و خانمی دووگیان بێتاقەت دەبێت و زۆر جار بێ هیچ هۆکارێک دەگری و ئەم حاڵەتەش زیاتر لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا زیاترە.

بێهێزی و سەرگێژخواردن

بەهۆی ئەوەی کە فشاری خوێن دادەبەزێت و هەروەها شەکری ناو خوێنیش دادەبەزێت بۆیە خانمەکە هەست بە بێهێزی و سەرگێژخواردن دەکات.

زیادبوونی پلەی گەرمی لەش

پەلەی گەرمی جەستەت کەمێک دوای هێلکەدانان زیاد دەکات و تا کاتی سوڕێکی تر بەردەوامی هەیە، ئەگەر هاتوو پلەی گەرمی جەستەت تا دوو هەفتە بەرز بوو ئەوا نیشانەیەکە بۆ دووگیانی.

وەستانی سوڕی مانگانە

گرنگترین نیشانەی دووگیانی وەستانی سوڕی مانگانەیە و لەوانەیە خانمێک هیچکام لەو نیشانانەی سەرەوەی نەبێت و بەڵام سوڕی مانگانەکی بوەستێت و ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کە دووگیانە.

نیشانەکانی هەفتەی یەکەمی دووگیانی

لەبیرت بێت کە لە هەفتەی یەکەمی دووگیانیدا ئەو نیشانانەی کە هەستی پێ دەکەیت ئەوانەن کە پەیوەندیان هەیە بە سوڕی مانگانەتەوە چونکە هێشتا دووگیان نەبوویت و تەنها پیتاندن ڕوویداوە و ئەم نیشانانە لەوانەیە لە ٣ تاکوو ٥ ڕۆژ بەردەوام بێت.

خوێنبەربوون

جەستەت منداڵدانت پاکدەکاتەوە کە بەشێوەی خوێن دێتە خوار بۆ ئەوەی شوێنێک بۆ هێڵکە پیتێنراوەکە بکاتەوە و پارێزگاری لێبکات.

ئازاری پشت

ئازاری پشت بەتایبەت لەناوچەی خوارەوەی پشت ناوچەی کەمەر.


سەرچاوەکان

3992 بینین