خۆسەپاندن و تاکڕەوی دایک و باوک

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-06-20:20:00 - کۆدی بابەت: 2038
خۆسەپاندن و تاکڕەوی دایک و باوک

ناوه‌ڕۆك

خۆسەپاندن و تاکڕەوی دایک و باوک

هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە زۆرێک لە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە خۆسەپاندن و تاکڕەوی ئەوان لە ماڵەوە، بە واتایەکی دیکە، هەندێ لە باوان لە ماڵەوە وەک دیکتاتۆر ڕەفتار دەکەن و کەسانی خۆسەپێن و تاکڕەون، واتە هەموو جۆرە دەسەڵاتێک قورغ دەکەن و گەم گەزیان پێیە.
ئەمەش بۆ چەندین هۆکار دەگەڕێتەوە، لەوانە:

زۆربەی ئەو دایک و باوکانەی کە دەبنە دیکتاتۆر و خۆسەپێنەر، لە ژینگەیەکی جەور و ستەم و دیکتاتۆریەتیدا گەورە بوون و لە بنەماکانی هاوبەشی و بەرپرسیارییەتی و دادپەروەری و ئازادی و لێبوردەیی بێبەش بوون.

  • هەبوونی دەروونێکی پڕ ڕق و قین و دڵڕەقی.
  • هەبوونی حەزی خۆسەپاندن و چەوساندنەوە.
  • هەبوونی حەزی خۆدەرخستن.
  • نەزانین و ناڕۆشنبیری.
  • نزمی ئاستی زانسی.
  • خراپی ڕەوشی ئابووری.
  • هەبوونی کێشەی ئابووری.
  • هەبوونی کێشەی خێزانی و کۆمەڵایەتی.

هەڵبەتە خۆسەپاندن و تاکڕەوی دایک و باوک، زیانێكی زۆر بە گەشەی منداڵ و خانەوادە و کۆمەڵگە دەگەیەنێت، گرنگترین ئەو زیانانەش ئەمانەن:

  • منداڵ هەست بە بێبەشی و جەور و ستەم دەکات.
  • منداڵ لە سۆز و میهرەبانی باوانی بێبەش دەبێت.
  • منداڵ کە گەورەبوو، هەمان ڕەفتاری دایک و باوکی بەرامبەر بە منداڵەکانی دووبارە دەکاتەوە و چآو لەوان دەکات.
  • ڕق و قینە لە دڵی منداڵدا دروست دەبێت.
  • بنەمای ڕآوێژ و دادپەروەری پێشێڵ دەکرێت.
  • ئەندامانی خێزان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە یەکتری سەردەری لەگەڵ یەکتری ناکەن.
  • منداڵ ناتوانێ پشت بە تواناکانی خۆی ببەستێت.
  • منداڵ بڕوا و متمانەی بە دایک و باوکی نامێنێت.
  • منداڵ کە گەورە بوو، بیر لە تۆڵەکردنەوە دەکاتەوە.
  • منداڵ لە ئایندەدا سەرکەوتوو نابێت.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

بۆ ئەوەی دایک و باوک نەکەونە داو و هەڵە و تەڵەی خۆسەپاندن و تاکڕەوی و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە سەردەری لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن، دەبێ ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن:

  • خۆیان لە توندوتیژی و زەبر و زەنگ بپارێزن.
  • بە شێوەیەکی دادپەروەرانە سەردەری لەگەڵ گشت منداڵەکانیان بکەن و جیاکاری لە نێوانیاندا نەکەن.
  • دەبێ باوان ئاشنا بن بە بنەماکانی زانستی و پەروەردەیی.
  • دەبێ باوان خۆیان بەدوور بگرن لە تۆڵەسەندنەوە و ڕق و قین.
  • دەبێ کارەکان بە پرس و ڕاوێژ ئەنجام بدەن.
  • دەبێ هەست بە بەرپرسیارییەتی بکەن.
  • دەبێ دەسەڵاتەکان دابەش بکەن و بەپێی توانا و تەمەن دەسەڵات بە منداڵەکانیان ببەخشن.
  • دەبێ مافی منداڵەکان بپارێزن، بە تایبەتی مافی ئازادی و مافی ڕادەربڕین و مافی بەرگری لە خۆکردن و مافی وەڵامدانەوە و مافی داواکاری و مافی خوێندن و مافی ژیان بە شێوەیەکی شکۆمەندانە و دوور لە هەموو جۆرە جەور و چەوساندنەوەیەک.


سەرچاوەکان



878 بینین