ناوهڕۆك
خستنەڕووی خراپەکانی منداڵ و فەرامۆش کردنی چاکەکانی
هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە خستنەڕووی خراپەکانیان و فەرامۆشکردنی چاکەکانیان، واتە حەزیان لەوەیە لای خەڵکی بە گشتی و دۆست و هاوڕێیانی منداڵەکانیان بە تایبەتی، باس لە خراپەی منداڵەکانیان بکەن و چاکەکانیشیان نادیدە بگرن، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە.
- نەزانین و نەشارەزایی دایک و باوک.
- نەخوێندەواری و نزمی ئاستی زانستیی دایک و باوک.
- ئاشنانەبوون بە شێوازە دروستەکانی پەروەردە و فێرکردن.
- نەبوونی کۆنترۆڵ لەسەر هەست و دەروونی خۆیان و پەلەکردن لە بڕیاردان.
- خۆشباوەری دایک و باوک.
- کاریگەریی نەرینی کولتوری و داب و نەریت لەسەر ئەوان.
- فشارە خێزان و کۆمەڵایەتیی و دەروونی و ئابوورییەکان.
- جیاوازی ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری دایک و باوک.
- هەبوونی گرێی دەروونی.
ئەلبەتە هەموو ئەمانە و هۆکارەکانی دیکەش وا دەکات کە وا زیانێکی زیدە بە منداڵ بگات، و کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر گەشەی هزری و زانستیی و کۆمەڵایەتی و دەروونی ئەو جێبهێڵێت، گرنگترین ئەو زیانانەش ئەمانەن:
- مندال بڕوای بە خۆی و دایک و باوکی و دەرووبەری نامێنێ.
- دەبێتە کەسێکی ترسنۆک و ورەبەزیو.
- کەسێکی شەرمنی لێدەردەجێت.
- دەبێتە کەسێکی گۆشەگیر و دوورەپەرێز و لاپەڕ.
- متمانە بە تواناکانی خۆی نابێت.
- تووشی بەدگومانی و دڵپیسی دەبێت.
- هەست بە خۆبەکەمزانین دەکات.
- هەست بە شڵەژان و داڕووخانی دەروونی دەکات.
- لە ژیانی خۆیدا سەرکەوتوو نابێت.
چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە
بۆ ئەوەی دایک و باوک بەم تیرە هەستی منداڵەکانیان بریندار نەکەن و هەڵەی خۆیان ڕاستکەنەوە، پێویستە ئەم هەنگاوانەی خروارەوە بنێن:
- هیچ هەڵە و کەموکوڕی و خراپییەکی منداڵەکانیان لای هیچ کەسێک باس نەکەن، ئەگەر حاڵەتێکی ئاواش هاتەپێش، پێویستە بە تەنیا لەگەڵیان دابنیشن و بە شێوەیەکی پەروەردەیی و دوور لە تەریقکردنەوە و شکاندنەوە پێیان بڵێن.
- هەمیشە چاکەکانیان بخەنە ڕوو، بۆ ئەوەی هانبدرێن و بەردەوام بن لەسەر چاکەکردن.
- پەڵە و لەز نەکەن لە بڕیاردان.
- خۆیان ئاشناکەن بە شێوازە پەروەردەییەکان.
- بیر لە تۆڵەسەندنەوە و شکاندنەوەی نەوەکانیان نەکەن.
- مەبەست لە سزادان، ڕاستکردنەوە بێت نەک شکاندنەوە.
- خۆشەویستی ببێتە بەردی بناغەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ منداڵەکانیان.
سەرچاوەکان
1254 بینین