نادیدەگرتنی هەستەکانی منداڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-09-01:10:00 - کۆدی بابەت: 2104
نادیدەگرتنی هەستەکانی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

نادیدەگرتنی هەستەکانی منداڵ

منداڵ وەک هەر مرۆڤێکی دیکە، خاوەنی هەست و سۆزە، بگرە بوونەوەرێکی زۆر هەست ناسکە! بۆیە دەبێ لە دەربڕینی هەست و سۆزەکانیدا ئازاد بێت و لەلایەن دایک باوکی یان کەسوکاری، دەمکوت نەکرێت یان هەستەکانی فەرامۆش نەکرێن، مخابن! هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە نادیدەگرتنی هەست و سۆزەکانی منداڵ.

هۆكارەكانی

ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • لاوازی ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری دایک و باوک.
  • هەست نەکردن بە بەرپرسیارییەتی.
  • بێباکی و خەمساردی.
  • لەبەرچاو نەگرتنی کەسایەتی منداڵ.
  • هەڵچوون و تووڕەیی.
  • گرنگی نەدان بە بەهرە و تواناکانی منداڵ
  • چاولێکەری.
  • ئاشنا نەبوون بە بنەما زانستی و پەروەردەییەکان.
  • نەخوێندنەوەی منداڵ و بەهەڵە سەرەدەریکردن لەگەڵ هەست و سۆزەکانی.

زیانەکانی ئەم هەڵەیە

ئەڵبەتە ئەگەر دایک و باوک، بە شێوەیەکی زانستییانە و بابەتییانە سەرەدەری لەگەڵ هەست و سۆزەکانی منداڵ نەکەن. چەندین زیانی گەورەی لێ دەکەوێتەوە، لەوانە:

  • منداڵ دووچاری کۆمەڵێک گرێی دەروونی دەبێتەوە.
  • هەست و سۆزەکانی منداڵ بە شێوەیەکی ئاسایی گەشە و نەشونما ناکەن.
  • منداڵ دەبێتە کەسێکی گۆشەگیر و دوورەپەرێز.
  • منداڵ ناتوانێ خۆی لەگەڵ ژینگەی دەوروبەر و هاوڕێیانی بگونجێنێت.
  • لە ئەرک و کارەکانیدا ڕووبەڕووی کێشەی جددی دەبێتەوە.
  • لە ژیاندا کەسیکی سەرکەوتوو نابێت.
  • کێشە و کەلێن و درز دەکەوێتە نێوان دایک و باوک و منداڵ.
  • هەستەکانی مندال بریندار دەبن.
  • منداڵ لە خۆشی و شادییەکان بێبەش دەبێ.
  • مندال لە ژیانیدا دەبێتە کەسیکی هەستیار و خەمۆک، هەروەها زوو زوو هەڵدەچێت.
  • منداڵ لە ئایندەدا، دووچاری گۆشەگیری و دوورەپەرێزی دەبێتەوە.
  • کۆمەڵگە لە توانای ئەم جۆرە منداڵانە بێبەش دەبێت.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

ئەرکی دایکان و باوکانە ڕێز لە هەس و سۆزی منداڵەکانیان بگرن و دەرگەتی ئەوەیان پێ بدەن، کە بە شێوەیەکی ئازاد گوزارش لە هەست و سۆزی خۆیان بکەن، بۆ هێنانی دی ئەم مەبەستەش پێویستە ئەم هەنگاوە گرنگانە بنێن:

  • پێویستە دایکان و باوکان، کەشوهەوایەکی پڕ لە سۆز و خۆشەویستی لە ناو خێزاندا بڕەخسێنن، بۆ ئەوەی مندال لە دۆخێکی تەندروستدا گەشە بکات.
  • پێویستە خۆ لە بەکارهێنانی هەموو جۆرە توندوتیژییەک بپارێزن.
  • پێویستە کێشەکانیان لە ڕێگەی دانوستاندنەوە چارەسەر بکەن.
  • دەبێ دایک و باوکەکان بزانن بە چ شێوەیەک سەرەدەری لەگەڵ هەست و سۆزەکانی منداڵەکانیان بکەن.
  • دەبێ منداڵ بە ئازادی گوزارشت لە هەست و سۆزەکانی خۆی بکات.
  • دەبێ دایک و باوکەکان گوێ لە منداڵەکانیان بگرن و هەست و سۆزەکانیان بە هەند وەربگرن.
  • دەبێ دایک و باوکەکان بزانن کە نادیدەگرتنی هەست و سۆزەکانی منداڵ چ زیانێکی بۆ خودی منداڵ و خێزن و کۆمەڵگە هەیە.
  • دەبێ دایک و باوکەکان ئاشنا بن بە بنەما زانستی و پەروەردەییەکان.
  • دەبێ دایک و باوکەکان بە شێوەیەکی ئارام و دوور لە توندوتیژی سەرەدەری لەگەڵ منداڵ بکەن.
  • دەبێ دایک و باوکەکان خۆیان لە تۆڵەسەندنەوە و ناکۆکی و کێشە و بگرە و بەردەکانی ناو خێزان بپارێزن، بە تایبەتی لە پێش چاوی منداڵەکانیان.
  •  


سەرچاوەکان



811 بینین