پاپا ئەربانی دووەم

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-15-20:58:00 - کۆدی بابەت: 2277
پاپا ئەربانی دووەم

ناوه‌ڕۆك

پاپا ئەربانی دووەم

کەم کەس هەیە پاپا ئەربانی دووەمی بیستبێت، لەگەڵ ئەوەشدا کەم کەس هەیە ئەوەندەی ئەو کاریگەر بووبێت بۆ سەر مێژووی مەردووم. چونکە هەر ئەو بوو کە بانگەوازی جەنگی خاچەکانی Crusades لە نێو جیهانی دیاندا بڵاوکردەوە بۆ ڕزگارکردنی گۆڕی عیسا.
پاپا ئەربان ساڵی ١٠٤٢ز لە نزیک شاری (تشایڵون سەرمارن) لە فەڕەنسا لەدایک بووە، لە بنەماڵەیەکی خانەدان و ناوداری فەڕەنسا هاتۆتە خوارەوە. بەشێکی زۆری لە خوێندن و ڕۆشنبیری وەرگرتووە. بەر لەوەی بە پاپا هەڵبژێررێت لە ڕۆما ساڵی ١٠٨٨ز بۆ ماوەیەک کاردیناڵ بووە.
پاپا مەردێکی بەیارا و کاریگەر و سیاسیمەند بوو، جا وەنەبێت پلەی پاپایی بووبێتە هۆ و ڕێخۆشکەرێک بۆ ئەوی بخرێتە ڕیزی ئەو کەسە کاریگەرەکانی مێژووەوە، بەڵکو ئەو کارە گرنگانەی کە گێڕآی لە هەژاندنی گەل و کۆمەڵدا.
سەرەتای دەست پێکردنی لە کۆڕێکی کەنشتەدا بوو کە لە شاری (کلێرمۆنتی) فەڕەنسایی گێڕای لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ١٠٩٥ز دا. لەوێ بەرامبەر بە هەزاران کەس ووتارێکی خوێندەوە، گڕ و سۆزێکی وەهای خستە ناویانەوە کە بۆ چەند نەوەیەکی دوای خۆشی هەر کاریگەر بێت.

لەو سوخەنڕآنەیدا هاواری دەکرد تورکە سەلجوقییەکان خاکی پیرۆزیان پێشێل کردووە و شوێنەوارە پیرۆزەکانی دیانیان کردۆتە وێرانە، تەنگ بە دیانەکان هەڵدەچنن و شەڕیان پێدەفرۆشن. بەم ڕەفتار و شێوازە... هانی هەموو جیهانی دیانی ئەدا کە بەشداری بکەن لەو جەنگە پیرۆزە، واتە بە هەڵمەتی خاچیی نەبێت خاکی پیرۆز هەرگیز ڕزگار ناکرێت و ناگەڕێتەوە دەست دیانان. بەڵام پاپا ئەربان کە زۆر زارا و زرنگ بوو لە بانگەوازەکەیدا هەر تەنها لایەنە ئاینییەکەی نەگرتبوو، بەڵکو هاواری ئەوەیشی دەکرد کە خاکی پیرۆز زۆر زەنوێر و بەپیت و سامانە، بگرە زۆر لە خاکە پڕ دانیشتوانەکەی ئەوروپا بە سامانترە. ئینجا لە دواییدا ئاشکرای کرد کە ئەوەی بەشداری لە جەنگی خاچەکان بکات ئەوا ئەو جەنگە دەبێتە باڵا گەردانی و پۆشاکێک بۆ ئەو گوناهانەی کە کردوویەتی. ئا بەم جۆرە جەنگاوەرە خاچەکانی دڵنیا کرد لەوەی کە لە هەموو گوناهێکیان پاک دەبنەوە و خودای مەزنیش دەیانبەخشێت.

پاپا بەو ووتارەی خرۆش و بزێویی خستە نێو گەلەوە، بە ڕآدەیەک هێشتا لە ووتارەکەی نەبووبووەوە، هەموو بە یەک دەنگ هاواریان دەکرد کە (ئەمە فەرمایشت و ئارەزووی خودایە). هەر بە بانگەواز و هاوارە دەستبەجێ دەنگی زوڵاڵی جەنگی خاچ بەرز بووەوە. هەر ئەوەندەیشی نەبرد لە ماوەی چەند مانگێک ڕآ جەنگاوەران ئامادەکران و هێرشیان خۆشکرد بەرەو جەنگ بەڕێ کران. لەو جەنگە دوور و درێژەدا چەند هەڵمەتێکیان بە ئەنجامدا کە دەگەیشتنە نزیکەی هەشت هەڵمەتی سەرەکی و چەند هەڵمەتێکی لابەلایش.

لە ساڵی ١٠٩٩ز لە یەکەمین هەڵمەتی خاچەکاندا توانیان بارەگای پیرۆز داگیر بکەن و بچنە ناویەوە بەر لە دوو هەفتەی سەرکەوتنیان پاپا ئەربان مرد و ئەو مزگێنییەی پێ نەگەشت.

لێرەدا گەر لەو جەنگە خاچانە بکۆڵینەوە سەیر دەکەین کە هەروەک جەنگەکانی تری مێژوو وایە، لە کاتی ڕآستەوخۆی بۆ سەر بەشداران دانیشتووە شارییەکان و تووشبوونیان بەو جەنگانەوە.

بە هەر چۆن بێت بایەتە ئەوە بزانین کە جەنگی خاچەکان کارێکی باڵا و گرنگی گێڕا لە نزیکاندن و ئاشناییەکی ڕآستەخۆ بۆ ئەوروپای ڕۆژئاوا لەگەڵ ژیاری بیزەنتی و ئیسلامی کە زۆر پێشکەوتووتربوون لە ئەوروپای ڕۆژئاوای ئەو سەردەمە.
هەر ئەم نزیک بوونەوەیەش بوو کە بووە هۆی چەڵاندن و ڕاژەنینی ڕاپەڕین لە ئەوروپادا کە لێوەبڕا بووە هۆی بوژاندنەوە و گوشادییەکی سەرانسەر لە ژیاری ئەوروپای نوێدا.
گەر ڕابیری خۆمان بکەینەوە بۆمان دەردەکەوێت کە جنەگی خاچەکان هەرگیز نەدەبوو گەر وێزە و هاندان و پالپێزی پاپا ئەربانی دووەم نەبوایە، هەر ئەو دەمەیش زۆر لەبار و گونجاو بوو بۆ پاپا چونکە ئەگەر ئیمپراتۆرییەتی ئەڵمانیا ئەم کارەی بکردبایە لەوانەبوو هیچ کەسێک لە ئەورووپای ڕۆژاوادا دوای نەدەکەوت. جا تاکە مەردێکی بوێر و ئازا کە شیاو بوو بەم کارە گرنگە هەستێت و مەبەستەکەی سەرکەوتووانە بخاتە گەڕ بە نێو گشت پاشا و میرانی ئەوروپادا.. پاپا ئەربانی دووەم بوو.


سەرچاوەکان



444 بینین