ڕآهێنانی گفتوگۆ کردن بۆ زیادکردنی توانای کۆمەڵایەتی

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-17-22:20:00 - کۆدی بابەت: 2341
ڕآهێنانی گفتوگۆ کردن بۆ زیادکردنی توانای کۆمەڵایەتی

ناوه‌ڕۆك

ڕآهێنانی گفتوگۆ کردن بۆ زیادکردنی توانای کۆمەڵایەتی

یەکێک لە گرنترین ڕێگاکانی چارەسەری کێشە و گیر و گرفت، ڕێگای گفتوگۆکردنە، بۆ ئەوەی لە کاتی چارەسەر کردنی ئەو کێشە و گیر و گرفتانەی کە دێنە پێشمان پەنا بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی نەبەین، پاشآنیش پەشیمان ببینەوە، پێویستە ڕێگای گفتوگۆکردن بگیرنەبەر، چونکە بە هۆی گفتوگۆکردن دەتوانین هەموو بۆچوونە جیاوازەکانمان گوێ لێبێت و هەموو کەسێک بەهۆیەوە بیر و بۆچوونەکانی بخاتەڕوو، بەڵام ئەگەر هاتوو ئەم ڕێگایەمان هەڵنەبژارد، واتە گفتوگۆمان لەگەڵ یەکتریدا نەکرد و گوێمان بە بیر و بۆچوونی یەکتری نەدا، ئەوا کێشەکان قووڵتر دەبن و دوورکەوتنەوەکان زیاتر دەبن، بەمەش دۆزینەوەی چارەسەر سەختتر دەبێت.
جا گفتوگۆ کردن لە هەر بوارێکدا یان لە نێوان هەر جۆرە گروپێکدا بێت، لە نێوان ئەندامانی خێزان بێت یان لەگەڵ برادەر و هاوڕێ دابێت یان لەگەڵ هاوکارانی ئیش و کاردا بێت ...هتد، دەبێتە هۆی دروست بوونی پەیوەندییەکی بەهێز لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە، بە تایبەتی لە نێوان خێزان، چونکە هەر وەکو لە سەرەتاوە باسمان کرد، دروست بوونی تاکێکی دروست، دەبێتە هۆی دروست بوونی خێزانێکی دروست، دروست بوونی خێزانێکی دروست، دەبێتە هۆی دروست بوونی کۆمەڵگایەکی دروست، دەتوانم بڵێم پێچەوانەشی هەر ڕآست دەبێت.
چونکە کاتێک مرۆڤ بە تایبەت منداڵ لە خێزانێک گەورە بێت، ئەگەر ئەو خێزانە گفتوگۆکردن بنەمای لێک تێگەیشتنیان بێت، دەبێتە هۆی ئەوەی متمانەی بە خۆی هەبێت، هەروەها هەست بە بوون و سەربەخۆیی خۆی بکات، دەتوانێت لە ناو خەڵک هەست بە گرنگی خۆی بکا، بیر و بۆچوونی خۆی بڵێ، داوای مافی خۆی بکا ...هتد، بەڵام ئەگەر هاتوو خێزانەکە بڕوایان بە گفتوگۆ کردن نەبوو لەگەڵ یەکتری لە کاتی هەبوونی کێشە، ئەوا تاکەکانی یاخود ئەندامەکانی ئەو خێزانە، هەست بە متمانە و سەربەخۆیی خۆیان ناکەن و کەسایەتییان لاواز دەبێت، هەروەها ناتوانن جێگە و پلە و پایەی خۆیان لە کۆمەڵگا دەست نیشان بکەن.

هەنگاوەکانی ڕاهێنانی گفتوگۆکردن

هەنگاوی یەکەم

- سڵاو کردن
- ووردە قسەکردن
- بڕیاردان بۆ ئەوەی بزانی ئەو کەسەی قسەی لەگەڵ دەکەی ئاگاداری قسەی تۆیە یان نا
- بابەتەکە باس بکە

واتە هەموو هەنگاوەکانی ڕآهێنانی دەسپێکی قسەکردن ئەنجام دەدەین، کەوا کلیلی ئەنجامدانی هەر گفتوگۆیەک لە دەسپێکی قسەکردن دەست پێ دەکات.

 


هەنگاوی دووەم

پرسیار دەربارەی بۆچوونی کەسی بەرامبەر بکە، واتە بۆ ئەوەی لە بیر و بۆچونی کەسی بەرامبەر تێبگەی و زانیاری لێ وەرگری، پێویستە پرسیاری لێ بکەی و بە قسەی بهێنی.


هەنگاوی سێیەم

گوێ گرتن

واتە کاتێک پرسیار لە کەسێک دەکەی، بۆ ئەوەی بزانی بیر و بۆچوونی چییە لەسەر بابەتێک و بە قسەی دەهێنی، پێویستە گوێێ لێ بگری، لێرەدا هەموو هەنگاوەکانی ڕاهێنانی گوێ گرتن ئەنجام دەدەی، کە بریتییە لە:

- تەماشای چاوی ئەو کەسە بکە کە قسە دەکات و بە هەموو لەشت ڕووی تێبکە.

بیربکەوە بۆ ئەوەی بزانی چی دەڵی و بە ووشەی بەڵێ یان ڕاست دەکەی یان وایە یا بە سەر لەقاندن لەگەڵی بەردەوام دەبی.

- چاوەڕێی نۆرەی خۆت بکە و قسەی پێ مەبڕە.

- بۆچوونی خۆت بڵێ.


هەنگاوی چوارەم

پرسیاری زیاتر بکە

واتە بۆ ئەوەی زیاتر لە بابەتەکە تێبگەی و زانیاری زیاتر بەدەست بهێنی، پێویستە پرسیاری زیاتر بکەی، بەڵام بە مەرجێک پەیوەندی بە بابەتەکەوە هەبێت و دوورنەکەویەوە لە بابەتەکە.


هەنگاوی پێنجەم

کۆتایی بە گفتوگۆیەکە بێنە

واتە بە شێوەیەکی پۆزەتیڤ کۆتایی بە گفتوگۆکردنەکە بهێنە، بەڵام لەوانەیە لە هەنگاوی دووەم تاوەکو هەنگاوی چوارەم، چەند جارێک پرسیارکردن و گوێ گرتن لە نێوان ئەو دوو کەسە دووبارە ببێتەوە کە گفتوگۆ لەگەڵ یەک دەکەن، بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێک، لەوانەیە هەندێجاریش ڕێکەوتن ڕوونەدات و پێویستی بە چەند جارێک گفتوگۆ کردن هەبێت، بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن.


تێبینی

زۆر گرنگە کۆتایی هەموو ڕاهێنانەکانی توانای کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی پۆزەتیڤ کۆتایی پێ بێت، واتە مەرج نییە ئەوەی هاتو گفتوگۆی لەگەڵ کردی لەسەر هەر بابەتێک و هەر جۆرە داوایەکی هەبوو، تۆ بڵێی باشە بەسەرچاو، بۆ ئەوەی بڵێی بە شێوەیەکی باش ڕاهێنانەکەم ئەنجام داوە یان بە شێوەیەکی پۆزەتیڤ کۆتاییم پێ هێناوە، نا لەوانەیە لەگەڵ بیر و بۆچوونی کەسی قسەکەر نەبی، یان ئەو داوایەی هەیەتی بۆی جێ بەجێ نەکەی، بەڵام زۆر گرنگە بە شێوەیەکی زۆر جوان و ڕێک و پێک کۆتایی بە گفتوگۆکردنەکە بێنی.


سەرچاوەکان



3075 بینین