چۆنیەتی هەڵس و کەوت کردن لەگەڵ ئەو کەسانەی زوو تووڕە دەبن و تووندوتیژن

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-17-23:22:00 - کۆدی بابەت: 2343
چۆنیەتی هەڵس و کەوت کردن لەگەڵ ئەو کەسانەی زوو تووڕە دەبن و تووندوتیژن

ناوه‌ڕۆك

چۆنیەتی هەڵس و کەوت کردن لەگەڵ ئەو کەسانەی زوو تووڕە دەبن و تووندوتیژن

پێویستە هەمووما ئەو ڕاستییە بزانین، کاتێک باسی کەسێک دەکەین کە زوو زوو توڕە دەبێ و ناتوانێت کۆنترۆڵی خۆی بکات لە کاتی تووڕەیی، ئەوا ئێمە وەکو خزم و کەس و دۆست و برادەر بەشدارین لە دروست کردنی (٥٠٪)ی تووڕە بوونەکەی، بە بێ ئەوەی هەڵەی کەسی تێدابێ یان کەس تووڕەی کردبێ.
دەتوانین بە ئاسانترین شێوە وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، بەوەی تەنها بەو کەسە بڵێن تۆ زوو هەڵدەچی یان زوو تووڕە دەبی، یان کاکە تۆ کەڵکی قسەکردنت نیە و تووڕە دەبی ...هتد. زۆر دووبارە کردنەوەی ئەو ووشانە لەگەڵ ئەو کەسانەی زوو تووڕە دەبن و ناتوانن کۆنترۆڵی خۆیان بکەن لە کاتی تووڕەیی، بە بێ ئەوەی ئێمە مەبەستمان بێ توڕەی بکەین، یان بە بێ ئەوەی هەستی پێبکەین، ئەوا ئەو کەسە ڕاهێنانی پێدەکەین کەوا زوو تووڕە بێ و توانای کۆنترۆڵ کردنی توڕەیی نەبێت لە کاتی توڕەبوندا.
بۆیە لەوانەیە ڕۆژانە ئەو کەسانە ببینین کە توڕەن و دەیانوێت خۆیان کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام بەهۆی دووبارە بوونەوەی ووشەی تۆ کەسێکی توڕەی کەڵکی قسەکردنت نییە، متمانەی بە خۆی نامێنێت و هەردەم ئامادەیە وەکو بۆمبێکی تەوقیت کراو بتەقێتەوە و کۆنترۆڵی خۆی نەکات لە کاتی تووڕەیی، بەڵکو دێتە ئەو بڕوایەی کەوا ڕاستە ئەو ناتوانێت توڕە نەبێ و توندوتیژی بەکار نەهێنێت، بۆیە دەبینین کاتێک گفتوگۆیەک دەکات، هەرکاتێک نەگەیشتە ئەو ئامانجەی کە ئەو مەبەستیەتی یان ئەو داواکارییەی کە هەیەتی و بەدەستی نەهێنێ، ووشەی کاکە بە خۆم کەسێکی عەسەبی و توڕەم کەڵکی قسەکردنم نییە، یان کاکە قسەم ئەوەندە لەگەڵ مەکە با توڕە نەبم ....هتد بەکار دەهێنێ.
بۆیە سەرەتا پێویستە وازبهێنین، لەوەی بەو کەسانەی کە زوو تووڕە دەبن بڵێین، تۆ کەسێکی توڕە و عەسەبی، تاوەکو لەو بارە دەروونییە نەگەتیڤەی تیایدایە ڕزگاری بێت، بەمەش دەتوانین لە (٥٠٪) کێشەی چارەسەر بکەین، ئەوەی دەمێنێ لە (٥٠٪)ی کێشەکەیە، ئەمیش بە ڕاهێنانێکی تەکنیکی کۆنترۆڵی توڕەیی و ئەنجامدانی بە شێوەکەی ڕۆژانە دەتوانین ئەو کەسە فێر بکەین خۆی کۆنترۆڵ بکات لە کاتی توڕەیی.

هەنگاوەکانی ڕاهێنانی چۆنیەتی هەڵس و کەوت کردن لەگەڵ ئەو کەسانەی زوو تووڕە دەبن و توندوتیژن

هەنگاوی یەکەم

گوێ بگرە لەو کەسەی کەوا تووڕە بووە.

واتە بۆ ئەوەی بتوانی لە کەسێک تێبگەی و بزانی بۆچی تووڕە بووە، سەرەتا دەبێ گوێی لێ بگری، ئەمیش بە ئەنجامدانی هەموو هەنگاوەکانی ڕاهێنانی گوێ گرتن، کەوا لە ڕاهێنانی یەکەمی توانای کۆمەڵایەتی باسمان کرد.

هەنگاوی دووەم

هەوڵبدە بۆ ئەوەی بزانی ئەو کەسەی تووڕە بووە چی دەڵێ و هەست بە چی دەکات.

هەر وەکو لە هەنگاوی یەکەم باسمان کرد، ئەگەر بێت و بە شێوەیەکی دروست گوێمان لەو کەسە گرت، کەوا تووڕە بووە، ئەوا دەتوانین بزانین چی دەڵێ و هەست بە چی دەکات، بە تێگەیشتنی دەتوانین ڕێگا چارەی گونجاو بۆ نەهێشتنی توڕەبوونەکەی بدۆزینەوە.

هەنگاوی سێیەم

بڕیار بدە، بۆ ئەوەی بزانی دەتوانی چی پێ بڵێی یان چی بۆ بکەی،، بۆ ئەوەی لە تورەبوونەکەی ڕزگاری بێ.

واتە دوای تێگەیشتن لەو کەسە پێویستە بڕیار بدەی بە چ شێوەیەک دەتوانی یارمەتی بدەی جا بە قسەکردن بێت لەگەڵی، یان بە کردەوە بێ بۆی، بۆ نموونە: دەتوانی ئامۆژگاری بکەی یان کێشەی لەگەڵ کەسێکە دەچی لەگەی بۆ لای کەسەکە، بۆ ئەوەی کێشەکەی چارەسەر بکەی و ڕێگای گفتوگۆی نیشان بدەت.

هەنگاوی چوارەم

ئەگەر توانیت لەگەڵ ئەو جۆرە کەسانە هەڵس و کەوت بکەی، ئەوا بەردەوام بە، بۆ ئەوەی توانای کۆمەڵایەتیت بەهێز بێ.

واتە بە هەڵس و کەوت کردن لەگەڵ ئەو کەسانەی زوو تووڕە دەبن و خۆ ڕاگرتن بەرامبەر بەو جۆرە کەسانە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی توانای کۆمەڵایەتی.

 

تێبینی

زۆر گرنگە کۆتایی هەموو ڕاهێنانەکانی توانای کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی پۆزەتیڤ کۆتایی پێ بێت، واتە ئەگەر سەرکەوتووش نەبووی لەگەڵ کەسێک، بێ ئومێد مەبە، لەوانەیە جارێکی تر لەگەڵ کەسێکی تر سەرکەوتوو بی، بەمەش بەرە بەرە گەشە بە تواناکانی خۆت دەدەی.


سەرچاوەکان



2369 بینین