قۆناغی ڕاگواستنی کوردەکان لە سەردەمی پاشایەتی

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-19-22:15:00 - کۆدی بابەت: 2407
قۆناغی ڕاگواستنی کوردەکان لە سەردەمی پاشایەتی

ناوه‌ڕۆك

قۆناغی ڕاگواستنی کوردەکان لە سەردەمی پاشایەتی

(١٩٢٥ - ١٩٥٨)

ئەم قۆناغە هەموو سەردەمی پاشایەتی دەگرێتەوە، بە تایبەتی لەو کاتەی کە ویلایەتی موسڵ بە عێراقەوە لکێنرا، بە ڕۆژگارێکی نا ئارام دادەنرێت، کە سیستەمی حوکمڕانی و باری ئاسایشی گشتی و ئیداری عێراق لە قۆناغەکانی سەرەتایی بوو پلان و بەرنامەی کاری نەبوو بەڵام کرداری بەعەرەبکردن و ڕاگواستنی کورد وەک پێوسیتیەکی ڕەگەزپەرستی و لەسەرخۆ بوو بەڵام بە پێی بەرنامە و پلانی دارێژراو. لە ڕووی جوگرافیش ڕووبەرێکی کەمی گرتۆتەوە. هەروەها لەم قۆناغە گەورەترین شاڵاوی ڕاگواستنی کوردە فەیلییەکان بەڕێوەچوو لە دووای دەرچوونی یاسای ڕەگەزنامەی عێراقی (قانون الجنسیة العراقیة) کە بە ڕەچەڵەکی ئێرانیان دادەنان. ساڵی ١٩٣٢ لە چوارچێوەی سیاسەتی ناڕاستەوخۆی بەعەرەبکردن بڕیاری ژمارە (٥٠)ی تایبەت بە ڕێکخستنی مافی زەوی و زار دەرکرا. کە ساڵی ١٩٣٨ گۆڕدرا بە یاسای ژمارە (٢٩). لەم یاسایە مافی خاوەنداریەتی بە ڕەسمی درا بەو هۆز و بنەماڵانەی نیشتەجێی ئەو زەویانە کە لەسەری دەژین. بە پێی ئەم یاسایە خاوەنداریەتی و تاپۆکردنی زەویە کشتوکاڵیەکانی کوردی گرتەوە، کە چەندین هۆز و عەشیرەتی کۆچەری عەرەب لە ناوچە کوردیەکان نیشتەجێکران، بە تایبەتی لە ناوچەکانی خوارووی ڕۆژئاوای کەرکوک و دەشتی قەراج و کەندێناوە و گوێڕ و زەممار. بە پێی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق لە ڕۆژی (١١/٥/١٩٥٨) دەرچووە، دەرکەوتووە لە نێوان ساڵانی (١٩٤٧ - ١٩٥٧)، لیوای کەرکوک (٢٨٠٠) کەس و لیوای موسڵ (١٧٠٠) کەسی بۆ ڕەوانەکراوە، کە زۆربەیان پێدەچێت لە لیوای عەممارەوە هاتنبن. 
پرۆژەی حەویجە کە لە ساڵی (١٩٣٦) دەستپێکرد و (١٩٤٠) تەواوبوو. بە تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە چەندان هەزار ماڵە عەرەبی کۆچەری هێنرانە ناوچەکە، بە پانتایی ئەو زەویانەی لە پڕۆژەکە سوودی لێبێنیوە بۆ نیشتەجێکردن. ژمارەی ئەو عەرەبانەی لەم ناوچەیەدا نیشتەجێکران، بە پێی ئاماری ١٩٥٧ گەیشتۆتە (٢٧٧٠٥)کەس، لە (٢٢٨) گوندی نوێدا. بە هەمان شێوە ساڵی ١٩٥١ لە پرۆژەی مەخمور لە (٥٠ - ١٠٠ دۆنم) زەوی بەسەر (٧٠) خێزانی عەرەبدا دابەشکرد.
نیشتەجێکردنی هۆز و خێڵە کۆچەرییە عەرەبییەکان لە ناوچە کوردییەکاندا، بە زۆری ئەو ناوچانەی گرتووتەوە کە سنووری بەیەک گەیشتن پێکدەهێنن لە نێوان کوردستان و ویلایەتی بەغدا، بەرەو قوڵایی خاکی کوردستان، هەر لە خانەقین و مەندەلی یەوە بۆ دووز و خوارووی کەرکوک و خوارووی مەخمور تا دەگاتە شەنگال، لە ناوچەی شەنگال هەر لە  ساڵانی پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق هەزاران و رەوەندی هۆزی کۆچەری (شەمەر و عبیدە و ‌‌طي) نیشتەجێکران، ئەم پرۆسەیە لە دوای دامەزراندنی دەڵەتی عێراقیش هەر بەردەوام بوو.
بێگومان نیشتەجێکردنی هۆز و خێڵە عەرەبییەکان لە ناوچە کوردییەکاندا باری دیمۆگرافی دانیشتوانی لە ڕووی پێکهاتەی  نەتەوەیی بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕیوە. جگە لەمانە بە هۆی دامەزراندنی پیشەسازییە پەتڕۆلیەکانی کۆمپانیای نەوتی عێراق، لە شاری کەرکوک چەندین گۆڕانی دیمۆگرافی و نەتەوەیی بەسەر ناوچەکە داهێنا. چونکە کۆمپانیاکە ژمارەیەکی زۆری کرەکاری عەرەبی لە پارێزگاکانی دیکەوە هێنایە پارێزگای کەرکوک و نیشتەجێکران. چەندەها گەرەکی نوێ لە شاری کەرکوک دروستکران، وەک گەرەکی (عەرەفە) (کرکوک الجدیدة).


سەرچاوەکان



873 بینین