قۆناغی ڕاگواستنی کورد لە سەردەمی دوای کودەتاکەی حەرەس قەومیەکان

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-19-23:02:00 - کۆدی بابەت: 2409
قۆناغی ڕاگواستنی کورد لە سەردەمی دوای کودەتاکەی حەرەس قەومیەکان

ناوه‌ڕۆك

قۆناغی ڕاگواستنی کورد لە سەردەمی دوای کودەتاکەی حەرەس قەومیەکان 

(١٩٦٣-١٩٦٨)

ئەم قۆناغە لە دوای کودەتاکەی حەرەس قەومیەکان دێت کە بەسەرکردایەتی (عەبدولسەلام محەمەد عارف) لە (٨)ی شوباتی ١٩٦٣ لە دژی عەبدولکەریم قاسم ئەنجامدرا. ئەم دەسەڵاتە هەر لە سەرەتای دەست بەسەر داگرتنی دەسەڵات، هیچ پرۆژەیەکی ئەرێنانەی پێنەبوو، بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشەی کورد لە عێراق. لەم سەردەمەدا عەبدولسەلام محەمەد عارف کەوتە  پەیڕەو کردنی سیاسەتی یەکێتی عەرەبی (الوحدة العربیة) کە هەڵقوڵاوی بیروبۆچونی ڕەگەزپەرستیی نەتەوەیی بوو، بە پێکهێنانی حیزبێکی نوێ هەموو عێراق بگرێتەوە بە ناوی یەکێتی سۆسیالیستی عەرەبی (الأتحاد العربی الأشتراکي). لە هەمووی سەیرتر بانگەشەی (پارتی دیموکراتی کوردستان)ی کرد، کە لە چوارچێوەی ئەم پارتە نوێیەدا خۆی بتوێنێتەوە.
لەم قۆناغەدا پرسێکی سیاسی زۆر گرنگ هاتە ئاراوە، کە پەیوەندی بە پرۆسەی بەعەرەبکردنەوە هەبوو، ئەویش دەوڵەتی یەکگرتوی عەرەبی بوو (الجمهوریة العربیة المتحدة)، هەر سێ وڵاتی میسر و سوریا و عێراقی دەگرێتەوە. کوردیش لەلای خۆیەوە ئەم پرۆژەی بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر شوناسی نەتەوەیی خۆی دەزانی، چونکە لە کاتی دروستکردنی ئەم دەوڵەتە ڕەگەزنامەکان (الجنسیات) لە هەرسێ وڵاتدا دەگۆڕدرا، بۆ ڕەگەزنامەی عەرەبی. بۆ نموونە هاووڵاتی عێراقی، کە هەڵگری ڕەگەزنامەی عێراقییە، ئەوکات دەبوایە بگۆردرێت بۆ ڕەگەزنامەی عەرەبی نە لە دوور نە لە نزیک هیچ تایبەتمەندیەکی گەلی کوردیان بەهەند وەرنەگرت، چ لە ڕووی جیاوازی نەتەوەیی یا جوگرافییەوە. لە ئایاری (١٩٦٣) گفتوگۆی نێوان کورد و حکومەتی عێراقی گەیشتە بنبەست. هەر لە حوزەیرانی هەمان ساڵدا، هێرشی سەربازی حکومەت بۆ سەر شار و کوندەکانی کوردستان دەستیپێکرد. بۆ نمونە لە شاری سلێمانی قەسابخانەیەکیان ئەنجامدا کە (٢٨٠) دووسەد و هەشتا کەسی مەدەنی بێتاوانیان گوللەباران کرد. لە (٩ی تەمووزی ١٩٦٣) لە شاری کۆیە (٢٠) بیست کەس، پاش بەستانەوەیان بە ستوونی سەرشەقامەکان گوللەباران کران. حکومەت لەو سەردەمە کەوتە پەیرەو کردنی جینۆسایدکردنی گەلی کورد، بە دەرکردن و ڕاگوێزانی گوندە کوردییەکان و نیشتەجێکردنی ژمارەیەکی زۆری خێڵە کۆچەرییە عەربەکان لە جێگایاندا، بە تایبەتی لە پارێزگای کەرکوک و هەولێر. بۆ نمونە تەنیا لە پارێزگای هەولێر (٢٧) گوند بە زۆرەملێ چۆڵکران، بە پاساوی پاراستنی بیرە نەوەتەکانی ناوچەکە و نیشتەجێکردنی عەرەب لە جێگایان و پڕ چەک کردنیان و هاوکاری کردنی داراییان. 

ڕژێمی عێراق بۆ پەیڕەو کردنی سیاسەتی بە عەرەبکردن و ڕاگواستن دەستیکرد بە :

١- وێرانکردنی ئەو گوندانەی کە نزیک شاری کەرکوک بوون، بە تایبەتی ئەوانەی نزیک بیرە ناوتەکان، کە (١٣) گوند بوو، وەک (سۆنەگولی، یاروەلی، پەنجاعەلی، وەلی پاشا، قزل قایە، چیمەنی گەورە و چیمەنی بچوک، جەوەڵ بۆر، هەنجیرە، قوتان، قوشقانە، شۆڕاو و یاجوان).
٢- ڕاگواستنی هەموو کوردەکانی ناحیەی دوبز، پاشان ناوەکەی گۆڕدرا بۆ (دبس) و هێنانی عەشیرەتی کۆچەری عەرەبی (حدیدی) و نیشتەجێکردنیان، لە گوندەکانی (قەرەدەرە، عەمشە، مەرعی، قەڵا عەربەت، کتکە... هتد).
٣- دەرکردنی کرێکارە کوردەکان لە کۆمپانیای نەوتی کەرکوک. 
٤- گۆڕینی ناوی ناوەندەکانی خوێندن و شوێنە گشتییەکان لە کوردییەوە بۆ عەرەبی.

دەڤەری شەنگالیش لەم تاوانە بێبەش نەبوو، لە ساڵی ١٩٦٤ ڕووبەڕووی شاڵاوێكی دڕاندانەی توندی بە عەرەبکردن و ڕاگواستنەوە بوو. بۆ نموونە (١٣٢) گوندی دەڤەرەکە بەر ئەم شاڵاوەی ڕاگوێزان کەوتن و دانیشتوانەکەی لە (١١) ئۆردوگای زۆرەملێ کۆکرانەوە، کە بە ناوی زەقی عەرەبی ناونران، لەوانە (الأندلس، القحطانیة، العروبة، القادسیة، حطین، الولید، العدنانیة... هتد).


سەرچاوەکان



1551 بینین