سەرتاشینی منداڵ دوای لەدایکبوون

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-01-00:47:00 - کۆدی بابەت: 2747
سەرتاشینی منداڵ دوای لەدایکبوون

ناوه‌ڕۆك

سەرتاشینی منداڵ

یەکێک لە ئەحکامەکانی شەریعەتی پاکی ئیسلام بۆ منداڵی تازەبووی داناوە سوننەتە لە حەوتەم ڕۆژی لەدایک بوونیدا سەری بتاشرێ و مووەکەشی کێشانە بکرێ بە زیو، زیوەکەش بکرێ بەخێر و ببەخشرێ بە هەژار و نەدارەکان.

حیکمەت لەوەدا

دوو شتە:
یەکەم - حیکمەتی تەندروستی: لابردنی ئەو مووە سەری کۆرپەی تازە بوو دەبێتە هۆی بەهێزکردن و کردنەوەی کونی مووەکانی سەر و بەهێزکردنی هەستیاری بینین و بیستن.
دووەم - حیکمەتی کۆمەڵایەتی: بەقەد کێشی ئەو مووە زیو بەخشین سەرچاوە و کانیاوێکی ترە لەسەر چەشمەی کانیاوەکانی تری هاوبەرپرسێتی کۆمەڵایەتی، ئەوەش بۆ سەرکەوتن بەسەر هەژاریدا و سەلماندن و بەدیهێنانی دیاردەی یارمەتیدان و بەزەیی و پتەوکردنی ڕۆحی برایەتی و هاو بەرپرسیاریە لەناو کۆمەڵگەدا.

بەڵگەكانی سوننەتبوون

ئەو فەرموودانەی کە شەرعزانەکان کردویانە بەبەڵگە لەسەر ئەوەی کە سوننەتە سەری منداڵ بتاشرێ و بکێشرێ بە زیو، زیوەکەش بکرێ بە خێر ئەمانەی لای خوارەوەن:
جەعفەری کوڕی موحەممەد ڕەزای خوای لێ بێ لە باوکیەوە گێڕاویەتیەوە و فەرموویەتی: فاتمەی کچی پێغەمبەر (د.خ) مووی سەری حەسەن و حوسەین و زەینەب و ئوم کەلسومی بەزیو کێشانە کردوو دوایی کردی بە خێر و صەدەقە.
عبداللەی کوڕی ئەبوبەکر ڕەزای خوایان لێ بێ گێڕاویەتیەوە کە موحەممەدی کوڕی عەلی کوڕی حوسەین ڕەزای خوایان لێ بێ فەرموویەتی: پێغەمەری خوا (د.خ) مەڕێکی بۆ حەسەن کرد بە گوێزەبانە و فەرمووی: (یا فاطمة احلقي رأسە و تصدقي بزنة شعرە فضة قال فوزنتە فکان وزنە درهما أو بعض درهم) واتە: ئەی فاتمە سەری حەسەن بتاشە و بەقەد کێشانەی مووەکەی زیو ببەخشە بە هەژاران، ئەوە بوو فاتمە مووەکەی کێشا و ئەندازەی درهەمێک یان لە درهەمێک زیاتر دەبوو.
یەحیای کوڕی بەکیر گێڕاویەتیەوە کە ئەنەسی کوڕی مالیک ڕەزای خوای لێ بێ فەرموویەتی: پێغەمبەری خوا (د.خ) فەرمانیدا سەری حوسەین و حەسەن بتاشن لەڕۆژی حەوتەمی لەدایک بوونیدا، وە بەقەد کێشانەی مووەکانیان زیو ببەخشن.
بەڵام نابێت بەشێک لە سەری منداڵ بتاشرێ و بەشێکی بهێڵرێتەوە ئەوەش لە زمانی عەرەبیدا پێی دەوترێ (العقزع) چونکە ئەوە بەدەقی فەرموودە قەدەغە کراوە:
ئیبن عومەر ڕەزای خوایان لێ بێ گێڕاویەتیەوە و فەرموویەتی: (إن رسول اللە صلی اللە علیە وسلم نهی عن القزع) واتە: بێگومان پێغەمبەری خوا (د.خ) تاشینی هەندێکی سەری منداڵ و نەتاشینی هەندێکی تری قەدەغە کردووە.
ئەو قەدەغە کردنەش ئەم چوار جۆرانە دەگریتەوە:
١- سەری لێرە لەوێ بتاشرێ و پەڵە پەڵەی پێوە بمێنێتەوە.
٢- ناوەڕاستی بتاشرێ و ئەملاو لای بهێڵرێتەوە.
٣- ئەملاو لای بتاشرێ و ناوەڕاستەکەی ببهێڵرێتەوە.
٤- پێشی سەری بتاشرێ و بەشی دواوەی بهێڵرێتەوە.
ئیبن قەیم ڕەحمەتی خوای لێ بێ دەفەرموێ: ئەمانە هەموویان ئەوپەڕی خۆشەویستی خوا و پێغەمبەرەکەیەتی بۆ عەدالەت و دادپەروەری، چونکە خوای پەروەردگار فەرمانی بە دادپەروەری کردووە هەتا بە مسوڵمان بەرامبەر بە خودی خۆی، ئەوەتا خوای پەروەردگار قەدەغەی کردووە کە ئینسان بەشێک لە سەری خۆی بتاشێ و بەشێکی تری بهێڵێتەوە، چونکە ئەوە ستەمە لە سەری مرۆڤ دەکرێ هەندێکی سەری پۆشتەیە و هەنێکی تری ڕووت و قوتە.. وێنەی ئەمەش ئەوەیە کە پێغەمبەری خوا (د.خ) دانیشتنی ئینسان لایەکی لە سێبەردا بێ و لاکەی تریشی لەبەر هەتاوبێ قەدەغەکردووە، چونکە ئەمەش ستەمە بۆلایەکی جەستەی.. هەروەها وێنەی ئەمەش ئەوەیە کە پێغەمبەری خوا(د.خ) ئەوەی قەدەغە کردووە کە ئینسان بە تاکێ پێڵاوەوە هاتوچۆ بکات، بەڵکو دەبێ هەردوو پێڵاوەکەی لەپێ بکا ئەوکاتە بڕوا، یان هەردوو پێڵاوەکەی داکەنێ و بەپێی پەتی بڕوات.
لێرەدا هەندێ حیکمەتی تر هەیە: بەڕاستی پێغەمبەری خۆسەویست (د.خ) زۆر سووربووە لەسەر ئەوەی کە مسوڵمان لە کۆمەڵگەدا بەدیاردەیەکی جوان و ڕێکوپێک دەربکەوێ، هەموو جەستەی پاک و خاوێن بێ و بە هەیبەت بێ..
تاشینی بەشێک لە مووی سەر و نەتاشینی هەندێکی لەگەڵ ویقار و جوانی و کەسایەتی مسوڵماندا ناگونجێ، چونکە کەسایەتی و بیروباوەڕی مسوڵمان جیاوازە لە کەسایەتی و بیروباوەڕی نەتەوە و خەڵکانی گوناحکار و گومڕای میلەتانی تر.
بەڵام بەداخەوە زۆر لە دایکان و باوکان و پەروەردەکاران ئەو یاسایانەی ئیسلام نازانن و لێی بێ ئاگان، ئەگەر پێشیان بڵێی یان بۆیان باس بکەیت زۆر سەیر ئەبێت بەلایانەوە، چونکە پێیان نەگەیشتووە یان کەسیان نەدیوە جێبەجێی بکا و پەیڕەوی لێ بکا، مەگەر کەسێ کە پەروەردگار میهرەبانی لەگەڵ کردبێ.
ئەمەوێ بچپێنم بەگوێی ئەو جۆرە باوکانەدا بڵێم: نەزانی بەهانە نییە لە شەریعەتی ئیسلامدا، پێویستە لەسەر هەموو مسوڵمانێ کە شارەزای ئەحکامەکانی ئایین بێ و منداڵەکانی لەسەر پەروەردە بکات، ئەگینا لەو بەرپرسێتییە ڕزگاری نابێ لەو ڕۆژەدا کە خەڵک لەبەر بارەگای پەروەردگاری جیهانیاندا دەوەستن.
ئەو ئەحکام و یاسایانەی کە باسمان کرد هەیانە سوننەتە و هەشیانە موستەحەبە، پێویستە کاریان پێ بکرێ و پەیڕەویان لێ بکرێت بە گشتی لەناو ماڵ و منداڵ و کەس و کار و خێزانەکاندا..
چونکە بەڕاستی ئەگەر نەرمیمان نواند لە سوننەت و موستەحەبەکاندا و جێبەجێمان نەکردن، ئەو کاتە ئاسایی دەبێت بەلامانەوە فەرزەکانیش  ئەنجام نەدەین، بەڵکو پەیڕەوی ئیسلامیش ناکەین بەگشتی. لە کۆتاییدا مسوڵمانی ڕوکەش دەکەوێتە ناو داوی کوفر و گومڕایی و بێ باوەڕییەوە، دادەماڵرێت لە ئیسلام و ئایینەکەی!.
ئاگادار بن ئەی پەروەدەکاران دەست بگرن بەو ئەحکامانە و جێبەجێیان بکەن بەسەر منداڵەکانتاندا یەک لەدوای یەک، بۆ ئەوەی ڕەزامەنی خوا بەدەست بێنن و بۆ سەلماندنی ئیسلام و بەدیهاتنی گوفتار و بە کردەوە بەڵکو خوای پەروەردگار سەرکەوتووتان بکات بەسەر دوژمناندا و ئەو شکۆمەندی و ڕێزەی کە زەوتکراوە لە مسوڵمان بیگێڕنەوە، ئەوەش لای خوای پەروەردگار زۆر ئاسانە و قورس و گران نییە. 


سەرچاوەکان



57900 بینین