کرۆم

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-05-11:20:00 - کۆدی بابەت: 2963
کرۆم

ناوه‌ڕۆك

کرۆم چییە؟

کرۆم کانزایەکی ڕەقی ناسکە و لە بەرامبەر خوران و ڕزاندا زۆر خۆڕاگرە. ڕەنگەکەی سپییەکی زیویە و لە کاتی پاککردنەوەدا دەدرەوشێتەوە و گەیەنەرێکی خراپە بۆ گەرمی و کارەبا.
کرۆم وەکو کانزایەکی بێ گەرد و پاک لە سروشتدا نییە. بەڵکو لەگەڵ چەند کانزایەکی تردا تێکەڵە کە زۆربەیان ڕەنگیان درەوشاوەیە. بەڵام کرۆم لە کانزایەک دەردەهێنرێت کە ڕەنگەکەی ڕەشە و کێشی قورسە و ناوی (کرۆمیتە) کە خوێیەکی کرۆمیە. گەورەترین کانی کرۆمیش لە باشوری ئەفەریقیا و یەکێتی سۆڤێتی پێشوو و فلیپین و زیمبابۆی (رۆدیسیا) دایە.
زۆربەمان کرۆم دەناسین چونکە لە بیچمی ئۆتۆمبێلدا بەکار دەهێنرێت. بەڵام گرنگترین بەکارهێنانی کرۆم لە داڕشنی ئاسندایە. بەکارهێنانی هەندێک کرۆم لەگەڵ ئاسندا وا دەکات ئاسنەکە بەهێزتر و ڕەقتر و تەمەن درێژتر بێت.
کرۆم بەشێکی زۆر گرنگە کە نایەڵێت ئاسنەکە ژەنگ بهێنێت، بۆ نموونە لە پیشەسازی چەقۆ و کەوچک و قاپ و قاچاخ و بۆری ئاودا بەکار دەهێنرێت. لەگەڵ کەرەستە و کەلوپەلی شیرەمەنی و ئامێرە پزیشکیەکانیشدا. وەکو ڕوپۆشێکی درەوشاوە دەدرێت لە کەرەستە کانزاییە جۆراوجۆرەکان بۆ ئەوەی ژەنگ نەهێنن. 
ڕوپۆش کردنی تەنەکان بە کرۆم کردارێکە پێی دەوترێت (پلێت کردن بە کارەبا). یەکەمجار پلێت کردن بە کارەبا بۆ جوانکردن و پاراستنی کاتژمێر بەکارهێنراوە. لە ساڵی ١٩٢٥وە کۆمپانیایەکی دروست کردنی ئۆتۆمبێلیش دەستیان دایە پلێت کردن بە کرۆم. لە ئێستادا پیشەسازی ئۆتۆمبێل گەورەتریب بەکارهێنەری پلێت بە کرۆمە.
پارچەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە دەبێت زۆرترین تەمەن بکەن، بە زۆری بە کرۆم ڕوپۆش دەکرێن. ئەو پارچە ڕوپۆش کراوانەش دەتوانرێت بە بێ گریس و ڕۆن کردن ئیشیان پێ بکرێت.
مادەی کرومیت (خوێی کرۆم) لە خۆشەکردنی پێستە و بۆیاخی جلوبەرگدا بەکار دەهێنرێت. هەروەها زۆرێک لە تێکەڵەی ڕەنگاوڕەنگی کرۆمی لە بۆیاخ و کرێمدا بەکار دەهێنرێت.


سەرچاوەکان



1490 بینین