تاووس

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-09-23-15:42:00 - کۆدی بابەت: 3115
تاووس

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تاوس (بە عەرەبی: طاووس، بە ئینگلیزی: peafowl)، ناودەبرێت بە یەکێک لە جوانترین ئەو باڵندانەی کە لەسەر زەوی دەژین، زۆرجاریش نازناوی پاشای باڵندەکانی هەیە، بەڵام لەناو خەڵکدا کۆمەڵێک نازناوی دیکەی هەیە، وەک هێمای جوانی و خۆپەرستی و فشەکەری و لەخۆبایی، و تاووسەکان ڕەنگی زۆر جوان و سەرنجڕاکێشیان هەیە، نشینگەی بنەڕەتی ئەم باڵندەیە بریتییە لە وڵاتەکانی هێڵی کەمەرەیی، بە تایبەتی ئەوانەی کە دەکەونە کیشوەری ئاسیاوە لە هەمان کاتدا شێدار و گەرمیشن، وەک هیندستان و پاکستان و سریلانکا، هەندێکیان لانەکانیان لەسەر زەوییە و جۆرەکانی دیکە لە نێو دارەکاندایە، بەڵام لەبەر ئەوەی لە هەموو جیهاندا ناسراوە، ئەوا بە دەگمەن نەبێت لە هەموو باخچە ئاژەڵانەکاندا لە هەموو وڵاتەکاندا هەیە، لە مێژوویەکی دێڕینەوە مرۆڤەکان تاووسەکانیان دۆزیوەتەوە، و پاشا و خانەدانەکان بەهۆی جوانی ڕەنگەکانی و سەرنج ڕاکێشی شێوەکەی ئەم باڵندەیان ماڵی کردووە و گرنگییان پێداوە، بەڵام خۆی باڵندەیەکی کۆمەڵایەتییە بە کۆمەڵە پێکەوە دەژین ژمارەیەک نێرینە و مێینەن و یەکدی دەپارێزن، بۆیە ماڵی کردنیان بە تاک پەسەند نییە، جگە لە ئەوەی پلەی گەرمی دیاریکراو و دار و درەختی بەرزی پێویستە.

جۆرەکانی

تاووسەکان بە شێوەیەکی سەرەکی سێ جۆرن، جۆری هیندی یان تاووسی شینیشی پێدەوترێت لەگەڵ تاووسی سەوز و تاووسی کۆنگۆ، هەموو جۆرەکان لە ئێستادا مەترسی لەناوچونیان لەسەرە، بە تایبەتی تاووسە سەوزەکان بەهۆی لەدەستدانی نشینگە پەسەندەکانیان و ڕاوکردنی زۆرینەیان، هەروەها تاووسی سپیش هەیە کە لە ئەنجامی بازدانی بۆهێڵەکانەوە دروستبووە و ڕەنگی پەڕی کلکی تەنها سپییەکی سادەیە، بەڵام تاووسە هیندییەکان جوانترین و بڵاوترین جۆری تاووسەکانن.

شێوەی دەرەوەی

ئەو خاسیەتەی تاووسەکان کە لە هەموو تایبەتمەندییەکانی دیکەی باڵندەکان سەرنجراکێشترە، کلکە درێژە پەڕدارە ڕەنگاوڕەنگەکەیەتی، درێژییەکەی پێنج هێندەی درێژی جەستەی دەبێت کە تاووسە نێرینەکان ڕەنگەکەی زۆر زەق و سەرنج ڕاکێشە و هاوشێوەی پانکەیەکی گەورە بە دوایاندا بڵاویدەکەنەوە، و نمایشی دەکات لەپێشچاوی خەڵک، شێوازی جووڵە و ڕۆشتنی تاووسەکان لەخۆبایی بوون و خۆپەرستی و کەشخەیی دەردەخات، مێینەکان قەبارەیان بچووکترە لە نێرینەکان، کلکی کورتترە و ڕەنگی پەڕەکانیشی تێر و تۆخترە، کلکی مێینەکان جیاواز لە نێرینەکان پەڕی ڕەنگ زەق و کاڵ و کراوەی بە هیچ جۆرێک تێدا نییە، هەروەها تاووسەکان تێکەڵ بوون و ژیانکردن لەگەڵ جۆری دیکەی باڵندەکان ڕەتدەکەنەوە، و قاچەکانیان زۆر بەهێزن و چڕنوکەکانیشی تیژن، بۆ بەرگری کردن و هێرشکردن بۆ ڕاوچی و ئاژەڵە دڕندەکان بەکاریدەهێنێت، و هەستی بینینیشی بەهێزە، بە گشتی قەبارەی دەگاتە نزیکەی قەبارەی جەستەی کەڵەشێرێک، بۆ پەیوەندیکردن و ئاگادار کردنەوەی کۆمەڵەکەی دەنگێکی زۆر بەرزی بێزارکەری هەیە، لەبەر بەرزی و ناخۆشی دەنگەکەی ماڵی کردنی بێزارکەرە، هەروەها ئەم باڵندە توانای فڕینی نییە بۆ مەودای درێژ، و زۆرینەی جارەکان باڵەکانی بۆ بازدان لەسەر دارە بەرزەکان بەکاردەهێنیت.

خۆراک

باڵندەیەکی گۆشتخۆر و گیاخۆریشە، تاووسەکان بۆ ژەمەکانیان هەریەک لە تۆو و میوە و گژوگیا و گوڵ و مێروو و کرم و مێروولەی سپی و ماری بچووک دەخۆن، پێویستی بە خۆراکێکە دەوڵەمەند بێت بە پڕۆتین و کالسیۆم و ڕیشاڵ، ژمارەیەکی زۆری ئەم باڵندە لە هیندستان هەیە و لەو وڵاتەدا بە نەخۆشی کێڵگەکان ناودەبرێت، بە هۆی خواردنی بڕێکی زۆری بەرهەمە چێنراوەکانیان.

یەکگرتن و زۆربوون

بۆ کرداری یەکگرتن تاوسەکان فرە ژنن کە لە ژیانیاندا لەگەڵ زیاتر لە یەک مێینە یەکدەگرن و دەکرێت ٢-٥ مێینەی جیاواز بێت، بە گشتی لە تەمەنی ٣ ساڵیدا دەگەنە قۆناغی پێگەیشتن، و لە وەرزی بەهاردا یەکگرتن ئەنجامدەدەن، لەم کاتەدا نێرینەکان پەڕە ڕەنگدارەکانی بڵاودەکاتەوە و دەنگی جیاواز دەردەکات بۆ ڕاکێشانی سەرنجی مێینەکان، دوای یەکگرتن مێینەکان لەهەرجارێکدا ٤-٦ هێلکە دادەنێن، دوای یەک مانگیش بێچووەکان لە هێلکەکان هەڵدێن، و دواتر هەتا تەمەنیان دەگاتە ٤ مانگ لەگەڵ دایکەکەدا دەمێننەوە، هەتا کاتی گەشتنی تەمەنیان بە ١٠ مانگی گەشەکردنەکەیان تەواو دەبێت، و ناوەندە ڕێژەی تەمەنی تاووسەکان نزیکەی ١٥-٢٠ ساڵ دەبێت.


سەرچاوەکان



2464 بینین