ناوهڕۆك
ئەدەبی كلاسیزمی كوردی : شێوازی گۆران
سەرھەڵدان
ھەندێك لە شارەزایانی ئەدەبی كوردی لایان وایە، كە تێكستی شیعری شێوەزاری گۆران كۆنترین تێكستە لە ئەدەبی كوردیدا، واتە سەرەتای مێژووی ئەدەبی كوردی بە شیعری شێوەزاری گۆران دەستیپێكردوە ئەگەر چوارینەكانی بابە تایەری ھەمەدانی (٩٣٨ - ١٠١٠)ز بخەینە ئەو لاوە، كە بە شێوەی لوڕی نوسراوەتەوە، شیعری كوردی شێوەی گۆرانی شیعرێكی ڕەسەن و بە ئەسڵ و بنیادە لە ڕووی ڕوخسارەوە، بەتایبەتی كێشەكەی خۆماڵی (بڕگەیی) و سەرواكەی مەسنەوییە و لەڕووی ناوەڕۆكیشەوە سێ بابەتە:
١- شیعری چیرۆكی یا چیرۆكی شیعری (مەلحەمە) چیرۆكی دڵداری و حیكایەتی ئەفسانەیی
٢- شیعری گۆرانی (ویژدان، كەسی، سروشت)
٣- شیعری ئایینی یا ئایینزانی
شێوەزاری گۆران لەپێش پەیدابوونی ئایینی پیرۆزی ئیسلام زۆر بەڵگە و ئامۆژگاری ئایینی پێنووسراوە ھەروەھا لە دەوری ئیسلامیشدا گەلێك ھۆنراوەی ئایینی جیاجیای سەر بە چەند پەیڕەوی ئیسلامی پێنووسراوە، ئەم پەیوەندییە كەرستەیەكی بەنرخ و گرنگ بۆ لێكدانەوەی مێژووی ئایین و مەزھەب و تەریقەت لە كوردستاندا پەیدا دەكات، وەك دیارە زۆربەی نەتەوە موسوڵمانە ناعەرەبەكان پاش ئەوەی موسوڵمان دەبن بۆ ئەدەبییات و نووسین دەستیان لە زمانی نەتەوەیی خۆیان ھەڵگرت و ماوەیەك زمانی عەرەبی، زمانی خوێندن و نوسین و ئەدیب خوێندەوارانی ئەم نەتەوانە بوو.
لە سەردەمی سەلجوقیەكان بە دواوە لای ھەندێك لەو نەتەوانە زمانی خۆیان ھاتە كایەوە لەلای كورد بە شێوەزاری گۆرانی كۆنترین بەرھەمی پاش سەلجوقیەكان، كە تا ئێستا مابێتەوە و لە ونبوون ڕزگاری بووبێت.