کەڕووە مڵەکان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-14-03:24:00 - کۆدی بابەت: 3234
کەڕووە مڵەکان

ناوه‌ڕۆك

کەڕووە مڵەکان

کەڕووە مڵەکان Slume molds لە گڵی شێدار و لە پارچە داری ڕزیو و گەڵاکانی ڕووەک و ماددە ئەندامییە شیبووەوەکاندا دەژین. وە بە شێوەەی بارستەی لینج و بریسکەدار دەردەکەوێت، و هەندێکیان ڕەنگیان سپییە و زۆربەیان زەرد یان سوورن. ئەمانە زۆربوونە پێکهاتوو دروست دەکەن کە لە زۆربوونی پێکهاتووی کەڕوو دەچن. لەبەر ئەوەی لەپێشدا لە شانشینی کەڕووەکاندا پۆلێنکرابوون.
دوو لق لە کەڕووە مڵەکان هەیە. لقی کەڕووە ئەمیبییەکان Acrasiomycota. ئەمانە کەڕووی مڵی خانەیین، و لقی لینجە کەڕووەکان Myxomycota. ئەمانە کەڕووی پلازمۆدین و خانەکانیان جیانەکراونەتەوە. 

هەردوو لقەکە سوڕی ژیانیان دوو قۆناغە: سەوزە قۆناغی بزێو وەکو ئەمیبا خواردن دەخوات، کە ماددەی ئەندامی بەکتریا قووت دەدات، وە توخمە قۆناغ، کەڕووە مڵەکان لەم قۆناغەدا بەرە تەنەکان Fruiting body هەڵدەگرن کە ئەو سپۆرانەیان تێدایە بەرگەی بارودۆخی ناهەمواری شوێنەوار دەگرن.

لقی کەڕووە ئەمیبیەکان

لقی کەڕووە ئەمیبیەکان زۆر جۆر لە کەڕووی مڵی خانەیی Cellular slime molds دەگرێتەوە. کە تاک خانە و تاک کۆمەڵەی کرۆمۆسۆمین، وەکو ئەمیبیا دەجوڵێن، بە بەردەوامی پەل دەهاوێژێت بەکتریا و خواردەمەنی قووت دەدەن.
کاتێک خۆراک و ئاو کەم دەبێتەوە، خانە ئەمیبییەکان ماددەیەکی کیمیایی دەردەدەن وای لێ دەکەن بە شێوەی سەدان و هەزاران کۆببنەوە بۆ دروست کردنی شێوە مۆڵگەیەک کە بە گەندە پلازمۆدیۆم Pseudoplasmodium ناودەبرێت. گەندە پلازمۆدیۆم جێگیر دەبێت و شێوەی بەرەتەنێک پێک دێنێت. کاتێک دەکرێتەوە سپۆرەکانی لە شوێنە جیاوازەکاندا بڵاودەبنەوە کە گەشە دەکەن و دەگۆڕێن بۆ خانە ئەمیبییە تاکەکان.

لقی لینجە کەڕووەکان

لقی لینجە کەڕووەکان زۆر جۆر لە کەڕووە مڵە پلازمۆدیەکان دەگرێتەوە. کەڕووی مڵی پلازمۆدی Plasmodial لە سەوزە قۆناغی سوری ژیانیدا بە شێوەی بارستەیەک لە سایتۆپلازمی فرە ناووک کە بە پلازمۆدیۆم Plasmodiumm ناو دەبرێت، دروست دەبێت. لە کاتی جووڵەی پلازمۆدیۆمدا گەڵا ڕزیوە بۆگەنەکان و پاشماوەی هەڵوەشاوەکانی دیکە قووت دەدات بە ڕێگەی هەڵلوشین. لە کاتی کەمبوونی ئاو و خۆراکدا پلازمۆدیۆم خۆی دەخشێت تا دەگاتە ڕوویەکی واڵا دروست دەکات بە زۆربوون، بە دروست کردنی تەنە بەردییەکان، کە سپۆرەکانی (n)ـی تێدا دروست دەبێت. لە سایەی بارودۆخێکی گونجاودا تەنە بەرییەکان دەکرێنەوە و سپۆرەکان لە شێونە جیاوازەکاندا بڵاو دەبنەوە، بە یەکگرتنیان لەگەڵ یەکتر خانە ئەمیبییە تاکەکان (2n) دروست دەکەن. پاشان بە دابەشبوونی ئاسایی بە بێ دابەشبوونی سایتۆپلازم دابەش دەبن، سایتۆپلازمێکی فرە ناوک پێکدێنێت کە ئەوەیش پلازمۆدیۆمە.


سەرچاوەکان



1122 بینین