گەرووە تورکییەکان

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-24-05:55:00 - کۆدی بابەت: 3657
گەرووە تورکییەکان

ناوه‌ڕۆك

دەربارەی گەرووە تورکییەکان

گەرووە تورکییەکان بریتین لە گەرووی دەردەنیل کە لە دەریای مەڕمەرەوە درێژەی هەیە تا گەرووی بۆسفۆر، دەکەوێتە ناو سنووری دەوڵەتی تورکیا خۆیەوە، هەردوو کیشوەری ئەوروپا و  ئاسیا لە یەک جیادەکاتەوە، وە ئاوی دەریای ناوەڕاست لە باشوورەوە و ئاوی دەریای ڕەش لە باکوورەوە دەگەیەنێ بە یەکتری. درێژی ئەم ڕێگە ئاوییە لە نێوان ئەو دەریایەدا ٢٥٦کم.

بەشاکانی گەرووە تورکییەکان

گەرووی دەردەنیل

ئەم گەرووە دەریای ناوەڕاست و دەریای مەڕمەڕە بە یەک دەگەیەنێ، دەرگای باشووری ئەم گەرووە ماوەی ١٩.٢-٤٠کم دوورە لە دورگەکانی دەریای ئیجەوە، درێژییەکەی ٥٧.٦کم و قووڵییەکەی لە نێوان ٢٥.٥٠٠ باڵایی دەریایی دایە و هیچ گیر و گرفتێکی تێدا نییە، تیژڕەوی بەهێزی شەپۆلەکانی نەبێت، لە کەنارەکانی ئەم دوورگەدا گەلێک بەندەری وا هەن کە بۆ ماوەیەکی کەم پاپۆڕەکانی دەتوانن لێیان لابدەن، چونکە بەری ئاسیای چاکترە لە بەری ئەوروپای، چونکە ئەملای زۆر لێژە و لە دەردەنیلدا تاوێرە بەرد و بەرزی وا نییە یان بە ئاو داپۆشراوبێت.

دەریای مەڕمەڕە

ئەم دەریا تورکییە هەردوو گەرووەکان بە یەکەوە دەبەستێت، لە هەردوو ئەوروپا و ئاسیاشەوە زۆرترین میانەی درێژی ٢٤کم، پانییەکەی لە نێوان ٣٢-٦٤کم دایە، بەڵام قووڵییەکەی لە نێوان ١٥.٤٠ باڵای دەریایی ـدایە، هەندێک شوێنی قووڵ هەیە ١٠٠ باڵای دەریایی دەبێت.
دەریا ڕەوی لەم دەریاچەیە بێ مەترسییە تەنیا لە دواین بەشی باشووری خۆرئاواوە نەبێت کە دەگاتە دەردەنیل، چونکە لەم بەشەیدا ئاوەکەی لێڵە، گەلێک فەنەری ڕووناکی بەخش هەن، نزیکەی میلێک دوورن لە کەناری بەشی ئاسیای ئەو ڕێڕەوەی کە دەکاتە بۆسفۆڕ. بەندەری وەکو گەمیلیک و ئیزمیت لە بەری ئاسیادا هەن، بەڵام لە بەری باکووری ئەوروپاشەوە چەند بەندەرێک هەن وەکو تیکیرداغ.

گەرووی بۆسفۆر

ئەمیش دووەم گەرووە کە دەریای مەڕمەرە و دەریای ڕەش بە یەکەوە دەبەستێ و درێژییەکەی ٢٧.٢ کیلۆمەترە و پانییەکەی لە نێوان ١.٦-٣.٦ کیلۆمەترە و بریتییە لە بەری خۆرئاوای بۆفسۆر لە کەناری ئاسیاوە، دەکەوێتە ناوجەرگەی باشووری بەری ئەوروپای ملە زێڕین (القرن الذهبي) کە بە کەنداوێکی بچووک دەژمێررێت لە مۆڵگەی ئەستەمبوڵ، درێژییەکەی لە ٣ میل زیاتر نییە و پانییەکەی چارەکە میلێکە، لەو شوێنانەوە کە بەکەڵکی دەریا ڕەوی دێن ٤٠ باڵای دەریایی دەبێت، کەنارەکانی زۆر لێژن، بەڵام لە هەندێک شوێندا پێچ و گۆشەی دیاری وای تێدایە کە بەکەڵکی لادانی پاپۆڕ دێت. دەریا ڕەوی لێرەدا مەترسی زۆرە گەرچی (فەنەر) و ڕوناکی بەخشی وای تێدایە کە بە ڕۆژ ڕێگە نیشانی پاپۆڕەکان دەدەن بەڵام بە شەو ناهێڵن پێیدا بڕۆن، هەروەها هەندێک شوێن هەیە ناهێڵن لابدەن و ماسی تێدا بگرن چونکە ژمارەیەکی زۆر سیمی دەریایی و کێبڵی تێدایە کە کارێکی وای کردووە دەبێ بە خێراییەکی دیاریکراو پێدا برۆن.
بەندەرە سەرەکییەکان لەو ناوچەیەدا بەندەری ئەستەمبوڵ یەکێکیانە و دەکەوێتە سەر کەناری لە بەری ئەوروپاوە. هەروەها بەندەری (حەیدەر پاشا) لە سەر کەناری ئاسیا لای دەرگە تەسکەکەی باشوورەوە. بەندەری ئەستەمبوڵ کرایەوە، کەشتییە گەورەکانیش دەیگەنێ، ژمارەیەکی زۆر لە کەڵک و شۆستەی فراوانی تێدایە بۆ بارکردن و داگرتن لە هەردوو بەری ملەی زێڕین (القرن الذهبي)، لەم ساڵانەی دوایدا پردێکی درێژ دروست کرا کە سێیەمین پردی جیهانە لە درێژیدا و درێژییەکەی ١٦٠٠ مەترە و بەرزییەکەی نزیکەی ٦٤ مەتر دەبێت. لەو ساتەوە کە عوسمانییەکان ساڵی ١٤٥٣ـی زاینی قوستەنتەنیە (ئەستەمبوڵیان) فەتح کرد، بەرەو ڕۆژهەڵات ڕۆیشتن و دەریای ئازۆف و کەنارەکانی دەریای ڕەشیان گرت، دەریاکەیان کرد بە دەریایەکی تورکی و لە ژێر دەسەڵاتی سوڵتانی عوسمانیدا بوو، فەرمانی ئەو نەبوایە پاپۆڕی بازرگانی پێیدا هاتوچۆی نەدەکرد، پاپۆڕی جەنگی بیانی بە هەموو شێوەیەک قەدەغە بوو، هاتوچۆ هەروا مایەوە تا ڕووسیا نیمچە دورگەی (قرم)ـی گرت و بەشی باکووری ئەم دەریایەی لە سەدەی هەژدەهەم و سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم ـدا گرت، ئەوسا پەیمانی (کوچک کینارچی) ساڵی ١٧٧٤ـی سەپاند بەسەر سوڵتانی عوسمانیدا، بەپێی ئەم پەیمانە دەبوو دەریای ڕەش و هەموو گەرووەکانی تورکیا لە بەردەم پاپۆڕە بازرگانییەکانی ڕووسیا کراوە بن.


سەرچاوەکان



1543 بینین