مێژووی پەیدابوونی جیهانگیری ئابووری

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-28-03:46:00 - کۆدی بابەت: 3821
مێژووی پەیدابوونی جیهانگیری ئابووری

ناوه‌ڕۆك

مێژووی جیهانگیری

مێژووی پەیدابوونی جیهانگیری تاوەکو ئێستا مایەی گفتوگۆ و ڕا و بۆچوونی جیاوازی توێژەران و هونەرمەندانە، زۆر جار بە دیاردەیەکی تازە ناودەبرێت. کەسانێکی تری شارەزا بە پڕۆسەیەکی مێژوویی ناوی دەبەن کە بە چەند قۆناغێکی جیاوازی مێژووی تێپەڕ بووە.

ئەم باسە کەمێک بە درێژی و وردەکاری درێژتر باس دەکەین بۆ ئەوەی بۆمان دەربکەوێت کە دیاردەیەکی تازەیە یاخود مێژووییە، لە میانەی ئەم باسکردنە:
توێژەرانی مێژووی وای بۆ دەچن کە: بەردەوام هێزێکی گەورە هەیە کە دەیەوێت لە فەرمانڕەوایی جیهان و دەست بەسەرداگرتنی (کۆنترۆڵکردنی) باڵا دەست بێت، یۆنان و ڕۆمان و فارس و تەتەر و ئیمپراتۆرییە تازەکان هەموویان بەو ئاڕاستەیەی کۆنترۆڵ و خۆسەپاندن چوون.

مێژووناسان لێکۆڵینەوە لەسەر زاراوە جیهانی بوون دەکەن، ئەمەش ڕوون دەبێتەوە لە ڕێگای خستنەڕووی پیاوانی شارەزای ئەسیناوە کە لە سەدەی سێی پێش زاین بە چاوێکی سەراپاگیرانە سەیری جیهانیان دەکرد بە بێ ئەوەی هیچ جۆرە هۆکارێکی لێک جیاکردنەوە و هەڵاوێرکردن دیاری بکەن، ئا لێرەوە بانگەشەکردنیان بۆ دامەزرانی شآرێکی جیهانی (المدینة الفاضلة-یۆتۆپیا) لەمەشدا ڕەواقییەکان (هەیوانییەکان) پشتیان بە فەلسەفەیەک بەستبوو کە لەسەر بنەمای یەکێتی هەسارەی زەوی، کە سەرجەم ڕەگەزی مرۆڤایەتی لەسەری دەژین لە بنچینەدا یەک ڕەگەزن.

ڕۆمانییەکانیش کاریگەری ئەم بیر و باوەڕەیان لەسەر بوو بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە بیرۆکەی (یاسایی سروشت) و (پرەنسیپی دادوەری گشتی) هەبوو، شیشرون (١٠٦-٤١ پ.م) تیۆری پێشکەشکرد کە لەسەر بنەمای یەک یاسایی دامەزرابوو کە دەسەڵاتی بەسەر سەرجەم هاوڵاتیاندا هەبوو، ئەویش یاسای سروشت بوو کە بە دەستووری جیهانی ناو دەبرێت، کە دواتر ڕۆما توانی جیهان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی هزری ئیمپراتۆرییەتی جیهانی، ڕەواقەکان و ڕۆمانییەکان بیرۆکەی بوونی یەک جیهانیان دامەزراند کە سەرجەم مرۆڤایەتی تێدابێت و لە ژێر کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی یەک یاسا بێت، ئەویش (یاسای سروشت)ـە.

هەندێ لە لێکۆڵەرەوەکان پێیان وایە جیهانگیری دیاردەیەکی تازە نییە، بەڵام ناگەڕێتەوە بۆ سەدە زۆر کۆنەکان، بەڵکو بۆ سەرەتای سەدەی نۆزدەهم لەگەڵ دەستپێکردنی کۆلۆنیالیزمی ئەوروپی بۆ ئاسیا و ئەفریقیا و هەردوو کیشوەری ئەمریکا، پاشان کەوتنە ژێر کاریگەری سیستەمی بازرگانی تازە لە ئەوروپا، ئەمەش وایکرد سیستەمێکی جیهانی ئاڵۆز و تێکەڵاو دروست بوو کە بە جیهانیبوون و دواتر جیهانگیری ناوبرا.

لەم چوارچێوەیەدا هەندێک پێیانوایە زاراوەی سیستەمی جیهانی لە کۆنگرەی ڤیەننای ١٨١٥ بەکارهاتووە، ئەو کۆنگرەیەی (مترنیخ)ـی سەرۆک وەزیرانی نەمسا ڕابەرایەتی دەکرد و لە (بسمارک)ـی ئەڵمانی لە نەوەدەکانی سەدەی نۆزدەیەمەوە پەرەی پێدرا، لەسەر دەستی (کلیمنسۆ)ـی فەڕەنسی لە کۆنگرەی ڤێرسای ١٩١٩ نوێ کرایەوە، لە جەنگی دووەمی جیهانی لە ناوەڕاستی سەدەی بیست لەسەر دەستی هاوپەیمانەکان لە (یاڵتە) بەردەوامی پێ درا.

جیهان لە نێوان قۆناغێک و قۆناغێکی تردا یاخود لە وێستگەیەک بۆ وێستگەیەکی تر دەیویست سیستەمی نێودەوڵەتی داڕێژێتەوە، کۆنگرەکانیش بۆ ئەم مەبەستە بەسترا لە هەموو جارێکرا خەسڵەت و شێوازێکی لەخۆ دەگرت، سیستەمی نێودەوڵەتی کە لە سەدەی نۆزدەیەم دامەزراوە لە دوای کۆنگرەی ڤیەننا، سیستەمێکی نێودەوڵەتی سەربازی کۆلۆنیالیزمی بوو، بەڵام کۆنگرەی ئاشتبوونەوە کە لە سەرەتاکانی سەدەی بیست بەسترا سیستەمێکی نێودەوڵەتی ئیمپریالی دامەزراند، ئێستاکە ڕۆژئاوا دەیەوێت بیگۆڕێت بە سیستەمێکی تازە کە هەموو نیشانە و بەڵگەکان وا دەریدەخات کە سەدەی بیست و یەک سەرمایەداری ئابووری دەبێت.

وا تێبینی دەکرێت جیهانگیری هەمان ڕوخساری دیاردەی سەرمایەداری لەخۆ گرتبێ، گەر بێتو جیهانگیری دوای زیادکردنی پەیوەندییەکی ئاڵوگۆڕی ئابووری لە نێوان وڵاتان بکات و بانگەشەی زیادکردنی ڕێژەی گواستنەوەی سەرمایە و زانیاری و هزرەکان بکات، هەموو ئەم لێکچوونی ڕوخسارەی دیاردەی جیهانگیری بەڵگەیەکە بۆ بوونی پەیوەندی لە نێوان جیهانگیری و ئەو دیاردە سەرمایەدارییەی کە لە پێشتر هەبووە.

قۆناغەكانی

جیهانگیری لە ڕێگای سێ قۆناغی سەرەکی گەیشتە ئەم ڕوخسارە هاوچەرخەی کە ئێستا هەیەتی:

  • قۆناغی مارکانتالی (بازرگانی) و سەرمایەداری بازرگانی لە نێوان ساڵانی (١٥٠٠-١٨٠٠م).
  • قۆناغی پیشەسازی لە نێوان (١٨٨-١٩٥٠).
  • قۆناغی سەرمایەداریی هاوچەرخ لە ١٩٥٠ و تا ئێستا.

بەم شێوەیە بۆمان بەدیار دەکەویت کە جیهانگیری تەنیا ماوەیەک نییە، بەڵکو ئایندەیەکی بەردەوامی سەرمایەدارییە، کە لە هەموو قۆناغێکدا بە شێوە و ڕوخسارێکی جیاواز دەردەکەوێت، بە دیاردەیەکی فراوان بوون و تەشەنەکردن و دەست بەسەراگرتنی گەلان ناودەبرێت، لەبەر ئەوەی سەرمایەداری لە پێشکەوتنێکی بەردەوامی پڕۆسەی بەرهەمهێناندایە، بۆیە پێویستە لەگەڵ پێداویستییەکانی هەموو قۆناغێک کە جیهانگیری پێیدا تێدەپەڕێ خۆی بگونجێنێ و ڕەچاوی ئەو ڕۆڵەی بکرێت کە پێویستی بە نوێبوونەوەی هۆکار و خەسڵەتەکانی هەیە.

ئەو خەسڵەت و نیشانە جیاوازەی کە ئەم سات و قۆناغەی ئێستای جیهان پێیدا تێدەپەڕێت بریتییە لە گوێزانەوەی سەرمایەدارییە لە شێوازی سەرمایەداری نیشتیمانی و فرە ڕەگەزییەوە بۆ سەرمایەداری جیهانی، ئەو گۆڕانکاری و چاکسازیەی کە جیهان لە هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی بیستەم بەخۆیەوە بینی، بۆتە هۆی تێکچوونی ئەو سیستەمەی هەیە کە لەسەر دوو جەمسەری سەرەکی دامەزرابوو (نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی سۆڤیەتی جاران)، بۆ دەرکەوتنی دەسەڵات و کۆنترۆڵی ئەمریکی بە تەنیا گرنگترین گۆڕانکارییەکانی سەدەی ڕابردوو بە تایبەت لە سەرەتای نەوەدەکان بریتی بوو لە:

  • داڕمانی گەورەترین زلهێزی ڕکابەرایەتی و لێک هەڵوەشان و داڕمانی سەرجەم ئایدیۆلۆژییە دژ بە سەرمایەدارەکان کە (کۆمۆنیستە) (شیوعییەتە).
  • ڕوودانی تەنگژەی دووەمی کەنداو (١٩٩٠-١٩٩١).
  • دەرکەوتن و مانەوەی ئەمریکا بە تەنها بۆ ڕابەرایەتی کردن و بەڕێوەبردنی جیهان دوای ڕووخانی بەرامبەرەکەی کە یەکییەتی سۆڤێت بوو.
  • شۆڕشی پیشەسازی چووە نێو قۆناغی سێ، کە خۆی لە شۆڕشی زانیاری و مەعریفی دەنوێنێ و بە شێوەیەک بڵاو بووەوە کە عەقڵی مرۆڤ باوەڕ ناکات.

ڕوخسارەكانی

پێویستی ئەو سیستەمە نێودەوڵەتییەی کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمی (پاش ساڵی ١٩٤٥) بە بنەماکانی سیستەمی نوێی جیهان ڕاگەیەنرا، کە گرنگترین ڕوخسارەکانی بریتی بوو لە:

  • ڕوونی دیاردەی پشت بەستنی نێودەوڵەتی و ئەو دابەشکردنە نوێیەی وڵاتان بۆ کارکردن.
  • کێشە و دۆزە گرنگەکانی جیهان سیمایەکی نێودەوڵەتی و جیهانیان وەرگرت.
  • ئەو گۆڕانە گەورەیەی بەسەر چەمکە کۆنەکەی بنەمای سەروەری نیشتیمانیدا هات.
  • تەقینەوەی شۆڕشی زانیاری و تەکنۆلۆژیا، کە شۆڕشێکی گەورەی لە بوارەکانی گەیاندن و گواستنەوەی زانیاری و خێرایی ئاڵوگۆڕکردن داهێنا.
  • پشت بەستن بە کۆمەڵبەستە ئیقلیمییەکان کە شێوازێکی ململانێ و کێبڕکێیان لە نێواندایە و نەگەیشتۆتە ئاستی دژایەتی کردن.

بەم جۆرە جیهانگیری وا دەردەکەوت کە پێشکەوتنێک لە کۆنترین سەردەمەکانی مێژووەوە پلانی بۆ دانراوە، واتە ئەم پڕۆسەیە درێژەپێدەرێکی مێژووی خۆی هەیە، بەڵام ئەوەی ئێستای جیای دەکاتەوە لە پێشتر ئەو چڕی ئاڵوگۆڕکردن و خێرایی تەشەنەکردنێتی لە نێوان وڵاتان، ئەمەش لە سایەی تەشەنەکردنی شۆڕشی زانیاری و تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنەکانە.


سەرچاوەکان

91 بینین