سیستەمی حوکمڕانی لە میزۆپۆتامیا

له‌لایه‌ن: ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-28-22:27:00 - کۆدی بابەت: 3864
سیستەمی حوکمڕانی لە میزۆپۆتامیا

ناوه‌ڕۆك

پەیدابوونی سیستەمی حوکمڕانی لە میزۆپۆتامیا

مەبەست لە سیستەمی حوکمڕانی، کارگێڕی و بەڕێوەبردنی شار یان دەوڵەتە کە لە چەندین شارۆچکە و گوندەکان پێکهاتووە، هەروەها جۆری دەسەڵات کە ئەو کارگێڕییە دەیگرێتە ئەستۆ. بە گشتی زەحمەتە باس لە یەکەمین سیستمی حوکمڕانی عێراق بکرێت و ئەوەشی کە توێژەرەوان لەم بارەوە باسیان کردوون دەچنە بواری خەمڵاندن و گریمانەوە، بنەماڵە فەرمانڕەواکان دەکەن کە لە دێرین زەماندا حوکمڕانیان کردووە، بۆیە مەزەندە دەکرێت پێش دۆزینەوەی نووسین جۆرێکی حوکمڕانی هەبوو. پەرەسەندنی سیستەمی حوکمڕانی لای سۆمەرییەکان لە چاخە مێژووییەکان گەواهی ڕەگ داکوتانی ئەم سیستەمە لە زەمانێکی کۆنترەوە سەریهەڵداوە. دژواری ژینگەی باشووری عێراق کە لە کەمی باران و بەرزی پلەکانی گەرما لە هاوین و لافاو لە بەهاری خۆی دەنوێنێ. کاریگەریان لە هاندانی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بووە بۆ ئەوەی هاوکاری یەکتر بکەن بەرامبەر ئەو دژواری و نەهامەتییە، پێکەوە بۆ بنیادنانی بەربەست و بەنداو هەڵکەندنی جۆگە و جۆگەلە کاریان کردووە. جگە لە هەماهەنگی و کاری هاوبەش بۆ پاراستنی گوند و کێڵگەکانیان. ئەم جۆرە کارانە پیویستیان بە کەسانێک هەیە سەرپەرشتیارێک ئەرکی ڕێکخستنیان بگرێتە ئەستۆ، خەڵکی ئەو سەردەمە باوەڕیان بە پیاوە ئاینییەکان زۆر پتەو بوو، وایاندەزانی ئەوان هەموو شتێک دەزانن، وەک ڕوودانی لافاو یان بەرپابوونی پەلاماردان، چونکە پیاوە ئاینییەکان لە پەرستگاکان دەژین و خزمەتی خواوەندەکان دەکەن و لە پەیکەری خواوەندەکەیانەوە نزیکن. بەپێی بیر و باوەڕی ئەوانیش هەڵبژاردنی پیاوی ئاینی بەلایانەوە ئەرکێکی خوداییە، بۆیە پیاوی ئاینی کاهنیان دەستنیشاندەکرد بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری دنیاییان جگە لەوەی کە بە کاروباری ئاینیش هەڵدەستان. ئەو پیاوە ئاینییە (کاهن-ئاخوند)ـی سەرکردایەتی دەکردن دەیانگوت (ئین En) کە لە زمانی سۆمەریدا بە مانای (سەردار یان گەورە) دێت. بەهۆی پەرەسەندن و پێشکەوتنی ژیان و زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان پیاوی ئاینی ئەرکە ئاینی و دونیاییەکانی زیادی کرد، بۆیە پێی نەدەکرا ئەرکەکانی بە ڕێکی جێبەجێ بکات، ناچار بوو یاریدەر بۆ خۆی دابنێ بۆ هاوکاریکردنی لە ئەنجامدانی ئەو ئەرکانە، خۆشی چۆتە دەرەوەی (پەرستگا)، کۆشکی بنیاتناوە، خزمەتگوزار و پاسەوان و بەردەستی ڕاگرتووە و خەڵکانی تریشی بۆ خۆشگوزەرانی و ڕابواردن وەکو چێشت لێنەر و ئاوگێڕ و سترانبێژ و مۆسیقاژەن ڕاگرتووە. نازناوی حاکمی نوێ گۆڕا لە زمانی سۆمەریدا (ئینسی-Ensi) پێدەوت بە مانای (جێگیر یان بریکاری خواوەند) بە فەرمانی خواوەند هاتووە. بە شێوەیەکی ئاسایی En یان Ensi حوکمڕانی یەک شاری دەکرد. بەهۆی گۆڕانی باری سیاسی دەسەڵاتی حوکمڕان حوکم فراوانتر بوو، زیاتر لە شآرێک کەوتە بن دەستی. ئەو حاکمە کە حوکمڕآنی چەند شارێکی دەکرد پێیان دەوت (لوگاڵ) کە لە زمانی سۆمەریدا مانای پیاوی مەزن یان پاشا دەبەخشێت. بەرامبەر وشەی لوگاڵ لە زمانی سۆمەریدا وشەی (شڕو-Shurru) لە زمانی ئەکەدیدا بەکارهاتووە.


سەرچاوەکان

80 بینین