کاشییەکانی کوردستان

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-29-02:45:00 - کۆدی بابەت: 3888
کاشییەکانی کوردستان

ناوه‌ڕۆك

کاشییەکان 

لوڕستان زێدی ڕەسەنی کاشییەکانە. ڕۆڵی کاشییەکان لە هەزارەی دووەمی پێش زاین پەرەی سەند، بەهۆی کار و کاسبیەوە کاری گشتی، لەوانە دورینەوەی گەنم ئەمە لەگەڵ کۆچکردنی کورد لە ساڵانی پەنجا و شەستەکانی سەدەی ڕابردوو بۆ بەغدا بەراورد بکە. ژمارەی کاشییەکان لە وڵاتی بابل ڕووی لە زیادبوون بووە، زۆربوونی ژمارەی کاشییەکان لەو وڵاتەدا بووە هۆی زیادبوونی کاریگەریان لە ژیانی هاوڵاتیانی بابل بە تایبەتی لە بواری ئابووریدا. بەڵام کاتێک مورسلیس یەکەم، پاشای حیپییەکان لە ١٥٦٩ پ.ز پەلاماری بابلی دا و کۆتایی هێنا بە حوکمڕانی بنەماڵەی حاموڕابی، بووە هۆی پەیدابوونی بۆشاییەکی سیاسی لە بابل، کاشییەکان ئەم هەلەیان قۆستەوە و حوکمیان گرتە دەست، بۆ ماوەی زیاتر لە چوار سەدە ١٩٥٩-١١٦٢پ.ز حوکمڕآنی وڵاتی بابلیان کرد. وڵاتی بابل لە سایەی حوکمڕانی کاشییەکان لە شەڕ و ئاژاوە دوورکەوتەوە و کەوتە ژێر سایەی ژیانێکی ئارام و سەقامگیرەوە، کاشییەکان چەندین دیاردەی شآرستانییەکان هێنایە بابل، وەک بەکارهینانی ئەسپ و گالیسکە. هەروەها کاشییەکان ڕۆڵی گرنگیان بووە لە گۆڕینی پەیوەندییەکانی هێزە سیاسییەکانی ئەوکاتەی ڕۆژهەڵاتی نزیک، میسر بۆتە ناوەندێک بۆ پەیوەندییە دبلۆماسییەکان، ئەو نامانەی لە عەمارنە لە میسر دۆزراونەتەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە کاشییەکان خەڵات و دیاریان لەگەڵ ئاڵوگۆڕ کردوون، لەو پەیوەندیانەشدا کولتوری بابلی کە بریتیی بووە لە بەکارهێنانی زمانی ئەکەدی و نووسینی بزماری زمانی دبلۆماسییەت بووە، هەروەها باسی شووکردنی خاتوونە کاشییەکان دەکەن بە میسرییەکان، پاشاکانی کاشییەکان خوشک و کچی خۆیان داوە بە فیرعەونەکانی میسر. کاشییەکان لەگەڵ ئاشوورییەکاندا پەیوەندی ئاشتیانەیان پیادە کردووە، پەیمانی ڕێکخستنی سنوریان مۆر کردووە، پاشاکانی کاشییەکان خاتوونی ئاشووریان هێناوە. کاشییەکان پاش سەقامگیربوونی ڕەوشی گشتی وڵات شارێکی نوێیان بنیاتنا تا ببێتە پایتەختیان، ناویان ناوە دورکوریکالزو بە ناوی پاشاکەیان کوریکالزوی دووەم، پاشماوەی ئەم شارە ئەمڕۆ دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای شآری بەغداد بە نزیکەی ٢٣ کم، پێی دەڵێن عەقرقوق کۆشک و پەرستگایان تیادا بنیاتناوە کە بە پتەی بەناوبانگ بوون و ئەستووری دیوارەکانیان زیاتر لە ٢ پێ بووە، قوڕ و خشتیان لە بنیاتناندا بەکارهێناوە، شەقامەکانیشیان بە خشت کردووە، لە گرنگترین شوێنەوارەکانی ئەم شارە، زەقورەی عەقرقوقە، تاکو ئێستا هاوڵاتییە جێنشینەکانی ئەو دەوروبەرە بە پاشماوەی شارەکە دەڵێن گەڕەکی کوردان. کاشییەکان سیستەمێکی پێشکەوتووی کشتوکاڵیان دامەزراند، پاشاکان زەویان بەسەر سەرۆک هۆزەکان دابەش کردووە، نیشانە و سنووریان لە نێوان زەوی و تاک و کۆمەڵەکاندا داناوە. بایەخیان بە جۆگەکانی ئاودێری داوە. شێوازی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ پەرەی سەندووە و بووەتە شێوازێکی نیمچە دەرەبەگی. ئەمەش بووە هۆی زۆربوونی بەرهەمهێنان و جێنشینبوونی دانیشتوان و پتەوبوونی پەیوەندیان بە دەسەڵات، بۆیە حوکمڕانی کاشییەکان ماوەیەکی زۆری خایاند.


سەرچاوەکان



2911 بینین