دانیشتوانی کۆنی کوردستان - گۆتییەکان

دانیشتوانی کۆنی کوردستان - گۆتییەکان

له‌لایه‌ن: ئاریان ئومێد - به‌روار: 2021-03-29-02:53:00 - کۆدی بابەت: 3890
دانیشتوانی کۆنی کوردستان - گۆتییەکان

ناوه‌ڕۆك

گۆتییەکان كێن؟

یەکێک لە گرنگترین ئەو گەلانەی لە کوردستانی کۆندا ژیاون گوتیەکانن، کۆنترین سەرچاوە کە باسی کردبن دەقی پادشایەکی سۆمەریە بە ناوی (لۆگال ئانی مێندوو) کە لە هەزارەی سێیەمی پێش زانیندا ژیاوە.
سنووری قەڵەمڕەوی و نیشتەجێبوونی گووتییەکان بە تەواوەتی ڕوون نیە، بەڵام بەگشتی باوەڕ وایە لە نێوان ڕووباری سیروان و زێی بچوکدا ژیاون و شاری (ئارابخا) واتە کەرکوکی ئەمڕۆیان کردووەتە مەڵبەندی دەسەڵاتداری خۆیان.
گوتییەکان بە چەند شێوازێکی جیاوازی وەک (گوتی، قوتی، کوتی) ناویان هاتووە، قسەو باسی زۆر لە بارەی ناوەکەیانەوە هەیە، کە باوەڕوایە لە ناوچەکەیانەوە وەرگیراوە کە لە خواروی ناوچەی (کردا) بووە.
گوتییەکان لە یەکێک لە قۆناغەکاندا بە سەرکردایەتی پادشا (ئیلولومیش) دەست بەسەر تەواوی عێراقدا دەگرن و کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەکەدیەکان دەهێنن، دەنگۆی ئەوە هەیە بۆ ماوەی نزیک بە (١٠٠) ساڵ، فەرمانڕەوایی ناوچەکەیان کردبێ، هەر ئەمەش وایکردووە ناویان لە تۆمارەکاندا زیاتر بوونی هەبێ و ناوی بەشێک لە پادشا و دەسەڵاتدارەکانیان ئاشکرابێ، کە هەر لەو ماوەیەدا ناوی (٢١) پادشایان لە لیستی پادشایانی سۆمەری تۆمار کراوە، وەک (ئیلولومیش ، سالاگاب ، ئیریدوپیزیر) کە ئەمەی کۆتاییان ناوبانگێکی زۆری هەیە، چوونکە دەقێکی لێ بەجێماوە تێیدا باسی بەشێک لە چالاکیە سەربازیەکانی (ئیریدوپیزیر) دەکات.

دەسەڵاتییان

پێدەچێ گوتییەکان ماوەیەکی کەم تەواوی ناوچەکەیان گرتبێ و دواتر لە هەندێک لە ناوچەکانی باشوور کشابێتنەوە بەڵام لە بابل و ناوچەکانی نزیکی ماوەیەکی باش ماونەتەوە، سۆمەریەکان ئەم ماوەیە بە سەردەمی پشێوی و ئاڵۆزی دادەنێن، وادیارە گوتییەکان بەو سیستەم و ژینگەیەی سۆمەریەکان ئاشنا نەبوون، یاخود وەک پێویست سروشتی خەڵکی ناوچەکەیان نەناسیووە، هەر بۆیە کێشەیان لە بەڕێوەبردنی ناوچەکاندا بۆ دروست بووە.
هەرچەند دواتر بە زمان و کلتووری سۆمەری و ئەکەدی سەرسام دەبن و سوودی لێ دەبینن، بە تایبەت نووسینی (مێخی).
خاڵێکی گرنگی تر لەمەڕ گوتییەکانەوە ئەوەیە کە ئەم گەلە پێدەچێ هەنێک جار پادشاکانیان بۆ ماوەیەکی کاتی و دیاریکراو دانابێ، واتە بە پێچەوانەی ئەکەدی و سۆمەریەکانەوە، پادشاکانی گوتی جگە لە چەند پادشایەک، بەشێکی زۆریان ماوەی حوکمڕانیان یەکسان و دیاری کراوە.

هەڵبەت کۆمەڵێک بەڵگە و ئاسەواری گرنگ هەیە گومان دەخاتە سەر ئەو بیرۆکەیەی کە گوایە گوتییەکان تەنها لە مەڵبەندی نێوان زێی بچوک و سیرواندا ژیابن، وەک لە دەقێکی پادشای ئاشووری (شەلمانسەری یەکەم ١٢٨٠ - ١٢٦١ پ.ز) دەردەکەوێ و ئاماژە بە بوونی خەڵکی گوتی دەکات لە ناوچەکانی (ئورارتۆ) واتە باکووری کوردستان، هەروەها دۆزینەوەی سەری پادشایەکی گوتی کە لە بڕۆنز دروستکراوە لە نزیک هەمەدان، گومانی ئەوە زیاتر دەکات کە گوتییەکان ڕووبەرێکی زۆر لەوە فراوانتریان لە ژێردەستدا بووە کە باس دەکرێ.
هاوکات شوێنەوار و جێ دەستی خۆیان لە ناوچەکەدا بەجێ هێشتووە، لەوانە داتاشراوی (هۆرێن شێخان) کە مێژوونوس و لێکۆڵەرێکی وەک "دیاکۆنۆ" باوەڕی وایە شوێنەوارێکی گوتییە و دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی دووەمی پێش زاین.
دەکرێ بڵێین مێژووی گوتیەکان تاکوو ئەمڕۆش پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاترەو هێشتا وەکوو پێویست کنە و پشکنینی ورد لە ناوچەکانیان نەکراوە، کە دەکرێ هێشتا نووسین و شوێنەوارێکی زۆریان مابێ کە نەکەوتبێتە بەر چاوی توێژەران و شوێنەوارناسان.


سەرچاوەکان

626 بینین