ئاینی زەردەشتییەکان 

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-29-03:16:00 - کۆدی بابەت: 3894
ئاینی زەردەشتییەکان 

ناوه‌ڕۆك

ئاینی زەردەشتییەکان 

میللەتانی هیند و ئەوروپییەکان، هەروەک دانیشتوانی میزۆپۆتانیا، دۆڵی ڕافیدەین، دیاردە سروشتییە کاریگەرەکانیان دەپەرست وەکو (ڕۆژ و زەوی و هەوا و هتد..)، لە خواوەندەکانیان وەکو خواوەندی تیشوب بەرامبەر بە خواوەندی ئەنلیل لە دۆڵی ڕافیدەین. و شاوشکا بەرامبەر عەشتاری بابلی و خواوەندی ڕۆژ میپرا. ئەم خواوەندە ڕۆڵی بەرچاوەی لە هزری هیند و ئەوروپاییەکان بوو. لە کۆتایی سەدەی حەوتەمی پ.ز، لە وڵاتی میدیا کەسیک بە ناوی زەردەشت دەرکەوت، داوای لە خەڵکی کرد تەنها یەک خودا بپەرستن، ئەویش خواوەند ئەهورامەزدایە کە خواوەندی ڕووناکی و چاکەیە. دانیشتوانی میدیای سەرەتا باوەڕیان پێ نەکرد. بۆیە کۆچی کرد بۆ ڕۆژهەڵاتی ئێران، لە شآری بەلەخ و دەوروبەری بانگەوازەکەی بڵاو کردەوە. پاش دامەزراندنی دەوڵەتی ئەخمینی لە ئێران، شا دارای یەکەم (٥٢٢-٤٨٢ پ.ز) ئاینی زەردەشتی کردە ئاینی فەرمی دەوڵەت، بۆیە ئاینی تازە لە نێو دانیشتوانی کوردستان و ئێران و ناوچەی تر بڵاو بووەوە. بیر و باوەڕی زەردەشتیان لەسەر بنەمای بانگەشەکردن بۆ چاکە و دوورکەوتنەوە لە خراپە دامەزراوە. ئەهریمەن بە لایانەوە خواوەندی شەڕ و خراپەیە، شوێنکەوتوانیشی لە مرۆڤ هەیە. زەردەشت ئەوەشی ڕوون کردۆتەوە کە خوازیارانی ئەهورامەزدا و تا خواوەندی چاکە ڕووناکی و شوێنکەوتوانی سەرکەوتن بەدەست دێنن بەسەر ئەهریمەن و شوێنکەوتوانی، بۆیە زەرادەشتی هەنگاوێکی گرنگ بووە بۆ باوەڕهێنان بە یەکتاپەرستی. بیر و باوەڕەکانی زەردەشت لە تۆمارێکدا بە ناوی ئاڤێستا پیاوە ئاینیەکانی زەردەشتی چەندین ڕاڤە و شرۆڤەیان بۆ داناوە. لە پەرستگاکانی نزایان دەخوێند و نوێژیان دەکرد و ئاگریان بەردەوام لە گڕکردن بووە، چونکە ئەم ئاگرە توخمێکی پیرۆز بووە لە ئاینەکەیان. ئەم ئاینە بە زۆری ئاینی چینی دەسەڵاتدار بوو، بۆیە لە ناو جەماوەری خەڵکیدا بڵاو نەبووەوە وەک ئاینی بوزا، بۆیە شوێنکەوتوانی کەم بووەوە، لەگەڵ دەرکەوتنی ئاینی پیرۆزی ئیسلام زۆربەی لایەنگرانی زەردەشت هاتنە سەر ئاینی ئیسلامی پیرۆز و موسڵمان بوون، ئێستاش ژمارەیەکی کەم لە ئێران کە لە شاری یەزد کۆبوونەتەوە و هیندستان لەسەر ئەم ئاینە ماون و لە پلەیەکی بەرزی گوێڕایەڵی و خاوێنیدان بۆ ئاینی خۆیان. شایانی باسە کە ئایینەکەیان لە ئاینە داخراوەکان دەژمێردرێت.


سەرچاوەکان



3007 بینین