ڕاپەڕینی ١٩٤٨ لە عێراق

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-29-18:02:00 - کۆدی بابەت: 3898
ڕاپەڕینی ١٩٤٨ لە عێراق

ناوه‌ڕۆك

ڕاپەڕینی (١٩٤٨) و ڕۆڵی کورد تیایدا

گەلی عێراق پاش کۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهانی و دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکان سەیری کرد پەیمانی ساڵی ١٩٣٠ی نێوان عێراق و بەریتانیا لە مەبەست کەوتووە، پەیوەندی عێراق و بەریتانیش دەبێ بە پێی بەندەکانی بەڵێننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت بەتایبەتی کە هەردوو دەوڵەت هاو ماف و هاو ئەرکن، بەڵام چینی کاربەدەستی عێراق ملکەچی ئیستعماری بەریتانیا نەخشەی (ئەنگلو – ئەمریکایی) دەربارەی بەرگری هاوبەش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تێکەڵبوونی جەنگی ساردی نێوان کۆمەڵە دەوڵەتە گەورەکانی پەسەندکرد. بەریتانیش ویستی سیفەتی ڕەوایی پەیمانەکای عێراقی بەریتانی نوێ بکاتەوە و مافی سوپایی بەریتانیا لە عێراق فراوانتر بکات بە مەرجێ هەموو عێراق نەک هەردوو بنکەکەی حەبانییە و بەسرە بکات بە فرۆکەخانەی هێزەکانی خۆی.

دەستپێكی ڕاپەڕین

نووری سەعید ڕێگەی بۆ صالح جەبر خۆش کرد کە لە ٢٩ ئاداری ١٩٤٧ وەزارەتی پێکهێنا، وتووێژ لە نێوان هەردوولای عێراق و بەریتانیا دا لە بەغداد و لەندەن دەستی پێکرا و کۆبوونەوەیەکی زۆریان کرد لە بەشێکیاندا (وەصی) خۆشی بەشداربوو، پاشان نێرژەیەک بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران صالح جەبر و وەزیری بەرگری نوری سەعید و فاضل الجمالی وەزیری دەرەوە چوونە ئینگلتەرا بۆ مۆرکردنی پەیمانی پۆرتسپوث کە بەناوی بەندەری پۆرتسموث لە باشووری ئینگلتەرا ناونراوبوو گەلێ کۆتی تازەی بۆ عێراق تێدابوو وەکو هاوبەشیکردنی عێراق لە دانی خەرجی هێزەکانی بەریتانیا و بەکارهێنانی هێزەکانی عێراق لە دەرەوەی وڵات بۆ یاریدەدانی بەریتانیا، بەریتانیا دەسەڵاتی جارانی لە سیاسەتی دەرەوەی عێراق دابمێنێ. ئەوە بوو نیشتیمانپەروەرانی کورد هەر لە سەرەتاوە شان بە شانی جەماوەری ڕاپەڕیوی بەغداد ڕژانە شەقامەکان، لە بەغداد پارتی دیموکراتی کوردستان و حیزبی شیوعی عێراقی و حیزبی (الشعب) کۆمیتەیەکی سێ قۆڵی تایبەتیان دامەزراند، کە ئەرکی سەرپەرشتی و رێکخستنی خەباتی گەل و دیاریکردنی دروشمەکانی خەباتی ئەو قۆناغەی لە ئەستۆ گرت لە پووچکردنەوەی پەیمانەکە و ڕووخانی وەزارەتەکەی صاڵح جەبر، جگە لە هەندێ دروشمی تر، کە بەشێکیان پەیوەندیدار بوون بە مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد، لە کەرکووکیش نیشتیمانپەروەران هێرشیان کردە سەر کۆنسوڵخانەی بەریتانی و لە سلێمانیش هێرشیان کردە سەر مەڵبەندی ڕۆشنبیری بەریتانی، هەر بۆ بەشداریکردن لە ڕاپەڕینەکە لە شوباتی ئەو ساڵەدا نوێنەرانی شارەکانی هەولێر و کۆیە تێکڕا رژانە سەر سەقامەکانی بەغداد و پاشان لەگەڵ جەماوەری شاری بەغداد سەردانی گۆڕی کوژراوانی ٢٧ی کانوونی دووەمیان کرد و بەشداری ناشتنی نیشتیمانپەروەری کورد (حوسێن عەلی)ـیان کرد، کەلە ڕاپەڕینەکدا شەهید ببوو. هەر لەو مانگەدا وەفدی زاخۆ و ڕانیە و سلێمانی گەیشتنە بەغداد و خۆپیشاندانێکی گەورەیان ڕێکخست، ئەمانە گشتیان بە جلی کوردی و بە چەپکە گوڵ و بەلافیتەی جۆراوجۆرەوە دروشمی هەر شارێکیش بەرزکرابووەوە.

داخوزاییەكانی شاری سلێمانی

دانیشتوانی شاری سلێمانی لە نامەیەکی تایبەتدا ئەم داخوازییانەی لای خوارەوەیان خستە بەردەمی وەزارەتی صاڵح جەبر:

• دانانی مافە دیموکراسییەکانی گەل.
• ڕێگەدان بە ژیانی پارتایەتی سەربەخۆ.
• رێگەدان بە دامەزراندنی جڤاتی کرێکاران.
• ئازادکردنی هەموو گیراوە سیاسییەکانی عێراق.
• لابردنی پەیمانی ١٩٣٠.

دەستكەوتەكانی ڕاپەڕین

هەرچەندە پەیمانی پۆرتسمۆث هەڵوەشایەوە و وەزارەتەکەی (صاڵح جەبر) لە کارخرا، و ژمارەیەک لە وەزیرەکان و جێگری وەزیر دەستیان لە کارلێشایەوە، لەگەڵ ئەمانەشدا ڕاپەڕینەکەی ١٩٤٨ چەندین دەستکەوتی باشی بۆ کورد تێدابوو لەوانە:
• ڕێگەدرا بە دەرچوونی گۆڤارێکی سیاسی بە زمانی کوردی ئەویش گۆڤاری (نزار) بوو، کە (عەلائەدین سەجادی) سەرنووسەری بوو.
• ڕۆژی ٢١ی ئازاری ١٩٤٨ بۆ یەکەمجار کورد بە شێوەیەکی فراوان و ئاشکرا یادی نەورۆزی لە کوردستانی بندەستی عێراق کردەوە.

بەڵام زۆری نەخایاند وەزارەتەکەی (محەمەد سەدر) کە لە جیاتی وەزارەتەکەی (صالح جەبر) دامەزرابوو، لە ڕێڕەوی دیموکراتی لایدا و لە زۆر شار و ناوچە و دەزگاکانی میری دەستیان وەردایە کاری هەڵبژاردن و لە ئەنجامدا چەند بەیەکدادانێک لە نێوان پۆلیس و نیشتیمانپەروەران ڕوویدا، لەهەمانکاتدا پۆلیس لە چەند شوێنێک لە کرێکارانیان دا، مانگرتنی کرێکارانی شەمەندەفەری هەولێری سەرکوتکرد، هەر بەمەشەوە نەوەستان، بەڵکو ژمارەیەک لە نیشتیمانپەروەرانیان خستە زیندانەکانەوە، ژمارەیەکی زۆری قوتابیانی سلێمانی لە کاتی تاقیکردنەوە دەستگیرکران. ئەم ڕاپەڕینە ڕێگای خۆشکرد بۆ سەرهەڵدانی بزوتنەوە و ڕاپەڕینی جوتیارانی کورد هەروەک ساڵی ١٩٤٨ لە ناوچەی عەربەت (لە دەشتی شارەزوور)، لە ساڵی ١٩٥٣ز لە دەشتی دزەیی (هەولێر)>دا ڕوویدا دژی چەوساندنەوەی دەرەبەگایەتی، هەر لە هەمان ساڵدا جوتیارانی هۆرین شێخان (لە باکووری خانەقین) و جوتیارانی (وارماوە) لە هەڵەبجە ڕاپەڕین.


سەرچاوەکان



1680 بینین