کەمخوێنی لەماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-03-30-13:29:00 - کۆدی بابەت: 3937
کەمخوێنی لەماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

کەم خوێنی لەماوەی دووگیانیدا

زۆرێک لە خانمەکان لە ماوەی دووگیانیدا توشی کەم خوێنی دەبن، لەم حاڵەتەدا ڕێژەی هیمۆگڵۆبینی سووری ناو خوێن کەم دەکات و توانای ناردنی ئۆکسجینی بۆ بەشەکانی تری جەستە کەم دەکات، کەم خوێنی لەماوەی دووگیانیدا ئاساییە، بەڵام ئەگەری هەیە لەبەر کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاسن یان ڤیتامینەکان یان هۆکاری تر تووشی کەم خوێنی توند ببیتەوە، ئەگەر کەم خوێنی لە ماوەی دووگیانیدا توند بێت و چارەسەر نەکرێت دەتوانێت ببێتە هۆی نیشانەی جدی وەک منداڵبوونی پێش وەختە.

لەماوەی دووگیانیدا جەستە خوێنێکی زیاتر بەرهەم دەهێنێت تا پێویستیەکانی جەستە جێبەجێ بکات، ئەگەر بە پێی پێویست ماددەی ئاسن و ماددە خۆراکیەکانی ترت دەست نەکەوێت ئەو ئەگەرە بوونی هەیە کە لەوانەیە جەستەی تۆ نەتوانێت بەڕێژەی پێویست هیمۆگڵۆبین بەرهەم بهێنێت و کەم خوێن دەبن، کەم خوێنی هەستی ماندوویەتی و لاوازیت پێ دەبەخشێت

بەڵام ئەگەر کەم خوێنی لەماوەی دووگیانیدا توند بێت، دەتوانێت چەند نیشانەیەکی قورسی بەدواوە بێت، کەم خوێنی لەماوەی دووگیانیدا جۆری زۆرە کە باسی هەر یەکێکیان دەکەین.

جۆرەکانی کەم خوێنی لەماوەی دووگیانیدا

١- کەم خوێنی کەمی ماددەی ئاسن

٢- کەم خوێنی کەمی فۆلیک ئەسید

٣- کەم خوێنی کەمی ڤیتامین B12


کەم خوێنی کەمی ئاسن

ئەم جۆرەی کەم خوێنی کاتێک دروست دەبێت کە کە جەستە ئاسنی پێویستی نییه بۆ دروستکردنی هیمۆگڵۆبینی پێویست.
(هیمۆگڵۆبین) جۆرێک پڕۆتینە لە خانەی خڕۆکە سوورەکاندا کە ئۆکسجین دەگوازێتەوە بۆ خانەکانی تری جەستە، لە کەم خوێنی کەمی ئاسندا، خوێن ناتوانێت ئۆکسجینی پێویست بگەیەنێتە خانەکانی تر، کەمبوون یاخود کەمی ئاسن یەکێکە لە نیشانە هەرە باوەکانی کەم خوێنی لەماوەی دووگیانیدا.

کەم خوێنی کەمی فۆلیک ئەسید

فۆلیک ئەسید جۆرێک ڤیتامینە کە بەشێوەیەکی سروشتی لە خواردنەکاندا هەیە وەک سەوزەوات یاخود گەڵا سەوزەکان، جەستە بۆ دروستکردنی خانەی نوێ وەک خانەی خڕۆکە سورەکان پێویستی بە فۆلیک ئەسید هەیە، خانمان لە ماوەی دووگیانیدا پێویستیان بە بڕێکی زیاتری فۆلیک ئەسیدە، بەڵام هەندێک کات بڕی پێویستی فۆلیک ئەسیدیان لە خواردنەکانەوە دەست ناکەوێت، لە ئەنجامدا جەستە ناتوانێت خانەی خڕۆکەی سوری زیاتر بۆ ناردنی ئۆکسجین بۆ خانەکانی جەستە دروست بکات، هەر بۆیە حەبی فۆلیک ئەسید لە بازاڕەکاندا هەیە هەر بەناوی فۆلیک ئەسیدەوە

کەمی ڤیتامین B12

جەستە بۆ دروستکردنی خانەی خڕۆکە سورەکان پێویستی بە ڤیتامین B12 هەیە، کاتێک کە خانمان لەماوەی دووگیانیدا ڕێژەی پێویستی ڤیتامین B12 لە ڕێگەی خواردنەوە وەرنەگرن، دواتر ناتوانن خانەی خڕۆکەی سور بۆ ناردنی ئۆکسجین دروست بکەن، ئەو خانمانەی کە (گۆشت، مریشک، ماددە شیرەمەنیەکان، هێلکە) ناخۆن زیاتر لە کەسانی کە لەژێر هەڕەشەی کەمی ڤیتامین B12 دان، ئەم کەمییە دەتوانێت ببێتە هۆکاری کێشەی لەدایکبوون وەک: ناتەواوی ملولەی مێشک، منداڵبوونی پێش وەختە، لەدەست دانی خوێن لەکاتی منداڵبوون و دوای منداڵبوون دەتوانێت هۆکاری کەم خوێنی بێت.

کێن ئەو خانمانەی زیاتر تووشی کەم خوێنی دەبنەوە کاتی دووگیانی؟

تەواوی خانمان لەماوەی دووگیانیدا بۆیان هەیە توشی کەم خوێنی ببنەوە لە جارانی ئاسایی زیاتر پێویستیان بە ماددەی ئاسن و فۆلیک ئەسید دەبێت، بەڵام لەم حاڵانەی خوارەوەدا ڕێژەی کەم خوێنی زیاتر دەبێت:

١- دووگیانبوون به چەند منداڵێکەوە
٢- چەند دووگیانبوونێک بەدوای یەکدا لەماوەیەکی کورتدا
٣- ڕشانەوەی زۆر لە بەیانیاندا
٤- دووگیانی لە تەمەنێکی کەمدا یاخود تەمەنی نەوجەوانی
٥- نەخواردنی خواردنی دەوڵەمەند بە ماددەی ئاسن
٦- کەم خوێنی پێش دووگیان بوون

نیشانەکانی کەم خوێنی لە ماوەی دووگیانیدا

١- بێ ڕەنگی پێست و هەروەها لێو و نینۆک
٢- هەستکردن بە ماندوویەتی و لاوازی
٣- سەرگێژ خواردن
٤- هەناسە کورتی
٥- بەرزبوونەوەی لێدانی دڵ
٦- کێشەی تەرکیز کردن

لە سەرەتاکانی کەم خوێنیدا ئەگەری هەیە نیشانەیەکی واتان نەبێت کە جێگای سەرنج بێت، تەنانەت ئەگەری هەیە هەموو نیشانەکانتان هەبێت لەکاتی دووگیانیدا بێ ئەوەی توشی کەم خوێنی بووبن، هەر بۆیە پێویستە بۆ بەدواداچونی کەم خوێنی پێش دووگیانیتان پشکنینی خوێن بکەن.

مەترسییەکانی کەم خوێنی لەماوەی دووگیانیدا

کەم خوێنی کەمی ئاسن کە توند بێت یاخود چارەسەر نەکراوبێت لەماوەی دووگیانیدا، ئەگەری هەیە ببێتە هۆی ئەمانەی خوارەوە:

١- لەدایکبوونی پێش وەختە یاخود لەدایکبوونی منداڵەکە بە کێشێکی کەمەوە

٢- گەڕانەوەی خوێن بۆ منداڵەکە (ئەگەر لەکاتی منداڵبووندا خوێنێکی زۆرتان لەدەست دابێت)

٣- خەمۆکی دوای منداڵبوون

٤- کەم خوێنی منداڵەکە

٥- دواکەوتنی گەشەی منداڵ

كەمی فۆلیك ئەسید

کەمی فۆلیک ئەسید ئەگەر چارەسەر نەکرابێت دەتوانێت ئەم مەترسیانەی خوارەوەی هەبێت:

١- لەدایکبوونی پێش وەختە یاخود لەدایکبوونی منداڵەکە بە کێشێکی کەمەوە

٢- لەدایکبوونی منداڵەکە بەنەقسی زۆرەوە لە بڕبڕەی پشت و مێشکدا (نەقسی ملولەی مێشک)

کەمی ڤیتامین B12 دەرمان نەکراو دەتوانێت هەر هۆکارێک بێت بۆ نەقسی ملولەی مێشک.

پشکنینی کەم خوێنی

لە بەدواداچوونەکانی پێش منداڵبوون، پزیشک بۆ پشکنینی کەم خوێنیت پشکنینی خوێنت بۆ دەنوسێت، بە شێوەیەکی گشتی ئەم پشکنینانەی خوارەوە دەکرێت:

پشکنینی هیمۆگڵۆبین

ئەم پشکنینە ڕێژەی هیمۆگڵۆبینی خانمەکە دەپێوێت، هیمۆگڵۆبین پڕۆتینێکی دەوڵەمەندە بە ئاسن کە لە خانەی خڕۆکە سورەکاندایە کە ئۆکسجین دەگوازێتەوە بۆ خانەکانی جەستەمان

پشکنینی هیماتۆکرەیت (hematocrit)

ئەم پشکنینە ڕێژەی سەدی خڕۆکە سورەکانی خوێن دیاری دەکات لەو نموونە خوێنەی کە وەریدەگرین، ئەگەر ڕێژەی هیمۆگڵۆبین و هیماتۆکرەیت لە ڕێژەی ئاسایی کەمتر بێت، وادیارە کەم خوێنی کەمی ئاسنت هەیە، لەم حاڵەتەدا پزیشک بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە ئایا کەم خوێنییەکە لە جۆری کەمی ئاسنە یان هۆکارێکی تری هەیە، بەدواداچوون بۆ کێشەکانی تری خوێن دەکات.
تەنانەت ئەگەریش لەسەرەتای دووگیانیدا کەم خوێنیت نەبێت، پزیشک بۆ سێ مانگی دووەم و سێیەمی دووگیانیەکەت بڕیار دەدات بە ئەنجامدانی پشکنین

چارەسەری کەم خوێنی لە ماوەی دووگیانیدا

ئەگەر کەم خوێنیتان هەیە ئەوا بەدڵنییایەوە لەگەڵ خواردنی خواردنە پڕ ڤیتامین و ئاسنەکان دەبێت حەپی ئاسن و فۆلک ئەسیدیش بەکار بهێنن، هەروەها پزیشک ئامۆژگاری ئەوەتان دەکات کە زۆر ئەو خواردنانە بخۆن کە ئاسن و فۆلیک ئەسیدی تێدایە
لەگەڵ ئەمەشدا دەتوانیت چەند جارێ دوای بەکارهێنانی حەپەکان داوا لە پزیشک بکەن بۆ زانینی ڕێژەی هیمۆگڵۆبین و هیماتۆکرەیتی خوێنتان پشکنینتان بۆ بکات، بەدڵنییایەوە پزیشک بۆ چارەسەری کەمی ڤیتامین B12 دەرمانی ڤیتامین B12 دەنوسێت 

هەروەها ئەگەری هەیە پزیشک بڵێت کە لە خواردنە ئاژەڵییەکان زیاتر سود وەربگیرێت وەک:

(گۆشت، هێلکە، خواردەمەنییە شیرەمەنیەکان)

تەنانەت ئەگەری هەیە پزیشک نەخۆشەکە بنێرێتە لای پزیشکێکی پسپۆڕی خوێن تا بەتایبەت بارودۆخی نەخۆشەکە بخاتە ژێر چاودێرییە و وە لە دەرمانی کەم خوێنیەکەدا یارمەتی پزیشکی ژنان و منداڵبوون بدات

ڕێگری کردن لە کەم خوێنی لەماوەی دووگیانیدا

بۆ ڕێگریکردن و توشنەبوون بە کەم خوێنی لەماوەی دووگیانیدا بەتواوی سود ببینین لە ماددەی ئاسن، بۆ ئەم کارەش خواردنی باش و دەوڵەمەند بە ماددەی ئاسن لە ژەمەکاندا بەکاربهێنن.

هەوڵبدەن کە سێ جار لە ڕۆژێکدا لەم خواردنە دەوڵەمەندانە بە ماددەی ئاسن سود وەربگرن:

١- گۆشتی سوور، مریشک، ماسی

٢- سەوزەواتەکان و ئەوانەی گەڵاکانیان زۆر سەوزن وەک (سپێناخ، کەلەرم، بڕۆکلی)

٣-  لۆبیا و نیسک و نۆک و سۆیا (گۆشتە وشکە)

٤- چەرەساتەکان

٥- هێلکه

خواردنی دەوڵەمەند بە ڤیتامین سی یارمەتی زیاتر کردنی ماددەی ئاسن دەدات لە جەستەدا وەک:

١- مزرەمەنیەکان و ئاومیوە

٢- شلیک

٣- کێوی

٤- تەماتە

٥- بیبەری ڕەنگاوڕەنگ

هەوڵبدەن ئەم خواردنانەی سەرەوە لەگەڵ خواردنی دەوڵەمەند بە ماددەی ئاسن بخۆن، بۆ نموونە دەتوانن بۆ نانی بەیانی نانی گەنم و ئاوی پڕتەقاڵ بخۆن

هەروەها هەوڵ بدەن سوود وەرگرن لەو ماددانەشی کە دەوڵەمەندن بە فۆلیک ئەسید تا ڕێگریش بکەن لە توشبوون بە کەمی فۆلیک ئەسید وەک:

١- سەوزەواتەکان و گەڵا سەوزەکان

٢- مزرەمەنیەکان و ئاومیوە

٣- لۆبیای وشک

٤- نانی گەنم

وە داوا بکەن لە پزیشکەکەتان کە تەواوکەری ماددەی ئاسن و فۆلیک ئەسیدتان بۆ بنوسێت بە حەپ.

ئەو کەسانەی کە ڕووەک خۆرن و گۆشت ناخۆن  لەبارەی بەکارهێنانی دەرمانی ڤیتامین B12 لەماوەی دووگیانی یاخود شیردان پێویستە پەیوەندی بە پزیشکەکەیانەوە بکەن.


سەرچاوەکان



6233 بینین