فرەژنی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-13-01:11:00 - کۆدی بابەت: 4439
فرەژنی
خێزان لە‌ ئیسلامدا

لەناو ئەو گەلانە فرەژنی باو بووە (واتە ژمارەیەکی زۆر، کە پتر لە ١٠دەکات)، کەواتە جەند ژنی ئاینی ئیسلام داهێنەری نەبووە،

ناوه‌ڕۆك

چەند ژنی و کرداری جینسی وەک پێویستیەکی بایۆلۆژی

مێژووی نیزامی چەند ژنی لە کۆنەوە باو بووە لەناو زۆر لە کۆمەڵگاکان، دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەها ساڵ پێش ئیسلام وەک: عیبریەکان، گەلی سلاڤیەکان، عەرەبی جاهیلی، گەلی جەرمانیەکان، هەروەها ئێستاش هەرباوە لەناو زۆر لە گەلانی تر کە باوەڕیان بە ئیسلام نییە، وەک: هەندێک لە گەلانی کیشوەری ئەفریقا، ژاپۆن، هیندستان.

لەناو ئەو گەلانە فرەژنی باو بووە (واتە ژمارەیەکی زۆر، کە پتر لە ١٠دەکات)، کەواتە جەند ژنی ئاینی ئیسلام داهێنەری نەبووە، بەڵکو ڕێگەی پێداوە و سنوورداری کردووە (لە فرە ژنی بۆ چەند ژنی، دیاری کردووە لە چوار زیاتر نەبێت) لەگەڵ دانانی مەرجی تایبەت بۆی، ڕێگە پێدانی ئیسلام بە چەند ژنی لەبەر زۆر هۆکار بووە کەوای کردووە هەر دەبێ ببێت، تاوەکو ڕێڕەوەی ژیانی مرۆڤایەتی پشێوی و کێشەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی تێدا بڵاونەبێتەوە.

ئیمامی قوتبی دەڵێت: (کەواتە ئیسلام چەند ژنی دانەهێناوە وەک فەرمانێک و واجبی کردبێت، بە چاک و باشەش لە قەڵەمی نەداوە، بەڵکو تەنها حەڵاڵی کردووە، تاکە ژنی بە چاکتر داناوە چونکە نزیکترە لە ڕاست و دادوەری، دوورکەوتنەوەیە لە هەژاری بەهۆی زۆری منداڵی هەروەک ئیمامی شافعی هەمان بۆچوونی هەیە).

مەرجەكانی فرەژنی

ئەو کاتەی ئاینی ئیسلام حەڵاڵی کرد بۆ پیاو کە چوار ژن بهێنێت، ئەوا هەندێک مەرجی بۆ داناوە، لەوانە:
١-دادوەری بکات لە نێوانیان لە خواردن و خواردنەوە و جێگەی حەوانەوە و خۆشەویستی و هاتووچۆ.

٢-توانای بژێوی ئافرەت و منداڵەکانی هەبێت.

٣-توانای پاراستنی پاکی و ئابڕووی ئافرەتەکانی هەبێت.

ئەگەر پیاو نەیتوانی ئەو مەرجانە بەجێ بگەیەنێت ئەوا بۆی باشترە یەک خێزانی هەبێت، تاوەکو تووشی زیانی کۆمەڵایەتی و ئەدەبی و ئابڕووی نەبێت، چالاکی جنسی یەکێکە لە پێویستیەکانی ئادەمیزاد، تاوەکو هەندێک لەو ئەندام و ئۆرگانانە کاری فیسیۆلۆژی خۆیان جێبەجێ بکەن، جگە لەوەش چالاکی جنسی تەنها پێویستیەکی بایۆلۆژی نییە، بەڵکو پێویستیەکی دەروونی و کۆمەڵایەتیشە، لە هەمان کاتدا تێربوونی یەکێک لە ئارەزووە فیترییەکانە، هۆکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی ڕۆڵی کاریگەر دەگێڕێت لە هەڵچوون و دامرکانەوە و شەهوەی جنسی، ئەگەر یاسا و سنووری بۆ دیاری نەکرێت ئەوا لادان و دەرچوونی پێوە دیار دەبێت، لەگەڵ ئەو کێشانەی کە بە دوایدا دێن، کەواتە جنسی هەر تەنها پێویستیەکی فیسیۆلۆژی یان تێرکردنی ئارەزوو نیە، بەڵکو هۆکاری پاراستنی نەوەکانە، نەهێشتنی پشێوی دەروونیە، بناغەی درووست بوونی خۆشەویستییە، فراوانکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتییە، سەرچاوە و بناغەی پێکەوەنانی ماڵ و ماڵداری و ئابووریە، لەبەر بوونی ئەو پەیوەندیە تووندەی نێوان چالاکی جنسی و بوارە کۆمەڵایەتییە جیاجیاکان، بۆیە دەبێت هەر بڕیارێک دەربارەی ئەو بابەتە کە دەدرێت ڕەچاوی هەموو لایەنە کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و ئاینی ئەو کۆمەڵگەیە بکرێت.
بۆ تێربوونی ئەو ئارەزووە جنسییە فیتریە، فیسیۆلۆژیە، بایۆلۆژیە، دەروونیە، کۆمەڵایەتیە، ئاینی ئیسلام ژن هێنان و پێکەوەنانی خێزانی داناوە وەک ڕێگەیەکی ڕاست و درووست، هەموو پەیوەندیەکانی تری جنسی حەرام کردووە، وەک: زینا، نێربازی، پەیوەندی جنسی لەگەڵ ئاژەڵ، پەیوەندی جنسی نێوان دوو ڕەگەزی لەیەکچوو...هتد

هۆكارەكانی فرەژنی

١-پیاوان زیاتر ئامادەییان تێدایە بۆ کاری جنسی و زۆربوون، کرداری جنسی لە پیاوان دەمێنێت بۆ تەمەنی پیربوون واتە+٧٥ ساڵیش، بەڵام لە ئافرەتان ئەو پەڕی دەگاتە ٤٥-٥٥ ساڵی، ئافرەتان ماوەیەکی زۆر لە ڕۆژانی ساڵ دوورن لە کاری جنسی و منداڵبوون و زۆر بوون لەبەر سوڕی مانگانە دەگاتە ٧-١٠ ڕۆژ، منداڵبوون و زەیستانی ٢٠-٤٠ ڕۆژ، بێجگە لە کاتە ناڕەحەتەکانی سکپڕی و شیردان.

٢-هەندێک لە پیاوان لەبەر باری ژینگە و کەش و هەوا، وەک لە ناوچە گەرمەکان پێویستی بە زیاتر لەیەک ئافرەت هەیە.
٣-ئافرەتەکە نەزۆکە، یان نەخۆشە چاوەڕێی چارەسەری لێ ناکرێت یان گەشتووەتە تەمەنی پیری و منداڵی نابێت، لێرەدا هەندێك پیاو ناتوانن بەبێ منداڵ چاوەڕێ بكەن بۆیە لەسەر ڕەزامەندی خێزانیان داوای ئافرەتێكی دیكە دەكەن.

یان لە خێزانی یەکەمی جیاببێتەوە تاوەکو یەکێکی تر بهێنێت، یان لەگەڵ ئافرەتی یەکەم بمێنێت و ئەوەی دووەمیش بهێنێت تاوەکو ئەو ئارەزووەی هەیانە بۆ بوونی منداڵ جێبەجێ بێت.
٤-لە هەندێک باری کۆمەڵایەتی و سیاسی و خێزانداری وا دەخوازێت کەوا ژمارەی منداڵەکان زۆربن.
٥-تەنگەژەی نێوان هەردوو هاوسەرەکە بگاتە پلەیەکی وا نەتوانرێت چارەسەری بکرێت لەبەر هەر هۆکارێکی پزیشکی وەیان خێزانی بێت.
٦-چەند ژنی هۆکارە بۆ دوور کەوتنەوەی لە پەیوەندی جنسی ناشەرعی و پەیدابوونی منداڵی هەڵگیراوەی سەر شەقام و شوێنە چۆڵەکان.


سەرچاوەکان



1918 بینین