جزیە - سەرانە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-23-13:00:00 - کۆدی بابەت: 4780
جزیە - سەرانە
زانیاری ئیسلامی هەمەڕەنگ

بەهۆی ئەو سەرانەیە پاراستنیان ئەکەوێتە ئەستۆی موسوڵمانان

ناوه‌ڕۆك

باسی (جزیة)

ئەم یاسایانە بۆ كاتێك دەبێت كە حكومەت ئیسلامی بێت و دەستووری ئیسلامی پەیڕەو بكرێ

واتە: ئەو سەرانەیەی لە کافران وەرئەگیرێ و لە (بیت المال) دائەندرێ. جا ئەو کافرانەی سەرانە ئەدەن پێیان ئەگوترێ: (ذمي)، واتە: پەیمان لە ئەستۆ.

بەهۆی ئەو سەرانەیە پاراستنیان ئەکەوێتە ئەستۆی موسوڵمانان (عن العرباض بن ساریة -رضي الله عنه-: عن النبی ﷺ: إن الله لم یحل لکم أن تدخلوا بیوت أهل الکتاب إلا بإذن ولا ضرب نسائهم ولا أکل ثمارهم إذا أعطوکم الذی علیهم) رواه ابوداود، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: خوا ڕێگای نەداوەتە ئێوە بچنە ماڵی جولەکە و دیانەکان بەبێ ئیزن، ڕێگای نەداوە لە ئافرەتەکانیان بدەن و لە میوەجاتەکانیان بخۆن، بەو مەرجەی سەرانە بدەن.

مەرجەكانی سەرانەدان

مەرجەکانی سەرانە لێوەرگرتن پێنج مەرجن:
یەکەم: بلوغبوون.
دووەم: عاقڵییە.
سێیەم: ئازادییە.
چوارەم: نێرییە. 

واتە: منداڵ و شێت و کۆیلە و ئافرەت سەرانەیان لەسەر نییە و دروست نییە لێیان وەربگیرێ (عن معاذ -رضي الله عنه-: بعثنی النبی ﷺ إلی الیمن وأمرنی أن آخذ من کل حالم دینارا أو عدله معافریا) رواه الترمذي وغیره، (معاذ) -خوا لێی ڕازی بێت- فەرمووی: پێغەمبەر ﷺ منی ناردە (یەمەن) و فەرمانی پێکردم: هەر کافرێکی نێر بێ و بلوغی بووبێ، میسقاڵێکی زێڕی لێوەربگرم، یان نرخی میسقاڵەکە جلوبەرگ.

پێنجەم: ئەو کافرەی سەرانەی لێوەرئەگیرێ خاوەن کتێب بێ، واتە: کتێبیان لەلایەن خواوە بۆ هاتبێ، وەکو جولەکە و دیان، یان بۆنی خاوەن کتێبیان لێبێ، وەکو ئاگرپەرستەکان (عن مسلم الحضرمی -رضي الله عنه-: عن النبی ﷺ: قال سنوا بالمجوس سنة أهل الکتاب)

رواه الطبرانی، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: ڕەفتار لەگەڵ ئاگرپەرستەکان بکەن وەکو ڕەفتاری جولەکە و دیانان.

دانیشتووانی هەر شوێنێک سەرانە بدەن، شوێنەکە ئەبێتە (دارالإسلام)، واتە: خانەی ئیسلام. وە لە مەزهەبی ئیمام (مالك)ـدا دروستە سەرانە لە هەموو جۆرە کافرێک وەربگیرێ هەرچەند خاوەن کیتابیش نەبن، بەو مەرجەی (مرتد) نەبێ.

کەمترین ئەندزەی سەرانە یەک میسقاڵی زێڕە لە هەموو ساڵێک یەک جار، هەروەها دروستیشە نرخی ئەو میسقاڵە وەربگیرێ، هەروەک لە حەدیسی (معاذ)ـدا گۆتراوە. بەڵام دروستە لە پیاوی ناوەنجی زیاتر وەربگیرێ، واتە: دوو میسقاڵ زێڕی لێوەربگیرێ، وە لە پیاوی دەوڵەمەند چوار میسقاڵ زێڕی لێوەربگیرێ، بەو مەرجەی لە سەری ساڵەوە بەو ئەندازەیە لەگەڵیان پێکهاتبێ، ئەگەر نا، دروست نییە زیاتریان لێوەربگیرێ.

ئەبێ گەورەی موسوڵمانان یان جێگری ئەو پێکهاتنی سەرانە مۆر بکا و لەو پێکهاتنەدا بڵێ: (ڕێگەتان ئەدەم لە خانەی ئیسلامدا نیشتەجێ ببن بەو مەرجەی ساڵێ یەک جار ئەوەندە سەرانە بدەن و ملکەچ بن بۆ بڕیارەکانی ئیسلام).

دروستە لەو مۆرکردنەدا بە مەرج دابنێ لەسەر ئەوان میوانداری کردنی موسوڵمانی ڕێبوار، ئەو میوانداریکردنە زێدەیە لەسەر ئەندازەی سەرانە، کەوابوو: تەنها ئەبێ دەوڵەمەندەکان و ناوەنجییەکان میوانداری موسوڵمانان بکەن، نابێ بخرێتە سەر هەژارەکان.

پێكهاتنی سەرانە

چوار شت پێکهاتنی سەرانە لە ناو خۆیدا کۆ دەکاتەوە:

یەکەم: هەموو ساڵێک سەرانە بدەن.

دووەم: ملکەچ بن بۆ گشت بڕیارەکانی ئیسلام کە لە باسی سزای تاوانەکاندا گوتراوە، جگە لە پێنج ڕوکنەکانی ئیسلام و شەرابخواردنەوە، بەڵام نابێ بە ئاشکرا شەراب بخۆنەوە و بیفرۆشن.

سێیەم: نابێ باسی ئایینی ئیسلام بکەن تەنها بە چاکە نەبێ، کەوابوو: ئەگەر جنێو بە ئیسلام، یان بە قورئان، یان بە مزگەوت بدەن، تەمبێ ئەکرێن.

چوارەم: نابێ کارێکی وەها بکەن کە زیانی بۆ موسوڵمانان هەبێ، واتە: نابێ میوانداری سیخوڕ و دوژمنانی ئیسلام بکەن و نابێ هەواڵەکانی ئیسلام بگەیەننە کافرەکان، هەروەها نابێ دێر و کەنیسە دروست بکەن لەو شوێنانەی دایشتووانی موسوڵمان کۆبوینەوە (عن عمر -رضي الله عنه-: قال النبی ﷺ: لا تبنی کنیسة فی الإسلام) رواه ابن عدی، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: نابێ کەنیسە لە ووڵاتی ئیسلامدا دروست بکرێ.

واجبە پەیمان لە ئەستۆکان وا لە خۆیان بکەن کە بناسرێن بە کردنەبەری بەرگێکی نیشانکراو وە بە بەستنی پشتێندە گەورەکەیان لەسەر جلەکەیان.


سەرچاوەکان



1102 بینین