دەوڵەتی فەرثییەکان (پارثەکان)

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-27-01:44:00 - کۆدی بابەت: 4894
دەوڵەتی فەرثییەکان (پارثەکان)
مێژوو

بە نێوی خێڵەکانی (ئەسکیثی) کە لە هەرێمی خۆراسان نیشتەجێ بوون و هێزێکی یەکگرتووی سەربازیان پێک هێنا

ناوه‌ڕۆك

فەرثییەکان

سەردەمی دەسەڵات : ٢٤٧پ.ز - ٢٢٦ز

ناوی ئەم دەوڵەتە لە هەرێمی بارپیا (خراسان) لە ڕۆژهەڵاتی ئێران وەرگیراوە و بە دەوڵەتی (ئەشکانی)ـیش ناسرابوو، چونکە سەرکردەی فارسی (ئارشاک) ئەم دەوڵەتەی دامەزراند، پاشآن بە دەوڵەتی (ئەشکانی) ناوبرا، بە نێوی خێڵەکانی (ئەسکیثی) کە لە هەرێمی خۆراسان نیشتەجێ بوون و هێزێکی یەکگرتووی سەربازیان پێک هێنا و ئەمەش هاوکاریان بە دەوڵەت و ڕزگاربوون لە دەسەڵاتی سلۆقییەکان. هەروەها بە دەوڵەتی (فەرثییەکان-پارثەکان) ناسراوە، شاکانیان لە ناوچەکانی ژێر دەستی خۆیان دەسەڵاتی فیدراڵیان پێ درابوو، بۆیە چەندین وڵاتی بچووک دروست بوو کە سەر بە شای فەرثییەکان بوو.

لەوانە دەوڵەتی ئەیابین (حدیاب) لە نێوان هەردوو زێی گەورە و بچووک کە پایتەختەکەی شاری (ئەربل) بوو، لەوانە دەوڵەتی (خضر) (حەرزرەمی) ئارامی و دەوڵەتی کەرخینیا (میسان) لە زۆنگاوی حەوێزە.

شاکانی پارثەکان

شاکانی پارثەکان زۆر بایەخیان بە ئاوەدانی و بیناسازی داوە، شآرە کۆنەکانیان سەر لە نوێ بنیات نایەوە و پایتەختێکی نوێیان دامەزراند لە باشووری شآری بەغدا لەسەر ڕووباری دیجلە بە ناوی ئەیسەفۆن (المدائن) کە ئێستا (سەلمان پاک)ـی پێ دەوترێت، هەروەها بایەخیان بە بازرگانی دا و، ڕێگاکانی گواستنەوەیان پەرەپێدا و چەندین حەسار (خان) لە ڕێگاکانی گواستنەوە بۆ پشوودانی بازرگانەکان بنیاتنا و بیری ئاویان هەڵکەند لە ناوچە بیابانییەکان تا ناوچە سنوورییەکان، وای لێهات بووە هۆی پەیداکردنی دەرامەتێکی زۆر بۆ دەوڵەت، فەرثییەکان هانی جموجۆڵی تری ئابووریان دا، لەوانە کشتوکاڵ چەندین بەروبوومی کشتوکاڵی نوێیان هێنایە وڵات، وەک (قامیشی شەکر و بەخێوکردنی کرمی ئاوریشم) بۆ بەرهەمهێنانی ئاوریشمی سروشتی.

سوپا و سەرکردایەتی سوپا جێگای بایەخ و شوێنی لە پێشەوەی هەبوو لای شاکانی (پارثەکان)، چونکە دەوڵەت لە حاڵەتی جەنگدابوو لەگەڵ سلوقییەکان و ڕۆمانەکان. هەر لە سەدەی یەکەمی پ.ز سەرەتای لاپەڕەیەکی نوێ لە شەڕی خوێناوی لەگەڵ ڕۆمانەکان دەستی پێکرد بۆ دەست بەسەرداگرتنی ڕێگا بازرگانییەکان لە کوردستان، بە تایبەتی شآرەکانی (نەسیبەین و خەران و شەنگال)، بە شێوەیەکی گشتی ڕووباری فوڕات سنووری نێوان هەردوو وڵات بوو. ڕۆمانەکان بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پارثیەکان وەک لە باکووری کوردستان و هی تر کە ناویان لێنابوو (کوردئێن) و بنکەکەی شاری ئامەد (دیاربەکری ئێستا) بوو، بەمەش کوردستان لە نێو فارسەکان و ڕۆمەکانی ئەوکات دابەشکرابوو، واتە لە سەدەی یەکەمی پێش زاین. هەروەها هەرێمەکانی میدیا و هەرێمی ئەدیابین سەر بە فەرثییەکان بوو، بەڵام ناوچەی کوردئین سەر بە ڕۆمانەکان بوو. کوردستان ببووە گۆڕەپانی (مەیدانی) شەڕی نێوان ئەم دوو دەوڵەتە، لەبەر ئەمەش خەڵکەکەی دووچاری ماڵ وێرانی و مەرگەساتی ئەو شەڕە نیمچە بەردەوامە ببوون، بە تایبەتی کوردەکانی ناوچەی جەزیرە، ئەوە بوو جارێکیان ڕۆمانەکان گەیشنە شاری هەولێر و داگیریان کرد، بۆیە سەردەمی حوکمڕانی پارثەکان بە سەردەمێکی تاریک لە مێژووی گەلی کورد دادەنرێت، خاکەکەی ئەوکات دابەش کرابوو و خەڵکەکەشی تووشی ماڵوێرانی و جەنگ و وێرانکاری و کۆچپێکردنی خەڵک و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و برسێتی بوون.


سەرچاوەکان



1789 بینین