زاراوەی بەها (بایەخ)

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-05-06-02:34:00 - کۆدی بابەت: 5189
زاراوەی بەها (بایەخ)

ناوه‌ڕۆك

شیکاری زاراوەی بەها (بایەخ)

بەها کۆمەڵایەتییەکان بۆ خەڵکی ڕوون دەکەنەوە، کە چ شتێک گرینگ و بەنرخە و دەبێ خەڵکی بە پێی ئەو بایەخانە هەڵس و کەوت کەن و چ شتێک لە باری ئەخلاقییەوە نالەبارە و دەبێ خەڵکی خۆی لێ بپارێزێ. بە پێچەوانەی واتای باوەڕ کە باس لە پێناسەی ئەو شتانە دەکات کە هەن، بەها پەسەندی ئەو شتانە دەکات کە دەبێ ببن، بە واتایەکی ساکارتر، بەها بریتییە لەو بۆچوونانەی کە دەڵێن چ شتێک دروستە و چ شتێك هەڵەیە، بەهاکان پێوەر گەلێكن بۆ دادوەری کردن. بەهاکان پێوەرێکی کۆمەڵایەتین و خەڵکی لە سۆنگەی ئەوانەوە جوانی و دڵڕفێنی و خۆشییەکی کەس یان کردەوەیەک دەنرخێنن و دەیکەن بە ڕێنمای ژیانی کۆمەڵایەتییان، واتە گەلێک وەکو (ئازادی دەنگدان) یان (هەلی یەکسان) لە جڤاتە دیمۆکراتییەکاندا واتای بەهادارن، بەها کلتوورییەکان نە تەنیا چۆنییەتی بۆچوونمان لەمەڕ کۆمەڵگا پێک دێنن، بەڵکو داڕێژەری بنەمای کەسایەتیمانن.

لە هەموو کۆمەڵگایەکدا هەندێ بەها گرینگی زیاتری پێ دەدرێت لە کۆمەڵگای پیشەسازیدا بە گفت بوون، پێشکەوتنی ماددی و ململانێی، بەهایەکی گرینگن، کەچی لە کۆمەڵگای ناپیشەسازیدا بەهایەکی تر گرینگ ترن، لە هەندێ کۆمەڵگادا گرینگی زیاتر بە تاک خوازی دەدرێ، کەچی لە هەندێ کۆمەڵگای تردا بایەخێکی زیاتر بە نیازە گشتییەکان دەدرێ، بۆ نموونە زۆربەی قوتابییانی بەریتانیی لە ئەزمووندا گەر ببین قوتابییەک دەغەڵبازی دەکات و لە ڕووی کەسانی تر وەڵام دەداتەوە، زۆری پێ توڕەدەبن، کەچی قوتابییانی ڕووسی ئەم تووڕەبوونەیان پێ سەیرە و پێیان وایە کە یارمەتیدانی  یەکتری بۆ سەرکەوتن لە ئەزمووندا بەهای کلتوورییە.

لە کۆمەڵگایەکی ساکاردا ڕێککەوتن لەسەر کۆمەڵە بەهایەک زۆر ئاسانە، کەچی لە کۆمەڵگایەکی نوێدا سیستەمێک لە بەهاکان زاڵ و باڵادەستن، وەکو ئەوەی (گرینگی دان بە گەشەی ئابووری پێویستە یاخود ژینگە؟)، کۆمەڵگا دەبێ زیاتر پەرە بە تاک خوازی بدات یان بیرو باوەڕی گروپی؟.

بە گۆڕانی کۆمەڵگاکان و ئاڵۆزتربوونی پەیوەنییە کۆمەڵایەتییەکان بەهاکانیش تووشی گۆڕان دێن، تەنانەت بۆیان هەیە ببنە دژە بەها یاخود دژە بەهاکان ببنە بەها و نۆرمی کۆمەڵایەتی، وەکو ئەوەی کە پەیوەندی سێکسی بەر لە هاوسەرگیری یان پێکەوە ژیانی کوڕ و کچانێک کە ژن و مێردی فەرمی یەک نین، لە چەن دەیەی لەمەو پێش ڕووداوێکی نائاسایی و لادان لە بەهاکان بوو کەچی ئێستا لە زۆربەی وڵاتاندا وەکو دیاردەیەکی ئاسایی سەیری دەکرێ.


سەرچاوەکان



2905 بینین