نیشانە و چارەسەرەکانی ڕیا

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-07-18-14:52:00 - کۆدی بابەت: 5947
نیشانە و چارەسەرەکانی ڕیا

ناوه‌ڕۆك

ڕووپامایی

لە زمانەوانیدا ڕیاء ناوێکە لە ڕوئیەوە وەرگیراوە, وە ڕیاء ئەوەیە کە هەڵبستیت بە ئەنجامدانی کارێک لە پێناو ئەوەی خەڵک لێت ڕازی بن و دەستخۆشیت لێ بکرێت, ڕووپامایی بەوە ناسراوە کە کردەوەکەی پێچەوانەی نیەتی دڵیەتی, واتە ئەو کەسە نیەت و مەبەستی ئەوەیە کە خەڵک ستایشی بکەن لەسەر ئەو کارەی کە ئەنجامیداوە لە کاتێکدا ئەسڵ وایە ئەو کەسە نیەتەکەی لەبەر ڕازی بوونی خودای گەورە بێت.

ڕیاء لە بەکارهێناندا  هەستانە بە ئەنجامدانی پەرستشەکان بۆ خوای گەورە و هەوڵدان بۆ دەرخستنی ئەو کارە بۆ خەڵکی بۆ ئەوەی بیبینن و پێی سەرسام بن و دەست خوشی لێ بکەن، مەبەست لە ڕووپاماییش بە گەورە دانانی خەڵکە بۆ ئەوەی بە کارەکانی سەرسام ببن یا لە ترسی خەڵکی ئەو کارە ئەنجام بدرێت, شتێک هەیە کە هاوەڵی ڕووپاماییە, ئەویش (عجب) بەخۆ سەرسام بوون, ئەویش ئەوەیە کە مرۆڤ بە چاوی ڕازی بوونەوە تەماشای پەرستشەکان و چاکەکانی بکات, یەکێک لە گەورەترین نەخۆشیەکانی دڵ و ترسناکترین و بەربڵاوترین ڕووپاماییە, هەر بۆیە زۆر لە دەقە شەرعیەکان مرۆڤ لە ڕووپامایی ئاگادار دەکەنەوە.

خودای گەورە ڕایگەیاندووە کە هەر کارێک بە تەواوی بۆ ڕەزامەندی و لە پێناوی ئەودا نەبێت وەری ناگرێت, هەر بۆیە ئەگەر مرۆڤ بە وردی بیر بکاتەوە ئەوە بۆی ڕوون دەبێتەوە کە ڕۆژی قیامەت پێویستی بەو چاکانەیە کە تەنها و تەنها لە پێناو خودای گەورەدا ئەنجامیداوە, ئەمەش بەوە دەبێت کە نیەتت لە هەموو کار و بارەکانی ژیاندا تەنها لە پێناو خودای گەورە و ڕەزامەندی ئەودا بێت, ئاینی پیرۆزی ئیسلام ئەوەی ڕاگەیاندووە کە ڕووپامایی یەکێکە لە تاوانە گەورەکان, وەک هاوبەش پەیدا کردن (شرک) دایناوە, گەر ورد ببینەوە دەبینین کە ئەو کەسەی کە ڕووپامایی دەکات, پەرستشەکان وەک هۆکارێک بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی شتێک بەدەست بهێنێت, بەم شێوە ئەو کەسە پەرستشەکانی لە شتێکدا بەکارهێنا کە بۆ ئەوە نەشەرعێنراوە, وە سووکایەتی بە ئولوهیەتی خودای گەورە کردووە, هەر بۆیە خودای گەورە ئەوانەی کە ڕووپامایی دەکەن لە نوێژدا پەیمانی سزایەکی زۆر سەختی داون, وەک دەفەرموێت: (فَوَيْلٌ لِلْمُصَلِّينَ*الَّذِينَ هُمْ عَنْ صَلاتِهِمْ سَاهُونَ*الَّذِينَ هُمْ يُرَاؤُونَ) [الماعون:4-6] واتە: وەیل (کە دۆڵێکە لە دۆزەخ) بۆ ئەو کەسانەی کە لە نوێژەکانیاندا بێ ئاگان, ئەوانەی کە ڕووپامایی دەکەن، لە فەرموودە شییرینەکانی پێغەمبەر ﷺـدا چەندین فەرموودە هاتووە کە ترسناکی ڕووپامایی ڕوون دەکاتەوە لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا, وەک دەفەرموێت ﷺ: (ألا أخبرُكم بما هو أخوفُ عليكم عندي من المسيحِ الدجالِ؟ قالوا: بلى، قال: الشركُ الخفيُّ، يقومُ الرجلُ فيصلي فيزيِّنُ صلاتَه، لما يرى من نظرِ رجلٍ)، رواه ابن باز، في شرح كتاب التوحيد لابن باز، عن أبي سعيد الخدري واتە: جارێک پێغەمبەر ﷺ بە هاوەڵەکانی فەرموو ئایا لە شتێک ئاگادارتان بکەمەوە کە لە دەجال زیاتر دەترسم لێی کە ڕووبدات لە ئێوەدا, هاوەڵە بەڕێزەکانیش وتیان: بەڵێ, فەرمووی ﷺ: شرکی شاراوەیە, یەکێک هەڵدەستێت نوێژ دەکات, وە کاتێک کە کەسێک دەبێنێت کە سەیری دەکات نوێژەکەی جوانتر دەکات، لەم ئایەت و فەرموودانەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە پێویستە هەموو موسڵمانێک هەوڵبدات خۆی لەم نەخۆشیە ترسناکە بپارێزێت, وە گەر تووشی بوو ئەوا یەکسەر چارەسەری بکات.

ڕیاء (ڕووپامایی) لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا بە حەڕام دانراوە, ئەو کارەی کە بۆ ڕووپامایی ئەنجام درابێت قەبوڵ ناکرێت و وەرناگیرێت, یە ڕووپامایی یەکێکە لە جۆرەکانی هاوەڵ دانان بۆ خودای گەورە, یەکێکە لە (شیرکە بچووکەکان), وە یەکێک لە بەڵگەکانی ئەوەی کە رووپامایی حەڕامە ئەم ئایەتە پیرۆزەیە کە خودای گەورە دەفەرموێت: (فَمَن كانَ يَرجو لِقاءَ رَبِّهِ فَليَعمَل عَمَلًا صالِحًا وَلا يُشرِك بِعِبادَةِ رَبِّهِ أَحَدًا)(الکهف:١١٠) واتە: هەرکەسێک کە ئومێدی گەیشتن بە پەروەردگاری خۆی هەیە لە دواڕۆژدا ئەوا با کاری چاک و کردەوەی دروست ئەنجام بدات, وە لە پەرستنی پەروەردگاری خۆیدا هیچ کەسێک نەکاتە هاوتا و هاوبەشی و ڕووپامایی نەکات (تەفسیری ڕامان).

پێغەمبەر ﷺ لە فەرموودەیەکی قودسیدا لە خودای گەورەوە بۆمان دەگێڕێتەوە کە خودای گەورە فەرموویەتی: (مَن عمِل عملاً أشرك فيه معِي غيرِي، تركتُه وشركَه) واتە: "هەر کەسێک کارێ ئەنجام بدات و لە نیەتەکەیدا یەکێکی تر بکاتە هاوبەشم, ئەوا خۆی و ئەو شتەی کە کردوویەتیە هاوبەشم وازی لێدەهێنم"، بۆیە پێویستە لەسەر هەموو موسڵمانێک کە لە ڕووپامایی دورکەوێتەوە, چونکە ڕووپامایی یەکێکە لە ڕەفتاری دووڕووەکان, پێویستە لەسەر تاکی موسڵمان پاپەندبێت بە ئاکار و ڕەفتارە جوانەکان.

نیشانەکانی ڕووپامایی

ڕووپامایی نیشانەی زۆری هەیە کە مرۆڤ دەتوانێت تێبینیان بکات لە خۆیدا, بۆ ئەوەی بزانێت گەر تووشی ڕووپامایی بووە ئەوا بە زوترین کات هەوڵبدات کە دوورکەوێتەوە لێی, وە لەو نیشانانە:-

  • تەمەڵی کردن لە کاری چاکەدا, بەهێزبوون و حەزکردن لێی لە کاتی هەبوونی کەسێک.
  • کردنی کاری چاکە و دەسپێشخەری بۆی کاتێک کە لە ناو کۆمەڵێک کەسدایە, بەوە دەیەوێت کە کارە چاکەکانی خۆی لای ئەوان نیشان بدات.
  • کارە چاکەکانی زیاد بکات کاتێک کە گوێی لە دەستخۆشی و ستایش کردن دەبێت لەلایەن کەسانی دیکەوە.
  • کارە چاکەکانی کەم بکاتەوە کاتێک بینی کە کەسانی دیکە بە کارەکەی سەرسام نین.
  • هەوڵدان بۆ باسکردنی کارە چاکەکان لەلای کەسانی دیکەدا و هەواڵپێدان پێیان کە ئەو چەندە کار و پەرستش و چاکەی کردووە, ئەوەش بۆیە بکات بۆ ئەوەی کەسی بەرامبەر ستایش و دەستخۆشی لێبکات.
  • خۆ دانان بەوەی کە ئەو مامۆستای کەسانی دیکەیە و جورئەتی فەتوادانی هەیە.

چارەسەری نەخۆشی ڕووپامایی

بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت خۆی لە ڕووپامایی بپارێزێت و چارەسەری بکات, ئەوا پێویستی بە هەندێک هۆکار دەبێت کە بیانگرێنتە بەر بۆ ئەوەی لەو نەخۆشیە کوشندەیە ڕزگاری ببێت, لەوانەش:-

  • خۆ پڕ کردن لە زانست و زانیاری لە بیرکردنەوە و قسە و ڕەفتاردا.
  • هەست کردن بە گەورەدانانی خودای گەورە و جێبەجێکردنی پەرستشەکان بە جوانی و ڕێک و پێکی دوور لە ڕووپامایی.
  • هەست کردن بە چاودێری کردنی خودای گەورە بەسەرتەوە, وە هەست کردن بەوەی کە لە نیەتی دڵت و هەموو شتێک ئاگادارە و هیچ شتێکی لێ ون نابێت.
  • ترسان لەوەی کە کردەوەکانت بە بۆنەی ڕووپاماییەوە پوچەڵ ببێتەوە یا وەرنەگیرێت.
  • بیرکردنەوە لەوەی کە ستایش کردنی کەسانی دیکە بۆ کردەوەکانت هیچ سوودت پێ ناگەیەنێت, بە هەمان شێوە بە خراپ باسکردنت هیچ زیانێکت پێ ناگەیەنێت.
  • بیرکردنەوە لە حەقیقەتی دونیا و دواڕۆژ, دونیا کاتییە و کۆتایی دێت, وە ڕۆژی دوایی هەمیشەییە.
  • زوو نیەت تازە کردنەوە بۆ خودای گەورە و چاودێری کردنی نیەتەکانت.
  • بەردەوام بوون و پاپەند بوون بە خوێندنەوەی قورئان و هەوڵدان بۆ لەبەرکردن و لێ وردبونەوە و کارپێکردنی, چونکە قورئان شیفایە بۆ دڵ و دەروونی مرۆڤ, ڕەحمەت و بەرەکەتە بۆیان, ئەوە سەلماوە لە پێغەمبەر ﷺ ـەوە کە بەردەوام بوون لەسەر خوێندنی سورەتی الکافرون پێش خەوتن ئەبێتە بەڕائەت لە شیرک.
  • خوێندنەوەی ژیانی پێغەمبەر ﷺ و هاوەڵە بەڕێزەکان و شوێنکەوتووی هاوەڵە بەڕێزەکان و پیاو چاکان کە خۆ نەویست و دونیا نەویست بوون.
  • بیرکردنەوە لە مردن و حاڵی خۆت لە کاتی گەیشتنت بە خودای گەورە.


سەرچاوەکان



1299 بینین