پێنج بکوژترین ژەهر لە جیهاندا

له‌لایه‌ن: سروشت ناجی - به‌روار: 2021-07-19-13:59:00 - کۆدی بابەت: 5958
پێنج بکوژترین ژەهر لە جیهاندا

ناوه‌ڕۆك

بکوژترین ژەهرەکان

ژەهر پێناسە دەکرێت بە ماددەیەکی شل، ڕەق یان گاز کە کاتێک بەرکەوتەی دەبێت لەگەڵ زیندەوەراندا دەبێتە هۆی نەخۆشی، زیان گەیاندن یان مردن، مەرج نییە هەموو ژەهرێک دروستکراو یان سروشتی بێت، یاخود بەرکەوتنی ڕاستەخۆ لەگەڵ ژەهرەکەدا ببێتە هۆی مردن، بەڵکو دەکرێت دروستکراوی دەستی مرۆڤ بێت یان بە شێوەیەکی سروشتی بوونی هەبێت و زۆرجار بە خواردنی گۆشتی زیندەوەرێک کە ڕووەکێکی ژەهراوی خواردووە لەوانەیە کۆتایی بە ژیانی کەسێک بێت.

ئاستی کاریگەری ژەهر چۆن دیاری دەکرێت؟

هەموو ماددەکان ئەگەر بە بڕێکی زۆر بەکاربهێنرێن ژەهراوین، بۆ نموونە ئاو، بەڵام دەستەواژەی ژەهر دەگەڕێتەوە بۆ ترسناکی ماددەکان لە بڕێکی کەمی بەکارهێناندا، ئاستی بکوژی ژەهر دەپێورێت بەو ژەمەی کە دەبێتە هۆی مردنی نیوەی دانیشتوانی زەوی کە بە دەستەواژەی ٪٥٠ (ئێڵ دی ٥٠) دەردەبڕدرێت و پێی دەوترێت (ژەمی کوشندە). 

ژەمی کوشندە (ئێڵ دی ٥٠)

ژەمی کوشندە (ئێڵ دی ٥٠) بریتییە لە ڕێژەی کاریگەری ژەهر بۆ هەر کیلۆگرامێکی لەشی زیندەوەر، کە هەتا ڕێژەکە زۆرتربێت ئەوا بەکارهێنەر پێویستی بە بڕە ژەهری زیاترە بۆ مردنی، کەواتە ئەمە ئەوە دەگەنێت کە ڕێژەی بەرزی (ئێڵ دی ٥٠) بە مانای نزمی ئاستی کوشندەیی ژەهرەکە دێت.

بەرکەوتە جیاوازەکان، هەمەجۆری کاردانەوەکان لە بەکارهێنەرێک بۆ بەکارهێنەرێکیتر و نەبوونی توانا بۆ دۆزینەوەی ڕێگای بێ زیانی تاقیکردنەوەی توانای ژەهرەکان، بووەتە هۆی ئەوەی دۆزینەوەی (ئێڵ دی ٥٠) کارێکی قورسبێت، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆکاری ئەوەی دیاریکردنی پێنج بکوژترین ژەهر لە جیهاندا شتێکی مەحاڵ بێت.

پێنج بکوژترین ژەهر لە جیهاندا

(سیاناید) ناسراوترین و باوترین ژەهرە کە هەتا ئێستا دیاریکرابێت، بەڵام توانای کوشندەییەکەی کەمە چونکە ڕێژەی (ئێڵ دی ٥٠)ـی یەکسانە بە ٦ میلیگرام بۆ هەر کیلۆگرامێکی لەش و نەبووەتە یەکێک لەو پێنج بکوژترین ژەهرەی کە لە ڕیزبەندی جیهانیدا هەن

ئەم لیستەی خوارەوە بریتییە لە ناوی پێنج بکوژترین ژەهر لە جیهاندا:

  • Botulunium toxin
  • Maitotoxin
  • Batracotoxin
  • VX – NERVE AGENT
  • Ricin

بۆتۆکس BOTULINUM TOXIN

ناوە کورتکراوەکەی بریتییە لە (بۆتۆکس)، تۆکسین (بۆتۆکس) لە سەدەی ١٨ لە ئەڵمانیا دۆزرایەوە وەک سەرچاوەیەکی پیسبوونی خۆراک، ژەهرێکە کە کار لە کۆئەندامی دەمار دەکات و لە لایەن بەکتریای ناهەواییەوە بەرهەم دەهێنرێت، ئەم ژەهرە دەبێتە هۆی نەخۆشییەک کە بە نەخۆشی (ژەهراوی بوون بە خۆراک) ناسراوە و کەسی تووشبوو بە هۆی لەکارکەوتنی کۆئەندامی هەناسەیەوە دەمرێت.

بۆتۆکس بە شێوەیەکی بەربڵاو بە کوشندەترین ژەهر ناسراوە لە جیهاندا، کە (ئێڵ دی ٥٠)ـی یەکسانە بە یەک نانۆگرام بۆ هەر کیلۆگرامێکی لەشی زیندەوەر (١٠٠ نانۆگرام= ٠.٠٠٠٠٠٠١گرام)، کە ئەم ڕێژەیە بەسە بۆ ئەوەی ببێتە هۆی مردنی کەسێک کێشی ٧٠ کیلۆگرام بێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ژەهرە بەکارهێنانی پزیشکی هەیە و بەکاردێت لە چارسەرکردنی خێلی چاو، زیادەڕەوی لە تروکاندنی چاودا و چەند نەخۆشییەکی دیکە.

بۆتۆکس بە لایەنی کەمەوە تێچووەکەی دەکاتە 1,500,000,000 دۆلار بۆ هەر گرامێک، ١٠٠ گرام لە بۆتۆکس بەسە بۆ ئەوەی چارەکێكی دانیشتوانی زەوی بکوژێ.

مایتۆتۆکسین MAITOTOXIN

ژەهرێکە لە لایەن قەوزەی تاکخانەی Gambierdiscus کە جۆرێکی ژەهراوی قەوزەیە بەرهەمدەهێنرێت، خواردنی ماسییەک کە بەرکەوتەی ئەم جۆرە قەوزەیە بێت دەبێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشییەک بە ناوی ciguatera کە بە ئەگەری زۆرەوە کاردەکاتە سەر کۆئەندامی هەرس و ماسولکە و دەمارەکان.

مایتۆتۆکسین (ئێڵ دی ٥٠)ـی یەکسانە بە ٥٠ نانۆگرام بۆ هەر گرامێکی لەشی زیندەوەر، لە ماسولکەکانی دڵدا و تێکشکانی ماسولکەکان و پاشان مردن، Ca2+ بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەم ژەهرەدا دەبێتە هۆکاری زیادکردنی ئایۆنەکانی.

باتراکۆتۆکسین BATRACOTOXIN

باتراکۆتۆکسین ماددەیەکی نیمچە تفتە کە لە لایەن چەند جۆرێکی بۆق و باڵندەوە بەرهەمدەهێنرێت، بۆقی جۆری Phyllobates terribilis کە بە بۆقی زێڕینی ژەهراوی ناسراوە دەتوانێت بەهێزترین ژەهری باتراکۆتۆکسین بەرهەم بهێنێت.

(ئێڵ دی ٥٠)ـی ئەم ژەهرە یەکسانە بە ٢ نانۆگرام بۆ یەک کیلۆگرامی لەشی مرۆڤ، کە تەنها بە قەبارەی دوو دەنکە خوێی چێشت لەم ژەهرە دەتوانێت مرۆڤێک بکوژێت، باتراکۆتۆکسین ڕێگری دەکات لە داخستنی ڕێڕەوەکانی سۆدیۆم لە دەمارە خانەکان و ماسولکە خانەکاندا و دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی دڵ و پاشان مردن.

ڤی ئێکس نێرڤ ئەجێنت VX – NERVE AGENT

ناوەکەی بە واتای بریکاری دەمار دێت لە زمانی کوردیدا، ماددەیەکی دەستکردی ژەهراوییە کە لە ساڵی ١٩٥٠دا لە کاتی تاقیکردنەوەی دەرمانی مێرووکوژدا دۆزراوەتەوە.

(ئێڵ دی ٥٠)ـی ئەم ژەهرە یەکسانە بە ٣ مایکرۆگرام بۆ هەر کیلۆگرامێکی لەشی زیندەوە، کە دەبێتە هۆی شیبوونەوەی کۆئەندامی هەناسەدان و مردن، ئەم ژەهرە بە چەکێکی کیمیایش دادەنرێت، بۆیە بڕیاری قەدەغەکردنی بەرهەمهێنانی دەرکراوە لەلایەن کۆنگرەی چەکە کیمیاییەکانەوە و ئەم بڕیارە لە ساڵی ١٩٩٣دا واژووکرا و لە ساڵی ١٩٩٧دا جێبەجێکرا.

لە ساڵی ٢٠١٧ دا (ڤی ئێکس) بووە ژەهرێکی بەناوبانگ لە میدیاکانی جیهاندا چونکە بە هۆکارێکی دیاری مردنی (کیم جۆنگ-نام) برای سەرۆکی کۆریای باکوور (کیم جۆنگ ئون) دادەنرا.

ڕایسن RICIN

ڕایسن ژەهرێکە کە لە تۆوی ڕووەکی گەرچەکدا بوونی هەیە، (ئێڵ دی ٥٠)ـی لە نێوان ١ تا ٢٠ میلیگرامە بۆ هەر کیلۆگرامێکی لەشی زیندەوەر، خواردنی تەنها بڕێکی کەم لە تۆوی ئەم ڕووەکە دەتوانێت ببێتە هۆی مردن، بە هەڵمژین یان وەرگرتنی لە ڕێگای دەمارەوە  (ئێڵ دی ٥٠)ـی کەم دەبێتەوە بۆ ٥٠٠ مایکرۆگرام بۆ هەر کیلۆگرامێکی لەشی زیندەوەر.

رایسن دەگەڕێتەوە بۆ گروپی لەکارخەرەکانی پڕۆتینەکانی ڕایبۆسۆم، کاردەکات لە ڕیگەی لکان بە ڕایبۆسۆم و ڕێگریکردن لە بەرهەمهێنانی پڕۆتین.


سەرچاوەکان

116 بینین