بڕین و تەقەڵ لە منداڵبوونی سروشتیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-08-04-13:42:00 - کۆدی بابەت: 6167
بڕین و تەقەڵ لە منداڵبوونی سروشتیدا

ناوه‌ڕۆك

منداڵبوونی سروشتی

لە منداڵبوونی سروشتیدا منداڵەکە بە شێوەیەکی سروشتی لە زێی خانمەکەوە دێتە دەرەوە، بەڵام هەندێک کات خانمەکە ناتوانێت هەر ئاوا بە ئاسایی منداڵەکەی ببێت و تووشی ئازاری زۆر دەبێت، بۆیە زۆر جار دڕان ڕوودەدات یاخود ناچارن کە بڕین ئەنجام بدەن لە بەشی خوارەوەی زێدا.

هۆکاری دڕان لە منداڵبوونی سروشتیدا

  • گەورەیی سەری منداڵەکە
  • کێش نەهاتنی ناوچەی خوارەوەی زێ
  • ئامادەنەبوونی زێ
  • ئامادەنەبوونی جەستە و ئەنجامنەدانی وەرزش
  • خۆراکی ناتەندروست لە ماوەی دووگیانیدا

جۆرەکانی بڕینی زێ لە کاتی لەدایکبوونی منداڵەکەدا

بڕینی خوارەوەی زێ

خوارەوەی زێ بە نێوانی زێ و کۆم دەوترێت، کە لە کاتی منداڵبوونی سروشتیدا دڕان لەم ناوچەیەدا زۆر بەربڵاوە، کاتێک سەری منداڵەکە دێتە دەرەوە، بە چەند هۆکارێک لەوانەیە پزیشک پەنا ببات بۆ بڕینی خوارەوەی زێ تا منداڵەکە بتوانێت بە ئاسانی بێتە دەرەوە بە بێ ئەوەی هیچ فشارێک بەر سەری بکەوێت.

پەلە بەندی دڕانی خوارەوەی زێ لەسەر بنەمای قووڵی بڕینەکە

  • دڕانی پلە یەک

لە پلەی یەکەمدا پێستی دەوروبەری زێ و خوارەوەی زی دەدڕێت، ئەم جۆرە دڕانە بە بێ تەقەڵ یاخود بە چەند تەقەڵێکی بچووک چاک دەبێتەوە

  • دڕانی پلە دوو

قووڵترە لە دڕانی پلەی یەکەم، پێویستی بە دوورینەوە و تەقەڵ هەیە بۆ لاکانی، و چەند هەفتەیەکی پێ دەچێت تاکوو خۆش ببێتەوە، لەم حاڵەتەدا دایکەکە ئازارێکی زۆر دەبینێت.

  • دڕانی پلەی سێیەم و چوارەم

ئەم دڕانە زۆر قووڵە، لە دەوروبەری زێوە تاکوو خوارەوەی زێ و تەنانەت کۆم و ڕێکەش دەدڕێت، ئازارێکی زۆری هەیە و تەقەڵی زۆری دەوێت، و لە داهاتوودا ئەگەری ئەوە هەیە کە خانمەکە تووشی حاڵەتێک ببێت کە پیسایی کردنی بۆ کۆنتڕۆڵ نەکرێت.

لەوانەیە چەند مانگێکی پێ بچێت تاکوو تەقەڵەکان و شوێنی برینەکان چاک ببنەوە، لەم چەند مانگەدا دووچاری کێشەی زۆر دەبێتەوە خانمەکە، کێشەی دانیشتن و خەوتن و جل لەبەرکردن، بەم جۆرە دڕانە دەوترێت دڕانی کۆمی کە دەبێت لە ژووری نەشتەرگەریدا و خانمەکە بێ هۆش بکرێت ئینجا بدورێتەوە و تەقەڵی لێ بدەن.

دڕانی ملی منداڵدان

لە منداڵبوونی سروشتیدا جۆرێکی دیکەش دڕان هەیە کە لە ملی منداڵداندایە و واتە هەمان زێ، لەم جۆرە بڕینەدا لاکانی زێ دەدڕێن، لە کاتی هاتنە خوارەوەی وێڵاش یاخود لە کاتی منداڵبوونەکەدا، دڕانێکی قووڵ ڕوودەدات لە منداڵداندا، بە گشتی دڕانی منداڵدان بە هۆی جێگا برینی کۆنی منداڵبوون بە نەشتەرگەرییەوە ڕوودەدات.

دڕانی دەرچەی میز

لە هەندێک خانمدا، دڕان لە بەشی سەرەوەی زێدا ڕوودەدات کە دەرچەی میزە، ئەم دڕانە زۆر بچووکە و پێویستی بە چەند تەقەڵێکی بچووکە و یاخود لەوانەیە پێویستیی نەبێت و لە کاتی میزکردندا هەست بە ئازار و سووتانەوەی دەکرێت

بڕین چییە؟

بۆ ئاسانتربوونی منداڵبوونەکە پزیشک خۆی بڕین دەکات بۆ خانمەکە، بە هۆی زۆری فشار و ئازار و ژانی منداڵبوونەکەوە دایکەکە هەست بە ئازاری بڕینەکە ناکات بەڵام دواتر لە کاتی تەقەڵ لێدان و دوورینەوەی و تا چاکبوونەوەی هەست بە ئازاری زۆر دەکات.

چ کەسانێک بڕینی زێیان بۆ ئەنجام دەدرێت؟

  • ئەو کەسانەی یەکەمجارە منداڵبوونیان دەبێت بە سروشتی 
  • کەسانێک کە پێشینەی دڕانی پلەی سێیەم و چوارەمیان هەیە لە منداڵبوونەکانی پێشوویاندا
  • کەسانێک کە بە هۆی ئامێرێکی وەک مەقاش (forceps) منداڵیان بووە، واتە منداڵەکە بۆ هاتنە دەرەوەی سوود لەو ئامێرە وەرگیراوە
    کەسانێک کە پێشتر بڕینیان بۆ کرابێت لە منداڵبوونی سروشتی پێشوویاندا
  • کاتێک منداڵەکە لە حاڵەتێکی مەترسیداردا بێت
  • کەسانێک کە کاتی منداڵبوون بەرگەی فشارێکی زۆر دەگرن
  • کەسانێک کە نێوانی زێ و کۆمیان کورتە
  • ئەوانەی نێوانی دوو منداڵبوونیان کەمە
  • درێژە کێشانی کاتی منداڵبوونەکە
  • ئەگەر منداڵەکە بچێتەوە بەرەو سەر

چارەسەرکردنی بڕینەکان

- سەرەتا پزیشک دوای بڕینەکە دەرزی سڕکردن بەکاردەهێنێت و دواتر دەیدوورێتەوە و تەقەڵی لێ دەدات.

- دواتر دەبێت بۆ ماوەی ١٢ کاتژمێر سەهۆڵ دابنێیت لەسەری

- ئازارەکەت بە پێی زیادی بڕینەکە و ژمارەی تەقەڵەکانە و چەند هەفتە و لە هەندێک حاڵەتدا چەند مانگێک درێژە دەکێشێت تاکوو چاک ببیتەوە.

- چاودێریکردنی بڕین و  تەقەڵەکان لە ماڵەوە

- پاک ڕاگرتنی، بۆ ئەوەی ڕێگری بکەیت لە هەوکردن، ئەو ناوچەیە پاک ڕابگرە و زوو زوو بە ئاوی گەرم بیشۆ و دواتر وشکی بکەرەوە تاکوو نەبێتە ژینگەیەکی گونجاو بۆ گەشەکردنی بەکتریا، هەروەها زوو زووش سانتی بگۆڕە و مەهێڵە زۆر خوێن بمێنێتەوە.

- مانەوە لە ناو ئاوی گەرم، بۆ ماوەی ٢٠ خولەک لە ناو ئاوی گەرمدا دابنیشە و بە جۆرێک کە ناوچەی بڕین و تەقەڵەکان بە تەواوی بکەوێتە ئاوەکەوە، دەتوانیت ڕۆژانە ٢ بۆ ٣ جار ئەم کارە دووبارە بکەیتەوە و لەناو تەشتێکدا دابنیشیت.

- بەکارهێنانی سەهۆڵ، لەهەفتەی یەکەمدا کەمێک سەهۆڵ بکە ناو کیسەیەکەوە و بیخە سەر شوێنی بڕین و تەقەڵەکان تاکوو ئازاری کەمتر ببێتەوە.

- پشوودان، دوورکەوە لە چەمانەوە و وەستانی زۆر بە پێوە و هەروا دانیشتن لەسەر زەوی، زۆر کات لەسەر لا پاڵبکەون.

- ڕاهێنانی بەرزکردنەوەی سمت و دابەزاندنی، ئەم ڕاهێنانە گرنگە بۆ توندکردنەوەی ماسولکەکانی ناوچەی حەوز، سوڕی خوێن چالاکتر دەکات کە دەبێتە هۆی زوو چاکبوونەوەی برینەکان.

- جلی ژێرەوەی فراوان، هەوڵبدە قووماشی جلی ژێرەوەت نەرم و هروەها تەسک نەبێت

- ئەگەر پیسایت بۆ هات خێرا بیکە و مەیهێڵەوە تاکوو نەبێتە قەبزی، وە ئەگەر قەبزی ڕوویدا پێویست دەکات بە پرسی پزیشک دەرمانی تایبەت وەربگریت.

- ئەگەر پیسایی کردنت لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو یاخود، لە کاتی پێکەنین یان پژمین بات لێ بوویەوە و ئازاری سکت هەبوو سەردانی پزیشک بکە.

- برینەکەت بدە بە هەوا، ڕۆژانە جلەکانی ژێرەوەت لاببە و برینەکت بدە بە هەوا، بەم شێوەیە دوور دەبێت لە شێداری و پیسبوونی.

- دانانی جەوەنە، کاتێک ئازاری سک و پشتن زۆر بوو دەتوانیت جەوەنە بەکاربهێنیت، کە کیسەیەکی ئەستوورە و ئاوی گەرمی تێدەکرێت.

- دەرمان، ئەگەر ئازارەکەت بێزاری کردی و بە ڕێگای سرووشتی باش نەبوو، دەتوانیت دەرمانی ئازار شکێن بەکاربهێنیت ئەویش بە پێی ڕێنمایی پزیشک، چونکە شیر دەدەیت بە منداڵەکەت نابێت لە خۆوە دەرمان بەکاربهێنیت

- دوای چەند هەفتەیەک سەردانی پزیشک بکەرەوە تاکوو پشکنین بۆ تەقەڵەکانت بکاتەوە.

- ئەگەر ناوچی کۆم کڵۆخوێنی تێدا کۆبووبوویەوە دەبێت پزیشک پەتی تەقەڵەکە ڕابکێشێت تاکوو ئەو کڵۆخوێنە بێتە دەرەوە.

- ئەگەر تەقەڵەکان تووشی هەوکردن بوبوون لەوانەیە پزیشک دەرمانی دژە هەوکردن بنووسێت.

- ئەگەر ماوەیەکی زۆر دوای منداڵبوون بەردەوام ئازار و تا و هەبوو پێویستە کە سەردانی پزیشک بکەیتەوە.

چ خواردنێک بخورێت باشە لەم ماوەیەدا

  • خواردنێک بخۆ کە تووشی قەبزیت نەکات، چونک قەبزی زۆر و فشاری زۆر ئەگەری زۆرە ببێتە هۆی بەربوونی تەقەڵەکان.
  • خۆراکی دەوڵەمەند بە پڕۆتین بخۆ، بە لایەنی کەمەوە ڕۆژانە ٧٥ گرام پڕۆتین بخۆ
  • میوە و سەوزە بخۆ
  • حەپی مەڵتی ڤیتامین بخۆ
  • ئەو خۆراکانە بخۆ کە فایبەری کەمیان تێدایە
  • کاتێک میوە دەخۆیت پێستەکەی لێ بکەرەوە
  • برنج، پەنیر، گۆشت، ماسی، نانی سپی، مریشک و هێلکە بخۆ
  • تاکوو دەتوانیت شلەمەنی و ئاوی زۆر بخۆرەوە تاکوو دووربیت لە قەبزی.

ڕێگریکردن لە دڕانی ناوچەی زێ لە منداڵبوونی سروشتیدا

- بە دوای پزیشکێکدا بگەڕێن کە ئەزموونی زۆر بێت و بە دڵسۆزییەوە کارەکەی بکات، هەڵبەتە هەندێک کات بابەتەکە لە دەست پزیشکدا نییە و ئەگەر منداڵەکە سەری یان جەستەی زۆر گەورە بێت ناچارن کە بڕینی بۆ بکەن.

- وەرزش کردن

- مەساجکردنی زێ و بەشی خوارەوەی زێ چەند ڕۆژێک پێش منداڵبوون

 - تامپۆن بەکارمەهێنن و هەردەم سانتی بەکاربهێنن

زیانەکانی بڕین و دڕانی ناوچەی زێ لە ماوەی منداڵبووندا

- لە دڕانی پلە یەک و دوودا زیانێکی وای نییە و تەنها پەلە دوو کەمێکی دەوێت کە چاک ببێتەوە و کاتی خەوتن و دانیشتن بێزارت دەکات.

- لە دڕانی پلەی سێیەمدا ئازار زۆر دەبێت و هۆکارێکە تاکوو پیسایت بۆ کۆنتڕۆڵ نەکرێت بە تایبەت لەکاتی جووتبووندا.

- کۆنتڕۆڵ نەکردنی بای سک یەکێکی دیکەیە لە کاریگەرییەکان لە ماوەی دووگیانی زیاتر دووچاری قەبزی دەبیتەوه

- وشکبوونەوەی زێ، ئەویش بە هۆی کەمبوونەوەی هۆڕمۆنی ئیسترۆجینەوە، کە ئیسترۆجین هۆکارێکە تاکوو زێ تەڕ و شێدار بێت و ئەگەر کەم بکات جووتبوون زۆر بە قورسی ئەنجام دەدرێت.

جووتبوون دوای منداڵبوونی سروشتی

گرنگە تاکوو تەواوی بڕین و تەقەڵەکان چاک نەبێتەوە جووتبوون ئەنجام نەدرێت، واتە نزیکەی چوار بۆ شەش هەفتە لە حاڵەتی ئاسایدا و ئەگەریش بڕینەکە زۆر بوو پێویستە تاکوو چاک دەبێتەوە جووتبوون نەکرێت، دوای چاکبوونەوە جووتبوونەکە هەستێکی ناخۆش و ئازاربەخش دەبەخشێت بە خانمەکە و بە هۆی کاریگەری تەقەڵەکان وشکی زێی خانمەکەوە، کە تێیدا گرنگە پێش ئەوە لە ئاوی گەرمدا دابنیشیت و هەروەها چەورکەر بەکاربهێنیت پێش جووتبوون، بە تایبەت ئەگەر شیری خۆت دەدەیت بە منداڵەکەت، چونکە لە کاتی شیرداندا هۆڕمۆنی ئیسترۆجین کەم دەکات و ئەمەش وادەکات کە زێ زیاتر وشک ببێت.


سەرچاوەکان



20863 بینین