شەڕی بەلج

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-05-12-14:28:00 - کۆدی بابەت: 12869
شەڕی بەلج

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شەڕی بەلج (بە عەرەبی: معرکة الثغرة، بە ئینگلیزی: Battle of Bulge) جەنگی ناوچەی ئەردێنسیشی پێ دەوترێت. شەڕی بەلج یاخود هێرشەکەی ناوچەی ئەردێنس، کە دوایین هێرشی نازییەکان بوو لە جەنگی جیهانیی دووەم لەبەرەی پێشەوەی ڕۆژاوا. ناوچەکە دەکەوێتە وڵاتی بەلجیکا کە تێیدا هێزەکانی ئەڵمانی بە سوود وەرگرتن لە کەش و هەوای سارد و کڕێوەی دارستانی (ئەردێنس) توانیان هێرشێکی لەناکاوی کتوپڕ بکەنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا. جەنگەکە ماوەی شەش هەفتەی خایەند لە ١٦ی مانگی ١٢ ساڵی ١٩٤٤ دەستی پێکرد و لە ٢٨ مانگی یەکی ساڵی ١٩٤٥ کۆتایی هات. 

هۆکاری ئەنجامدانی شەڕەکە چی بوو؟ 

هیتلەر ئامانجی بوو لە ڕێگای ئەم هێرشەوە هێزەکانی هاوپەیمانان پەرش و بڵاوبکات، بەڵام نازییەکان لە بەدیهێنانی ئەم ئامانجە سەرکەوتوو نەبوون، بگرە یاریدەر بوو بۆ سەرکەوتنی هاوپەیمانان لە جەنگەکەدا. (وێستن چەرچڵ) سەروەزیرانی بەریتانیا وتی ئەمە گەورەترین شەڕی ئەمەریکییەکان بوو لە جەنگی جیهانیی دووەم. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا قوربانییەکی یەک جار گەورەی دا بۆ بردنەوەی ئەم جەنگە و زیاتر لە ١٠٠ هەزار کوژراو و برینداریدا لە پێناو بردنەوەدا، جێگای ئاماژە پێدانە ئەمەریکا بەتەنیا ئەم جەنگەی بردەوە بەبێ یارمەتی هێزەکانی تری هاوپەیمانان. ئەم شەڕە کوشندەترین شەڕی ئەمەریکیەکانە لە جەنگی جیهانیی دووەم و سێیەم کوشندەترین جەنگە لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. 

نازییەکان بۆ ئەم جەنگە چەند یەکەی سەربازییان بەکارهێنا؟ 

نازییەکان بۆ ئەم جەنگە ٣٠ یەکەی سەربازیان بەکارهێنا بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە دارستانی (ئەردێنس) بە درێژایی ٨٥ میل و بە سوود وەرگرتن لە کەش و هەوا ساردەکەی دارستانەکە زەبرێکی کوشندەیان لە هێزەکانی ئەمەریکادا، بەڵام نەیان توانی ئامانجەکەیان بپێکنن. بە پێی سەرچاوەکان بێت ڕاوێژکارەکانی ئەدۆلف هیتلەر دژی ئەم هێرشە بوون بۆ سەر هاوپەیمانان و هەر زوو زانیبوویان سەرکەوتوو نابن لێی، بەڵام ئەدۆلف هیتلەر سوور بوو لەسەری بۆیە ئەنجام درا. هەرچەندە ئەمەریکییەکان زەبرێکی کوشندەیان بەرکەوت، بەڵام بەرخوودانیان نواند لەنێو ئەو کەش و هەوا کڕێوەیەی دارستانەکە و توانیان شکست بە هێرشەکەی سوپای نازییەکان بهێنن و جەنگەکە ببەنەوە. 

بۆچی جەنگی بەلج بە جەنگێکی گرنگ و تایبەت دادەنرێت؟ 

ئەم جەنگە بە جەنگێکی تایبەت دادەندرێت لە مێژووی جەنگی جیهانیی دووەم. چونکە دوا هێرشی هێزەکانی (ئاکسێس: واتە وڵاتانی هاوپەیمانی ئەڵمانیای نازی) دوای ئەم جەنگە ئەڵمانیا تا کۆتایی شەڕەکە بەردەوام لە پاشەکشە دابوو تا شەڕەکەی بە یەکجاری دۆڕاند. 


سەرچاوەکان



1903 بینین