نانی نیوەڕۆ لەسەرووی هەوربڕەکانەوە (١٠٠ وێنەکەی مێژوو)

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-08-05-12:28:00 - کۆدی بابەت: 6180
نانی نیوەڕۆ لەسەرووی هەوربڕەکانەوە (١٠٠ وێنەکەی مێژوو)

ناوه‌ڕۆك

سەد وێنەکەی مێژوو

گۆڤاری تایم بڕیاری دا بە دانانی لیستێک بۆ بەناوبانگترین وێنەکانی مێژوو و لیستەکەش پێکهاتبوو لە ١٠٠ وێنە، بۆ ئەمەش لەگەڵ زۆرێک لە وێنەگر و وێنەزانانی جیهان کۆبوونەوە، لێکۆڵەرەکان دەڵێن: "هەندێک لە وێنەکانمان داناوە چونکە تاکن، هەندێکیان چونکە بیری مرۆڤیان گۆڕی، و هەندێکیش شێوازی ژیانمانی گۆڕی، بەڵام ئەوەی هاوبەشە لە نێوان هەموویان، ئەوەیە دەبنە هۆی گۆڕانکاری لە مرۆڤەکاندا".

ناوی وێنە نانی نیوەڕۆ لەسەرووی هەوربڕەکانەوە
ناوی وێنە بە فەرمی     Lunch Atop A Skyscraper
ڕیزبەندی چوارەم
جۆر سەیروسەمەرە، مەترسی
ساڵ ١٩٣٢
وێنەگر Charles C. Ebbets

نانی نیوەڕۆ لەسەرووی هەوربڕەکانەوە

ئەم وێنەیە بە ترسناکترین نانخواردنی نیوەڕۆ دادەنرێت کە وێنەی گیرابێت، یانزە پیاوی کرێکار لە بەرزی ٨٤٠ پێ (٢٥٦ مەتر) لە سەرووی شاری مانهاتن دوای کارکردن نانی نیوەڕۆ دەخۆن و پێدەکەنن و جگەرەدەکێشن، ئەم پیاوانە ئەو کرێکارانەن کە کاریان لە سەنتەری ڕۆکفێڵەردا دەکرد، ئەم وێنەیە لە ٢٠/٩/١٩٣٢ لە نهۆمی ٦٩ـی بینای سەرەکی RSA کە ئێستا باڵەخانەی (جێنێڕاڵ ئێلیکتریک)ـە گیراوە، وێنەگری وێنەکە ڕوون نییە کێیە بەهۆی ئەوەی ئەو ڕۆژە چوار وێنەگر لەوێ بوون.

ئەم وێنەیە پڕبەرهەمترین وێنەی میدیای کۆربیسە.

لە وێنەکەدا یانزە پیاوەکە زۆر بەئاسایی دانیشتوون و قاچەکانیان شۆڕکردوەتەوە بۆ خوارەوە، وەک ئەوەی هیچ مەترسییەک لەسەر ژیانیان نەبێت، گوایە ئەم وێنەیە ئامادەکاری بۆ کراوە بۆ ئەوەی سەنتەری ڕۆکفێڵەر گرنگی پڕۆژەکە بخاتە ڕوو، هەروەها چەند وێنەیەکی دیکەش لە هەمان ڕۆژ گیراون کە کرێکارەکان لە هەمان شوێن دەخەون و یاری دەکەن.

یەکەم کەسی دەستەڕاست پیاوێکی سلۆڤاکییە و لەو ساڵەدا بۆ پەیداکردنی بژێوی دەڕواتە ئەمریکا، ئەو وێنەیە دەنێرێتەوە بۆ هاوسەرەکەی و دەنووسێت: "خەم مەخۆ ئازیزەکەم ماریسکا، وەک دەبینی من هێشتا بوتڵەکەمم پێیە"، کە مەبەستی بوتڵی خواردنەوەکەیەتی.


سەرچاوەکان



900 بینین