چوونەوەیەکە گەورەکە - کۆتایی هاتنی گەردوون

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-08-05-16:09:00 - کۆدی بابەت: 6188
چوونەوەیەکە گەورەکە - کۆتایی هاتنی گەردوون

ناوه‌ڕۆك

چوونەوەیەکە گەورەکە

چوونەوەیەک و کۆتایی هاتنی گەردوون و یەکێکە لە سیناریۆ پێشبینی کراوەکانی زاناکانی بواری گەردوونناسی کە دەشێت گەردوون کۆتایی بێت، ئەمەش پشت بە بیردۆزی ڕێژەیی ئەنيشتاين دەبەستێت، ئەگەر بیردۆزی "بیگ بانگ" وەسفی ئەوە بکات کە چۆن گەردوون دەستی بە دروستبوون کردووە ئەوا چوونەوەیەکه گەورەکەش وەسفی ئەوە دەکات کە چۆن گەردوون کۆتایی دێت وەکو بەرئەنجامی ئەم دەستپێکەی گەردوون.

ئەم بیردۆزە باسی ئەوەمان بۆ دەکات کە کشانی گەردوون کە بەهۆی "بیگ بانگ"ـەوەیە بۆ هەمیشە بەردەوام نابێت، لەجیاتی ئەوە، لە کاتێکی دیاریکراودا لەکشان دەوەستێت و دەڕووخێتە ناو خۆی و هەموو شتەکان ڕا دەکێشێتە ناو خۆی هەتا لەکۆتاییدا دەبێتە گەورەترین کونی ڕەش بۆ هەتا هەتایە و هەموو شتێک لەناو ئەو کونەدا دەگوشرێت، لەبەر ئەوە ناوی چوونەوەیەکە گەورەکەیە.

ئەوەی زاناکان پێی گەیشتوون

بۆئەوەی زاناکان پێشبینیەکی دڵنیاکەرەوەی ئەگەری "چوونەوەیەکە گەورەکە" بکەن دەبێت تایبەتمەندییە بڕواپێکراوەکانی گەردوون دیاریبکەن، یەکێک لەو تایبەتمەندانە چڕیی گەردوونه، بڕوا واییە کە ئەگەر چڕیی زیاتر بێت لە پێوانەیەکی دیاریکراو کە بە Critical density "ڕێژەی پێویستی چڕیی ماددەکان بۆ وەستاندنی کشانی گەردوون" ناسراوە، ئەگەری ڕوودانی داڕووخانی گەردوون بەڕێژەیەکی زۆر دەکرێت ڕووبدات.

زاناکان پێیانوابوو تەنیا دوو هۆکار هەبووە کە بەشێوەیەکی زۆر کاریگەری لەسەر ئەم کشانە هەبووە ئەوانیش: هێزی ڕاکێشەکی کێشکردن لە نێوان هەموو گەلەستێرەکاندا (کە هاوڕێژەییە بە خەستی) و تەوژمی دەرەکییان بەهۆی تەقینەوە گەورەکەوە، وەکوو هەر تەنێک کە بە پێچەوانەی کێشکردنی زەوییەوە فڕێی دەدەیت، بۆ نموونە کاتێک تەنێک فڕێ دەدەیت بۆ ئاسمان لە ئەنجامدا کاتێک کە هیچ هێزێکی تر نییە بەرەو سەرەوەی ببات دەکەوێتە خوارەوە.

بەم شێوەیە هێزی ڕاکێشان زاڵ دەبێت کە وەکو پێشبینییەکی لۆجیکی دەرکەوت، بەڵام ئەمە هەتا ئەو کاتە بوو کە زاناکان ئەوەیان دۆزییەوە کە ڕێژەی کشانی گەردوون لە زیادبووندایە.

بۆ ڕوونکردنەوی ئەم دیاردە زاناکان دەبوو هەبوونی بوونێکی نەزانراوی ڕاستەقینە پەسەند بکەن کە ناویان نابوو "وزەی تاریک"، بە گشتی پێیانوابوو کە ئەم بوونە پاڵ بە هەموو گەلەستێرەکانەوە دەنێت دوورتریان دەکاتەوە، لەگەڵ ئەم وزە تاریکەدا و ئەو زانیارییە کەمەی کە دەربارەی دەیزانین وادیارە ئەگەری ڕوودانی چوونەوەیەکە گەورەکە کەمە.

ئێستا بە پێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە ئاژانسی بۆشایی ئەمریکا "ناسا" کردوویانە بە بەکارهێنانی تەلسکۆپی (Chandra X-ray) ئەوە پیشان دەدات کە هێزی وزەی تاریک لە گەردووندا جێگیرە، زیادبوونی هێزی ئەم وزە تاریکە پشتگیری ئەگەری ڕوودانی "Big Rip" دەکات، کە ئەویش بیردۆزێکی تری کۆتایی هاتنی گەردوونە کە پێشبینی ئەوە دەکات هەموو شتەکانی ناو گەردوون بە گەردیلەکانیشەوە  لەت لەت دەبن و سیستەمی گەردوون تێکدەچێت بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی کشان و کەمبوونەوەی چڕی و پلەی گەرمی و فراوانبوونی گەردوونەوە.

تەنانەت بە نەگۆڕانی هێزی وزە تاریکەکەش کشانی گەردوون هێشتا سیناریۆیەکه، بۆیە جگە لەو داتایەی کە ئەم تایبەتمەندیانه بەرپەرچ دەداتەوە ئەوانی تر هەڵگیراون و کۆکراونەتەوە، بیردۆزی چوونەوەیەکە گەورەکە وەکو بیردۆزێکی کەم پەسەندکراو دەمێنێتەوە.


سەرچاوەکان



724 بینین