بەشی زانستی جیۆلۆجی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2021-08-06-03:58:00 - کۆدی بابەت: 6195
بەشی زانستی جیۆلۆجی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جیۆلۆجی (بە ئینگلیزی:  Geology Science) یاخود زانستی زەویزانی یان زەویناسی بەشێکە لە پسپۆڕییە زانستییەکان، پەیوەستە بە خوێندنی مێژوو و تایبەتمەندی چینەکانی زەوی و شاخ و دەریا، هەروەها بایەخ بە سامانە سروشتییەکان دەدات وەکوو نەوت و گاز و کانزاکان و ئاوی ژێر زەوی و بەرد و هەڵکۆڵینەکان، کە زۆر گرنگە بۆ ژێرخانی ئابووری و بەرەوپێشبردنی هەموو وڵاتێك.

ئامانجی ئەم پسپۆڕییە بریتییە لە زانینی ئەو فاکتەر و گۆڕانکاریانەی کە کاریگەریان هەبووە لەسەر گەشەسەندن و دروستبوونی چین و پێکهاتەکانی زەوی و گرنگیدان بە خوێندنی (Atmosphere) ئەو توێژە هەوایەی کە دەوری توێکڵی زەوی داوە.

هەروەها خوێندنی دیاردە سروشتییەکان و دیاریکردنی هۆکاری ڕوودانی ئەو دیاردانە وەکوو بوومەلەرزە و گڕکان و داڕووخانی زەوی و لافاو، کەمکردنەوەی زیان و مەترسی ئەو دیاردانە و مامەڵەکردن لەگەڵیان بە شێوەیەکی دروست و گونجاو.

دۆزینەوەی سەرچاوەکانی وزە و سامانە سروشتییەکانی وەکوو نەوت و گازی سرووشتی و کانگەی خەڵوز و کانزا بەهادارەکان، و ئاوی ژێر زەوی، لەڕێگەی نەخشەسازی جوگرافی و تۆپۆگرافی و جیۆلۆجی تایبەتەوە.

پسپۆڕی جیۆلۆجی ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە دیاریکردنی شوێنی گونجاو بۆ پڕۆژەکان لە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی خاك و بەرد و دیاریکردنی ئاوی ژێر زەوی ناوچەی پرۆژەکە، هەروەها لە ڕێگای ئەم زانستەوە زیانی دیاردەکانی وەکوو بوومەلەرزە و داڕووخانی زەوی کەمدەکرێتەوە. 

قۆناغەکانی خوێندن

ماوەی خوێندن لەم بەشە بۆ ماوەی چوار ساڵە، خوێندن بە زمانی ئینگلیزییە، ساڵانی یەکەم و دووەم بە گشتی وانە سەرەکییەکان دەخوێندرێت و خوێندکار سەرەتایەك لە زانستی جیۆلۆجی وەردەگرێت بە بنەماکانی جیۆلۆجی ئاشنا دەکرێت، دواتر لە قۆناغەکانی سێیەم و چوارەم بە وردی و قوڵی ئەم پسپۆڕییە دەخوێندرێت، و چەندان وانەی گرنگ و تایبەت دەخوێندرێت لەوانە جیۆفیزیا، جیۆلۆجیای بترۆلیۆم، جیۆکیمیا و جیۆلۆجیای ئەندازیاریی و هایدرۆلۆجی چەندان وانەی تر.

شێوازی خوێندن بە تیۆری و کردارەکییە لە تاقیگەکان، و ئەم بەشە زیاتر زانستێکی پراکتیکییە. 

مەرج و تایبەتمەندی خوێندکارانی زانستی جیۆلۆجی 

- توانا و کارامەیی لە کیمیا و فیزیا. 
- لێهاتوویی لە جوگرافیا.
- توانای شیکارکردن و تێگەیشتنی نەخشە جوگرافی و تۆپۆگرافییەکان و ڕاڤەکردنی داتا و زانیارییەکان.
- بەتوانا لە زمانی ئینگلیزی چونکە خوێندنی ئەم بەشە بە زمانی ئینگلیزییە. 
- ئارەزوومەندیی و بوونی خولیا و حەزێك بۆ ئەم بەشە.
- وردکار و گرنگیدان بە وردەکارییەکان.
- خوێندکار ئامادەیی هەبێت بۆ گەشتی زانستی و توانای  لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی هەبێت.
- ئارامی و پشوودرێژی چونکە تا ڕادەیەك ئەم بەشە قورس و وشکە.
- توانای کارکردنی بە کۆمەڵی هەبێت.
- توانای ئامادەکردنی ڕاپۆرتی زانستی هەبێت لەسەر وانە کردارەکییەکان. 

بوارەکانی کارکردن

بوارەکانی کارکردن هەمەجۆرە، دەکرێت لە کەرتی تایبەت و حکومی کاربکەیت، هەروەها کارکردن تەنها پەیوەندیدار نییە بە بواری بە جیۆلۆجی، بەڵکو دەرچووی ئەم بەشە دەتوانێت بە لێهاتوویی خۆی لە چەندان بواردا کاربکات، نموونەی بوارەکانی کارکردن: 

- لە بوارە ئەندازیارییەکاندا: دەرچووی جیۆلۆجی بەپێی پسپۆڕییەکەی ڕۆڵێکی بە بایەخی هەیە لە دیاریکردنی شوێنی گونجاو بۆ پڕۆژە ئەندازیارییەکانی وەکوو ڕێگاوبان و تونێل و بەنداوەکان.

- کۆمپانیا و کارگەکان: دەرچوی ئەم بەشە دەتوانێت دەستبەکار بێت لە کۆمپانیاکانی پەیوەندیدار بە سامانە سروشتییەکان وەکوو کۆمپانیایاکانی نەوت و گاز.

- بواری ئەکادیمی: دەرچووی ئەم بەشە دەتوانێت وەکوو بەڕێوبەر یان یارمەتیدەرە یاخود توێژەر لە زانکۆ و سەنتەری توێژینەوەکانی پەیوەست بە جیۆلۆجی دەستبەکار بێت.

- دەرچووی ئەم بەشە دەتوانێت دەستبەکار بێت لە بواری نەوت و کانزاکان، هەروەها بەنداو و سەرچاوەکان. 

گرنگترین زانکۆکانی هەرێم کە ئەم بەشەی تێدا دەخوێنرێت


سەرچاوەکان



4749 بینین