بایۆمەتری

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-08-06-23:49:00 - کۆدی بابەت: 6204
بایۆمەتری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پێوانەی زیندەیی یاخود بایۆمەتری (بە ئینگلیزی: Biometrics) بریتییە لە هەژمارکردن و پێوانەکردنی تایبەتمەندییەکانی مرۆڤ، پشتڕاستکردنەوەی بایۆمەتری (Biometric authentication) لە زانستی کۆمپیوتەردا وەک جۆرێک لە ناساندن و مۆڵەتپێدان بەکاردەهێنرێت.

ناسێنەرەکانی بایۆمەتری تایبەتن و دەتوانرێت هەژماربکرێن بۆ ناسینەوە و جیاکردنەوەی تاکەکان، ناسێنەرەکانی بایۆمەتری زۆرجار وەک تایبەتمەندی فیسیۆلۆجی پۆلێن دەکرێن، نموونەی ناسێنەرەکان وەک: پەنجەمۆر، خوێنهێنەرەکانی لەپی دەست، ناسەرەوەی دەموچاو، بۆماوە ماددە (DNA)، چاپکردنی دەستی، ئەندازەی دەست (hand geometry)، ناسەرەوی گلێنەی چاو و بۆن، هەروەها تایبەتمەندی ڕەفتارکردن هەیە کە هەندێكجار بەکاردەهێنرێت بۆ ناسینەوەی کەسەکە وەک شێوازی ڕێکردن، واژوو و دەنگ، هەندێک لە توێژەران دەستەواژەی بیهەیڤرۆمێتریک (behaviometric) بۆ ئەم جۆرە پێوانەکردنە بەکاردەهێنێت کە بەشێکە لە پێوانەی زیندەیی یاخود بایۆمەتری.

یەکێک لە بەکارهێنانەکانی بایۆمەتری لە کۆنتڕۆڵکردنی مۆڵەتپێداندایە وەک سیستمەکانی ناسەرەوەی هێما وەک مۆڵەتی شۆفێری و پاسپۆرت، هەروەها سیستمە ناسەرەوەکان کە لەسەر بنەمای زانین کاردەکەن وەک وشە نهێنییەکان و ژمارەی ناسنامەی کەسی، لەبەرئەوەی کە ناسەرەوەکانی بایۆمەتری بۆ هەر تاکێک تایبەتە بۆیە زیاتر پشتی پێدەبەسترێت تا ناسەرەوەکانی دیکە کە بەندن لەسەر زانیاری، چونکە وشە نهێنییەکان دەکرێت ببرێن و لەلایەن کەسانی دیکەوە بەکاربهێنرێن.

کۆنترین بەکارهێنانی پەنجەمۆر دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1881 کاتێک خوان ڤوسەتیچ (Juan Vucetich) هەستا بە کۆکردنەوەی پەنجەمۆرەکانی تاوانباران لە ئەرجەنتین.

سیستمی بایۆمەتری فرە مەرجی

سیستمی بایۆمەتری فرە مەرجی هەڵدەستێت بە بەکارهێنانی چەند ناسەرەوەیەک بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو کێشانەی کە بۆ سیستمی بایۆمەتری تاک مەرجی دروستدەبێت، بۆ نموونە ناسەرەوەی چاو دەکرێت کێشەی بۆ دروستببێت و خاوەنەکەی نەناسێتەوە بەبۆنەی پیربوونی گلێنەی چاوەوە، یان ناسەرەوەی ئەلیکترۆنی پەنجەمۆر دەکرێت خاوەنەکەی نەناسێتەوە بەبۆنەی بڕین یان تێکچوونی پەنجەکەوە، بۆیە سیستمی بایۆمەتری فرە مەرجی کۆمەڵە ناسەرەوەیەک لە خاوەنەکە وەردەگرێت و پاشان لێکیان دەدات و زانیاری دەربارەی کەسەکە وەردەگرێت وەک داواکردنی پشکنینی چاو و پەنجەمۆر و هەروەها دەنگ، یان هەندێکجار سیستمەکان چەندجارێک چاو یاخود پەنجەکە دەپشکنن بۆ هەژمارکردنی هەر گۆڕانکارییەک گەر دروستببێت.

جۆرە هێرشێک هەیە کە پێدەوترێت هێرشی لاساییکردنەوەی کەسایەتی، کە بریتییە لە پێدانی زانیاری هەڵە یان دروستکراو بۆ سیستمەکانی ناسەرەوەی بایۆمەتری، سیستمی بایۆمەتری فرە مەرجی زۆر بەهێزترن بەرامبەر هێرشەکان بەڵام ئەمانیش توانای شکاندنیان هەیە.

پێشکەوتنەکانی سیستمی بایۆمەتری

لەم دواییانەدا پێوانەی زیندەیی دروستکراوە کە لەسەر مێشک (electroencephalogram) و دڵ (electrocardiogram) کاردەکات، گرووپێکی توێژینەوە کە لە زانکۆی کێنت کاردەکەن دەریانخستووە کە هەر کەسێک شێوازی جیاوازی لێدانی دڵ و مێشکیان هەیە، هەروەها یەکێک لە نموونەکانی تر بریتییە لە ناسینەوەی خوێنهێنەرەکانی دەستەکان، کە سیستمێکە هەڵدەستێت بە ناسینەوەی شێوازی ڕیزبوونی خوێنهێنەرەکانی دەست، نەوەیەکی نوێ لە پشکنینی بایۆمەتری دروستدەکرێت کە پێیدەوترێت بایۆمەتری مەبەست، کە وەک بە ناوەکەیدا دیارە هەڵدەستێت بە دیاریکردنی مەبەستی کەسەکە کە پشکنینی بۆ دەکات، ئەم سیستمە هەڵدەستێت بە پشکنینی جوڵەی چاوەکان، پلەی گەرمی لەش و شیوازی هەناسەدان پاشان پێشبینیکردنی ئەو ڕەفتارانەی کە کەسەکە لەوانەیە ئەنجامیبدات پێشئەوەی ڕووبدات.

بایۆمەتری ئاژەڵان

بێجگە لە بەکارهێنانی هێما یان تاتۆ، دەتوانرێت بایۆمەتری بەکاربهێنرێت بۆ ناسینەوە و دیاریکردنی پۆلێنی ئاژەڵان وەک خەتەکانی گوێدرێژی کێوی، ڕیزبوونی دەمارەکان لە گوێچکەی گیاندارە کرتێنەرەکاندا وەک مشکەکان هەروەها هێما و شێوازی باڵی شەمشەمەکوێرەکان.

کێشە و نیگەرانییەکان

ئاشکرابوونی تایبەتمەندییە کەسییەکان

دەکرێت ئەو داتایانەی کە لە پشکنینی بایۆمەتریدا کۆدەکرێتەوە بەکاربهێنرێت بۆ چەند مەبەستێک کە خاوەنەکەی داوای نەکردوون، بۆ نموونە زۆربەی ناسەرەوە بایۆمەترییەکان چەندین حاڵەتی تەندروستی دەروونی و نەخۆشی دەردەخەن، بۆ نموونە پەنجەمۆر دەتوانێت نەخۆشی کرۆمۆسۆمی دەربخات، شێوازی ڕیزبوونی خوێنهێنەرەکانی دەست دەتوانێت نەخۆشی خوێنهێنەرەکان دیاریبکات، هەروەها هەندێک لە بایۆمەترییە ڕەفتارییەکان دەتوانێت نەخۆشییە دەمارییەکان ئاشکرابکات، هەروەها نەوەی دووەمی بایۆمەتری واتا بایۆمەتری ڕەفتاری و بایۆمەتری فیزیۆئەلیکترۆنی دەتوانن بەکاربهێنرێن بۆ دیاریکردنی هەستەکانی تاکەکان.

مەترسی بۆ خاوەن کەلوپەلە پارێزراوەکان

کاتێک دزێک ناتونێت بڕواتە ناو شوێنی شتومەکی پارێزراوەوە، گەر شتومەکەکان بە ئامێری بایۆمەتری پارێزرابن ئەوا ئەگەری هەیە کە دزەکان دووبارە بگەڕێنەوە و هێرشبکەنە سەر خاوەنەکەی و زیانی پێبگەیەنن، تەنانەت هەندێک لە زیانەکان چارەسەر ناکرێن، بۆ نموونە لە ساڵی 2005 چەند دزێکی مالیزی هەستان بە بڕینەوەی پەنجەی کەسێک کە خاوەنی ئۆتۆمبێلێکی مارسیدز جۆری ئێس (Mercedes-Benz S-Class) بوو، بەمەبەستی دزینی ئۆتۆمبێلەکەی کە بە سیستمی بایۆمەتری پارێزرابوو.

ئەو وڵاتانەی کە بایۆمەتری بەکاردەهێنن


سەرچاوەکان



1737 بینین