١٠ بەهێزترین بومەلەرزەکانی مێژوو

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-08-13-14:44:00 - کۆدی بابەت: 6279
١٠ بەهێزترین بومەلەرزەکانی مێژوو

ناوه‌ڕۆك

بومەلەرزە‌

بومەلەرزە‌ ياخود ڕاته‌كانی زه‌وی (بە ئینگلیزی: Earthquake) ئه‌و دیارده‌ سروشتییە‌ تۆقێنه‌ره‌یه‌ كه‌ هه‌زاران ساڵ له‌مه‌وبه‌ر مرۆڤ لێی تێگه‌شتووه‌، بینیویه‌تی له‌ كاتی ڕوودان و پاش ڕوودان كاریگه‌ری چی ده‌بێت و چ وێرانكاریه‌كی ده‌كات، بەپێی‌ تیۆرە زانستیەكانی جیۆلۆجی، بەهۆی‌ تێكشكانی‌ بەرد و تاوەرەكانی‌ ناو كرۆكی زەوی‌ بومەلەرزە درووست دەبێت، لە كاتی‌ ڕوودانیشدا زەوی‌ بەشێوەی شەپۆلی‌ خێرا دەجوڵێتەوە، یاخود بەشێوەی ڕۆچوونی‌ زەوی‌ و تەقینەوەی‌ گڕكان لە چینەكانی‌ ناو زەویەوە دەردەكەوێت.

پلەكانی‌ بومەلەرزە بە پێوەری رێختەر لە پلە ١ــەوە دەستپێدەكات و لە پلە ١٠ دا كۆتایی دێت و بەپێی پلەكان زیانەکانی دیاریدەکرێت، ئامێری‌ ڕێختەر کە ئامێرێكە بەكاردەهێنرێت بۆ پێوانەكردنی‌ پلەكانی‌ بوومەلەرزە، بۆ یەكەمجار لەلایەن (چارلز ڕێختەر)ـە وە لە ساڵی‌ (١٩٣٥) دا دروستكراوە و ئامێرەکەش ناوی ئەوی هەڵگرتووە، ڕێختەر تا ئێستاش لە جیهاندا بۆ پێوانەكردنی تووندی بومەلەرزە بەكاردەهێنرێت.

بومەلەرزە جگە لە ڕۆچوونی زەوی و درووستکردنی گڕکانەکان، کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر درووستبوونی تسۆنامی کە بە کۆمەڵە شەپۆلێکی یەک بەدوای یەکی ئاو دەوترێت کە هەندێکجار بەرزدەبێتەوە بۆ سەدان مەتر، وشەی تسۆنامی وشەیەکی ژاپۆنییە و بەمانای شەپۆلی کەنار دێت.

لە مێژوودا چەندین بومەلەرزەی بەهێز ڕوویداوە بەڵام کۆمەڵێک تۆمارنەکراون و نەچوونەتە سەر پەڕەکانی مێژوو یاخود لە سەردەمە کۆنەکاندا بووە کە نەزانراوە توندی ئەو لەرینەوەیەی زەوی بەچی بپێورێت. 

١٠ بەهێزترین بومەلەرزەکانی مێژوو

ڤالدیڤیا - چیلی لە ٢٢ ی ئایاری ١٩٦٠ (٩.٥ پلە)

بەهێزترین بومەلەرزە کە تا ئێستا تۆمارکرابێت بومەلەرزەکەی ناوچەی چیلییە کە بە ٩.٥ پلەی ڕێختەر پێوراوە لە قووڵایی ٢٥ کیلۆمەتردا، لە ئەنجامدا بووە هۆی (مردنی ١٦٥٥ کەس، برینداربوونی ٣ هەزار و وێرانبوونی ماڵ و ئاوارەبوونی نزیکەی ٢ میلیۆن کەس) زیانی مادییەکەشی بە نزیکەی ٥٥٠ میلیۆن دۆلاری ئەمریکی خەمڵێندراوە، ناوچەی بومەلەرزەکە زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر درێژدەبۆوە و ئەو تسۆنامییەی کە دروستیکرد بووە هۆی زیانگەیاندن بە چەندین وڵاتی تری وەک ژاپۆن و فیلیپین و دوورگەکانی هاوای و زیاتر لە ٢٥٠ کەسیش بەهۆی کاریگەری تسۆنامییەکەوە مردن.

شازادە ویلیام - ئالاسکا لە ٢٨ ی ئازاری ١٩٦٤ (٩.٢ پلە)

بە بەراورد بە بومەلەرزەکەی چیلی، ئەم بومەلەرزەیە کەمتر زیانی هەبوو وە بەهەمان شێوە لە قووڵایی ٢٥ کیلۆمەتردا بوو، بومەلەرزەکە بووە هۆی دروستبوونی تسۆنامییەک کە بە هۆیەوە (١٣١ کەس مردن، بە نزیکەیی ٣١١ میلیۆن دۆلار زیانی گەیاند) لە ویلایەتی ئالاسکا هەستیپێکرا لەگەڵ چەند ناوچەیەکی کەنەدا، وە ئەو تسۆنامییەی کە درووستی کرد کاریگەرییەکەی گەیشتە دوورگەکانی هاوای، کاریگەری و زیانی گیانی زۆر نەبوو بەهۆی ئەوەی لە ناوچەیەک ڕوویدا کە چڕی دانیشتووان تێیدا کەمبوو.

سوماترا - ئەندەنووسیا لە ٢٦ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٤ (٩.١ پلە)

ئەم بومەلەرزەیە لە ئەندەنووسیا ڕوویداوە لە ساڵی ٢٠٠٤ دا، بومەلەرزەکە لە زەریای ھیندی دا بە پلەی ڕێختەری ٩.١ و لە قووڵایی ٣٠ کیلۆمەتردا، بە بەراورد بە ھێزی تەقینەوەی ئەتۆمی کە دەکاتە 32 گێگا تەن ئەمە دووەم زەمین لەرزەیە بەو پلە بەرز و کاتە زۆرە داویەتی لەو ناوچەیە تا ئێستا ڕیکۆرد کرابێت، کاریگەری گەشتە ماڵدیڤ و تایلاند پاشان 5 تسۆنامی تری بە دوای خۆی دا دروست کرد و دایان لە دەریاکانی ھیندستان، ژمارەی قوربانیان بریتی بوو لە (مردنی ٢٨٣ هەزار کەس، بێسەروشوێنبوونی ١١٦٧ کەس و زیاتر لە یەک میلیۆن ئاوارەبوون) لەگەڵ زیانی ماددی زیاتر لە 7 میلیار دۆلار ھەموو ئەم وێرانکاری و زیانانە هەمووی لە ماوەی ٨ بۆ ١٠ خولەک ڕووی دا.

تۆهۆكۆ - ژاپۆن لە ١١ ی ئازاری ٢٠١١ (٩.٠ پلە)

ئەم بومەلەرزەیە لە رۆژھەڵاتی کەناری تۆھۆکو لە ژاپۆن بە پلەی ٩ ی ڕێختەر ناوچەکەی ھەژاند یەکێك بوە لە بەھێزترین بومەلەرزەکان تا ئێستا لەو وڵاتە‌ بدات وەکو گەورە ترین ٥ بومەلەرزە لە جیھاندا دانراوە، زیانەکانی بریتی بوو لە (نزیکەی ١٥ هەزار گیان لەدەستدان، ٥٣١٤ بریندار بوون، زیاتر لە ٤٢١٨ کەس تر بێ سەروشوێن و ١٣٠ هەزار ئاوارە) لەگەڵ ئەوەشدا زیانی ماددی کە زیاتر لە ٣٣٢ هەزار بینا و باڵەخانه‌ و خانووی وێرانکرد، ئاگرێکی زۆر لە ناوچەکە کەوتەوە ھەروەھا بووە ھۆی دروستبوونی تسۆنامیەک و ئەویش زیانی زیاتری ماددی و گیانی بە دوای خۆیدا ھێنا، زۆرێک لە ڕێگاکان و ڕێگاکانی شەمەندەفەریش تێکشکان ئەمە یەکێ بوە لە گەورەترین مەینەتی و ناخۆشیەکان کە بەسەر ژاپۆندا ھات دوای جەنگی جیھانیی دووەم و کارەساتی هێرۆشیما و ناکازاکی، جگە لەو زیانانە بووە هۆی زیانێکی گەورە بە ناوەندەکانی وزە ئەتۆمیەکانی ژاپۆن کە کاریان درووستکردنی بۆمبی ناوەکی بوو، کاریگەری تسۆنامیەکەش گەشتە نزیک کەنەدا و ھاوای.

کامچاتکا - یەکێتی سۆڤیەت لە ٤ ی تشرینی دووەمی ١٩٥٢ (٩.٠ پلە)

ئەم بومەلەرزەیە لەگەڵ بەهێزی پلەی ڕێختەرەکەی بەڵام خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە بەهۆی ئەوەی لە نزیک دوورگەکانی هاوای ڕوویداوە، زیانە ماددیەکانی بە نزیکی ١ میلیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت بەهۆی زیان گەیاندن بە کەشتی کەناردەریاکان و کۆمەڵێک خانوو و کشتووکاڵی ناوچەکە، لەگەڵ مردنی ٦ مانگای یەکێک لە جووتیارەکانی ئەو ناوچەیە، بەرزی تسۆنامییەکەی نزیکەی ٩ مەتر بووە.

هەرێمی بایۆبیۆ - چیلی لە ٢٧ ی شووباتی ٢٠١٠ (٨.٨ پلە) 

ئەم بومەلەرزەیە کە دووەم بەهێزترین بومەلەرزەیە لە وڵاتی چیلی، لە ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە ڕوویدا کە دەکەوێتە ئەوپەڕی گۆی زەوییەوە و لە قووڵایی ٣٥ کیلۆمەتردا، بومەلەرزەکە و تسۆنامییەکەی بووە هۆی (٥٢٠ مردن، ٢٤ ونبوون، نزیکەی ١٢ هەزار بریندار و ئاوارەبوونی زیاتر لە ٨٠٠ هەزار کەس) لەگەڵ زیانی وێرانبوونی ٣٧٠ هەزار باڵەخانە و ماڵ و خوێندنگا و نەخۆشخانە، وە زەرەری دەریای ٢٨٠ کەشتی.

تێکڕای گشتی لەو بومەلەرزە و کاریگەرییانەی تسۆنامییەدا نزیکەی ١.٨ میلیۆن کەس زەرەرمەندبوون، زیانی ماددی بە نزیکەی ٣٠ میلیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

کەناراوەکانی ئیکوادۆر لە ٣١ ی کانوونی دووەمی ١٩٠٦ (٨.٨ پلە)

ئەم بومەلەرزەیە لە نێوانی وڵاتی ئیکوادۆر و کۆڵۆمبیادا ڕوویدا لە سەرەتاکانی سەدەی ٢٠ دا، لەگەڵ ئەوەی لەو کاتەدا ئامێری ڕێختەر بوونی نەبوو بەڵام دواتر خەمڵێندرا کە پلەکەی بە نزیکەیی ٨.٨ بووە و لە قووڵایی ٢٠ کیلۆمەتردا بووە، زیانەکانی بریتی بوو لە ٥٠٠ بۆ ١٥٠٠ مردن، شەپۆلێکی تسۆنامی گەورەی درووستکرد کە دوای ١٢ کاتژمێر گەشتە کەنارەکانی دوورگەکانی هاوای بەڵام بێ زیان بووە.

دوورگەکانی جرج - ئالاسکا لە ٢ ی نیسانی ١٩٦٥ (٨.٧ پلە)

هەموو ئەو بومەلەرزانەی کە لە ناوچە ئاوییەکان ڕوودەدەن زیانێکی کەمتریان هەیە لەچاو بومەلەرزەکانی ناوچەکانی وشکانی بەهۆی دوو هۆکاری سەرەکییەوە کە ئەویش جوڵەی تەکتۆنەکانی وشکانییە لەچاو ناوچە ئاوییەکان کە هەیانە سەدان مەتر قووڵن، دووەمیش بەهۆی بوونی ناوچەی نیشتەجێبوون لە سەر ئەو خاکانەی کە وشکانین و بوونی چڕییەکی بەرزی دانیشتووان.

ئەم بومەلەرزەیە لە قووڵایی ٣٠ کیلۆمەتر و بە پلەی ٨.٦ ڕێختەر ڕوویدا کە زیانی گیانی نەبوو بەڵام تسۆنامییەکەی شەپۆلێکی درووستکرد کە نزیکەی ١٠ مەتر بەرزبوو و زیانی ماددی نزیکەی ١٠ هەزار دۆلاری لێکەوتەوە.

ئەسام - تیبت لە ١٥ ی ئابی ١٩٥٠ (٨.٦ پلە)

ئەم بومەلەرزەیە لە هەرێمی تیبت ڕوویدا کە هەرێمێکی ئۆتۆنۆمییە و سەر بە وڵاتی چینە، ئەم ناوچەیە بە سەقفی جیهان ناسراوە بەهۆی بوونی زنجیرەچیاکانی هیمالایا لەم وڵاتەدا.

بومەلەرزەکە لە قووڵایی ١٥ کیلۆمەتر و بە پلەی ٨.٦ ڕێختەر ڕوویدا کە کاریگەری کردە سەر هەر سێ وڵاتی هیندستان و چین و نیپاڵ، وە شەپۆلەکەشی گەیشتە ناوچەکانی نەرویج، لەم بومەلەرزەیەدا نزیکەی ٧٨٠ کەس گیانی لەدەستدا

دورگەی ئاداک - ئالاسکا لە ٩ ی ئازاری ١٩٥٧ (٨.٦ پلە)

ئەم بومەلەرزەیە لە ویلایەتی ئالاسکای سەر بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕوویدا لە قووڵایی ٢٥ کیلۆمەتر و ٨.٦ پلەی ڕێختەر، کاریگەرییەکەی بووە هۆی ڕووخاندنی دوو پرد لەسەر دوورگەکە و وێرانکردنی چەندەها ماڵ و بینا و باڵەخانە، هەروەها زیانگەیاندن بە بۆرییە نەوتییەکان، بەڵام خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبوو.

تسۆنامییەکی نزیکەی ١٥ مەتر بەرزی درووستکرد کە تا چیای سکۆچکەپی کەنەدا درێژبووەوە و کاریگەری لەسەر چەندەها وڵاتی تر درووستکرد لەوانە ژاپۆن و چیلی و سیلڤادۆر و ناوچەکانی تری سەر زەریای هێمن، زیانی ماددی نزیکەی ٥ میلیۆن دۆلار بووە.


سەرچاوەکان



1407 بینین