بازدانزانی دالی (١٠٠ وێنەکەی مێژوو)

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-08-19-14:48:00 - کۆدی بابەت: 6356
بازدانزانی دالی (١٠٠ وێنەکەی مێژوو)

ناوه‌ڕۆك

سەد وێنەکەی مێژوو

گۆڤاری تایم بڕیاری دا بە دانانی لیستێک بۆ بەناوبانگترین وێنەکانی مێژوو و لیستەکەش پێکهاتبوو لە ١٠٠ وێنە، بۆ ئەمەش لەگەڵ زۆرێک لە وێنەگر و وێنەزانانی جیهان کۆبوونەوە، لێکۆڵەرەکان دەڵێن: "هەندێک لە وێنەکانمان داناوە چونکە تاکن، هەندێکیان چونکە بیری مرۆڤیان گۆڕی، و هەندێکیش شێوازی ژیانمانی گۆڕی، بەڵام ئەوەی هاوبەشە لە نێوان هەموویان، ئەوەیە دەبنە هۆی گۆڕانکاری لە مرۆڤەکاندا".

ناوی وێنە بازدانزانی دالی
ناوی وێنە بە فەرمی Dalí Atomicus
ڕیزبەندی بیستەمین
جۆر هونەری
مێژوو ١٩٤٨
وێنەگر Philippe Halsman

بازدانزانی دالی

فلیپ هاڵزمن بە درێژایی ژیانی ئامانجی وێنەکانی زاڵبوون بووە بەسەر ناوەڕۆکی ئەو شتەی کە وێنەی دەگرێت، لە ساڵی ١٩٤٨ بیردۆزێکی داهێنا لە هونەری وێنەگرتنی پۆرترەیتدا بە ناوی (بازدانزانی)، بە وێنەگرتنی خەڵک کاتێک بازدەدەن لە هەوادا، بڕوای بەوە هەبوو کە لەو ساتەدا وێنەی کەسایەتی ڕاستەقینەیان دەگرێت، بۆیە کاتێک هاڵزمن بیرۆکەی ئەوەی بە مێشکدا هات وێنەی هاوڕێ و هاوکاری دێرینی سالڤادۆر دالی کە وێنەکێشێکی سوریالیست بوو (سوریالیزم ڕێبازێکە بەواتای سەروو ڕاستی دێت، لە خاڵی ھەستی بێ ئاگایی مرۆڤیشەوە سەرچاوە دەگرێت و پەردە لەسەر ئەو ھەستانەش لادەدات كە كپكراون و ڕێگری لە وتنیان دەكرێت بەھۆی بابەتی ئایینی و كۆمەڵایەتی و سیاسی) بگرێت، ئەوەی دەزانی کە دانانی پۆرترەیتێکی سادە و کێشانی وێنەکەی بەس نییە، پاشان بیرۆکەی گرتنی وێنەکەی لە وێنەیەکی کێشراوی دالییەوە بۆ هات بە ناوی لیدا ئەتۆمیکا (Leda Atomica) (وێنەی لیدای شاژنی ئافسانەیی شاری سپارتا کە شارێکی کۆنی یۆنانییەکانە، لەگەڵ چەند قازێک، ئەم وێنە بە کەلوپەلە جیاوازەکانی بەناوبانگە وەک کتێب، ڕاستەی شێوە سێگۆشەیی، دوو تەپڵەکی بچووک بۆ ژێرقاچی لیدا و هێلکەی وەستاو لە هەوادا بە چواردەوری لیدادا)، هاڵزمن دیمەنێکی درێژەپێدراوی دروست کرد بۆ ئەوەی چواردەوری هونەرمەندەکە و کارە ڕەسەنەکانی بگرن، لە دیمەنەکەدا کورسییەک و تابلۆیەک کە هێشتا کارکردن تێیدا تەواو نەبووە بە وایەری باریک هەڵواسرابوون، هەروەها هاوسەرەکەی هاڵزمن و کچە لاوەکەی وەک یاریدەدەر لەگەڵی بوون و دوای تەواوبوونی ژماردنەکانی هاڵزمن سێ پشیلە و سەتڵێک ئاویان هەڵدا بۆ ناو دیمەنەکە، لە هەمان کاتتدا دالی بازیدا، دوای گرتنی ٢٨ وێنە ئینجا هاڵزمن گەشتە ئەو پێکهاتەی کە دەیویست لە وێنەکەدا، پاشان وێنەکە لە گۆڤاری لایف LIFE و کارە هونەرییەکانی دالیدا بڵاوبوویەوە، دالی پێش بڵاوبوونەوەی وێنەیەکی لەبەر وێنەکەی هاڵزمن کێشایەوە، پێش هاڵزمن وێنەی فۆتۆگرافی زۆربەی جار پێکهاتبوو لە شتێکی وەستاو و کەمێک چواردەوری تەڵخ دەکرا، هەروەها وێنەگرەکە و ئەو کەسەی وێنەی دەگیرا بە تەواوی خاڵیبوون لە هەموو هەستێک، هاڵزمن نزیک بوو لەوەی کە کەسانی وەک ئەلبێرت ئەنشتاین، مارلین مۆنرۆ و ئالفرێد هیچکۆک بهێنێت بۆ وێنەگرتنیان کاتێک جوڵەدەکەن لەبەردەم کامێرادا، هەروەها پێناسەیەکی نوێی کرد بۆ وێنەگرتنی پۆرترەیت و بوو بە سرووشێک بۆ نەوەی داهاتووی وێنەگران تاکوو لەگەڵ ئەو کەسەی وێنەیدەگرن ببن بە هاوکاری یەکتر.


سەرچاوەکان



614 بینین