کۆرپەلەی هەژدە هەفتە (١٠٠ وێنەکەی مێژوو)

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-08-22-21:47:00 - کۆدی بابەت: 6377
کۆرپەلەی هەژدە هەفتە (١٠٠ وێنەکەی مێژوو)

ناوه‌ڕۆك

سەد وێنەکەی مێژوو

گۆڤاری تایم بڕیاری دا بە دانانی لیستێک بۆ بەناوبانگترین وێنەکانی مێژوو و لیستەکەش پێکهاتبوو لە ١٠٠ وێنە، بۆ ئەمەش لەگەڵ زۆرێک لە وێنەگر و وێنەزانانی جیهان کۆبوونەوە، لێکۆڵەرەکان دەڵێن: "هەندێک لە وێنەکانمان داناوە چونکە تاکن، هەندێکیان چونکە بیری مرۆڤیان گۆڕی، و هەندێکیش شێوازی ژیانمانی گۆڕی، بەڵام ئەوەی هاوبەشە لە نێوان هەموویان، ئەوەیە دەبنە هۆی گۆڕانکاری لە مرۆڤەکاندا".

ناوی وێنە کۆرپەلەی هەژدە هەفتە
ناوی وێنە بە فەرمی  Fetus, 18 Weeks
ڕیزبەندی بیست و نۆیەمین
جۆر هونەری
ساڵ ١٩٦٥
وێنەگر Lennart Nilsson

کۆرپەلەی هەژدە هەفتە

کاتێک لە گۆڤاری لایف وتارەکەی لێنارت نیڵسن Lennart Nilsson بە ناوی (درامای ژیان پێش لەدایکبوون) کە بە زمانی ئینگلیزی ناوی (Drama of Life Before Birth) بڵاوکرایەوە لە ساڵی ١٩٦٥، ژمارەی ئەو گۆڤارەی وتارەکەی تێدابوو زۆر بەناوبانگ بوو و لە ماوەی چەند رۆژێکدا هەموو چاپەکانی فرۆشرا، هەروەها وێنەکەی کە لەگەڵ وتارەکەدا بوو بە ئاشکرا ئەوەی دەرخست کە کۆرپەلەی گەشەکردوو شێوەی چۆنە لە سکی دایکیدا و بوو بەهۆی سەرهەڵدانی پرسیاری نوێ دەربارەی ئەوەی ژیان چۆن دەست پێدەکات، دواتر لە چیرۆکێکی تەواوکەردا گۆڤاری لایف وەڵامی هەموو پرسیارەکانی دایەوە، بەڵام لەبەر چەند هۆکارێکی پزیشکی هەندێک لە  کۆرپەلەکان کە وێنەیان گیرابوو لەباربرابوون و لە دەرەوەی منداڵدانی دایکیان وێنەیان گیرابوو.

نیڵسن لەگەڵ نەخۆشخانەیەکی ستۆکهۆڵم ڕێکەوتنی بەستبوو، هەرکاتێک منداڵێک بەردەست بوایە بۆ وێنەگرتن پزیشکەکان دەستبەجێ پەیوەندیان بە نیڵسنەوە دەرکرد تاکوو بێت و وێنەی بگرێت، لە ژوورێکی تایبەتتدا کە ڕووناکی و هاوێنەکان بە شێوەیەک ڕێکخرابوون گونجاوبن بۆ پڕۆژەکەی، نیڵسن کۆرپەلەکانی بە شێوەیەک ڕێکدەخست تاکوو وادەرکەون کە لە سکی دایکیاندابن، دوای چەند ساڵێک لە بڵاوبوونەوەی وتارەکەی نیڵسن، وێنەکە بە شێوەیەکی بەربڵاو بەبێ ڕێگەپێدانی نیڵسن بڵاوبوویەوە، بە تایبەت چالاکوانەکانی بواری دژە لەبارەبردنی منداڵ لەبەرژەوەندی بەرەوپێش بردنی ئامانجەکانیان بەکاریان دەهێنا، (نیڵسن هەرگیز لەلایەن خۆیەوە هیچ لێدوانێکی نەبووە لە دژی لەباربردنی منداڵ)، ئێستا و چەن دەیەیەک دوای بڵاوبوونەوەی وێنەکانی نیڵسن وێنەکانی بە شێوەیەک ڕوون و سەرنجڕاکێشن کە پێشتر هەرگیز وێنەی بەو شێوەیە بەردەست نەبووە بۆ مرۆڤایەتی، وێنەیەک کە دیمەنی سەرەتاییترین ساتەکانی ژیانی مرۆڤ نیشان دەدات.


سەرچاوەکان



555 بینین