سوودەکانی خۆر

له‌لایه‌ن: - سۆزیار یاسین سۆزیار یاسین - به‌روار: 2024-08-11-14:16:00 - کۆدی بابەت: 13978
سوودەکانی خۆر

ناوه‌ڕۆك

ناساندنی بابەت

سوودەکانی خۆر (بە عەرەبی: فوائد الشمس، بە ئینگلیزی: Benefits of the sun) خۆر چەندین سوودی هەیە کە پەیوەستە بە پاڵپشتیکردنی ژیان لەسەر زەوی و تەندروستی مرۆڤ، بۆیە دەتوانرێت بەم شێوەیە کورت بکرێتەوە:

سوودەکانی خۆر بۆ مرۆڤ

خۆر بە یەکێک لە گرنگترین سەرچاوە سروشتییەکان دادەنرێت کە چەندین سوودی گرنگی ھەیە بۆ لەش، بەڵام دەبێت بە وریاییەوە باشترین کات هەڵبژێردرێت کە تیشکی خۆر تیایدا سوودبەخش و تەندروستە بۆ لەش، هەروەها زیادەڕەوی نەکرێت لە بەرکەوتنی تیشکی خۆر بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێکی درێژ، و گرنگترین سوودەکانی بریتین لە:

ڤیتامین دی

تیشکی خۆر هەڵمژینی ڤیتامین D لە لەش زیاد دەکات کە بۆ ئێسک و خانەکانی خوێن و سیستەمی بەرگری زۆر گرنگە، ھەروەھا یارمەتی هەڵمژین و بەکارهێنانی هەندێک کانزا دەدات، وەک کالسیۆم و فۆسفۆر.

خەوتن

چاو  پێویستی بە ڕووناکی هەیە بۆ یارمەتیدانی لە ڕێکخستنی کاتژمێری بایۆلۆژی لەشی مرۆڤ، بە تایبەتی تیشکی خۆر لە بەیانی زوودا یارمەتی مرۆڤ دەدات لە شەودا بخەوێت، ئەمەش بە تێپەڕبوونی تەمەن گرنگتر دەبێت، چونکە توانای چاو بۆ هەڵمژینی ڕووناکی کەمتر دەبێتەوە و لە ئەنجامدا کێشەکانی خەوتن زیاد دەکات.

کێش دابەزاندن

چوونە دەرەوە بۆ ماوەی ٣٠ خولەک لە نێوان کاتژمێر ٨ی بەیانی تا نیوەڕۆ پەیوەندیەکی گرنگی ھەیە بە دابەزاندنی کێشەوە، چونکە زانایان لەو باوەڕەدان کە تیشکی خۆر ڕەنگە خانە چەورییەکانی ژێر ڕووی پێست بچووک بکاتەوە، ھەروەھا تیشکی خۆر بە مانای ئەنجامدانی وەرزشکردنی زیاتریش دێت، بەڵام  بەدڵنیاییەوە دەشێت هۆکاری گرنگی تر هەبێت بۆ دابەزاندنی کێش، بەڵام  وادیارە پەیوەندییەکی بەھێز هەیە لە نێوان دابەزندنی کێش و تیشکی خۆر لە بەیانی زوودا.

تەندروستی دەروونی 

تیشکی خۆر یارمەتیدەرە بۆ بەرزکردنەوەی ماددەیەکی کیمیایی لە مێشکدا کە پێی دەوترێت سیرۆتۆنین، کە بە هۆرمۆنی دڵخۆشی ناسراوە، ئەم ھۆڕمۆنە بەرپرسە لە هەستکردنی مرۆڤ بە وزە و قبوڵکردنی خۆی، ھەروەھا یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی ئارامی و تەرکیز و ئەرێنی بوون، بەو پێیەی ھەندێک جار پزیشکەکان بە بەکارھێنانی تیشکی سروشتی یان دەستکرد چارەسەری تێکچوونی سۆزداری وەرزی خەڵک دەکەن لەگەڵ چارەسەری جۆرەکانی تری خەمۆکی کە پەیوەندییان بە ئاستی کەمی سیرۆتۆنینەوە هەیە.

پێست

بڕێکی کەمی بەردەوامی تیشکی سەروو بنەوشەیی ڕەنگە یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی نیشانەکانی هەندێک حاڵەتی پێست وەک ئەکزیما، سەدەف و ڤیتیلیگۆ(نەخۆشیەکی پێستە پەڵەکی سپی لەسەر پێست پەیدا دەبێت)، بەڵام توێژەران له و بڕوایەدان که سێ جۆری سه رەکی شێرپەنجەی پێست وەک - میلانۆما، شێرپەنجەی خانە بنچینەییەکان و شێرپەنجەی خانە سکواموس - زۆرجار بەهۆی بەسەربردنی کاتێکی زۆر لە بەر خۆر دەردەکەون، بۆیە زۆر گرنگە دژەخۆر بەکار بهێنیت ئەگەر زیاتر لە 15 خولەک لە دەرەوە بمێنیتەوە.

سوودەکانی خۆر بۆ زەوی

بوونی خۆر لە گەردووندا گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ پاڵپشتیکردنی ژیان لەسەر زەوی دەتوانرێت سودەکانی بەم شێوەیە کورت بکرێتەوە:

پاڵپشتیکردنی ژیان لەسەر زەوی

خۆر نزیکترین ئەستێرەیە لە زەویەوە، دەکەوێتە دووری ١٥٠ ملیۆن کیلۆمەتر (٩٣ ملیۆن میل)، ھێزی  کێشکردنی زۆر گەورە یارمەتیدەرە بۆ هێشتنەوەی هەسارەکە لە خولگەدا،  ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بەردەوامبوونی ژیان لەسەر زەوی.

دابینکردنی ڕووناکی بۆ زەوی

ڕووەکەکان پێویستیان بە تیشکی خۆر هەیە بۆ گەشەکردن، ئاژەڵەکان و مرۆڤەکانیش پێویستیان بە ڕووەک هەیە بۆ ئەو خۆراک و ئۆکسجینەی کە بەرهەمی دەهێنن، بەبێ گەرمی خۆر، زەوی دەیبەستێت و هیچ با و تەوژمی زەریاکان و هەورێک بوونی نابێت بۆ گواستنەوەی ئاو.

وزەی گەرمی خۆر

دەتوانرێت وزەی گەرمی خۆر بەکاربهێنرێت بۆ گەرمکردنی ئاو، گەرمکەرەوەی خۆر بۆ یەکەمجار لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا هاتە ئاراوە، ئەمە  پێشکەوتنێکی گەورە بوو بە بەراورد بە ئاگردان کە دار یان خەڵوز دەسوتێنن چونکە پاکترە و ھەم تێچووی کارکردنیشی کەمترە. 

بەرهەمهێنانی کارەبا

کارەبا  دەتوانرێت لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە بەرهەم بهێنرێت، دوو جۆری باوی بریتین لە فۆتۆڤۆلتیک (خانەی خۆر) و وزەی خۆری چڕ.

خانووی پلاستیکی

خانووە پلاستیکیەکان تیشکی خۆر دەگۆڕن بۆ گەرمی، بەکاردێت بۆ چاندنی ڕووەکەکان لە دەرەوەی وەرزەکانیان و  لە کەش و هەوایەکدا کە لەوانەیە گونجاو نەبێت بۆیان، مێژووی یەکێک لە کۆنترین خانووی پلاستیکی دەگەڕێتەوە بۆ ٣٠ ساڵ پێش زایین، ئەم تەکنیکە گشتیەی کە بەکارهاتووە تا ئەمڕۆش هەر وەک خۆیەتی، هەرچەندە پێشکەوتنی زۆر کراوە بۆ زیادکردنی جۆراوجۆری و بڕی بەرهەمی بەروبوومەکان کە تیایدا دەچێنرێت.


سەرچاوەکان



167 بینین