ئەلیف شەفەق

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-08-24-21:57:00 - کۆدی بابەت: 6401
ئەلیف شەفەق

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی

ئەلیف شەفەق ڕۆماننووس و نووسەری بە توانای تورکی لەدایکبووی ساڵی 1971ـی وڵاتی فەڕەنسایە، تەمەنی هەرزەکاری لە شاری مەدریدی وڵاتی ئیسپانیا بەسەربردووە پاشان لەگەڵ دایکی گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتی تورکیا، کاتێك تەمەنی یەك ساڵان بووە دایك و باوکی جیابوونەتەوە، دایکی ئەرکی پەروەردە کردنی کەوتووەتە ئەستۆ، هەربۆیە ناوی دایکی "شەفەق" وەکوو پاشگریی ناوەکەی هەڵگرتووە، جیابوونەوەی دایك و باوکی کاردانەوەی زۆری لەسەر کەسایەتی هەبووە، زۆر بە کەسایەتی دایکی سەرسام بووە هەر ئەمەش وایکردووە کە داکۆکیکارێکی سەرسەخت بێت لە مافەکانی ژنان.

یەکەمین ڕۆمانی بە ناوی "شاراوە" لە ساڵی 1998 بڵاوکردووەتەوە و خەڵاتی ڕۆمی بۆ باشترین بەرهەمی ئەدەبی تورکی پێ بەخشراوە، ڕۆمانی "چاوتێبڕین" خەڵاتی باشترین ڕۆمانی یەکێتی نووسەرانی تورکی بەدەستهیناوە لە ساڵی 2000، ئەمانە و چەندین خەڵاتی تری نێوخۆیی و جیهانی گرنگی بەدەستهێناوە، بڕوانامەی بەکالۆریۆس و دکتۆرای هەیە لە زانستە سیاسییەکان، هەروەها هەڵگری بڕوانامەی ماجستێرە لەسەر جێندەر و ژنان. 

تایبەتمەندی و شێوازی نووسینی

ژنان مەزنترین کەسن بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکان ئەمە وتەی ئەلیف شەفەقە، فێمینیزمە و باوەڕی بە یەکسانی ژن و پیاو هەیە، بوێرانە لەسەر کێشە و نەهامەتییەکانی ژنان نووسیویەتی و داکۆکی لە مافی ژنان کردووە بە ڕوونی ئەم چەمکە بە نووسینەکانێوە دیارە، بابەت و ناوەڕۆکی بەرهەمەکانی بەزۆری لە چەشنی  عیرفانییەت و سۆفیگەرییە، زۆر کاریگەرە بە مێژووی کۆنی تورکیا.

هەروەها ئەلیف شەفەق باس لەو چینوتوێژانەی کۆمەڵگە دەکات کە ژێردەستە و ستەملێکراون، هەروەکوو لە "ڕۆمانی شەڕەف" کارەکتەرە سەرەکییەکانی نێو ڕۆمانەکە کوردن، هەروەها ڕۆمانی "زۆڵەکەی ئیستەنبوڵ" باس لە کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان دەکات، هەر بۆیە لە لایەن حکوومەتی تورکیاوە ڕووبەڕووی دادگا کراوەتەوە و بەرهەڵستی کراوە. 

بەرهەمەکانی 

ئەلیف شەفەق 16کتێبی بڵاوکردووەتەوە، هەشتیان ڕۆمانن، بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و تورکی نووسینەکانی بڵاوکردووەتەوە، بەرهەمەکانی وەرگێڕانی بۆ کراوە و ناوبانگێکی زۆریان هەیە و لە ڕیزی پڕفرۆشترین کتێبەکانی جیهانن.

ڕۆمانی چل ڕێساکەی عەشق

ئەم ڕۆمانەی لە ساڵی 2009 نووسیوە لە ساڵی 2012 وەرگێڕانی زمانی عەرەبی بۆ کراوە، دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو لە نێو خوێنەران، ئەم ڕۆمانە ئەلیف شەفەقی بە جۆرێك ناساند، کە ئێستا ناوی ئەلیف پەیوەستە بەم ڕۆمانەوە، ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە باس لە عیرفانییەت و سۆفیگەری دەکات، بە بەستنەوەی چیرۆکی سەرەکی ڕۆمانەکە بە دوو سەردەمی جیاواز، یەکێکیان لە ساڵی 2008ـە باس لە چیرۆکی خۆشەویستی نێوان دوو کەسی جیاواز دەکات، دووهەمیان لە سەردەمی سیازدەیەمە باس لە گەشتەکەی جەلالەدینی ڕوومی و شەمسی تەبرێزی دەکات بۆ دۆزینەوە و بەدەستهێنانی خوشەویستی و عیشقی ڕەها.

ڕۆمانی شەڕەف

ئەم ڕۆمانەی لە ساڵی 2011 نووسیوە، ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە باس لە چەمکی شەڕەف دەکات لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان، کە چۆن شەڕەف تەنها پەیوەستە بە ژنانەوە، هەروەها باس لە پیاوسالاری و ستەم و زۆرداری پیاوان دەکات.

ڕۆمانی زۆڵەکەی ئیستەنبوڵ

ئەم ڕۆمانەی لە ساڵی 2006 نووسیوە، ناوبانگی زۆری دەرکردووە و چەندان چاپی لێکراوە، ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە باس لە ستەمکاری و کوشتاری سەردەمی عوسمانییەکان دەکات دژ بە ئەرمەنییەکان، بەهۆی ئەم ڕۆمانەوە ڕووبەڕووی دادگا کراوەتەوە بە تۆمەتی سووکایەتی کردن بە وڵاتی تورکیا.

ڕۆمانی کوڕەی شەیدا و مامۆستاکە

ئەم ڕۆمانەی باس لە چیرۆکی خۆشەویستی نێوان کوڕە هیندییەك و مامۆستایەکی تورکی تەلارساز دەکات ناوەڕۆکەکەی بە گشتی باس لە گەڕان بە دوای ڕاستی و عیشق دەکات، هەروەها ئاستەنگەکانی خۆشەویستی وەکوو پێگەی کۆمەڵایەتی و ئاین و نەتەوە دەخاتەڕوو.

هەرسێ کچەکەی حەوا

ئەم ڕۆمانەی لە ساڵی 2016 نووسیوە، بە شێوەیەکی فەلسەفی و قووڵ باسی چەمکی ئیمان و ئیلحاد و باوەڕ دەکات.

ڕۆمانی هەڵکشان و داکشان

لە ساڵی 2005 ئەم ڕۆمانەی نووسیوە، باس لە پێگە و جیاوازی ژن و پیاو دەکات، بوێرانە کێشە و نەهامەتییەکانی ژنان دەخاتەڕوو، هەروەها داکۆکی لە ماف و ئازادی ژنان دەکات.

شیری ڕەش

ئەم کتێبەی لە ساڵی 2007 نووسیوە، لە چەشنی یادەوەرییە، ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە گێڕانەوەی ئەزموونی تایبەتی خۆیەتی لەگەڵ خەمۆکی پاش لە دایکبوونی منداڵەکەی.

گرنگترین بەرهەمەکانی کە وەرگێڕانی کوردییان بۆ کراوە

  • چل ڕێساکەی عەشق
  • گوڵی ساردۆنیا
  • شیری ڕەش
  • زۆڵەکەی ئیستەنبووڵ
  • شەڕەف
  • کوڕەی شەیدا و مامۆستاکە
  • چاوتێبڕین 


سەرچاوەکان



1025 بینین