میرنشینی بابان

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-09-03-16:31:00 - کۆدی بابەت: 6492
میرنشینی بابان

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی میرنشینی بابان

میرنشینی بابان میرنشینێکی کوردی بوو هەرچەندە بەڵگەیەکی ڕوون نییە بۆ دەستپێکی دەسەڵاتیان بەڵام مێژوونوسان لەسەر ئەوە کۆکن کە لە ساڵی ١٦٤٩ دا دەمەزراوە و تاکو ساڵی ١٨٥٠ حکومڕانی کردووە، ئەم میرنشینە لە ناوچەکانی دەوروبەری سلێمانی بنیاتنرابوو کە شوێنێکی گرنگ و ستراتیژی بوو و لە نێوانی ڕکابەری و شەڕەکانی هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتی سەفەویدا هەڵکەوتبوو، ئەم میرنشینە لە ماوەی حکومڕانیدا هەردوو ئیمپڕاتۆرییەتیەکە حسابێکی تایبەتیان بۆ کردووە و قوورساییەکی تایبەتیان بۆ داناوە و لە زۆربەی ماوەی حکومڕانێتییەکەیدا بێلایەن بووە و سەر بە هیچ لایەکیان نەبووە ئەگەرچی ماوە ماوەش کەوتۆتە ژێر دەسەڵات و هەژموونی لایەکیانەوە.

دەسەڵاتی ئەم میرنشینە تا ڕادەیەکی زۆر سنوورداربوو، لەنێوان عوسمانی و سەفەوییەکاندا هەمووکات هەوڵ هەبووە بۆ بچووک کردنەوە و نەهێشتنی دەسەڵاتیان، پایتەختی میرنشینەکە سەرەتا قەڵاچوالان بوو و دواتر لە کاتی دامەزراندنی شاری سلێمانیدا لە ساڵی ١٧٨٤ دا و لەسەر دەستی ئیبراهیم پاشای بابان، پایتەخت لە قەڵاچوالانەوە گوازرایەوە بۆ سلێمانی، حکومڕانییەکەشیان لە سلێمانی و قەزا و گوندەکانی دەوروبەریدا بوو و زمانی بەکارهێنان لەناو میرنشیندا زمانی کوردی-سۆرانی بوو.

مێژووی مرینشینی بابان

له‌ کۆتاییەکانی سەدەی پازدەهەمی زایینیدا لە ڕۆژهەڵاتی میرنشینی سۆران میرنشینێک بە ناوی بابان دامەزرا، ناوچەی سلێمانی لە پێشدا لە ژێر دەسەڵاتی میرنشینی ئەردەڵان بوو، مێژوونووسان کۆکن لەسەر ئەوەی کە (میر بۆداغ بەگ بەبە) کوڕی ئەبداڵ بەگی موکریان دامەزرێنەری ئەو میرنشینەیە و هەر بە ناوی ئەویشەوە ناونراوە بابان یاخود بەبە، بە هەموو خێزانەکانیشیان گوتراوە (بابان).

میر (بۆداغ بەگ بەبە) ناوچەی لاجانی لە خێڵانی زەرزا و ناوچەی سیوەیلی لە میرنشینی سۆران و سەلدۆزی لە قزڵباشەکان و شارباژێری لە میرنشینی ئەردەڵان سەندووەتەوە و کەرکووکیشی خستووەتە سەر میرنشینەکەی، ئەم میرنشینە دوای ملکەچکردنی هەندێ ناوچە و هۆزی دەورووبەر بەرەو باشوور فراوانخوازی کرد و ناوچەکانی سلێمانی و شارباژێڕ و کەرکووک و کفری داگیر کرد، لەم میرنشینەدا چوار بنەماڵە حوکمیان دەکرد تا لە کۆتاییەکانی سەدەی شازدەدا هەڵوەشایەوە، ووشەی بابان لە (بابا ـ بابە) وە هاتووە کە بەواتای باوک یاخود براگەورە و ڕیش سپی ناو کۆمەڵ دێت.

لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدەدا فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە لە ناوچەی دارەشمانی سەر بە پشدەر دووبارە و سەر لەنوێ بناغەی میرنشینی بابانی دامەزراندەوە کە مێژووی دامەزراندنی میرنشینی بابان لەم کاتەوە وەرگیراوە و سەردەمی میر بۆداغ زۆرکات باسناکرێت و فەرامۆشکراوە، ئەمەیان بنەماڵەی پێنجەمی بابانە کە تا ناوەراستی سەدەی نۆزدە بەردەوام بوو، فەقێ ئەحمەد و نەوەکانی لە فراوانکردنی دەسەڵاتیان بەردەوام بوون تا ناوچەی ماوەت و شارباژێڕیان خستە چوارچێوەی دەسەڵاتی خۆیانەوە

جوگرافیا

ئەم میرنشینە دەکەوتە ناوچەی سلێمانییەوە، لە باکوورییەوە میرنشینی سۆران بوو، لە ڕۆژهەڵاتی میرنشینەکەدا میرنشینی ئەردەڵان هەڵکەوتبوو، لە بەشی باشوور و ڕۆژئاواشەوە دەسەڵاتی مەمالیکەکان هەبوو کە دەسەڵاتێک بوون ڕاستەوخۆ لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانیدا بوون و لە ناوچەی ئێستای عێراق حکومیان دەکرد، لە ڕۆژئاواوە تەواوی ناوچەی کەرکووکی دەگرتەوە و لەژێر دەسەڵاتیدا بوو، بەشێکی ناوچەی شارەزوور لە ژێر دەسەڵاتی میرنشینی باباندا بوو، پایتەختی میرنشینی بابان قەڵاچوالان بوو، دوای ئەوەی ئیبراهیم پاشا  کە دادوەری گوندی مەڵکەندی بوو، بە ناوی سلێمان پاشاوە لە ساڵی ١٧٨٤ دا دەستی بە درووستکردنی شارێک کرد و ناوی سلێمانیی لێنا و دوایش کرا بە پایتەختی میرنشینی بابان، ئەم میرنشینە چەند پایتەختێکی هەبووە کە پێی بارودۆخی سیاسی بۆ هەر یەکێک لەم شوێنانە گواستوویەتیانەوە لەوانە (دارەشمانە، ماوەت، قەڵای بەکراوا، قەڵاچوالان، سلێمانی).

لەم میرنشینەدا ژمارەیەکی زۆر میر، فەرمانڕەواییان کردووە کە هەندێکیان زۆر بە توانا و لێهاتوو بوون و توانیان لە ڕۆژئاواوەوە میرنشینەکە بگەیەننە ئەودیوی شاری کفری و سەنگاو و شوان و کەرکووک و لە ڕۆژهەڵاتیشیەوە تا ئەو دیوی ڕووباری سیروانی بەرن و لە باشووریشەوە هەموو ناوچەکانی بەدرە و جەسان بگرێتەوە، لە باکووریشەوە ناوچەی هەولێر و زێی بچووک داپۆشێت، هەر بۆیەشە مێژوونووسێکی وەک لۆنگریک میرنشینی بابان بە ئیمپڕاتۆریەتی بابان ناو دەبات.

میرنشینی بابان زیاتر لە دووسەد ساڵ مایەوە و فەرمانڕەواییان کردووە و دەورێکی گرنگ و ئاشکرای هەبووە لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە کاتی بەهێزبوونیدا کە دەسەڵات و توانایان پەرەی دەسەند، شەڕیان لەگەڵ سەفەوییەکان و مەمالیکەکانی ژێر دەستی عوسمانییەکان دەکرد، هەندێک جاریش ئەو شەڕانە ئەوەندە گەرم دەبوون و تەشەنەیان دەکرد و مەسەلەی کوردیان دەبزواند و دەیان خستە بەرچاو و لە چوارچێوەی شەڕی ناوخۆیی ناوچەکەدا دەردەچوو، دەبووە کێشەی جیهانی و نێودەوڵەتی.

شوێنی ستراتیژی ئەم میرنشینە کە لە نێوان دوو هێزی گەورەی وەک دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوی بوو، هەمیشە بووەتە هۆی چاوتێبڕینی تەماحکاری و بەهەند وەرگرتنی بەتایبەتی کە هەندێک لە پاشاکانی ئەم میرنشینە خاوەنی ئامانج و هیوا و هەستی نەتەوایەتی بەرز بوون و دایم چاویان لەوە بووە کە میرنشینەکە بکەنە بەردی بناغەی دامەزراندنی دامودەزگایەکی گەورەی سەربەخۆ.

پەیماننامەی قەسری شیرین

دوای ململانێ و شەڕێکی ١٥٠ ساڵە لەنێوان ئیمپڕاتۆریەتی سەفەوی (ئێران) و ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی (تورکیا)، ڕۆژی ١٧ مانگی ئایاری ساڵی ١٦٣٩ لە قەسری شیرین، کە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ئەو دوو دەوڵەتە پەیمانێکیان واژوو کرد کە بەپێی ئەو پەیمانە بەشێک لە کوردستان و هەموو عێراق لە ئێران جیا کرایەوە و درایە عوسمانی، بە مەرجێک یەریڤان بگەڕێتەوە سەر ئێران

شەڕ و ناکۆکییەکانی نێوان سەفەوی و عوسمانی بە شەڕی چاڵدێران لە ساڵی ١٥١٤ گەیشتە لوتکە و لە ١٦٢٩ بە شەڕەکانی جۆرجیا و ئەرمینیا گەرم تەشەنەی سەند و لە ساڵی ١٦٣٩ بە پەیمانێک بەناوی “قەسری شیرین” یان “زەهاو” و دابەشکردنی کوردستان کۆتاییهات، کە ئەم پەیماننامەیە گەورەترین زەرەری کوردی تێدابوو و بۆ یەکەمجار خاکی کوردستان دابەشکرا و بەشی ڕۆژهەڵات بەر سەفەوی و باکوور و ڕۆژئاوا و باشووری ئێستاش بەر دەوڵەتی عوسمانی کەوتن، میرنشینی بابانیش بەهۆی هەڵکەوتەی جێگاکەیەوە گەورەترین خەسارەتمەندبوو و کەوتە ژێر هەژموونی عوسمانییەکانەوە.

میرانی بابان خاوەن هەڵوێست بوون و چەندین جار لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی میرنشینەکەیان و پەرەپێدانی دەسەڵاتیان ڕاپەڕینیان بەرپاکردووە و لە بەرامبەر دەوڵەتی عوسمانی داگیرکەردا وەستاون، هەر ئەمەش وایکردبوو دەسەڵاتدارانی عوسمانی سەرباری بەکارهێنانی هێز، پەنا ببەنە بەر نانەوەی دووبەرەکێ لە نێو بنەماڵەی بابان، لە ئەنجامی ئەمەدا دوو دیاردە لە نێو میرنشینەکە پەیدابوون:

  1. ململانێی میرەکانی بابان لە سەر دەسەڵات لە میرنشینەکەدا.
  2. پەنا بردنە بەر سەفەوییە داگیرکەرەکان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان، ئەمەش ڕێگای بۆ دەست تێوەردانی دەرەکی خۆش دەکرد.

میرە بەناوبانگەکانی بابان

فەقێ ئەحمەدی دارشمانە (١٦٤٩ - ١٦٧٠)

میر ئەحمەد کوری کاکەشێخی کوری میر ئەبداڵی یەکەم کوری میر شەمسەدینی میری جزیرا بۆتان ناسراو بە فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە، باپیرە گەورەی بابانەکان و میراودەلییەکانی پشدەر و فەیزوللە بەگییەکانی بۆکانە، باپیرەگەورەی زنجیرەی پێنجەمی بابانەکانە و لە دارەشمانەی ناوچەی پشدەرەوە سەری ھەڵداوە، دامەزرێنەری میرنشینەکە بووە لە ناوچەی دارەشمانە و بۆ ماوەی نزیکەی ٢١ ساڵ حکومڕانی کردووە لە دامەزراندنی میرنشینەکە لە ١٦٤٩ وە هەتا مردنی فەقێ ئەحمەد لە ١٦٧٠ دا.

سڵێمان پاشای کوڕی خالید پاشا (١٧٤٧ - ١٧٦٥)

سڵێمان پاشا كوڕە گەورەی (خالید پاشای یەكەم ١٧٢٩ - ١٧٤٣) كوڕی (تەیموور خانی بەگ ١٦٩٨ - ١٧٠٣) كوڕی (فەقێ‌ ئەحمەدی دارەشمانە ١٦١٠ - ١٦٦٠) بووە، سڵێمان پاشا مرۆڤێكی رەوشت بەرز و لە خودا ترس و لە كاروباری بەڕێوەبردن دا زۆر لێهاتوو كارزان بووە، هەر بۆیە دواتر سڵێمان پاشای والی ناوچەكانی (كۆیە، هەریر، ئاڵتون كۆپری-پردێ‌، زەنگاباد، بەدرە و جەسانـی بۆ خستووەتە سەر میرنشینی بابان، بە مەرجێك بتوانێت ناوچەكە لەو مەترسی و هێرشانەی ئێران کە دەكرێنە سەری بپارێزێت، هەروەها ئەو بڕە پارەیەی كە لە دەرامەتی ناوخۆی میرنشینی بابان بە دەست دەهێنرێت بۆ بنەماڵەی بابان و نەریت وابووە ساڵانە بدرێت بە خەزێنەی والی بەغداد، بەڵام سڵێمان پاشای والی بڕیاری داوە سڵێمان پاشای میری بابان لەوەش ببەخشرێت و بۆ پڕ چەك كردن و دابین كردنی مووچە و كەلوپەلی سەربازی و پێكهێنانی هێزێكی تۆكمەی ئامادەكراو خەرجی بكات.

لەلایەكی تریشەوە، دوای ئەوەی سەلیم پاشا (پێشتر میری بابان بووە بەڵام دوای ئەوەی والی بەغداد دەگۆڕدرێت لێی یاخیدەبێت و دواتر بە زەبری هێز دووردەخرێتەوە و دەچێت بۆ ژێر سنووری میرنشینی ئەردەڵان و لە دواییشدا دەبێتە میری میرنشینی ئەردەڵان) بە شێوەیەكی فەرمی بووە بە والی ئەردەڵان، بە مەبەستی زیاتر فراوان كردنی قەڵەمڕەویەكەی و چەسپاندنی دەسەڵاتی ڕەهای خۆی لە هەردوو میرنشیندا، ساڵی ١٧٥١ لەگەڵ كەریم خانی زەند (کە والی و دەسەڵاتداری سەفەوییەکان و وڵاتی ئێستای ئێران بووە) ڕێک کەوتووە بۆ ئەوەی میرنشینی بابان داگیر بكات، ئەویش سوپایەكی (١٢) هەزار سەربازی بۆ ئامادەكردوە، دوای ئەوەی پێشڕەوی سوپاكەی گەیشتووەتە مەریوان، فەرمانڕەوای قەڵای (قزڵجە) ی نزیک پێنجوێن بەپەلە تەتەرێكی خۆی ناردوە بۆ قەڵاچوالان و سڵێمان پاشای لە هەواڵەكە ئاگادار كردوەتەوە، سەرئەنجام شەڕێكی گەورە روویداوە كە لە مێژووی كورددا بە (دوازدە سوارەی مەریوان) ناسراوە لەدەشتی مەریواندا و شکاندیانن، ئەم پیاوە بەنیازبووە قەڵاچوالان بگوێزێتەوە بەڵام فریانەکەوت و کۆچی دواییکرد.

مەحمود پاشای کوڕی خالید پاشا

مەحمود پاشا برای سڵێمان پاشای میری پێشووتری بابان بووە، لە ساڵی (١٧٨١) دا واتا پێش دروستکردنی شاری سلێمانی بە سێ ساڵ دەسەڵاتی میرنشینەکەی گرتۆتە دەست بەڵام کاتەکەی زۆر کورت بووە، ناوچەیەکی سەربازی لەسەر گردیێکی نزیکی شاری سلێمانی دروستکرد، ئەویش بەو نیازەی قەڵاچوالان بگوێزێتەوە بۆ ئەم شوێنەی ئێستای سلێمانی بەڵام گواستنەوەکە لەسەردەمی ئەم میرەشدا نەگونجا و هەر لە قەڵاچوالان مایەوە.

ئیبراهیم پاشای بابان

کوڕی ئەحمەد پاشای کوڕی سڵێمان پاشای بابان، یەکێکە لە میرە هەرە بەناوبانگەکانی میرنشینی بابان و گەورەترین بەرهەمیشی دروستکردنی شاری سلێمانییە، ئەم میرە نزیک گوندی مەڵکەندی بناغەی شاری سلێمانی داناوە و هەر لەو ساڵەدا واتە (١٧٨٤) دامودەزگای ئیداری و فەرمانڕەوایی تیایدا دروست کراوە و هەموو دام و دەزگاکانی لە قەڵاچوالانەوە گواستووەتەوە ئەو شارە نوێیە واتە سلێمانی، لەم ماوەیەدا بابان لە هەموو میرنشینەکانی تری باشووری کوردستان بەهێز و تواناتر بوو، بۆیە زۆر جار پێی دەگوترا حکوومەتی کوردستان.

ئیبراهیم پاشا شازادەیەکی ئازا و جوامێر بووە و لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا شارەزاییەکی تەواوی هەبووە، بەشێکی زۆری تەمەنی خۆی لە بەغدا بەسەر بردووە، لەبەر ئەوە حەزی لە ژیانی شارستانی بووە، هەربۆیە لەناو کاربەدەستانی ویلایەتی بەغدادا خۆشەویست و بەڕێز بوو. 

شاری سلێمانی دروستکرد لەگەڵ بنیاتنانی شارەکەدا مزگەوتی گەورە و مزگەوتی تەکیە دروستکرد، هەمیشە هەوڵی ئاوەدانکردنەوەو چەسپاندنی ئاسایشی داوەو توانی بە بێ شەڕ دەسەڵاتی بابانەکان بگەیەنێتە خانەقین و زەهاو و قەسری شیرین، شەقام و گەڕەکی ئیبراهیم پاشای ئێستا لە ڕۆژھەڵاتی شاری سلێمانی بەناوی ئەم میرەوەیە، ئیبراهیم پاشا لەنزیک شاری موسڵ بە نەخۆشی کۆچی دوایی کردووە.

عەبدولڕەحمان پاشا ١٧٨٩ - ١٨١٣

کوڕی (مەحموود پاشای خالید پاشا) بووە، یەکێکە لە میرە هەرە ناودارەکانی کوردو لە سەردەمی ئەودا میرنشینی بابان رووبەڕووی گەلێک گۆڕانکاریی سیاسی و سەربازیی گەورە بووەوە، نزیکەی ٢٤ ساڵ حوکمی ناوبەناوی کردووە و بە ڕەچەڵەک دەچێتەوە سەر فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە، ئەم میرە لە لایەکەوە میرێکی بەهێز و ئازا و وریا بووە و لەلایەکی ترەوە دووربینترین میری بابان بوو، تەنانەت هێندە بەهێزبوو، لە سەردەمی خۆیدا پەلاماری شاری بەغدادی داوە و داگیریکردووە، بۆیە والییەکانی بەغداد زۆربەی کات گێچەڵێکی زۆریان پێ کردووە و گەلێک جار لایانبردووە و دایانناوەتەوە، داوایان لێکردووە ببێت بە والی بەغداد لە وەڵامدا ووتویەتیقومێک لە بەفراوی کوێستانەکانی وڵاتەکەم بە ھەموو موڵکی دەوڵەتی عوسمانی ناگۆڕمەوەتەنانەت میری ناوبراو لە ساڵی ١٨١٠ دا بە ڕادەیەک دەستڕۆشتوو بووە ڕۆڵی کاریگەری هەبووە لە لادانی سلێمان پاشای بچووک و دانانی عەبدوڵا پاشا لە پۆستی ویلایەتی بەغدا.

لە لایەکی دیکەشەوە، لەسەر دەسەڵات، لەگەڵ خزمەکانی خۆیدا ناکۆکبووە و خوێنێکی زۆر لە نێوانیاندا ڕژاوە، بەردەوام هەوڵی سەربەخۆیی دەدا لەو پێناوەشدا دوو جار لە دەربەندی بازیان لە ڕووی هێزەکانی بەغدا وەستایەوە، بەڵام بە هۆی ناپاکی خالید پاشای ئامۆزای سەرنەکەوت، لە جاری سێیەمیش لە ساڵی ١٨١٢ دا لە جەنگی کفری ڕووبەڕووی لەشکرێکی گەورەی بەغدا بووەوە، بەڵام ئەم جارەش ئاواتەکانی نەهاتەدی. لە ساڵی ١٨١٣ دا کۆچی دوایی کردووە و لە مزگەوتی گەورە شاری سلێمانی بەخاک سپێردراوە.

مەحمود پاشای کوری عەبدولڕەحمان پاشا (١٨١٣ ـ ١٨٣٤)

مەحموود پاشا لە دوای مردنی باوکی بوو بە سەرۆکی میرنشینی بابان و تاکوو ساڵی ١٨٣٤ دەسەڵات بە دەستی ئەو بوو، جەیمس ڕیچ کەساڵی ١٨٢٠ دا ھاتۆتە سلێمانی گەلێک ستایشی ڕەوشتبەرزی و ڕاستگۆیی و دڵسۆزیی ئەم پیاوەی کردووە.

سلێمان پاشای کوری ئەوڕەحمان پاشا ( ١٨٢٨ ـ ١٨٣٨

یەکێکە لە میرە بەناوبانگەکانی بابان، ئەم میرە بە پێچەوانەی زۆربەی میرەکانی دیکەی پێش خۆی کە شەڕ و شۆڕی دژی عوسمانی و سەفەوی تیادا ڕووی نەداوە، هێمنی و ئاسایش باڵی کێشا بوو بەسەر میرنشینەکەی، ئەم شێوە فەرمانڕەواییە لە هێمنی و ئاسایش بووە هۆی پێشکەوتنی ڕواڵەتە شارستانێتییەکان لەو چەند ساڵی فەرمانڕەوایەتیدا کە لە ساڵانی (١٨٢٩-١٨٣٨) دا بوو، دوای کۆچی دوایی لە گردی سەیوان نێژراوە.

ئەحمەد پاشای کوڕی سلێمان پاشا (١٨٣٩ ـ ١٨٥٠) 

دوا میری بابان و ئازاترین ڕۆڵەی کورد بوو، لە سەردەمی ئەحمەد پاشای باباندا شارستانی بابان زۆر گەشەی بەخۆیەوە دی، چونکە لە هەوڵدانی ڕۆشنبیرکردنی خەڵکەکەی دابوو، بەوەی کە ژمارەیەکی زۆر مزگەوتی دروستکرد و لەناو مزگەوتەکانیشدا حوجرەی بۆ خوێندن دروست کرد و بایەخێکی تایبەتی بەم حوجرانە دەدا، وە لە ناو مزگەوتی گەورەدا کتێبخانەیەکی تایبەتی دروستکرد کە بە کتێبخانەی بابان ناسراوە، خۆی واتە میر ئەحمەد پاشا گەلێک ناوچە گەڕاوە بۆ پەیداکردنی کتێب، چووە بۆ بەغداد و ئیستەنبووڵ و خۆشی ئاشنا کردووە بە کتێبە ئەورووپییەکان و ژمارەیەکیشی لەگەڵ خۆیدا هێناوەتەوە بۆ سلێمانی و لە کتێبخانەکەیدا دایناون، ئەمە سەرەڕای گەشەکردنی باری ئابووری میرنشینەکەی کە لە گەشەکردنێکی بەرچاودا بووە. 

لەبەر ئەوە هەوڵی سەربەخۆیی میرنشینەکەی دەدا، سوپایەکی تری دامەزراند لەسەر شێوەی تازە، کە ئەم سوپا نوێیە بە چەک و جبەخانە و تۆپ پڕ چەک کرابوون، تەنانەت جلو بەرگی تایبەتییان بۆ دابین کرا، لەسەر شێوەی نوێی ئەورووپی و بە هەمان شێوە ڕاهێنانیان پێدەکرا، ئەمە بێجگە لەو ژمارەیەی کە یاسایی بوون کە نزیکەی ٢٥ هەزار سەرباز دەبوون و سەرەڕای سووپا کۆنەکەی میرنشینی بابانیش کە لە میرەکانی پێشترەوە مابوونەوە، دواتر بەهۆی بەهێزی میرنشینەکەوە لەم سەردەمە سەفەوی و عوسمانییەکان یەکیانگرت و کەوتنە خۆیان ئەوەبوو دواتر هێرشکرایە سەر میرنشینەکە و هەڵوەشێندرایەوە، بە زەبری هێز ئەحمەد پاشا دوورخرایەوە بۆ ئەستەمبووڵ لەوێوە کرا بەوالی یەمەن و ١٤ ساڵ بەوالی لە یەمەن مایەوە و بەمەش کۆتایی بە دەسەڵاتی میرنشینەکە هات.

کلتوور و ئەدەبیات

لە ماوەی دەسەڵاتداریی ئەم میرنشینەدا زمان و ئەدەبی کوردی زۆر پەرەی سەند، بەتایبەتی لە کۆتایی سەدەی شانزەوە تاکو نیوەی یەکەمی سەدەی ھەژدە، دروستبوونی قوتابخانەی شیعری کلاسیکی کوردی بە ڕێبەرایەتی نالی و ھاوڕێکانی، کە سالم و کوردی بوون (لەو سەردەمە و لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشدا ئەم سێ کەسە بە سێ کووچکەی بابان ناسراون) و دواتریش کەسایەتی گەورە و سۆفیگەری وەک مەحوی کە ڕێچکەشکێنی شیعری کوردی بوون لە شێوەزاری کوردیی سۆرانیدا و دواتریش بوو بە زمانی ئەدەب و نووسین و زۆر لە شاعیرانی تریش ھەر لەسەر ئەو ڕێچکەیە ڕۆیشتن و پەیڕەوییان کرد و پەرەیان بەو زمانە ئەدەبییەدا و لە ئێستادا شێوەزارێکی گرنگی قسەکردنە لە زمانی کوردیدا.

میرەکانی بابان پیاوی خەت خۆشیان دەنارد بۆ هەر شوێنێک کە بیانبیستایە کتێب یاخود دەسخەتێکی بەنرخی لێیە، خەرجی ئەوکەسە و هاتوچۆیان دەدا کە جاری وا بووە ساڵێکیان پێ چووە هەتا دەهاتنەوە چونکە ئەوسا چاپخانە نەبوو و هاتوچۆش بەپێ یا بە سواری ئاژەڵان بوو، دەچوون بۆ تاران و بەغداد و قاهیرە و سەنعا و شام و دوورتریش تا بوونە خاوەنی گەورەترین کتێبخانە لە کوردستاندا، لەگەڵ دروست کردنی سلێمانیدا هەمووی هێنرایە مزگەوتی گەورە و شێخ مارفی نۆدێییان کردە مامۆستا و سەرپەرشتی کتێبخاکە و تا وای لێهات لە هەموو کوردستانەوە خەڵکی دەهاتن بۆ فێربوون لە سلێمانیدا لەبەر ڕۆشنای کتێبخانەکەی باباندا چەندین نەوەی هۆشیار پێگەیەندران.

هۆکارەکانی ڕووخاندن

دەست تێوەردانی بەردەوامی دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوی لە کاروباری ناوخۆی میرنشینەکەدا و هەروەها ناکۆکی ناوخۆی نێوان خودی ئەندامانی بنەماڵەی بابانیش هۆیەکی تری لاوازبوون و ڕووخانی میرنشینەکەیە، ئەوەتا ئەحمەد پاشای بابان ئاماژە بەوە دەکات و دان بەو ڕاستییە تاڵەدا دەنێت و بە گەڕیدەیەکی وەک (جەیمس ڕیچ) دەڵێت “ئەنجامی دووبەرەکی میرەکانمان تێداچوونی خۆمانە، ئەگینا عوسمانی و سەفەوییەکان دەرەقەتمان نەدەهاتن ئەگەر ئەم دووبەرەکییانەیان نەکردایەتە هەل بۆ سوودی خۆیان نەیانقۆستایەتەوە”

هەروەها بەهۆی شەڕ و ئاژاوەی نێوان میرنشینەکانی دراوسێی بەتایبەتی میرنشینی سۆران و ئەردەڵان، کە ئەمەش کۆسپێک بوو لەبەردەم سەربەخۆ بوون و یەکگرتنی میرنشینەکان دژی هێزە بێگانەکانی عوسمانی و سەفەوی، بێگومان شتێکی ئاشکرایە کە لەو کاتەدا ڕژێمی میرنشینەکانیش ڕژێمی چینایەتی دەرەبەگایەتی بووە، ئەمەش دۆخی ئابووری بەرەو وەستان و پەشێوان دەبرد، لەبەر ئەوە ئابووری میرنشینەکە وای لێ دەهات کە بەرەو لاوازی بڕوات، ئەمەش دۆخێکی وا دواکەوتوویی دەڕەخسان کە کاریگەری خراپی دروست کرد لەسەر باری کۆمەڵایەتی و ئابووری و بەرەو دواوەوی دەبرد، میرنشینەکان لە بارودۆخێکی دواکەوتوویی وادا دەژیان کە پڕ بوو لەشەڕ و هەرا و ناکۆکی بۆیە سەرمایە ڕووی تێ نەدەکردن تا ئابوورییەکەیان ببووژێتەوە.

بەڵام جگە لەم هۆکارانە بە ناوەندکردنی دەوڵەتی عوسمانی کە لە سەردەمی سوڵتان مەحموودی دووەمەوە دەستی پێکرد زۆربەی ناوچەکانی عێراق و کوردستانی ئێستای دەخستە سەر دەوڵەتی عوسمانی.

ھۆکاری ھەرە سەرەکیشی ڕووخانی میرایەتی بابان و میرنشینە کوردیەکانی تریش (ئەردەڵان، سۆران ،بادینان، شەمزینان، بۆتان و هەکاری و زۆری تریش) پەیمانی ئەرزەڕۆم بوو کە لە ١٨٤٧ دا له‌نێوان ئێران و عوسمانییه‌كاندا به‌سترا، کەبەتەواوەتی لەسەر ئەوە ڕێکەوتن ھەرناکۆکیەک وگیروگرفتێک بکەوێتە نێوانیانەوە لەسەرمێز و بە گفتوگۆ لەگەڵ یەک چارەی بکەن و بۆ ئەو مەبەستە واز لە میرنشینە کوردییەکان بھێنن و بەو هۆیەشەوە ھەموویان یەک لەدوای یەک کۆتاییان پێھێنرا.


سەرچاوەکان

5401 بینین