ئازاری شان

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-09-15-00:04:00 - کۆدی بابەت: 6593
ئازاری شان

ناوه‌ڕۆك

دەربارەی شان

شان مەودای جووڵەی فراوان و جیاوازی هەیە، کاتێک کێشەیەک دەکەوێتە شانی مرۆڤەوە توانای مرۆڤ بۆ جووڵەکردن سنووردار دەکرێت، هەروەها دەبێت بەهۆی ئازارێکی توند و نائاسوودەیی، هەر شانێک لە جومگەیەکی گۆیی پێکدێت کە سێ ئێسکی سەرەکی هەیە بە ناوەکانی: (ئێسکی قۆڵ، ئێسکی چەڵەمە، دەفەی شان)، ئەم ئێسکانە بە چینێک لە کڕکڕاگە پاڵپشتی دەکرێن، دوو جومگەی سەرەکی لە شاندا بوونی هەیە، جومگەیەکیان دەکەوێتە نێوان بەرزترین بەشی ئێسکی دەفەی شان و ئێسکی چەڵەمە، ئەوی دیکەش دەکەوێتە بەشی سەرەوەی بەشە شێوە بازنەییەکەی ئێسکی قۆڵ و لێواری دەرەوەی ئێسکی دەفەی شان و ئەم جومگەیە بە جومگەی شان ناسراوە، جومگەی شان جووڵاوترین جومگەیە لە لەشدا، یارمەتی جووڵانی شان دەدات بەرەو پێشەوە و بەرەو دواوە، یارمەتی جووڵەی قۆڵەکان دەدات بە شێوەیەکی بازنەیی و ستوونی و ئاسۆیی، شانەکان مەودای جووڵەکەیان بەهۆی ماسولکەی پارێزەری ئێسکەوە دیاری دەکرێت، ماسولکەی پارێزەری ئێسک لە چوار ژێی ماسولکە پێکهاتووە، ژێی ماسولکەکان لە شانە پێکهاتوون کە ماسولکە بە ئێسکەوە دەبەستن، ئەگەر ماسولکەی پارێزەری ئێسکی مرۆڤ تێکبشکێت یاخود هەڵبئاوسێت ئەوا کاتێک مرۆڤ جووڵە بە قۆڵی دەکات ئازارێکی زۆری دەبێت و بە قورسی دەتوانێت قۆڵی بەرز بکاتەوە، ئازاری شان لە ئەنجامی کارکردنی زۆر یان وەرزشکردن یان جوڵەی دووبارەکراوەوە تووشی مرۆڤ دەبێت، هەندێک جۆری نەخۆشیش دەبنە هۆی گواستنەوەی ئازار بۆ شان وەک نەخۆشی دڵ و جگەر و زراو، بە زیادبوونی تەمەنی مرۆڤ ئازاری شانەکانی زیاتر دەبێت بە تایبەت لەدوای تەمەنی ٦٠ ساڵی، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە شانە نەرمەکانی چواردەوری شان بە پێی تێپەڕبوونی تەمەن تێکدەچن.

چی دەبێت بە هۆکاری ئازاری شان

  • دیارترین هۆکار بریتییە لە کولبوونی ماسولکەی پارێزەری ئێسک کە پێی دەوترێت کەشەنگبوونی شان کە تێیدا شان لە کاتی جوڵاندنی قۆڵدا ئازاری دەبێت، هۆکاری ئەم حاڵەتە بریتییە لە هەڵئاوسانی ژێی ماسولکەکانی ماسولکەی پارێزەری ئێسک.
  • هۆکارێکی دیکەی باوی ئازاری شان بریتییە لە ڕەقبوونی شان کە تێیدا ماسولکەی پارێزەری ئێسک تووشی گرتن دەبێت و ئازارێکی بەردەوامی هەیە و لە شەودا ئازارەکەی زیاتر دەبێت. 
  • زۆرجار ئازاری شان بەهۆی نەخۆشییەکەوەیە کە تووشی ئەندامێکی دیکەی لەش بووە وەک ئازاری مل و ئازاری ماسولکەی قۆڵ، ئەم جۆری ئازارە زیادناکات لەکاتی جووڵاندنی شاندا.

چارەسەری ئازاری شان لە ماڵەوە

هەندێک جۆری ئازی شان لە ماڵەوە چارەسەر دەکرێت بە یەکێک لەم ڕێگایانە:

  • ساردکردنی شان بە سەهۆڵ خستنەسەری بۆ ماوەی ١٥ بۆ ٢٠ خولەک سێ بۆ چوارجار لە ڕۆژێکدا بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک، نابێت ڕاستەوخۆ سەهۆڵەکە بخرێتە سەر پێستی نەخۆش بەڵکو دەبێت بخرێتە ناو زەرفێک یاخود هەر شتێکی دیکە کە سەهۆڵەکە لە پێستی نەخۆشەکە جیابکاتەوە و ساردییەکەی بگەیەنێت، چونکە بەرکەوتنی سەهۆڵ لەگەڵ پێستدا دەبێت بەهۆی سووتانەوەی پێستەکە، هەروەها دوو بۆ سێ خولەک جارێک دەبێت سەهۆڵەکە لاببرێت بۆ ماوەی نیو خولەک و دواتر بخرێتەوە سەر شوێنی ئازارەکە.
  • پشوودان بە شانەکان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک پێش دەستکردنەوە بە چالاکی ئاسایی ڕۆژانە و دووربوون لە هەر جووڵەیەک کە ببێتە هۆی زیادبوونی ئازاری شان یارمەتیدەرە بۆ نەمانی ئازاری شانەکان.
  • سنووردارکردنی کاری زۆر و چالاکی لە ڕادەبەدەر.
  • توند بەستنی شووێنی ئازاری شان بە باندجێکی توند بۆ کەمکردنەوەی هەڵئاوسان.


سەرچاوەکان



1479 بینین