باشترین کات بۆ هێنانە دونیای منداڵی دووەم

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-09-16-23:14:00 - کۆدی بابەت: 6598
باشترین کات بۆ هێنانە دونیای منداڵی دووەم

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دایک و باوکی سەرکەوتوو ئەوانەن کە پلان دادەنێن بۆ هێنانە دونیای منداڵەوە، بە تایبەت منداڵی دووەم، گرنگە لەسەر چەند بنەمایەک دایک و باوک بڕیار بدەن کە ببنە خاوەنی منداڵی دووەم یاخود نا.

بنەماکانی هێنانە دونیای منداڵی دووەم 

تەمەنی منداڵی یەکەمت

گرنگە دایک و باوک ڕەچاوی تەمەنی منداڵی یەکەم بکەن ئینجا بڕیار بدەن بۆ هێنانە دونیای منداڵی دووەم، چونکە دەبێت ڕەچاوی ئەرکی گەورە کردنی دوو منداڵ لە هەمان تەمەندا بکەن، هەروەها ئەو بەرکەوتنە دەروونیانەی کە بەر منداڵی یەکەم دەکەوێت چونکە تەمەنی کەمە و قورس دەبێت بۆی.

تێچووی بەخێوکردنی منداڵ

بەخێوکردن و چاودێری کردنی منداڵ تێچووی خۆی هەیە، ئەگەر باری داراییت زۆر باش نییە و ناتوانیت منداڵی یەکەمیشت بەخێو بکەیت پێویست ناکات بیر لە دروستکردنی منداڵی دووەم بکەیتەوە، دوورکەوتنەوە لە شوێنی کار بە هۆی منداڵبوونەوە و هەروەها کڕینی شیر و دایبی و چەندەها شتی دیکە گرنگە کە بیریان لێ بکرێتەوە.

کێشەکانی دووگیانی

ئەگەر بۆ منداڵی یەکەمت کێشەی زۆرت هەبووە بەسەر سکەکەتەوە و تەندروستی خۆت و منداڵەکەت کەوتۆتە مەترسییەوە، گرنگە کە ئاگادار بیت و پێش ئەوەی بتەوێت ببیتە خاوەنی منداڵی دووەم سەردانی پزیشک بکەیت بۆ ڕێنمایی کردن و پشکنینت، تەنانەت ئەگەریش لە دووگیانی یەکەمتدا کێشەت نەبووە گرنگە هەر پێش دووگیان بوونەوەت سەردانی پزیشک بکەیتەوە.

خۆشەویستی خوشک و برا

ئەو منداڵانەی کە نێوانیان کەمە خۆشەویستییەکی زیاتریان بۆ یەکتری هەیە، بە تایبەت ئەگەر خوشک و برا بن و بەڵام کاتێک تەمەنی منداڵە گەورەکەت زۆر زیاترە پەیوەندییکی ئەوتۆیان نابێت، دەکرێت بڵێین تاکە سوودی زوو منداڵبوونی دووەمە.

ئەزمونێکی دیکەی ژیانێکی قورس

بیر لە ماوەی دووگیانی و منداڵبوون و بەخێوکردنی منداڵی یەکەمت بکەرەوە، کە بە چیدا تێپەڕیوویت و چ زیانێکت بەرکەوتووە و نەتتوانیووە پشوو بدەیت، ئەگەر ئامادەییت تێدایە دووبارە هەموو ئەمانە بێنەوە ڕێگات ئەوکات بڕیاری دروستکردنی منداڵ بدە، منداڵ پێویستی بە چاودێری تایبەت و خۆشەویستی هەیە بۆیە ئەگەر ناتوانیت ئەو ئەرکە هەڵبگریت باشترە کە منداڵبوونت دوابخەیت تاکوو پشوو دەدەیت.

سەرنجدانی تەواوت

هەموو دایک و باوکێک بۆ منداڵی یەکەمی تەواوی هەوڵی خۆی دەدات و ئەوپەڕی کات و خۆشەویستی خۆی بۆ تەرخان دەکات، زۆر جار ئەگەر زوو منداڵی دووەم لە دایک ببێت دایک و باوکەکە وەک جاران ناتوانن گرنگی بدەن بە منداڵی یەکەم و هەروەها ناتوانن گرنگی تەواویش بدەن بە منداڵی دووەم وەک چۆن سەرەتا گرنگییان داوە بە منداڵی یەکەمیان، بۆیە هەردوو منداڵەکە بێبەش دەبن لە چاودێری و خۆشەویستی.

تەمەنی خۆت

تەمەنی دایک پێوەرێکی گرنگە بۆ دووگیان بوونی، ئەگەر لە تەمەنێکی زۆردا منداڵت بووە و دەترسیت لەوەی کە چیتر منداڵت نەبێت و تەمەنت هەڵکشابێت، واباشترە لەم حاڵەتەدا ئەگەر حەزت لە منداڵێکی دیکەیە زوو بڕیار بدەیت بۆ دروستکردنی.

هاوبەشی ژیانت

گرنگە ژن و مێرد تەنها خۆیانیان بە لاوە گرنگ نەبێت و گوێ بە دڵی یەکتریش بدەن، پێویست دەکات هەردوولا ڕازیبن لە هێنانە دونیای منداڵەکانیان و نەک تەنها بە ڕەزامەندی یەکلا بێت.

ئەوەی ئێوە دەتانەوێت

هەندێک کات گرنگ نییە کە ئەقڵ و لۆژیک چی دەڵێن، گرنگ دڵی دایک و باوکە ئەگەر دایک و باوکەکە دەزانن کە دەتوانن ئەو ئەرکە هەڵگرن و بڕیاری خۆیانە و متمانەیان پێی هەیە، ئەوا دەتوانن بەدڵی خۆیان بکەن و بەڵام دەبێت بەرپرسیارێتی ئەرکەکەیان هەڵگرن.


جیاوازی تەمەنەکان


جیاوازی تەمەن یەک ساڵ بۆ ١٨ مانگ 

ئەم جیاوازی تەمەنە واتە دایکەکە ٦ مانگ دوای منداڵبوونی یەکەمی دووگیان دەبێتەوە بە منداڵی دووەمییەوە، لەم حاڵەتەدا ئەگەر زۆرە منداڵی دووەم بە کێشێکی کەمەوە بێتە دونیاوە و یاخود دایکەکە تووشی منداڵبوونی پێش وەختە ببێتەوە، چونکە دایکەکە هەلی ئەوەی بۆ نەڕەخساوە پشوو بدات و جەستەی بێتەوە سەر خۆی و چەندین کێشەی تەندروستی هەیە وەک لاوازی و کەمخوێنی و بەرزی پەستانی خوێن.


جیاوازی تەمەن ٢ بۆ ٤ ساڵ

ئەم جیاوازی تەمەنە مامناوەندییە و توێژەران لەو باوەڕەدان کە ئەگەر جیاوازی تەمەنی دوو منداڵەکە لە سێ ساڵ کەمتر بێت، لە تەمەنی بچووکیدا کێشەی زۆر دروست دەبێت لە نێوان هەردوو منداڵەکەدا.

 

لایەنی ئەرێنی

لەم ماوەیەدا واتە نێوان ٢ بۆ ٤ ساڵ دایکەکە جەستەی ڕێک بووەتەوە و بە بڕی پێویست ماددەی ئاسنی دەستکەوتووەتەوە و کەمخوێنی نەماوە و دەتوانێت خۆی ئامادە بکات بۆ منداڵبوونی دووەم، واتە وروژمی خوێن لە دایکەکەوە بە باشی دەتوانێت بچێت بۆ منداڵەکە، لەم کاتەدا ئەگەری منداڵبوونی پێش وەختە و یاخود کەمی کێشی منداڵ لەکاتی لەدایکبوونیدا کەمتر دەبێتەوە، هەروەها منداڵی یەکەم کەمێک خۆی گرتووە و بە هاتنە دونیای منداڵی دووەم سەربەخۆ تر دەبێت و دەتوانێت ڕۆڵی کەسێکی گەورەتر بگێڕێت، وەک خوشک یان برایەکی گەورەتر و متمانە بەخۆبوونی زیاتر دەبێت.


لایەنی نەرێنی

لەم کاتەدا کە منداڵی دووەم لەدایک دەبێت منداڵی یەکەمیش هەر تەمەنی کەمە، بۆیە کاتێک دایک و باوکەکە گرنگی زیاتر دەدەن بە منداڵە بچووکەکە هەستی ئیرەیی و تەنهایی و خەمۆکی زیاتر دەبێت لای منداڵی یەکەم، ئەم منداڵانە تازە لە تەمەنێکدان کە خەریکی کۆکردنەوەی خۆشەویستی دایک و باوک و سەرنجڕاکێشانی ئەوانن کاتێک منداڵی دووەم لەدایک دەبێت هەوڵ دەدات بیکاتە ڕکابەری کردن لەگەڵ منداڵەکەدا، هەروەها کاتێک دایکەکە دووگیان دەبێت بە هۆی کێشەکانی کاتی دووگیانییەوە وەک حاڵەتی دڵتێکچوون و ڕشانەوە و بێهێزی ناتوانێت وەک جاران چاودێری منداڵی یەکەمی بکات، لە کاتێکدا کە منداڵی یەکەمیشی زۆر بچووکە و پێویستی بە چاودێرییە.


جیاوازی تەمەن زیاتر لە ٤ ساڵ

لێرەدا جیاوازی تەمەن زۆرە و دایکەکە بارودۆخی جەستەیی بە تەواوی هاتۆتەوە سەر خۆی.


لایەنی ئەرێنی


ئەم جیاوازییە زۆرە ئەو سوودەی هەیە کە منداڵی یەکەم تەمەنی زیاترە و هەندێک کات دەتوانێت چاودێری منداڵە بچووکەکە بکات کاتێک دایکەکە بۆ ماوەیەکی کەم لە ماڵ دەچێتە دەرەوە.


لایەنی نەرێنی

هەندێک کات جیاوازی تەمەنە دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە لە نێوان هەردوو منداڵەکەدا، هەروەها بۆ دایک و باوکەکەش قورستر دەبێت چونکە پێویستییەکانی هەردوو منداڵەکە زۆرن و جیاوازن لە یەک بەمەش دایک و باوکەکە لەو ڕوەوە زیاتر ماندوودەبن.


سەرچاوەکان



6657 بینین